په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١٢\٢٠٢١

لەقاڵبدانی منداڵ.


زاھیر باھیر       


پەروەردە و قوتابخانە بەھرەی سروشتیی لە منداڵان دەسەننەوە. شتێک نییە جگە لە قاڵبدانی منداڵان، ئاوەز و تێفکرینیان سنوردار دەکات ، مەیلی سروشییی و داھێنانیان کۆنترۆڵ دەکات ، ئازادیی و ژیانی سروسشتیانەیان لێ زەوت دەکات، دەیانکاتە دوژمنی یەکدی، گیانی بەریەککەوتن و کێبڕکێیی نێوانیان زیاددەکات، سەرەنجام مەخلوقێک دەبن کە زیاتر خزمەتی بازاڕ دەکەن تاکو کۆمەڵ. خۆشەویستییان بۆ پارە و موڵکییەت و کەڵەکەکردنی سامان بەردەوام زیاتر دەبێت لە خۆشەویستییان بو دەوروبەریان. مەخلوقێک دەبن کە چینی حوکمڕان بۆ خولقاندنی جۆرێک لە کرێکار پێویستی پێیان دەبێت، کە لەڕاستیدا قوتابخانە و پەروەردە بەگشتی دەبێت ئاراستەی ھاوکاریکردنی تەواوی ئازادیی تاک بکات.

زۆرێک لەوانەی کە داھێنەربوون، خزمەتی کۆمۆنێتییەکە و خەڵکیان کردووە یا خوێندەوارییەکی کەمیان ھەبوووە، یاخود لە قۆناخێک لە قۆناخەکانی ژیانی خوێندنیانا چی تر نەیانتوانیوە لەگەڵ قوتابخانەدا ھەڵکەن و لێی ھەڵھاتوون.

گەر منداڵان بە جۆرێکی دیکە لە قوتابخانەی مۆدێرینی ھاوچەرخ [ نەک مۆدێرنی سەردەمی ئێستا] بخرێنە بەر خوێندن و پەروەردە بکرێن، بە داھێنان و دەستپێشکەری خۆیان زۆر جیاواز دەبن لەوەی ئێستایان و بە دڵنیاییشەوە کۆمەڵی ئایندە کە ئەوان تاکە ھەر ھۆشیارەکانین زۆر جیاواز دەبێت لەمەی ئێستا. بەڕای من منداڵان فێری شتەکان نەبن بەڵکو فێری مانای شتەکان ببن.

ئێمە نمونەمان زۆرە لەو منداڵانەی ئەو بەھرە و توانایەیان لە بوارێکدا و لە سەردەمێکی خوێندندا تێدا دەرکەوتووە بەڵام بە حوکمی پەروەردە و پڕۆگرامی باو و خزمەت بە سیاسەت و بە کوڵتوری دواکەوتووی کۆمەڵ ڕیگایان لێگیراوە و کراونەتەوە بە قاوغەکەی خۆیانا. وەکو دەیڤد گرەیبەر دەڵێت " دەزگەکان جەنگیان بەرانبەر بە خەیاڵ و بیرکردنەوە بەرپاکردووە، ئەوان قەوارەی خەیاڵ و بیرکردنەوەمان بۆ دادەنێن لە ڕێگایەکەوە کە بە سیستەمێکی تایبەتی سوودمەند بێت".

فرەنسیسکۆ فیرەر، کە ئەنارکستێکی کەتەلۆنیای ئیسپانی بووە لە ٣١/٠٥/١٩٠٦ دا بە تاوانی بەشداریکردن لە پیلانی کوشتنی ٢٦ کەس بریندارکردنی زیاتر لە ١٠٠ کەسی تر لە زەماوەندی پاشادا، ڕۆژی دواتر گیرا و دوای ماوەیەک بەردرا بەڵام دووبارە گرتیانەوە لەسەر ئەوەی کە یە کێکی زۆر چالاک بووە و لە پشتی ڕاپەڕینەکانی ئەو چەند ساڵەوە بووە ، ئیتر دووبارە ئەو پرسەی پێشتریشی بۆ زیندوکرایەوە لە تەمەنی ٥٩ ساڵیدا لە ١٣/١٠/١٩٠٩ ڕەمی دەکرێت. ئەو وەختێکی زۆری خۆی بۆ پەروەردە و قوتابخانەی مۆدیرن بەکاردەبات. بۆ ئەمەش چەند ساڵێک بە ھەوڵێکی زۆر لە بەرشەلۆنە لە ٠٨/٠٩/١٩٠١ دا بە ھاوکاریی خەڵکانی بە توانای دیکە توانیوێتی ئامانجەکەی بپێکێت. یەکەم بڵاوکراوەکەی [ نەشرە] قوتابخانەکەش لە ٣٠/١٠/٩٠١ دا دەرکرد کە ئیتر بوو بە بڵاوکراوەیەکی مانگانە. ئامانجی ئەم بڵاکراوەیەش ئافراندنی پلاتفۆرمێک بوو بۆ گەشەپێکردنی تئیوری پەروەردەی ماقوڵ. گەر چی زۆربەی وتارەکان دەربارەی پرسی پەروەردە و پیداگۆگی بوو، بەڵام ھاوکاتیش زانستی کۆمەڵایەتیی و [ سۆشیال ساینس] فێمەنیزم و زانستی تاوان [ کریمۆلۆجی] و ئاین و مێژو و چینەکان و پاکوخاوێنی و داوودەرمان... گەلێکی تر لەم بابەتانە دەگرتە خۆی. بەداخەوە کە ئەم بڵاوکراوەیە لە ٣١/٠٥/١٩٠٦ وەستا بە گیرانی خودی فرانسیسکۆ فیرەر بە داخستنی قوتابخانەکەش.

فیرەر ئەوەندە باوەڕی بە توانا و دەستپێشکەری و خۆ خۆیی منداڵ ھەبووە لە یەکێک لە قسەکانیا دەڵێت " من پێمباشترە ئازادیی خۆخۆیانەی منداڵم ھەبێت کە ھیچ شتێک زیاتر لە زانیارییەکی لەفزی/دەمیی و زیرەکییەکی شێواو، نازانن، ئەمەم لا پەسەندترە لە کەسێک کە ئەزموونگەری پەروەردەی ئەم سیستەمە ھەنوکەییەی ھەبێت".

ئێما گۆڵدمانیش لە وتاری " منداڵ و دووژمنەکەی" کە سیستەمی پەروەردەی ترەدیشنەڵ ڕەخنە دەکات دەڵێت" سیستەمەکانی پەروەردە لە فایلەکانا گردکراونەتەوە، ناونوس و بەژمارە کراون. ئەو سیستەمانە نوقسانی تۆوی بە پیت و بەھێزیان ھەیە کە لە زەوی بە پێزدا دەچێنرێت، تاکو منداڵان وا لێبکات کە گەشەی باڵا بکەن، سیستەمەکان پارچە پارچە و زەرەرمەندن و توانای بە ئاگاھاتنەوەیان لە خۆبەخۆیی کاراکتەرەکە نییە" لە وتارێکی دیکەیدا دەڵێت" پەروەردە پرۆسەی دەرھێنانە نەک چونە ناوەوەیە، لێوەرگرتنە نەک پێدان، نیشانگرتنە لە گریمانی/ شانسی بەجێھێڵانی منداڵەکە کە ئازاد بێت لە گەشەکردنی خۆخۆییدا، ئاراستەی تواناکانی خۆبە بەخۆی بکات و لقەکانی زانیاری کە خۆی ئارەزوی خوێندنی دەکات، ھەڵبژێرێت".

سەبارەت بە لێھاتوویی و داھێنان و بیرڕۆشنی منداڵە قوتابییەکانی کە لەو قوتابخانەیەدا دەیانخوێند لە کتێبی ' پەروەردەی ئەناکستانە و قوتابخانەی مۆدێرن ' ی فرانسیسکۆ فیرەر دەیەھا نموونە لە دەمی منداڵانی بە ڕەگەز و تەمەن جیاوازەوە دەگێڕێتەوە وەکو بەڵگەی نیشاندانی ئاوەز و ڕۆشنفکریی و موبادەرەی زۆر جوان کە ھاوکات بەو شێوەیەی گونجاوە لەگەڵ ئارەزو ویست ودەستپێشکەری و داھێنانیاندا.

بۆ بەرچاوخستنی خوێنەر چەند دانەیەک لە نوسین و ھەڵوێستی ئەو قوتابییە مندالانەم ھەڵبژاردووە و دەیخەمە پێش چاوی خوێنەر:


کچێکی ٩ ساڵ بە تێڕوانینی خۆی ئەمەی نوسیوە " تاوانبار حوکمی مردن دەدرێت، ئەگەر بکوژ شایانی ئەم سزایە بێت، ئەوەی کە حوکمی کوشتنی ئەم دەدات و ئەوەشی کە دەیکوژێت، ھەردوکیان بکوژن. کەواتە ئەگەر لۆژکانە تێیبروانین دەبێت ئەوانیش بمرن ، ئا بەم شێوەیە مرۆڤایەتی کۆتایی دێت. لەبری ئەوەی سزای تاوانبارێک بە تاوانێکی تر، بدرێت، باشترە کە ئامۆژگارییەکی باشی بکەین تاکو جارێکی تر دووبارەی ئەوە نەکاتەوە. لە سەروو ئەمەشەوە ئەگەر ئێمە ھەموومان یەکسانبین ئەوە نە دز و بکوژ دەبێت و نە ھەژار و دەوڵەمەند، بەڵکو ھەموان یەکسان دەبن لەتەک ھەبونی خۆشەویستی و ئازادیی.."

کوڕێکی ١٢ ساڵ سەبارەت بە ڕاستگۆیی و دڵسۆزیی دەنوسێت و دەڵێت " ئەو، کە ڕاستگۆ و دڵسۆز نییە بە ئاشتیانە ناژی ، ئەو ھەمیشە لە مەترسی کەشفبوونی ئەوەدایە. کاتێک کە کەسێک دڵسۆزە و ئەگەر یەکێک ھەڵەیەکی کرد بانگەشەی دڵسۆزی ویژدانی پاکدەکاتەوە. ئەگەر یەکێک لە منداڵیدا درۆی کرد، کاتێک کە گەورە دەبێت درۆی گەورەتر دەکات کە زیانی زیاترە. کەیسیش ھەیە کە کەسەکە دەبێت ڕاستگۆ و دڵسۆز نەبێت . بۆ نموونە، یەکێک لە پۆلیس ھەڵھاتووە و دێتە ماڵەکەمان، دواتر پرسیارمان لێدەکرێت ئەگەر ئێمە ئەومان بینیوە ، پێویستە نکوڵی لێبکەین، پێچەوانەکەی خیانەتە و ترسنۆکییە..."

کچێکی ١٣ ساڵ سەبارەت بە تێڕوانینی توندڕەوێتی کە کاراکتەرێکی خراپە و لە وڵاتێکی دواکەوتووەوەیە توێژینەوەی بۆ دەکات ھۆکارەکەی دەدۆزێتەوە، دەنوسێت " توندڕەوێتی سەرەنجامی حاڵەتی بێ دەربەستییە [ئیھمالییەت] و دواکەوتویەتییە کە ژنێک خۆی لەوێدا دەبینێتەوە. ئا لەو بارەدا کاسۆلیک نایەوێت کە ژنەکە خۆی ڕۆشنبیربکات چونکە ژنەکە ھاوکاری مەبادیئەکانایانە،............"

سەبارەت بە قوتابخانەی تێکەڵاو ، کچان و کوڕان، کچێکی ١٣ ساڵان دەنوسێت " قوتابخانەی تێکەڵاو کە بۆ ھەردوو ڕەگەزەکەیە، بە پلەیەکی باڵا زەروورییە. کوڕ کە لە شانی ئەوەوە دەخوێنێت و کاردەکات و یاریدەکات وردە وردە فێڕی ڕێزلێگرتن و یارمەتی دانی کچەکە دەبێت، ھەمان شتیش بۆ کچ. بەڵام ئەگەر بە جیا لە یەکدی پەروەردەبکرێن، بە کوڕ بوترێت کە کچ ھاوەلێکی باش نییە و خراپترە لەو ، ئیتر کوڕ ڕێز لە ژنان ناگرێت کاتێک کە ئەو پیاوێکە وەکو ئامرازێکی یاریکردن [لەعابە] یاخود کۆیلەیەک حساب بۆ ژن دەکات، ئەمە ئاوایە بۆیە لە ئەمڕۆدا ژنان بەھایان ھاتۆتە خوارەوە. کەواتە دەبێت ئێمە ھەموومان کار بۆ بیناکردنی قوتابخانەی ھەردوو ڕەگەزەکە بکەین لە ھەر شوێنیکدا دەکرێت، لە شوێنێکیشدا کە ناکرێت دەبێت ھەوڵی لابردنی ناڕەحەتی و تەگەرەکانی بدەین.".

کچێکی ١١ ساڵ سەبارەت بە جەنگ و جیاوازی نێوانی چینە کۆمەڵایەتییەکان، کە تێیدا دەوڵەمەند لەسەر کاری کەسانی دیکە و مەحرومکردنی ھەژاران دەژی، دەنوسێت " لەبری یەکدی کوشتن لە جەنگەکانا و ڕک و کینە بەرانبەر بە یەکتری بە ھۆی جیاوازی چینایەتییەوە. بۆچی پیاوان بە ئاگاییەوە خۆیان بۆ کار و دۆزینەوەی شتی باش بۆ مرۆڤایەتی، خۆیان تەرخان ناکەن؟ پیاوان دەکرێت یەکبگرن لە خۆشەویستی یەکدیدا و برایانە بژین ...."

کوڕێکی ١٠ ساڵ سەبارەت بە قوتابخانەکە و قوتابییەکان نوسیوێتی " کۆبوونەوەمان لە ژێر بنمیچێکدا [سەقفێکدا] ئارەوزی فێربوونی ئەوەین کە نایزانین بێ جیاوازی چینایەتیی، ئێمە خوشک و براین و بە ھەمان ئامانج ئاڕاستە دەکرێین..... پیاوی جاھیل بەتاڵە ، تۆزێک یاخود ھەر ھیچ چاوەڕوانی لێدەکرێت. ئەو ئاگەدارمان دەکاتەوە کە وەخت بە زایە نەدەین وامان لێدەکات کە لەوەوە سوودببینین لە دواترا خەڵاتمان دەدرێتێ .....ئێمە ھەرگیز سوودی قوتابخانەی باش لەبیرناکەین و مامۆستاکانمان، خانەوادەکانمان کۆمەڵەکامان کە دەمانەوێت بەختەوەرانە بژین، شەرەفمەند دەکەین "

قوتابییەکی کچی ١٠ ساڵ فەلسەفانە سەبارەت بە ھەڵەی بەشەرییەت دەدوێت و کە بە بۆچونی ئەو دەکرێت ئەو ھەڵانە لە ڕێگای ئامۆژگاریی و نێتباشییەوە مرۆڤەکان خۆی لێنەدەن " لە نێو ھەڵەکانی بەشەرییەتدا دووڕوویی و خۆپەرستی و غروور ھەیە. ئەگەر پیاوان ، بە تایبەتی ژنان باشتر ئامۆژگاری بکرێن ھەرەەوھا ئەگەر ژنان بە تەواوی یەکسان بن بە پیاوان، ئەم ھەڵانە بزردەبن. ناکرێت باوکان و دایکان منداڵەکانیان بنێرن بۆ قوتابخانە دینییەکان کە ئایدیای درۆیان تێدا دەچێنن، بەڵکو بیاننێرن بۆ قوتابخانەی ماقوڵ کە لەوێ وانەی لە سەرو سروشتەوە فێرنابن، کە بوونی نییە یاخود دروستکردنی جەنگ بەڵکو ژیان لە ھاوپشتی و کارکردن بە جەماعیی فێردەبن...."

سەبارەت بە کۆمەڵی ھەنوکەیی کچە قوتابییەکی ٩ ساڵ دەنوسێت " کرێکاران، بۆ تۆی خوشەویست بۆ ئەو کارانەی کە لە وەکالەتی کۆمەڵەوە دەیانکەیت ، کە دەبێت پێزانین و تەقدیربکرێن لە بەرھەمھێنانی ھەموو ئەو شتانەی کە بۆ کۆمەڵ زەروورن، نەک بۆ دەوڵەمەند کە کرێیەکی مەمرە و مەژیت پێدەدات، پارەی ژیانت پێنادات، چونکە ئەگەر تۆ کارت نەکردایە ئەوان دەبوایە خۆیان ئەو کارەیان بکردایە."

قوتابییەکی ٩ ساڵانی کوڕ، دەلێت " دەبێت زەوی بۆ کرێکاران ھەروەھا بۆ ھەموو کەسانی دیکە بێت. سروشت پیاوانێکی نەخولقاندووە تاکو ھەموو شتێکیان ھەبێت . دەبێت زەوی بکێڵرێت بێ ئەوەی کە کەسانێک کاری تێدا دەکەن بچەوسێنرێنەوە و ئەوی دیکە میوەکەی یا بەرەکەی بخوات. کرێکار لە ماڵێکی بچوک و تاریکدا دەژی ، تۆزێک خواردن دەخوات ئەویش جۆری خراپە و وەکو بورجوازی سەیارە لێناخوڕێت......پاشان کە کرێکاران زۆرن و بە زۆرری، یاخود باشترە بوترێت ئەوەی کە ئارەزوی دەکەن دەتوانرێت یەکسەر دەستیان بکەوێت..."

کچە قوتابییەکی ١١ ساڵ دەڵێت " کە کار زیاتر دەبێت ئیتر زیاتر حسابی بۆ دەکرێت ، ھۆکارێک قۆرخی دەکات، زانست سەردەکەوێت ، ھەروەھا چینەکانی کۆمەڵیش بزردەبن . بەرپرسێتی پیاو ئەوەیە ئەوەی کە دەکرێت بیکات، ئیتر لە ڕێگای کاری دەستییەوە / جەستەییەوە بێت یاخود کاری زھنی............"

قوتابییەکی کوڕی ١٢ ساڵ دەڵێت " کێ چێژ لەبەری کار دەبینێت؟ دەوڵەمەند. دەوڵەمەند باشی چییە؟ ئەم پیاوانە بێ بەرھەمن . ئەوانی دیکە تەنھا بە ھەنگ بەراورددەکرێن... جگە لەوەی کە سمارتن چونکە مشەخۆران دەکوژن."

کچێکی ١٢ ساڵ دەنوسێت " .. کرێکار کۆیلەی بورجوازییە ... کاتێک کە دەوڵەمەند چێژ لە ژیانی خۆیان دەبینن، پیاسە لە باخەکانیانا دەکەن ، ھەر ئاواش کرێکاران ھەن منداڵەکانیان داوای نانیان لێدەکەن ، بەڵام ھیچیان نییە بیاندەنێ. بۆچی ئەمە ڕوودەدات، چونکە دەوڵەمەند ھەمووی دەخوات."

کچیکی ١٢ ساڵ نوسیوێتی " ئەی کرێکاران ئێوە مەسافەکان بە ڕێگای قیتارەکان نزیکدەکەنەوە ، ڕەنگە ڕۆژێک بێت توانای ئەوەتان ھەبێت کە سنورەکان بسڕنەوە کە نەتەوەکانی لە یەکدی دابڕیوە. ئێوە زۆر بەخێر ھاتن بۆ ئێرە چونکە لەتەک قیتاری سەرزەوی پیشەسازی گەشەدەکات و فراوان دەبێت ئەو کاتەش خەڵک لەگەڵ وڵاتە دوورەکانا بەیەکەوە دەبەسترێنەوە. "

کوڕێکی ١٢ ساڵ دەنوسێت " ھەژاری ڕێکخستنی کۆمەلایەتی، زۆر ناڕەوایانەی نێوانی پیاوانی خولقاندووە ، لەوە کاتەوەی کە دوو چین لە پیاوان ھەیە... ئەوانە کە کاردەکەن و ئەوانەی کە نایکەن . ...کاتێک کە مانگرتنە پاسەوانە مەدەنییەکان لەبەردەم دەرگەکانی کارگەکان ئامادەن بە بەکارھێنانی ڕووپۆشەکەیان ، باشتر نەبوو لەبری ئەوە مامەڵەی بە سوودیان ھەڵبژاردایە؟..

کچێکی ١٢ ساڵ دەڵیت " .. سەبارەت بە کرێکار دەبێت ڕێزی لێبگیرێت وەکو ھەموو پیاوێک ڕێزی لێبگیرێت، ھەروەھا بۆ مافەکانی دەبێت سەرکەوێت بێ ئەوەی کە سوکایەتی پێبکرێت یاخود ڕقیان لێھەڵبگیرێت ئەو دەبێت خۆی پەروەوەردە بکات."

کچێکی ١٣ ساڵ دەنوسێت " چەوساندنەوەی پیاو لەلایەن پیاوەوە کارێکی بێڕەحمانەیە، نامرۆڤانەیە و دڕندانەیە...........ئەو ڕۆژە دێت کاتێک کە کرێکاران یەکدەگرن و داوادەکەن کە بورجوازییەت بۆ ھەمیشە شەڕەنگێزی چەوساندنەوە بوەستێنێت."

کچێکی ١٤ ساڵ دەنوسێت " گەڕان مافی ھەموو پیاوێکە بۆ پەیداکردنی ئەوەی باشە و بە سوودە بۆ خۆی و بۆ ھاوەڵانی بکات ، ئەوەندەی بکرێت یارمەتیان بدات ھاوبەشی خەم و ناخۆشییەکانیان بکات . ئەوەی کە ئەمە نەکات شایستەی ئەوە نییە کە بە مرۆڤ بانگبکرێت. ھاوپشتی ، برایەتی ، یەکسانی گەورەترین ئیلھامی ئایندەیە" .

بەرەنجام:


ئەمانە چەند نموونەیەکن لە دەیەھا نمونەی کە لەو کتێبەدا ھاتوە. ڕەنگە ھەندێک لەو نموونانە کە من وەرمگێڕاون مانای تەواو نەدەنەدەست ، بەڵام لەبەر ئەوەی کە ئەوانە نوسینی منداڵانن ھەر بە داڕشتن و شێوەی دەربڕینی ئاسایانەی خۆیان نوسراوەنەتەوە ھەر وەکو لە ئینگلیزییەکەدا ھاتون، منیش وەکو خۆیان بە ناڕونی وەرمگێڕاون، نەدەکرا بیانکەمە دەقی مرۆڤێکی گەورە و نوسەرێکی باش.

ئەوەی گرنگە لەو نمونانەدا ھەستکردنە بە توانا و بەھرەی ئەو منداڵانە کە ھەندێک قسەیان لە ھی گەورەیەکی ئەزموومدار، دەچێت. ئەمە جگە لەوەی کە ئەو سەردەمە چونکە بزوتنەوەی کرێکاران بەھێز بووە کارایی خۆی لەسەر گەورە و بچوکی خێزانە کرێکارەکان دادەنا ھەر لەبەر ئەمەشە کە نابێت سەرسام ببین بەو کورتە نوسینانەی ئەو منداڵانە کە سەراپای قسەکانیان ڕەنگدانەوەی ژیانی نێوخێزانی و کۆمەڵایەتیان بووە. ھەموویان منداڵانی خێزانە کرێکارەکان بوون ، نەک ھی خێزانێکی چینی مامناوەندی یاخود چینی باڵا.

ئەوەی کە ھەستی پێدەکەین جیاوازی منداڵانی سەردەمی کۆن و منداڵانی ئێستایە لەڕووی ھۆشارییەوە کە زۆر کەلێنێکی گەورە لە نێوانیانا ھەیە. دیارە منداڵانی ئێستا بە گشتی چابوک و زیرەکن لە بەکارھێنان و شارەزاییانا لە تەکنەلۆجیای نوێی سەردەمدا. ئەوان بازاڕییکردن و ڕێکلامەکانی کە سەبارەت بە کاڵای نوێ و ئالەتی نوێنن ، ھەست و بیر ھۆشیانی داگیرکردووە. ئەمان زیاتر سەرسامن بە کەسە مەشوورەکانی یانەکانی وەرزش، جەستە جوانەکان و ئەوانەی کە لەسەر شاشەی تی ڤییەکان یاخود کرتە ڤیدوێییەکان دەردەکەون . وەکو لە سەرەتادا وتم ئەم وەچانەی ئێستا بوونەتە کۆیلەی بازاڕ، بەھۆکاری ئەوانەی سەرەوە ھۆشیاری و توانا و بەھرەی ئەمان لە کێشە چیانیەتیی و کۆمەڵایەتییەکانا دەرناکەوێت و ڕەنگناداتەوە. لە کاتێکیشدا کە بزوتنەوەی کرێکاران لەوپەڕی لاوازیدایە، ھەر ئاواش لەسەر ژیانی منداڵانی چینی کرێکاران و ھەژاران ڕەنگیداوەتەوە.

لەگەڵ ھەبوونی ھەموو ئەمانەشدا پیداویستی بوونی قوتابخانەی مۆدێرن بەو مانایەی کە منداڵان لە کەش و ھەوایەکی ئازادانەی ئاوادا پەروەدردە ببن کە ھەموو توانا و دەستپێشکەری و پێشنیار و سەلیقەکانی خۆیانی تێدا گەشە بکات و بەرەو پێشەوە بڕوات بەرپرسێتی کۆمەڵی ئایندەیان بکەوێتە ئەستۆ، نابێت فەرامۆشبکرێت.

بەڕای من ئێمە ھەموومان دەبێت جەنگێکی بێ ڕەحمانە دژ بە ڕەوتینیات بکەین کار لەسەر فێرکردنی خۆمان یەکەم لە تەک ئەزموونگەری خودی خۆمانا، بکەین و دواتریش ھاندانی ھەمان ڕیفۆرم بین لە قوتابخانەکانا. لە باشترین بوار و ڕێکەوتێکی باشیشا گەر بکرێت و گریمانی ھەبێت قوتابخانەی مۆدێرنی لەو جۆرە کە دەمانەوێت بکرێتەوە، گەر چی تا ڕادەیەک ئەمە کارێکە ئێکجار ئەستەمە کە توانای داراییەکی زۆری دەوێت ھەم لە بەیەکادان و بەرکەوتنیشدا دەبێت لەگەڵ ڕژێمی سیاسی و پەروەردەی ئەو ڕژێمەدا.

خەسڵەتی گەورەی ئەم جۆرە پەروەردەیە جیاکردنەوەیەتی لە پەرروەردەی دینی / ئاینی کە بە ڕۆشنی تیشک دەخاتە سەر مێشک لە ڕێگای بەڵگە و دەلیلە زانستیەکانەوە چونکە ئەو پەروەردەیە بە بەردەوامی بە سەلماندنی ئەزموونەکانەوە، خۆی بنیاتدەنێ و ڕاستییەکان دەگەیەنێت.

گرنگە لە پەروەردەی ئاوادا مامۆستاکان کار لەسەر بەتواناکردنی قوتابیە لاوازەکان/کەمتواناکان بکەن لەبری وەسف و سەنای زۆری قوتابییە زیرەکەکان و ھیچ جۆرە چیرۆکێک کە باس لە بتەکان بکات، باسیان بۆ قوتابیان نەکرێت، ھەر ئاواش مامۆستا دەبێت خۆی بپارێزێت لە پرسیارکردن کە ھەمیشە لە ھەمان قوتابی دەکات. بەڵکو لە قوتابییەکانی دیکە دەبێت بکرێت تاکو ئەوانیش متمانە بەخۆیان پەیدا بکەن، دەبێت مامۆستا ئەوەندەش بە ئاگا بێت کە منداڵ ھەست نەکات کە بۆ زۆربەی کات پرسیار لەو دەکات، نەبا قوتابییەکە گومانی خراپی لا دروست بێت و دواجار ئەوەش کاردانەوەی خراپتری لەسەر دروست بکات. کەواتە پەروەردە دەبێت بۆ بەتوانا و بەھێزکردنی بیرکردنەوەی سەربەستانە بێت، ھاوکاتیش دەبێت جیاوازی لە نیوانی وتنەوەی وانە و پەروەردەدا بکرێت.


٣\١٢\٢٠٢١
ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک