په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٤\٢٠١٣

    لە رۆحی تۆدا گوڵێکی شپرزە دەبینم.

کەژاڵ ئیبراهیم خدر

١
بە بیرت دێ لە قەراغی شەقامێکدا
بە خۆت و گوڵێکی شپرزەوە
دەھات و دەچوویت
چاوێکت لەسەر کاتژمێرەکەی دەستت و
ئەویتریان لەسەر کۆڵانەکەی ماڵی ئێمە
نە کاتژمێر دەھات و دەرۆیشت
نە تۆش لە تەماشام بێزار دەبوویت.


٢

کە من ھێشتا لەبەردەمتا
ببم بە ئاو
تۆش بۆمن ببە بە ھەتاو
بمکە بەھەڵم
با ھەردووکمان لەھەورێکدا
کۆبینەوە
لە یەکتر جیا نەبینەوە.


٣

لە شەوێکی پاییزدا دێم بۆلات
تاریکی شەو بێ سنوورە
پشکۆی چاوم تاسەی گڕی ھەناسەم
چاوەڕوانی نمەی بارانێکی
پڕ لە وەنەوشەی زەرد و سورە.


٤

وا نیوەشەو لەسەر سنگی
ماڵی خامۆش و بێدەنگی
چۆکی دادا
کەچی ھێشتا نەشنەی شەماڵ دێت و
نە خۆری بەیانی ھەواڵێکی تۆیان ھێنا.


٥

دڵم زستانێکی ساردە و
وەک پێخەمی سەر جێگاکەم
تەنیا و پەستە
ئاگری ساردی رابردووت
لەگەڵ دووکەڵی جگەرەم
تەمەنم دەکا بەسووتوو
سەردەمێکە وێڵم بەدوای
پەپوولەیەکی وون بوو.


٦

دوێنێ لە سەفەری پاییز گەڕایتەوە و
سەفەری بێ ئاکامی عشقی
ساڵانەی خۆت بۆھێنام
بەر لەوەی بگەیتە لای من
لە ژێر ساباتەکەی دەشتی کۆستت
لات دایە لای کارمامزێکی بێ وەژن.

 
٧

وەک کیژێکی لادێ نشین
کاتێ دەچی بۆسەرکانی
ھەمیشە رێگەم دەگۆرم
بە بەردەرگای ماڵەکەتان دێم و دەچم
دڵێم خوایە بەڵکو لە پەنا دیوارێکدا
بتبینم ماچێکت کەم.


٨

ماڵی دڵت شەونمێکە
چەند ساڵێکە لێی ماومەوە
دەست بۆ ھەر شوێنێکت دەبەم
ھەڵدەوەرێ
تەنھا ماچەکانت نەبێ.

 
٩

لە دەروازەی دڵمدا
گوڵێکت لەغەریبی پەرچەمی بەھار
چرایەک لە زەردەپەڕی چاوەڕوانی
لە قەردێلەی باخچەی وەرینی ورشەی گەڵا
بە گوڵ چێنراوەکانی رۆژگار
لە مەملەکەتی باخی رۆحما بۆدادەگیرسێنم
ناسکتر بێت لە ماڵەکەی چرۆی تەمەنت
بێدەنگتر بێت لەئەستێرەی شەونمی سەر رووت.


١٠

رۆژ نییە تریفەیەک لە روانینی مانگ
ئاسمانێک لە شەرابی تاریکم نەداتێ
رۆژ نییە ھەتاوی نەغمەیەکی تەنیایی
نەمباتەوە بەیانیەکی پر لە بێھودەیی و
پرسەی پێڵووی چاوەکانم دانەپۆشێ.

 
١١

ئەوەی باران لە خۆرنشیندا
سەمای سپێدەکانی خۆی دەنووسێتەوە
دەریا بەشەپۆلەکانی رەنگی دەکات
ئەوەی لێوەکانی نەسیمی شەپۆلەکانی نەدیبێ
پەنجەرەی تاریکی و بێدەنگی
وەک ئاوازێکی غەمگین یاری پێدەکات.

 
١٢

ئەوە منم ھەڵاڵەی لێوەکانم بوونەتە
ئاڵتونێکی پڕ لەبروسکە
تۆ دەستەکانت کردۆتە روبار
تاکو ئاوێنەماچی بکات
تۆ سیمات کردۆتە ئاواز
تاکو پیشکۆی دڵم
سەمای ئێوارانی تێدا بکات.


١٣

تۆ وەرە دەستەکانت بخەرە سە رشانم
بزانە مەرگی ھەڵوەرینی گوڵە گەنمەکانی بینیووە
تۆ وەرە ئاسمان بەخشە بەمن
بزانە چ ھێشووە ترێیەک
درەختی خەمەکانمی دایبۆشیووە.

 
١٤

من سەراسیمەی بێدەنگی گۆرستانێکم
کۆتری ئاشتی نمەی بارانی پێ دەبەخشێت
تۆوەرە دەریا بکە بە شەپۆلێکی جوان
ورشەی گەڵا بکەرەوە بەری درەخت
تریفەی مانگ بکەوە بەری شەونم
باخچە بسپێَرە بە باخەوان
ھەنگ باشیلەی سنەوبەرەکان بمژێت
بەھار بکە بە ھێلانە و
گوڵاڵەش بە چوار وەرزی ساڵ
دڵی عاشق بکە بەدارێک
لە سۆز و داد پەروەری
کەنارێک دروست کە
لە توولە رێی خۆشەویستی
تا نیشتمان کەلاوەکانی بێتە مانگەشەو و
پایزیش بۆ ئاوێزانی میھرەبانی.


ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک