٦\٤\٢٠١٥
لە قەیرانی
حەقیقەتەوە بۆ گومانەکانی پرسیار.

تاڤگە سابیر
- بەشی
دووەم -
لەم ئاستەدا پڕۆژەی تازەگەری ڕۆژئاوا تەنها ئەو کاتە وەك پڕۆژەیەکی
کاریگەر و مەزن دەرکەوت ، کە توانی سەردەمانی پێش خۆی لە هەموو
ئاستەکاندا بخاتە ژێر پرسیارەوە بێهودە نییە گرنگترین ساتەوەختی
مەنهەجی ئەم پرۆژەیە بە " گومان" دەستیپێکرد، کاتێك " دیکارت" ، "
گومان" وەك ساتەوەختی سەرەتای مەنهەج دەستنیشان دەکرد ڕاستەوخۆ هەموو
پرسیارو یەققینەکانی سەدەکانی ناوەڕاستی دەخستە ژێر گومانەوە...
پڕۆسەیەك ،کە لە چرکە کاریگەرەکانیدا بوو بەهۆی لە دایکبوووونی پرۆەی
ڕۆشنگەری پڕۆژەیەك ، کە بەدنیایەك دروشمی جوان و بانگهێشتی
ئەەفسوناوییەوە هاتەپێشێ ، دەستکەوتەکانی پڕۆژەی تازەگەری ڕۆئاوا
هەرچۆنێك بن ئەو دەستکەوتانەن ، کە لە ئەنجامی پرسیار کردنەوە
بەدەستهاتن، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە بڵێین پڕۆژەی تازەگەری ڕۆژئاوا
تەنها پڕۆژەی سیاسەتی پرسیار کردن بێت ، چونکە تازەگەری چند ئەفسونی
پرسیار کردنی تاقیدەکردەوە سەد هێندەش بەدوای " دوا ووڵام" دەگەڕا ...
چەند خولیای پرسیار کردنی هەبوو سەەد هێندەش خولیای دۆزینەوەی " دوا
وەڵام" دروست ئەو کاتەش ئەم پڕۆژەیە بەرەو کزی ڕۆشت ، کە پتر تەسلیمی
وەڵامەکانی خۆی بوو.
تازەگەری ڕۆژئاوا بە پرسیار دەستی پێکرد ، بەڵام دواجا دڵنیایی
وەڵامەکان خاویان کردەوە لە یەکەم ڕستەی پەیمانی کۆمەڵایەتی " ڕۆسۆ" وە
(مرۆڤ بە ئازادی لەدایکدەبێت ، بەڵام لەهەموو شوێنێکدا دیلە) بۆ ئەو
ڕۆلە عەقڵانییەی هێگڵ بەدوا ویستگەی سەفەری عەقڵی دادەنا ... گۆڕینی
ئاڕاستەیەك هەیە لە ستراتیژی پرسیارەوە بۆ ستراتیژی وەڵام... لە
ستراتیژی ڕەخنەوە بۆ ستراتیژی ڕازیبوون ، دروست لێرەشدا پڕۆژەی
تازەگەری ڕۆژئاوا جەمسەری دژ بە بۆچونەکانی خۆی خولقاند. ئەو جیهانەی
دەبوو پڕبێت لە ئازادی و یەکسانی لە ناو شێوەیەکی تازەی دیلێتیدا نوقوم
بووە خەڵێك ، کە بەتوندی کەوتە بەر ڕەخنەی ڕایکالانەی " مارکس" ( بەدەر
لەەی بۆچونەکانی مارکس ڕاستبن یان هەڵە) ئەو ڕاستییە ناشارێتەوە ، کە
مارکس وەرچەرخانێکی گەورەی بە وتووێژی فەلسەفیدا، مارکس وەك سەرەتاکانی
پرۆژەی ڕۆشنگەری گەڕایەوە بۆ پرسیار کردن و ڕەخنەگرتن لە سەردەم ،
بەڵام ئەمجارە پرسیار و ڕەخنەیەك ، کە لەدەرەوەی دەزگاو سیستمە
کۆمەڵایەتییەکان نەبوو ، بەڵکو ئاڕاستەی خودی ئەو سیستمە
کۆمەڵایەتییانەە دەکرا ، کە مرۆڤەکان لە ناویدا دەژیان، ڕاستە پڕۆژەی
تازەگەری ڕۆئاوا ئەو پڕۆسە مەزنەیان ئەنجامدا ، کە " ماکس ڤێبەر" لە
دەستەواژەیەکدا کۆیکردەوە " ئەفسانە داماڵین" ، بەڵام ڤێبەر
دەرەنجامەکانی نەگەیاندا لوتکەی خۆی .
ئەگەر کۆمەلگا ڕستەوخۆی خۆی بەپرسیاری بوونی خۆیەتی و هیچ هێزێکی
میتافیزیکی نییە لە دەرەوەی ئاڕاستەی بکات ، کەوابوو دەبوو ڕەخنەش
ئاڕاستەی بگۆڕێت و لەجێی هەڵسەنگاندنی " ووتەزا" موجەرەدەکان ،
بگەڕێتەوە بۆ ڕەخنەگرتن لە دەزگا و سیستمە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکان
کارێك ، کە بەچڕی و قوڵی لای مارکس دەستیپێکرد ، لەڕاستیشدا هەستدەەین
لەداوی مارکسەوە ئاڕاستەگۆڕینێکی بنەڕەتی لە وتوێژی فەلسەفیدا هەیە
.... جۆرێك لە فەلسەفە ، کە گەڕاوەتەوە بۆ ناو ژیان و بەدیاریکراوی بۆ
ناو پێکهاتە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکان ... بە شێوەیەڵ وای لە هەندێ
کەسکردووە مارکس بە فەیلەسوف دانەنێن و پتر وەك " ئابوریناش" یان "
کۆمەڵناسێك " تەماشایبکەن ، بەڵام ئەم سەیرکردنە تەسکبینە گەورەترین
دەستکەوتەکانی فکری مارکس دەشارێتەوە ، کە ئەویش گێرانەوەی ڕەخنەیە بۆ
ناو ژینگە ڕۆشنبیرییەکا ، مادام بیرکردنەوە و تێفکرینیش هاودەمی
پڕۆژەیەکی ڕەخنەییە ئیدی ئێمە فەلسەفەمان هەیە نەك هیچ شتێکی دی، بەم
مانایەش مارکس تاسەر ئێسقان فەیلەسوفە ، چونکە کەس هێندەی ئەو ڕەخنەی
ئاڕاستەی سەردەمی تازە نەکرد ، ئەگەرچی ئەم پڕۆژە ڕەخنەییە ( بەهۆی
کارتێکردنی هێگڵەو) نەگەیشتە ئەو ئاستەی خۆی لەقەرەی دامەزراندنی
دەزگایەکی فکری کامڵدا نەدات ، بەڵکو بەپێچەوانەوە وەسوەسەی
دامازراندنی دەزگایەکی فکری هەمەلایەن و کامڵ بەسەریدا زاڵ بوو ، کە
بووە هۆی دامەزراندنیی دەزگایەکی فکری ئەوتۆ،کە لەسەر دەستی لایەنگرە
تەسکبینەکانی بوو بە دەزگایەکی دۆگمائیستیانەیی مەزن ، چونکە ئەوەدەی
کە پڕۆژەیەکی ڕەخنەیی بووبێتە دەزگایەکی فکری کامڵ ، کە وەڵامی هەموو
ڕەخنە و پرسیارەکانی لە هەناوی خۆئدا هەڵگرتبێت ئەوا زۆربەی
دەستکەوتەکانی خۆی ئاوقای تەمومژ دەکات ، تەمومژێك ، کە لەئاستی
مارکسدا نزیك سەدەیکی ویست بۆ ئەوەی قوتابخانەیەکی بە ناوی "
قوتابخانەی فرانکفۆرتەوە" بێت و جارێکی دی بگەڕێتەوە بۆ میراتی قوڵی
ڕەخنەی مارکس و لە هەمانکاتیشدا واز لە وەسوەسەی دەزگایەکی فکری
سەرتاپاگیر کامڵ بهێنێت.
مەترسییەکانی درزگایەەکی فکری کامڵ هەمیشەش لە بەرچاوی بیریارانی
قوتابخانەی فرانکۆرت و سەرجەم ئەو بیرانە بوو ، کە لە میراتی
ڕەخنەگرانەی مارکسەوە هاتبوون بۆ زۆربەیان ئەمڕۆ بە " فەیلەسوفانی پۆست
مۆدێرنیزم" ناودێردەکرێن؛ ئاردنۆ دەیگوت ( بەرهەمی فیکری ڕەخنەگرانەی
سەرکەوتوو ئەوەنیە ، کە دژایەتیەکانی ناو بابەت لەناو هاوسەنگیەکی
دروستکراو وە درۆزندا لە ناوببات ، بەڵکو ئەوەیە ، کە خودی بیرۆکەی
هاوسەنگی بەشێوەیەکی سلبی پێشکەشبکات) . لێرە دەبینن هەندێ بیریارانی
فرانکفۆرت و هەندێ فەیلەسوفانی پۆست مۆدێرنزم زۆربەی نوسینەکانیان بە
زمێکی شیحری دەنووسن و شێوەی پەرەگراف و پارچە نووسیندا دایدەڕێژن ،
چونکە یەکێك لە سیفەتەکانی زمانی شیحری ئەوەیە توانای کردنەوەی بەسەر
زیاد لە ئاست و زیاد لە مانایەکدا هەیە ، لێرە شحر بیەوێت یان نەیەوێت
هەمیشە ڕۆڵێکی شۆڕشگیڕانە لە دنیادا دەبینێ ، چونکە ئەگەر پێناسێکی
گشتی و خێرا بۆ ئایدۆلۆژیای باڵادەست بکەین دەتوانین بڵێن ئەو شێوە
سەیرکردنەیە ، کە دەیەوێت جیهان لەناو هەمان ئەو مانایانەدا
کورتبکاتەوە ، کە تائێستا بەرهەم هاتوون لەکاتێك شیعر ئەو هونەرە
شۆڕشگێڕەیە ، کە قەیرانێك لە مانا بەرهەم هاتووەکاندا دەخولقێنێ و
ئاسۆی تازە بۆ مانای دەکاتەوە، گەڕانەوە بۆ بەکارهێنانی زمانی شیعری
لەو بڕوایەوە دێت ، کە زمانی شیعر توانای کردنەوەی زیاترەو دەتوانێت
دەق لە پاراستن بپارێزێ : زمانی شیعری دەق لە هەموو قاڵبدان و لە هەموو
" وەڵامێکی ئامادەکراو" دەپارێزێ و لەهەمان کاتدا ئاسۆی پرسیارەکانی
دەق فراوانتر دەکات .
لێرەدا دەبێ بپرسین بۆچی بیریارانی قوتابخانەی فرامکفۆرت و زۆربەی
بیریارانی پۆست- مۆدێرنزمیش لە گەیشتن بە دوا وەڵام یان گەیشتن بە
جیهانی یەقین سڵدەکەنەوە؟ " خاڵێك ، کە دەکرێت" بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم
پرسیارە بدەینەوە پێویستمان بە وردبوونەوەیەکی زیاتر هەیە : لە
بنەڕەتدا ئەو ڕۆشنبیرییەی پرسیار دەکات ئەو ڕۆشنبیرییە ،کە بەدوای "
نەزانراو" دا " دەگەڕێت" نەزانراو هەمیشە هێزێکی ئەفسوناویی بۆ
جوڵاندنی پرسیارەکان هەیە ، بەڵام نەزانراو خۆی شتێك و شوێنێك و
زەمەنێک نییە بڕیاربێت ڕۆژێك کەشفیبکەین و تەواو ، بەڵکو بوونی هەمیشە
بونێکی دواخراوە لە بنەڕەتدا نەزانراو لە ناو و ئەنجامی پرسیارکردنەوە
دروستدەبێت رەنگە بتوانین نەزانراو دروستکاوێکی مرۆڤانەیەو هوشیاری
دایدەمەزرێنێ ، نەزانروێك نییە پرسیار دروسبکات ، بەڵکو ئەوە خودی
پرسیارە کە نەزانراو بەرهەمدێنێ و دووبارەی بەرهەمیدەهێنێتەوە، دیارە
ئەم ڕستانە بەو مانایە ، کە بڵێن نەزانراو خۆی لە دنیادا نییە وە مرۆڤ
دەیهێنێتە دنیاوە ، بێگومان هەرگیز هەمیشە نەزانراو بەشێکە لە دنیا ،
بەڵام تەنها ئەو کاتە دەتوانین باس لە بوونی بکەین ، کە ڕاستەوخۆ
هوشیاری دەرکیپێدەکات ڕاستە هەڵبەت بەبێ دەرککردنی هوشیاریش جیهانێك
هەیە ، کە بە نەزانراوەکانییەوە لە دەرەوەی ئێمە لەوێ دانراوە، بەڵام
ئەم بوونە پتر لە مەرگ دەچێت نەزانراو ئەو پانتاییە ، کە تەنها لە
بەردەەم ئەو ڕۆشنبیرییەدا دانراوە ، کە پرسیار دەکات ، بەڵام ئەو
شنبیرییەی پرسیاری نییە بێگومان نە هەست بە بوونی نەزانراو دەکات و نە
ئامادەیە کەشفیبکات بەم مانایەش دەڵێین پرسیار نەزانرا بەرهەمدێنێ تا
ئەو دەمەش ، کە پرسیار هەیەو لێرەوە نەزانراو هەیە کەوابوو دیدگایەکی
ڕەخنەیی لەگۆڕێیە ، لێرەوە ئەو تێگەیشتنەی " مارکس" بەڕاست نازانم ، کە
پێیوایە ساتەوەختێک دێت فەلسەفە خۆی تیانەفیدەکات مارکس بەوەدا ، کە
پێشبینی سەهەڵدانی سەردەمێکی بێدژایەتی لە مێژوودا دەکرد بڕوای وابوو
لە سەدەمێکی وادا فەلسەفە پێویست نییە، بەڵام ئەگەرچی دەشێ سەردەمێکی
وا بێتەپێش ، کە زۆر لە دژایەتییە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر کرابن ،
بەڵام هەرگیز سەردەمێك نایەت ، کە مرۆڤ واز لە پرسیار کردن بهێنێت
مادام پرسیاریش هەیە کەوابوو نەزانراویش هەیە ، بوونی نەزانراویش
هەەمیشە پێویستی بە دیدگایەکی فەلسەفی هەیە بۆ کەشفبوون " هابەرماز"
دەڵێت ( ئەستەمە زانست و ڕەخنە بێ دیدێکی فەلسەفی لە گۆڕێبن) ئەو
جێگەیەی پرسیار و دیدی فەلسەفی تێدانییە جگە لە زیندانێکی گەورە هیچی
دی نییە.
لە ڕاستیدا جێگەیەك نییە و نابێت پرسیاری ڕەخنەگرانە دروستنەکات دەکرێت
لێرەدا نمونەیەکی " جوۆج شتاینەر" بهێنمەوە لە بەردەم ئەو تێڕوانینەی "
مارکس" ڕاینگرین " شتاینەر" دەڵێت ( باوای دابنێین کۆمەڵگایەك هەیە
هەموو شێوەیەکی ڕەخنە قەدەغە دەکات و تەنها ڕێ بە پێشکەشکرردنی هونەێکی
ڕەسەن دەدات لە ئەنجامی ئەمدا چیمان هەیە ؟ بێگومان لە کۆمەڵگایەکی
وادا هەنەری ڕەسەنیش پێشکەشناکرێت نەك هەر لەبەرئەوەی هیچ کارێکی
هونەری ناتوانێت بێ ڕەخنە پەرەبسێنێ ، بەڵکو لەبەرئەوەی ، کە هەر
هونەرێکی ڕەسەن خۆی لە خۆیدا ڕەخنەگرتنە لە هونەرێکی ڕابردوو) . "
مارکس" دەیگوت مێژوو لە دوای کۆتاییهاتنی دژایەتیەکانەوە دەستپێدەکات
ئەو کاتە ئیتر هەموو توانا و بەهرەکانی مرۆڤ دەتەقنەوە، بەڵام ئایا
هەموو ئەمانە چۆن ڕوودەدەن بێ بوونی دیدگایەکی ڕەخنەیی و فەلسەفی؟
لێرەوە وا هەستدەکەم دژایەتییەکی شاراوە لە تێگەیشتنی مارکسدا هەیە
ئەگەر مێژوو ئەو دەمە دەستپێبکات ، کە هەموو بەهرەو تواناکانی مرۆڤەکان
دەپشکۆێ ئیدی چۆن دەتوانین باس لەساتەوەختێک بکەین فەلسەفە خۆی تیا
نەقیدەکات؟ لە بنەڕەتداو لە ڕۆشنبیرییەکی پرسیارکەردا ڕزگاربوون لە "
نەزانراو" هیچکات پیادەنابێت، بەڵام کردنەوەی " نەزانراو" لە بەردەم
پرسیاردا بەو مانایە نییە بڵێن " عەقڵ" توانای دۆزینەوەی ڕاستی نییە ،
لێرەدا بەهیچ شێوەیەك گەڕانەوە نییە بۆ ئەو تێڕوانینە میسالیەی پێیوایە
عەقل پێکهاتەیەکی کەموکوڕە و توانای دۆزینەوەی حەقیقەتی نییە ، بەڵکو
لێرەدا باس لەو دینامیکییەتەی عەقڵە ، کە بەردەوام پرسیاری تازە لە
سەردەمی تازەدا لە جیهان و لە خۆی دەکات "نەزانراو" لە دەرەوەی
شوراکانی ئێمە نییە ، بەڵکو لە بەردەست و چاومانداو لە ڕێی
پرسیارکردنەوە دەخولقێنرێ ... حاڵەتێك ، کە هەمیشە وایکردووە تەسکبین و
ئایدۆڵوژیستەکان فەلسەفە بە سەفسەتەیەکی بێئەنجام لە قەڵەمبدەنبۆ
ئایدۆلۆژیست و پارێزگارخواەکان مادام یەقینێك نییە فەلسەفە ئاشکرایبکات
، کە وابوو فەلسەفە شتێکی زیادەیەو پێویست نییە ، بەڵام خەمی یەقین
خەمی ئەو ئایدۆلۆژیستانەیە، کە دەیانەوێت لەناو هەرێمی ئیمپراتۆرێکی
کۆیلەدا دیلمانبکەن ئەو جیهانەی وەك شوێنێك خۆی ناودێردەکات ، کە
گەیشتووە بە قین و رێگا لە هەموو پرسیار و ڕخنەیەك دەگرێت ، جگە لە
جیهانێکی فاشیستی و ئیداری هیچی دی نییە لەم ئاستەدا ئەزموونی سشیالیزم
نمومەیەکی هەرەنزیکە ئەگەر لە پشت شۆڕشی سۆشیالیزمەوە پرسیارێکی
رەخنەگرانە مارکس هەبێت " بۆچی جیاوازی چینەکان؟" ئەوا چرکەکانیدا بەو
یەقینەی سیالین گەیشت ، کە بەجیهانێکی ئیداری و کۆنیرۆڵکراو و
کۆتاییهات ، جیهانێکی کۆنترۆڵکراو پڕ لە خەفەبوون ، کە زۆر دووربوو لەو
خەونەی مارکس بانگێشتی بۆ دەکرد.
_____________________________
بەشی
یەکەم:
www.emrro.com/leqeyranih1.htm
ماڵپەڕی تاڤگە سابیر
|