په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٤\٢٠٢٤

لێڕوانینێک بە مێژووی نەورۆزدا.

ئەرسەلان حەسەن      


نەورۆز جەژنێکی مێژووییە و میللەتان بە جیاوازی ئایین، نەتەوە یادی دەکەنەوە. کوردیش وەک هەر نەتەوەیەکی دیکە یادی ئەم جەژنە دەکاتەوە و زیاتر بە جەژنی خۆی دەزانێت تا میللەتانی دیکە، کە گەنگەشەیەکە و تاوەکو ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوە یان دەتوانین بڵێین بە تەواوی ساغ نەکراوەتەوە، بەڵام هەموو ساڵێک بە کۆتایی هاتنی زستان و تووانەوەی شەختە و سەهۆڵ، نەمانی سەرماوسۆڵە، هاتنی بەهار و سەری ساڵی کوردی یادی دەکەنەوە. چوارشەممە سوورە لە پێشوازیدایە و سێزدەبەدەر بەڕێی دەکات.


یونسکۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان و نەورۆز.


ڕەنگاڵەیی و فرەکەلتوور و هاوڕێیەتی مرۆڤەکان لە نەورۆزدا وای لە یونسکۆ کردووە بە تایبەت (کنوانسیۆنی ٢٠٠٣ بۆ پاراستنی میراتی کەلتووری ناڕۆحی و دەستپێشخەری ئەڤغانستان، ئازەربایجان، ئێران، عێراق، کازاخستان، قەرقیزیا، پاکستان، تاجیکستان، تورکیا، تورکمانستان و ئۆزبەکستان لە ساڵی ٢٠٠٩، نەورۆز وەک ڕەگەزێک تۆمار بکات و لە ساڵی ٢٠١٦ بیخاتە لیستی نوێنەرایەتی میراتی کەلتووری ناڕۆحی مرۆڤایەتییەوە. لە ساڵی ٢٠١٠، کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان "ڕۆژی جیهانی نەورۆز"ی ڕاگەیاند. ئەم بڕیارنامەیە پێشوازی لە وڵاتانی ئەندام دەکات بۆ ئاهەنگ گێڕان لە نەورۆز، پاراستن، پەرەپێدانی کەلتوور، نەریتەکانی و هاندانیان بۆ زیادکردنی زانیاری نەورۆز و ڕێکخستنی ڕووداوەکانی ساڵانە بە بۆنەی ئەم جەژنەوە).


مێژوو و چۆنێتی پەیدابوونی نەورۆز.


مێژووی نەورۆز بۆ سەردەمێکی زۆر کۆنی پێش هاتنی ئیسلام دەگەڕێتەوە و تووێژەرەوان لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی جیاواز بەو ئەنجامە گەیشتوون سۆمەرییەکان زادەی جەژنی نەورۆز و میهرەگانن لە نێوان دوو ڕووباردا. دەگێڕنەوە جەمشید پاشایەکی بەهێز بووە و کۆشکەکەی کەوتووەتە نزیک دەریاچەی ورمێ. دوای زستانێکی سەخت و هاتنەدەرەوەی لە کۆشکەکەی، خۆر لێیداوە. وا سەرسام بووە بە تیشکی خۆر، لەو ڕۆژەوە نەورۆزی ڕاگەیاندووە و بڕیاریداوە ساڵانە یادی ئەم ڕۆژە بکرێتەوە. بە پێی مێژوو، لە ڕۆژی شەشی مانگی نیسان یان مانگی حوزەیران کە چووەتەسەر تەختی پاشایی هاوڵاتییەکانی فێری ئەو نەریتە کردووە و داوای لێکردوون دوای خۆی یادی ئەم جەژنە بکەنەوە.

 
شانامە.


لە شانامەدا هاتووە "جەمشید بە تێپەڕبوونی بە ئازەربایجاندا، بڕیاریداوە لەم شارەدا تەختێکی بۆ دروستبکەن. پاشان بە تاجی پاشایییەوە چووەسەر تەخت. خۆر بە ڕوویدا درەوشاوەتەوە و درەوشانەوەی چاوەکانی پڕ کردووە".


نەورۆز پێش ئیسلام.


کۆرۆشی گەورە لە مێژووی نەورۆزدا، یەکەم پاشا بووە لە ساڵی ٥٣٨ی پێش مەسیح نەورۆزی بە ڕەسمی ناسیوە و ئەو ڕۆژەی کردووە بە جەژن. هەندێک مێژوونووس لەو باوەڕەدان کۆرۆش لە شاری بابل بۆنەی جەژنی نەورۆزی دیتوە و نەک بە درێژایی دەوڵەتی هەخامەنشینی، بەڵکو لە سەردەمی ساسانی و ئەشکانییەکانیش بە شکۆ یادی کراوەتەوە. لەو کاتەدا جەژنی نەورۆزیان بۆ نەورۆزی بچوک و گەورە دابەشکردووە. نەورۆزی بچوک یان نەورۆزی گشتی، لە ١ی نیسانەوە تا ٥ی مانگی نیسانە. لەم ٥ ڕۆژەدا، هاوڵاتییان سەردانی پاشایان کردووە. پاشان ڕۆژی شەشەم، تەنانەت سەرەتای نەورۆزی گەورە یان تایبەتی تا سەردەمی ساسانییەکان بەردەوام بووە و ٢٥ ڕۆژ پێش هاتنی بەهار، ڕێوڕەسمی تایبەتی ساز کراوە. لەو ڕێوڕەسمەدا، مرۆڤەکان دانەوێڵەکانیان چاندووە و تا ١٦ی مانگی نیسان، چاوەڕوانی هاتنەبەرهەمیان بوون. باوەڕیان وا بوو دانەوێڵەیەک باشتر گەشە بکات، ساڵی داهاتوو بەرهەمی زیاتر دەبێت و دایانچاندووە. هەر لەو ساڵەدا زۆربەی بەشە جیاوازەکانی دابونەریتی نەورۆز پێکهات و هەموو ساڵێک لە ڕۆژی نەورۆزدا نوێژی بەیانی کراوە و پاشان ماڵەوماڵ گەڕاوون بۆ جەژنە پیرۆزەکردن.


نەورۆز دوای ئیسلام.


نەورۆز جەژنێکی نیشتمانییە و زۆربەی کەسایەتییە دیارەکانی ئیسلام پێوقەدەم بەخێریان زانیوە و بۆئایینیان گێڕاوەتەوە. نموونەیان هێناوەتەوە جەژنی نەورۆز ئەو ڕۆژەیە نوح کەشتییەکەی بە ئاودا دا، حەزرەتی ئیبراهیم کوڕەکەی خۆی سەرنەبڕی و...هتد.


مێژووی جەژنی نەورۆز لە ئایینی زەردەشتدا.


لە کاتێکدا زۆربەی نەتەوەکانی دنیا بتپەرستبوون، زەردەشتییەکان یەک خوایان پەرستووە. جەژنی نەورۆز و ئایینی زەردەشت پەیوەندی نزیک لە نێوانیاندا هەبووە. "فروهەر" گرینگترین بیروباوەڕی ئایینی زەردەشتە. فروهەر هێزی ئەودیو سروشتەو لە بوونی بوونەوەرەکاندا هەیە. فروهەر خودی واقیعی هەر بوونەوەرێکی زیندووە و پاڵپشتییەتی. فروهەر یارمەتی بوونەوەری زیندوو و مرۆڤ دەدات دوای مردن، بۆ خودی واقیعی خۆیان بگەڕێنەوە. هەندێک فروهەر لەدەستدەدەن، هەندێک بە چاکەکردن بەدەستی دێنن. فروهەر لە زمانی ئاڤێستا، ناوی "فەروەشییە". بۆیە هەندێک زمانناس، باوەڕیانوایە پەیوەندی لە نێوان "فروهەر" و "فروردین"دا هەیە. بە پێی گێڕانەوەی ئایینی زەردەشت، خاوەن فروهەرەکان دەتوانن ساڵی جارێک دوای مردن سەر لە ئازیزەکانیان بدەنەوە. بێگومان دەکرێت وایدابنێی ئەو ڕۆژەش شەوی جەژن یان سەری ساڵە.


پەیوەندی چیرۆکی حەزرەتی سلێمان و نەورۆز.


لە چیرۆکی حەزرەتی سلێماندا، ئەهریمەن ئەنگوستیلەکەی حەزرەتی سلێمانی دزیوە. حەزرەتی سلێمان بۆ ماوەیەک لە شار دەرکراو لە گوندێکدا ژیا و نائومێد بوو، لە نکاو بە هەڵدڕینی سکی ماسییەک ئەنگوستیلەکەی دۆزییەوە، بەڵام ناگەڕێتەوە لای خەڵک. پاشان خەڵکەکە هاتنەلای و سلێمانیان بردەوەسەر تەختی پاشایی. ئەوکاتە بە پێی ئەفسانە، دەیانگوت "نەورۆز هات" و سلێمان گەڕایەوە. ئەو ڕۆژە نەورۆز بووە و بەم بۆنەوەیە هەموو ساڵێک ئاهەنگییان گێڕاوە.


داب و نەریتەکانی نەورۆز.


ماڵ پاککردنەوە.
لە کوردەواریش کاتێک خۆر بەدەرەوە بووبێت، هەمووماڵێک ساڵانە چەند جارێک ناوماڵەکانیان هێناوەتەدەرەوە و بەسەر سوانەی خانوەکانیاندا هەڵیانخستوون بۆئەوەی خۆرییان بە ربکەوێت و بە دارێک تەکاندوویانن تا پاکببنەوە. (ماڵ پاککردنەوە گرینگترین بەشی جەژنی نەورۆز بووە و هۆیەکەشییان بە ڕەچاوکردنی تەندرووستی زانیوە. نەریتی ماڵ پاککردنەوە بۆ ئایینی زەردەشت دەگەڕێتەوە و گەر ماڵێک لە نەورۆزدا پاک نەکرێتەوە، بەرەکەتی بەسەردا نابارێت).
سەردانیکردن.
سەردانیکردن یان جەژنی یەکتر بینین، یەکێکە لە گرینگترین بەشەکانی جەژنی نەورۆز. ئەندامانی خێزان پێکەوە کۆبوونەوە. ڕۆژی یەکەمی جەژن تایبەتە بە سەردانیکردنی گەورەی خێزان. زۆربەی منداڵەکان لە ماڵی باوکییان کۆدەبنەوە. فەلسەفەی ئەم بابەتەش دروستکردنی پەیوەندی خێزانییە.
خوانچەی حەوت سین.
گێڕانەوەکانی خوانچەی حەوت سین جیاوازەو پێیانوایە هێماکانی حەوت سین زۆر فەلسەفین و ئەو خوانچە هەموو وزە باشەکان دەهێنێتە ماڵەوە. خوانچەی حەوت سین یەکێکە لە گرینگترین بەشەکانی نەورۆز. تەنانەت هەندێک کەس بژاردەکانی خوانچەی حەوت سین دەدەنەپاڵ جەمشید.
سێزدەبەدەر.
سێزدەبەدەر دواڕۆژی جەژنی نەورۆزە. لەم ڕۆژەدا هاوڵاتییان دەچنە ناو سروشتەوە و چێژ لە جوانییەکانی وەردەگرن. هۆیەکانی بوونی سێزدەبەر جیاوازن، بەڵام دەتوانین بڵێین گرینگترینیان، دۆستایەتیکردنی سروشتە.
ئاگرکردنەوە.
نەریتی ئاگرکردنەوە لە کۆمەڵی کوردەواری تاکە نەریتە وەک خۆی ماوەتەوە و هەمووساڵێک لە ئێوارەی ٢٠ی ئادار، واتە ڕۆژێک بەر لە هاتنی جەژنی نەورۆز یان سەری ساڵ ئاگری نەورۆز دەکەنەوە و ئاهەنگ دەگێڕن. دەبێت بزانین پێشتر و لە نەورۆزدا (خۆیان لە ئاو هەڵدەکێشا، کە ڕێز نواندن بووە بۆ ئەناهید یان خوا).


نەورۆز لە وڵاتانی جیهان.


ئەمڕۆ لە زۆربەی وڵاتانی دەریای ناوەڕاست، قەفقاز، ئاسیای ناوەندی، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و... هتد، یادی نەورۆز دەکەنەوە. هەڵبەتە دابونەریتی جەژنی نەورۆزی هەندێک وڵات لێکجیاوازە و هەر وڵاتە بە گوێرەی نەریتی خۆی یادی نەورۆز دەکاتەوە.

____________________________________________
بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لە کۆمەڵێک سەرچاوەی گوگڵ وەرگرتووە.
 

 

hasan_arsalan@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک