٩\٦\٢٠١١
له
رژانی مه‌ستی پێکێکی قاتوقڕدا...

شوان عوسمان
به‌داخه‌وه ،
لە قات وقڕی شه‌وی سپیماندا ،
له به‌دبه‌ختی من وتۆدا ،
زوو پێکه‌که رژا ،
ببووره که نه‌متوانی ،
رێ له رژانی ئاوی چاوێکت بگرم...
بەمە تاریکی بە ئاسمانی بەر تریفەی ئێمەدا ،
ژەهری پێدا پژا..
ویستم له پێکی چاوی ئەو خەیاڵەدا ،
خوناوی سه‌ر پهلکهگێلاسی رۆحت ،
به شنه رازێکی وەنەوشهیی بۆنخۆش ،
باوه‌شێن که‌م...
حه‌زی سه‌رشێتی لاسکه رێواسێکی ته‌ڕ ،
لە لێواری خەڕەندی هەلدێری رابردووماندا ،
به ختووکه‌ی ئاوێکی ته‌زیوی تێنوو ،
له چاوی ئاوتێزاوی تۆ هه‌ڵده‌م....
به قومە شه‌رابێکی کەونەکوپەی ،
بن تانۆک وناو پرچکەکانی ناودیانەکانی ،
(بێترمە)*وە ،
ئاوەزێی ئه‌وینت سه‌رمه‌ست که‌م ،
تا رژان نه‌وه‌ستم و
کاسهکهت هەر لۆ پڕ که‌م...
کۆچی ئه‌و پێکه دوایی بە تۆ هێنا ،
هەرەسی بەفراوی بە ملی منەوە نا ،
جێژوانی هه‌ناسه گۆڕینەوەمان ،
باهۆزێک هات وهەواری لێ خاڵی کردین...
به‌ڵام خۆ ماڵی عیشق ئەگەر لە جامیش بێت ،
پەنجەرەکەی بە بەردێک تێک‌وپێک ناشکێت...
تیشکێکی هاروهاجی خۆرێک ،
هەر دێت و سەر دەردێنێ...
ئارام بگره، خۆ من له بن که‌پری لاولاوو پەلکەمێوی ،
ئارامی تۆ نه‌بێت ،
قەت بە سێبەری دارگیزێ ئۆقره ناگرم....
له بڕی رژانی ئه‌و پێکه منۆخ وبهلهسه ،
جامێکی خه‌ستت له قهڕابهی باده‌ی رۆحم ،
لۆت هه‌ڵئه‌کێشم ،
تا شه‌و به بەژنی تاریکی خۆی ،
سه‌رخۆش نه‌بێت و
منیش تا له‌گه‌ل شه‌ودا ،
له په‌ل وپۆی بەژنی خۆم نه‌که‌وم ،
بە باڵای شەنگەبیت وەکو نەمامێکی شەنگ وشین ،
باڵام بەدەورت لول نابێتەوەو
خۆم راست نەکەمەوە...
ئه‌و پێکه‌ت لۆ تێناکه‌م و
گه‌رووی وشکت لۆ ته‌ڕ ناکه‌م....
تا تاوێک بە خۆم سه‌رخۆش نه‌بیت و ،
تاوێکیش بە خۆتم سه‌رخۆش نه‌که‌یت...
ئەو تاوە بارانەی هه‌ستە سەرشێتە ،
هەڵناکات ...
کە لەکڕێوەی نه‌ستی یه‌کترو
خرۆشەی بەیەکەوەلکاندا ،
تاوتاو ته‌ڕی بەر ترپەی مهستیەک و
شێت بوونێک ئەبینهوه...
تێر تاوان وگوناهی یەکتر ،
بە فرمێسک وئاوی یەکترەوە ،
ئەشۆینەوە...
هەروا ئێقهت به‌رناده‌م و
وا زوو ده‌ستت لی به‌رناده‌م....
ئاخر ئه‌من لەگەلە ئەتوو به‌بێ باده‌وه ،
له بن رێژنەبزەی پڕ شەرمت ،
بە ئارەق شەڵال وبە ئارەقی قاچاخیش ،
به‌ربادم...
هه‌ر به بۆنی ئاره‌قه‌ی لامل و
عه‌تری که‌زی ورێحانەرەشەی سەر سنگت ،
ماڵم وێرانە له هۆش خۆم ئه‌چم و
سه‌رخۆش ئه‌بم ،
پەپوولە ئاسا بە دەوری باڵات ،
لە خولانەوەو حەیرانم....
که جاروبار له سه‌ر خوانی جه‌سته‌دا ،
مێوانی رۆحی یه‌کدی ئه‌بین ،
هیچ شه‌رابێک نیه مه‌ستم کات و
لە کەللەم بدات..
ئاخر ئه‌من له کۆڕی ساقی وباڕو بوتلدا ،
حزورێکی هەروام ناوێت ،
کرنوش لۆ ساقی بێت یان لۆ بوتل ،
بە بێ حزوری تۆ من رکات ودووگردم* بزرە ،
نوێژم بەتاڵە...
هه‌موو بزەو نهشئهیهکیش غایبه‌و
لە غیابی تۆ کافرێکی رووتەو
فەڕمەسۆنێکی مودمینم..
هیچ خەیاڵێکیش نیە با‌نگم بکات و ،
خۆی لە قەرەی مەستیم بدات....
هەر دووریمە لە مەستی عەرشی چاوەکانت ،
هانام بۆ پاکانەی حەزرەتی پێکێک ئەبات...
چ تنۆکێکی تفت وتاڵ هه‌یه له گه‌روومدا ،
بچۆڕێته‌وه...
جێگەی ئەو چۆڕە شیلەی لە خونچەی لێوت دەرئەچێت ،
بگرێتەوە....
ئاوێک به‌و ئاگردانه‌ی ناوه‌وه‌م داکات و
ئاگری دڵم خامۆش کات ،
تاوێک له بهرکزهبای هه‌ناسه‌ی رۆحت ،
رۆحم بێباده سه‌رخۆش کات...
من له خوماری چاوه پڕ سیحر‌و بێکلەکانی تۆوه ،
ئه‌و قومه تیر‌و ته‌ڕه ،
ههلئههێنجێنم...
که له کانی (ئاوی حه‌یات) بیللا ده‌ستم ناکه‌وێت..
من له په‌پووله‌ی مه‌زه‌داری لێوه‌کانت ،
ناسکترین مه‌زه‌و بۆن وچهقهنهو چهریۆ ،
له بن ساباتی دارمێوت ههڵئهپروکێنم...
ئه‌ی شهرابهژن...
له ترێی بەیاری خۆته‌وه تێکه ئه‌و پێکه ،
شه‌رابه لۆ من.....
که تا بانگی ئه‌وه‌ل سه‌حه‌ره ،
بە سیحری عیشوەو نازی نیگات ،
سەرمەستم...
له زیکرو واوەیلای خۆم و خۆت نه‌بێت زیاتر ،
هیچ عیبادەت ودوعایەکم ناوێت ،
با له هه‌موو شتێک بێبەری بم و
بێخهبهر بم...
ئه‌مشه‌و له بڕی ئه‌و پێکه رژاوە ،
که سه‌رخۆش و
سەرمەستی نه‌کردین ،
به لێوی پێکه شیعرێکی ته‌ر ،
ناسکترین ماچ له لێوه‌کانت ئەلێسمەوە...
دهبالە خەمی ئەو هەموو پێکانەی هەناسەیان سارد بوو ،
تەزوویان بە گوڕ نەبوو..
ناوقەدی ئه‌و هه‌موو پێکانه راگوشین ،
یه‌کتر تێرکەین و
یەکتر تێر بگوشین و
بە لیکی شیلەی ئه‌و پێکه بێمراده ،
به چاوو برۆمان تام وبۆنی لەزەت و
پێکەوەژیان بخۆینه‌وه.....
ئه‌وجا کاتی ئەوە دێت ،
گوێ له زرمه‌ی پیاله‌ی دڵی یه‌کدی ،
بگرین ،
به ناو یه‌کتردا راچین و
تک تک وه‌کو تنۆکه ئاوێکی به‌فراوی تێنوو ،
به‌سه‌ر یه‌کتردا بێین وبچین ،
تا بەو مەستیەی تێنووێتیمان چیلەبەردی دڵرەقی ،
ئەشکێت..
له قرچه‌ی شکانی دڵی تۆ‌و ،
تۆڵه‌ی شکانی ئه‌و پیاڵه رژاوه ،
به مرچەی ماچێکی تەڕ ،
گێی عاشقە ترسنۆکەکان کەڕ ئەکەین ،
شەوەرەشێک بەرپاکەین ،
کەس کەس نەناسێتەوە...
نە شه‌و وەکو خۆی بمێنێ و
نە رۆژی رووناک ،
ماڵ وسهرجاده هیچ ناوێکیان نەبێ و
شەرم وترس عەبای رەشی بدڕێت...
خهلوهتهگەی ئەوین و
پەرستگەی عیبادەت لە یەکتر مارەکەین...
رێگه له دوا تنۆکی توانهوەی رۆحمان بگرین ،
لێرەوە بەهەشتێک دابەستین و
چاوەڕێی قیامەت نەکەین ،
تا حۆریەکی سۆزانیمان بەر ئەکەوێت و
ترپێکی تەڕیان لێ تام ناکرێت...
به‌یه‌ک چۆڕانه‌وه چیرۆکی من وتۆ ،
ته‌واو نابێت...
هه‌موو سوتانێکی دووری ،
سەرابێکەو
له بلێسه‌ی مۆمی توانه‌وه‌ی سهرسەرینێک ،
ئافاتەکانی ئه‌کوژێته‌وه...
دۆزه‌خه دووری ،
به دۆزه‌خیش کۆتایی وقیامه‌تی ئێمه نایه‌ت ،
من هه‌میشه له دووریته له توانه‌وه‌م و
له سوتانی رۆحم ئه‌توێمه‌وه....
رۆژی حه‌شرم له دووریت ده‌ست پێئه‌کات ،
سیراتی موستەقیمم لە مووێک باریکتر ئەبێت ،
هه‌موو چرکه‌یه‌کی خۆشیم له‌گه‌ل به‌ش ئه‌کات و
کۆچم به‌ره‌و حه‌شری مه‌رگێکی بێواده ،
به‌ش به‌ش ئه‌بێ و
دیسان سەرلەنوێ پێک ئەڕژێت و
دەستم لە ملی کچەحۆری خۆم ،
بەر ئەبێت و
کۆچی ناوەختم وەکو عاشقێکی مولحید ،
ده‌ست پێ ئهکاتەوە...
________________________
*
بێترمە:
گەڕەکە دیانەنیشتەجێکانی شەقڵاوەیە.
*
دووگرد:
بەرماڵ.
20\5\2011
- دێلفت - هۆله‌نده
ماڵپه‌ڕی
شوان عوسمان
|