په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١١\٢٠١٢

لە رێککەوتنامەی هەولێرەوە بۆ ئۆپەراسیۆنی دیجلە؟!


ستار محەمەد قادر     


لە بۆنەی نەورۆزی ئەمساڵدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتارەکەیدا، ئاماژەی بە گەمە شەیتانیەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، خاڵی خستە سەر پیتەکان و راشکاوانە تیشکی خستە سەر نیەتە پەنهان و شاردراوەکانی مالیکی، ئەمەش ئەرکی راستەقینەی سەر شانی هەموو سەرۆکێکەو دەبێت بە وریاییەوە چاودێری رەوشی سیاسی و ئابووریی و ئەمنی قەومی وڵاتەکەی بکات، بەڵام بەداخەوە ئەو کات بەشێوەیەک خوێندنەوە بۆ هەڵوێستی جەنابیان دەکرا، وەکو ئەوەی شتێکی شەخسی لە نێوان جەنابیان و سەرۆک وەزیرانی عێراقدا هەبێت، بەڵام دەرکەوت کێشەکان شەخسی نین و ئەو مالیکیەی کە بە تەزکیەی کورد ئەو شەرەفەی پێبەخشرا تا بۆ جاری دووەم ببێتەوە بە سەرۆکی وەزیران، ئەمڕۆ دەسەڵاتی خۆی بۆ دژایەتی کردنی کوردو مافەکانی گەلی کورد لە چوار چێوەی عێراقی دیمۆکراتی و دەستووریدا بەکار دەهێنێت؟!


ئایا ئەگەر ئەوسا هەموو هێزو حزبە سیاسیەکانی نێو خۆی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی دیدو بۆ چوونەکانی سەرۆکی هەرێمیان بکردبایەو یەکڕیزی ماڵی کوردیان بپاراستایە، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەیتوانی لە میدیاکانەوە خەڵکی چەواشە بکات؟! جەسارەتی ئەوەی دەکرد پشت لە رێککەوتنامەی هەولێر بکاو بە بەرنامەو پیلان دژایەتی خواست و مافە رەواکانی گەلی کورد بکات؟!


بێ گومان عێراقی تازە، ئەو عێراقەی لەسەر دەستی سەرکردایەتی کورد دیواری هەڵچنرا، ئەو عێراقە دەرنەچوو کە کورد لە خەیاڵدانی خۆیدا وێنەی بۆی دەکێشا، عێراقی بە نێو فیدڕاڵ، نە دیمۆکارتیەو نەش پا بەندە بە دەستوورەوە، ئەمڕۆ دەوڵەتی قانوون بێ منەتانە مامەڵە لە گەڵ رۆڵی کورددا دەکات، چونکە کورد خاوەن کیانێکی یەکگرتوو نیەو بە چەند ئاراستەیەکی جیاواز خوێندنەوە بۆ پێشهاتوو رووداوەکان دەکات!


هەر چەندە عێراقی بوون بۆ ئێمە پاروویەکی تاڵە، بەڵام ئەگەر سەرکردەکانمان شانازی بەوەوە دەکەن، دیواری ئەم وڵاتە روخاوە لەسەر دەستی ئەوان نۆژەن کرایەوە، خۆ دەبێت بەردی بناغەی وڵاتێکیان دانابێت، تا ئەمڕۆ لە ژێر سێبەریدا ئارام و ئاسوودە بین؟!


بە حەقیقەت مرۆڤ کاتێک چاو بە مێژووی پڕلە خوێن و تەخوین و کۆدەتاو رژێمی بارگاوی بە هزری شمولی و شۆڤێنی و مەزهەبی ئەم وڵاتەدا دەگێڕێت، بەڕاستی تووشی سەراسیمە دەبێت، ئاخر وڵاتێک لە رووی ژێرخانیەوە یەکێک بێت لە وڵاتە خانەدانەکان، بۆ دەبێت بە درێژایی مێژووی میللەتەکەی بەدەستی برسێتی و هەژاریەوە بناڵێنێت؟! بۆ دەبێت دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی داهاتی ئەم وڵاتە بکەن بە فاکتەری شەڕو بەر لەوەی وڵات ئاوەدان و رووناک بکەنەوە، بە کڕینی چەک و درووستکردنی میلیشیای ماسکداری هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنی دیجلەو حەرەس قەومی و جەیشی شەعبی و جاش و نازانم چیەوە سەرقاڵ دەبن!


ئایا کێشەکان ئەوەندە توولانین و بە لۆژیکی هێز نەبێت چارەسەر ناکرێن؟! بەڕاستی شتێکی زۆر سەیرو عاجباتیە، هزری ئەو سیاسیانەی وا جڵەوی حوکمڕانی لەم وڵاتە دەگرنە دەست، ئەوەندە داخراو و کورت بین بێت، لە توانایاندا نەبێت چارەسەرێک دوور لە ئەجێندای خۆ دزینەوەو شەڕ بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە؟!


کورد ئەمڕۆ لە بەردەم ئەمری واقیعدایە، یان دەبێت بیر لە ئەڵتەڕناتیڤی عێراق بکاتەوە، یانیش هەموو کون و قوژبنی ئەم وڵاتە کاول بووە بگەڕێت، بۆ ئەوەی بەدیلێک بۆ مالیکی بدۆزێتەوە، چونکە ئەگەر سەرۆک وەزیرانی عێراق خۆی لە دەستوورو ماددە دەستووریەکان دەدزێتەوە، بە دڵنیاییەوە ئەو سوود لە کات دەبینێت، بەڵام بە هەدەر دانی کات بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی کوردا نیە، عێراقی دوێنێ عێراقی ئەمڕۆ نیە، بە دڵنیاییەوە عێراقی سبەی و داهاتوویش وەکو ئەمڕۆ نابێت، ئەگەر ئەمڕۆ شان و شەوکەتی حکومەتی مەرکەزی ئەوەی لێ ناوەشێتەوە لە رێی هێزی سەربازیەوە بەلامارمان بدات، بەڵام خۆ ناکرێت چاوەنواڕی ئەوە ببین کەی پەلاماری داین ئەوسا هەڵوێستمان هەبێت؟!


ئەگەر هزری سیاسی ئێمە لە سەروەختی هەوڵەکان بۆ سەندنەوەی متمانە لە مالیکی، داواو مەتڵەبی ئەوە بوو بەدیلی مالیکی کێیەو کێدەبێت؟! وەکو ئەوەی ئەم وڵاتە بێ دایک و باوک ببێ و کورد خێری لێبینیبێت، با ئاوڕێک لەو خاکە سووتماکەی هەڵەبجە بدەینەوە، با چاوێک بەو برینانەدا بخشێنین کە عێراقی بوون لەسەر جەستەو لە رۆح و ناخماندا جێیهێشتووە، بوونی سروودێکی نیشتیمانی ئەگەر پەرەگرافێک کوردی تێدابێت، ناتوانێت تینوێتیمان بشکێنێ و برینەکانمان ساڕێژ بکات، بۆیە با ئەوەندە لاوازو بێ بڕوا دەرنەکەوین، چونکە هەمیشە مێژوو لە بۆسەدایە بۆ ئەوەی خۆی دووبارە بکاتەوە، ئەگەر بڕیاری درووستکردنی دەوڵەت لە ئەجێندای ئێمەدا نیە، ئێ خۆ دەبێت خوێندنەوەی تەندرووست بۆ ئەجێندای درووستکردنی ئەم هێزانە بکەین؟!

 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک