په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٤\٢٠١٥

لە قەیرانی حەقیقەتەوە بۆ گومانەکانی پرسیار.


تاڤگە سابیر     

- بەشی سێیەم -


لە بنەڕەتدا ئەو سەیرکردنە یەکجار ترسناکە کەوا دەزانێت، ساتەوەختێك هەیە سەردەمێك هەیە، دەبێت پڕۆسەی ۆرسیارکردن و ڕەخنەگرتن تیایدا ڕابووەستێت، ڕەنگە هەر ئەم ڕەخنەیەش لەپشت ئەو بێدەنگبوونەوە بێت ، کە لەپاش ڕاپەڕینەوە شەقامی کوردی داگیریکردووە ، ئەگەر بەر لە ڕاپەڕین گەلێکمان هەبوو ، کە خۆی لەبەردەم پرسیار " بۆچی داگیرکردن و چەوساندنەوە"؟ دا دەبینی و لێرەوە خۆی لە پڕۆسەیەکی شۆڕشگێڕانەدا دەدۆزیەوە ئەوا لە دوای ڕاپەڕینەوە گەلێکمان هەیە دونیای خۆپیشاندان و بەگژا چوونەوەی چۆڵکردووە و هیچ پرسیار و پڕۆژەیەکی ڕەخنەیی پیادەناکات چەماوەری کوردی لە دوای ڕاپەینەوە کشاوەتەوە ماڵی خۆی و چاوەڕێی خواردنی بەروبوومی دوای ڕاپەڕین دەکات ، بەرپرسیارییەکانی ئەو لە دوای ڕاپەڕینەوە کۆتایهاتووە و کاتی ئەوە هاتووە پشووندات ئیدی ڕاستەوخۆ لێرەدا ئەو جیهانەی دەبوو پربێت لە ئازادی بەهرەمەندی لە بناغەوە دەڕمێت و لە دۆزەخدا خۆمان دەدۆزینەوە ، چونکە ئەو جیهانەی ڕەخنە و پرسیاری نییە جگە لە جیهانێکی دیل هیچی دی نییە.

بێگومان ئەمە سروشتی شۆڕشی کوردییە بەم ئەنجامە و کارەساتاویە گەیشتوون : لێرەدا دەبێ بپرسین بۆچی ؟ چیە وادەکات ئەو باوەڕە بکەوێتەوە ، کە یەقین ڕاستی ، ووڵامی ئەو شتانەن ، کە ئیدی نەدەبێ پرسیاری لێبکەین و نەدەبێ ڕەخنەی ئاڕاستەبکەین؟ ئەم تەڵاقە لە نێوان " پرسیار و وەڵام" " ڕەخنەو حەقیقەتدا" چۆن دەستپێکرد؟ واهەستدەکەم ئەمە گرنگترین پرسیارێك بێت ، کە ئێستا بەرەو ڕووماندەبێتەوە چونکە تەنها لە تێگەیشتنی ئەم پرسیارەدا دەتوانین تێبگەین چیە وادەکات ئەو گەلانەی لە شۆڕشێکی ڕادیکالانەدا ئیمپراتۆرەکان دەخەن داگیرکەران ڕاودەنێن و فاشیستەکان لەگۆڕەنێن لە ناکاودا ئەوەندە لە بێهودەییدا بە بێدەنگی نوقمدەبن.

بەبڕوای من ئەو تێڕوانینەی ، کە پێیوایە یەقین جێگایەکە لەودیو سنورەکانی پرسیارەوە، لەوکاتانەدا ئاشکرا دەبێت ، کە چیتر ڕەخنە نەمێنێت ئەم بۆچوونە بۆ یەکەمجار لە بواری پیرۆز یان بواری دینییەوە سەریهەڵدا ، چونکە لە بواری پیرۆزدا هەمیشە هێزێك هەیە ، کە ئیدی پرسیاری لێناکرێت ، یەقینێك هەیە گومان ناوروژێنێ و سنوورێك هەیە ، کە ئیدی نابەزێ ، لێرەوە یەکەم تەقەڵا لە نێوان " پرسیار و وەڵام" " ڕەخنە و حەقیقەت" دا سەریهەڵدا لەدوای تێڕوانینی پیرۆز و دیینەوە ئیدی پرسیار هیچ نییە جگە لە ئامێرێك بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت : واتە پرسیار کە سروشتێکی مرۆڤانەیە بوو بە ئامێرێك ، کە ئیدی ئەرکی گەیشتن بە ئامانجێکیلە ئەستۆیە بە مانایەکی دی لە تیڕوانینی دینیدا بیرکردنەوەو تێفکرین نرخیان لە ناو خۆیاندا نییە ، بەڵکو نرخیان لە گەیشتنیاندایە بە شتێکی دی ، واتە ئەوە ماهییەتی پرسیارەکان نییە ، کە مرۆبەکان ئاشکرا دەکات ، بەڵکو ماهییەتی وەڵامەکانە لێرەوە دەبینین ، کە پرسیارێك دەوروژێت پیاوێکی دینی یان ئایدۆلۆژیست یەکسەر داوای وەڵام دەکەن ، کە ڕەخنەیەك دەگیرێت داوای ئەلتەرناتیڤ دەکەن ، چونکە لەم شێوە تێڕوانینەدا هەمیشە پرسیار ئامێرێکە بۆ پەڕینەوە پردێکە بۆ شوێنێکی دی ئەڵقەی پەیوەندییەکە و بەجێدەهێڵێ لەبە " ئامێرکردنی پرسیار" یشەوە تاسەر بە "ئامێرکردنی عەقڵ" تەنها یەك هەنگاو دوورین لێرەوە ئەو دەستنیشانکردنەی نەوەی یەکەمی " قوتابجانەی فرانکفۆرت" بە ووردبینی نابینم . کە بڕوای وایە " عەقڵ ئامێری " دەگەرێتەوە بۆ پڕۆژەی ڕۆشنگەری ، بەڵکو ئەم تێگەیشتنە بۆ عەقڵ ڕەگوڕیشەیەکی قوڵتر و مێژوویەکی دێرینتری هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی پرسیار لە هەرێمی یەقین دەرکراو حەقیقەت وەك شتێك ناودێرکرا ، کە لەدەرەوەی پرسیارکردنە ، بە کورتی ئەوە تێڕوانینی دینی بوو بۆ حەقیقەت ، کە یەقینی وەك هەرێمێك دەستنیشاندەکرد ، کە لە دەرەوەی ڕەخنەگرتن و پرسیارکردنە.

واتە دەماوێت بڵێم گەورەترین دوالیزمی میتافیزیکی ، کە بەسەر زۆربەی تێڕوانین و تێزە فەلسەفییەکاندا بە شێوەیەکی ناهۆشیاری زاڵە ئەو دوالیزمەیە ، کە لە نێوان " پرسیار و وەڵام" " ڕەخنە و حەقیقەت" دا دروستکراوە دوالیزمێك ، کە هەمیشە لایەنی دووهەم بە باڵاتر و مەزنتر لە لایەنی یەکەم تەماشا دەکات ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین سێ میراتی فکری گرنگ دەستنیشانبکەین ، کە هەریەکەو بە شێوەیەك و لە تێڕوانینێکەوە توانیویانە لە دەرەوەی ئەم دوالیزمە میتافیزیکییە تەماشای ڕەخنە و پرسیار بکەن ، ئەم سێ میراتەش میراتی : سوقرات ، مارکس و فەلسەفەی پۆست مۆدێرنەیە پاش تازەگەرییە.

ئەگەرچی " سوقرات" زۆر لە لایەن ئەفلاتونەوە شێوێندراوە " بە شێوەیەك یەکجار سەختە بە وردی قسەکانی سوقرات لە قسەکانی ئەفلاتون جیابکرێتەوە" ، بەڵام ئەوەی لەم فەیلەسوفە بەجێماوە ئەوە ئاشکرا دەکات ، کە ئەو شێوەیەکی دی دەیڕوانیە پرسیار و بەچاوێکی دییەوە تەماشای حەقیقەتی دەکرد ، چونکە سوقرات هەرگیز لە پرسیارکردن ڕانەوەستاو ستراتیژی بریتی بوو لە بیرخستنەوەی ئەو ڕستە بەناوبانگە " من یەك شت دەزانم ئەویش ئەوەی ، کە نازانم" بێگومان ئەم ڕاستەیە پڕماناترە لەوەی وەك جۆرێك لە " تەوازوع " تەماشایبکەین، بەڵکو هەر لەم ڕستەیەدا بۆمان ئاشکرا دەبێت ، کە سوقرات یەکەم فەیلەسوف کە " دەرک کردن بە نەزانراو"ی لەناو جەرگەی وتوێژی فەلسەفیدا چاند،ئەو بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ فەیلەسوفی وەك کەسێك ناساند " دەزانێت ،کە نازانێت" بەمەش ڕاستەوخۆ خۆی لە دوالیزمی متافیزیکی " پرسیار و وەڵام" دەدزیەوە، بە مانایەکی دی یەکەم فەیلەسوف بوو کە پرسیاری لە هەرێمی حەقیقەت دەرنەکرد هەر لێرەشەوە ڕەنگە لەوە تێبگەین ، کە سوقرات بۆچی" پیاوێکە کە نانوسێت" دەمەوێت لەسەر ئەو ڕستەیەی دوایی کەمێك ڕاوەستم ، چونکە ئەگەر تێڕوانینی " جاك درێدا" بکەین بە ڕێنمای سەیرکردنمان ئەوا ڕاستەوخۆ " نە نوسینی سوقرات" دەبێت بە یەکێك لە دەرکەوتنە کارگەرەکانی سیستمی میتافیزیکی ، چونکە بە بڕوای " دریدا" میتافیزیکا ئەو سیستمەیە ، کە هەمیشە لەڕێی دووانە لێکدژەکانەوە تەماشای دنیادەکات ، ئەو دوانە لێکدژانەی هەمیشە یەکێکیان لەوی دی بە نرختر و بە باڵاتر دەزانرێت وەك " خود ، بابەت ، ژن، پیاو، ئاخاوتن، نووسین" هتد.


بە بڕوای دریدا لە سیستمی میتافیزیکدا هەمیشە ئاخاوتن لە نووسین بە گرنگتر و زیندووتر دادەنرێت ، چونکە باوەڕ وایە ، " مانا" دەتوانێت ئامادەبوونێکی ڕاستەخۆی لە ئاخاوتندا هەبێت نەك لە نووسیندا دواجار ، چونکە لە پڕۆسەی ئاخاوتندا هوموو ڕەگەزەکانی پەیووندی لە قسەکەر و گوێکرەوە ئامادەیی ڕاستەوخۆیان هەیە ئەمەش پڕۆسەی گواستنەوەی " مانا" ئاساندەکات لە کاتێکدا لە پرۆسەی نووسیندا هەمیشە یەکێك لە ڕەگەزەکانی پەیەوندی بزرە " نووسەر یان خوێنەر" نووسەر دەنووسێ بۆ ئەو خوێنەرانەی ئامادەیی ڕاستەوخۆیان نییە و خوێنەریش لە نەبوونی نووسەردا دەق دەخوێنێتەوە ، لێرەوە بڕوای دریدا سیستمی میتافیزیکی بڕوای وایە ئاخاەتن توانای گەیاندنی مانای کاریگەرتر و زیندووترە بەم مانایەش دەبێت سوقرات گەورەترین بیریاری میتافیزیکی بێت ، چونکە ئەو تاکە فەیلەسوفێکە کە نانوسێت.


ڕەنگە ئەم سەیرکردنە گرنگترین دەستکەوتەکانی سوقرات بشارێتەوە، چونکە ئەگەرچی ڕاستە سوقرات دووانە لێکدژی " ئاخاوتن، نووسین"ی قبوڵکرد، بەڵام لە هەمان کاتدا لە دووانەلێکدژێکی مەزنتر ڕادەکات ، کە ئەویش دووانەلێکدژی " پرسیار و وەڵامە" ڕەنگە نەنووسینی سوقراتیش بگەرێتەوە بۆ ئەم خاڵە ، چونکە سوقرات هەمیشە لەوە دەترسا دەزگایەکی فکری کامڵ لە ڕێی نووسینەوە دابنەزرێنێ ، دەزگایەك، کە لەجێی ئەوەی هونەری پرسیارکردن فێری مرۆڤەکان بکات ببێت بە ئامێرێکی وەڵام ، لێرەوە بە بیرواڕی من سوقرات یەکێکە لەو کەمە فەیلەسوفانەی پرسیاری نەگەڕانەوەی بۆ ئامێزی وەڵام و ڕەخنەی لە هەرێمی حەقیقەت دەرنەکرد ..... دەستکەوتێك ، کە بەتەواوی لە گەورەترین پڕۆژەی میتافیزیکی ڕۆژئاوادا شاردرایەوە ، کە ئەویش پڕۆژەی ئەفڵاتونە ئەگەرچی ئەفڵاتون قوتابی سوقرات بوو، بەڵام لە ئاڕاستەیەکی پێچەوانەی مامۆستادا دەجوڵایەوە ئەگەرچی سوقرات هەرگیز بیری لە دامەزراندنی دەزگایەکی فکری کامڵ نەکردوە ئەوا بە پێچەوانەی ئەفڵاتون هەر لە سەرەتاوە پڕۆژەکەی خۆی بۆ دامەزراندنی دەزگایەکی کامڵ تەرخانکرد ، لای ئەفڵاتون پرسیار نەك هەر ئامێرێکە بۆ حەقیقەت ، بەڵکو خودی عەقڵیش هەموو کاریگەریەکی لێددستێنرێتەوە و پڕۆسەی " زانین" لە جێی دوزینەوە دەبێت بە بیرکەوتنەوە.

لای ئەفڵاتون پرسیارەکان بۆ بیرکەوتنەوەی ئەو ڕاستیانەیە ، کە لە عەقڵی هەموو مرۆڤێکدا بە شێوەیەکی ناهوشیارانە هەیە ، چونکە " رۆح" سەردەمانێك لەگەڵ "ئایدیا- مثل" کاندا ژیاوە ، واتە لای ئەفڵاتون پرسیار ئامێرێکە نەك بۆ دۆزینەوە، بەڵکو بۆ بیرکەوتنەوە لە چەمکی بیرکەوتنەوەوە ، کە ئیجایەکی تەواوە بۆ ئەوەی سەردەمانێك لە جیهانێکی تردا ژیاوەین بۆ دەرکردنی ئادەم لە بەهەشت بیرۆکەکان تەنها یەك هەنگاو لەیەك دوورن ، چونکی " گوناه" کە ویژدانی سەدەکانی ناواڕاستی ئازاردەدا ڕەگوڕیشەیەکی ئەفڵاتونی هەبوو ، دەبوو خاڵێك هەبێت تەفسیری ئەوە بکات بۆچی "رۆح" لە جیهانی ئایدیاکان جیادەبێتەوە ئاینی یەکتاپەرستی ئەن تەفسیرەی لە خواردنی میوەکە و گوناهی ئادەم و حەوا دا دۆزییەوە ، ئیدی لێرەوە مێژووی مرۆڤایەتی بوو بە هەوڵدانی پاکبوونەوە لە گوناهێك ، کە خۆی نەیکردووە .... لەم ئاڕاستەیەشدا پرسیار هیچ نەبوو جگە لە ئامێرێك ، کە بە حەقیقەت دەگات ، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا هیچ هەوڵدانێك بۆ ئازادکردنی و ئاوەڵاکردنی عەقڵ نییە یەگەرچی هەوڵێکی بەردەوام هەیە بۆ ئاشکردنەوەی عەقڵ و ئیمان لەم تێگەیشتنەدا عەقڵ ئەو کاتە عەقڵە ، کە ئیمان دەگات وە ئیمان دەربڕینێکی دیکەی حەقیقەت و یەقینە و شێوەیەکی دیکەی دوا وەڵامە واتە سەدەکانی ناوەڕاستدا بەتوندی دووانەی " پرسیار، وەڵام" " ڕەخنە، حەقیقەت" بە هامان مانای میتافیزیکییەوە ئامادەیە.

میراتی دووەم : کە دەتوانین وەك وەرچەرخانێك تەماشایبکەین ، میراتی مارکسە ئەو فەیلەسوفەی دیالەکتیکی عەقڵی هیگڵی گەڕانەوە بۆ ناو ژیان تا لە ڕێگەیەوەسەرجەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان بخوێنینەوە لە ڕاستیدا زۆر کەس بڕوایان وایە ، کە مارکس تەنها هەرەمی دیالیکتیکی هەڵگێڕاوەتەوە و هیچ زیادەیەکی نەخستۆتە سەر ، بەڵام سەیرکردنە تەسکبینە نازانێت ، کە گۆڕانێکی لەم چەشنە چەند دەرنجامی گرنگ و جیاواز چ لە خوێندنەوە و چ لە پراکتیکدا دەخاتەوە ، چونکە کاتێ مارکس دیالەکتیکی دەگێڕایەوە بۆ ناو ژیان ڕاستەوخۆ هێزی شۆڕشگێڕانەی " نەفیکردن" ی دەگەڕانەوە بۆ ناو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان واتە سەرنجی بۆ جیهانێك ڕادەکێشا ، کە بەبێ نەفیکردن ناکرێت بگۆڕێت لێرەوە ئەو ڕستە بەناوبانگەی گووت ، کە زیاد لە جارێك و بە شێوەی جیاواز ڕاڤەی بۆ کراوە " فەیلەسوفەکان جیهانیان تەفسیرکرد، بەڵام گرنگ ئەوەیە بیگۆڕین" بێگومان مەبەستی مارکس لەم ڕستەیە ئەوەنییە فەیلەسوفەکان هەموو ماناکانی دنیایان کەشفکردووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە کاتێ مارکس دەڵێت " فەیلەسوفەکان جیهانیان تەفسیرکرد" مەبەستی ئەوەیە ئەو فەیلەسوفانە هیچ نهێنیەکیان کەشفنەکردووە ، چونکە تەفسیرکەر ئەو کەسەیە ، کە دەیەوێت ژیان لەناو وەڵامەکانیدا مەعقول بکات ، ئەو فەیلەسوفەی دەگاتە ئەو قەناعەتەی " هەموو مەعقولێك واقعەو هەموو واقعێکیش مەعقول" ، بەڵام ئەرکی فەیلەسوف " گۆڕینی دنیایە".

بێگومان وەك هەندێك ساویلکە تێگەیشتوون مەبەستی مارکس لەم ڕستەیە ئەوەنییە دەبێت فەیلەسوف دنیا بگۆڕێت ، گۆڕینی دنیا ئەوەندە کارێکی ئاسان نییە بە فەیلەسوف ئەنجامبدرێت وە مارکس ئەو کەسە بوو ، کە باسی گۆڕانی لە پراکتیکی شۆڕشگیڕانەی چینە سەرتاپاگیرەکاندا دەکرد ، مەبەستی مارکس لەو ڕستەیە ئەوەیە نرخەکان هەمووی بداتەوە بە گۆڕان : گۆڕانیش درووستنابێ ئەگەر پرسیار بە هەموو هێزێکیەوە نەهاتبێتە مەیدان کاتێ مارکس پێماندەڵێت " کاتی ئەوە هاتووە دنیا بگۆڕین" ڕاستەوخۆ بانگیشماندەکات بۆ پرسیار کردن ، چونکە گۆڕان تەنها ئە کاتە ڕادەوەستێت ، کە پرسیار نەمێنێت بەم مانایەش مارکس یەکێکە لەو فەیلەسوفە مەزنانەی دەیویست لە دوالیزمی " پرسیات، وەڵام" " ڕەخنە، حەقیقەت" خۆی دەربازبکات ئەگەرچی ئەم دەسکەوتە لە دوای چرکەکانی ئەم پڕۆژەیەدا نەپارێزراو " وەك پێشتر گوتمان" پڕۆژەی مارکس لە دەزگایەکی فکری کامڵدا کۆتایی پێهات ، کە نەخشەی داهاتووشی کێشاوە... دەزگایەك ، کە لەسەر دەستی لایەنگرە دەمارگیرەکانی جارێکی دی گەڕایەوە بۆ ئەو سروشتەی لە بنەڕەتدا مارکس ڕەخنەی ئاڕاستە دەکرد ، تەفسیرکردن پڕۆژەی مارکس ، کە هەر لەسەرەیاوە بە پرسیار و ڕەخنە دەستیپێکرد لەسەر دەستی لایەنگرانی بوو بە دەزگایەکی ترسناکی تەفسیرکەر ، کە بەرلەوەی پرسیار بکات وەڵامەکانی ئامادەیە بەرلەوەی بپشکنێ تەفسیرکردنی ئامادەیە و بەرلەوەی شوناسەکان جیابکاتەوە لیستەی ناونانی ئامادەیە ، خەسڵەتێك ، کە بووە خەسڵەتی هەرە زاڵی ئەو گروپە چەپانەی خۆیان دەبردەوە سەر مارکس.

_____________________________

بەشی دووەم: www.emrro.com/leqeyranih2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/leqeyranih1.htm

 

ماڵپەڕی تاڤگە سابیر

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک