په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٥\٢٠١١

لە رۆژی جیهانی ئازادیی رۆژنامەگەرییدا،

رۆژنامەگەریی کوردستان لە مەترسیدایە.



سلێمانی، 3ی ئایار، 2011: سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان لە رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەریدا داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکات لە برى ئاراستەکردنی تۆمەت دژ بە رۆژنامەنووسان پێشێلکارانی مافەکانی رۆژنامەنووسان رووبەڕووی دادگا بکەنەوە.

رۆژنامەنووسانی هەرێمەکەمان ئەم یادە لە کاتێکدا دەکەنەوە، کە بارودۆخی رۆژنامەگەری لە کوردستان بە قۆناغێکی مەترسیداردا تێپەڕدەبێت. لە رۆژی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی کوردستان لە 17ی شوبات، سەنتەری میترۆ زیاتر لە 200 حاڵەتی پێشێلکاری دژ بە رۆژنامەنووسان تۆمارکردووە لەوانە: بریندارکردن، سووتاندن و تاڵانکردنى نووسینگەی میدیاکان، دەستگیرکردن، لێدان، رێگریکردن، شکاندنی کامێرا و دەسبەسەرداگرتنی کەلوپەلی رۆژنامەوانی.

رۆژنامەنووسان هەرگیز مەرگی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان لەبیرناکەن، کە لە رۆژى 4ی ئایار لە بەردەم کۆلیژى ئەدەبیاتى زانکۆى سەڵاحەددین رفێندرا و دواتر تەرمەکەى لە شارى موسڵ دۆزرایەوە. بەداخەوە پاش زیاتر لە چەند مانگێک بەسەر پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانە، سەرباری ئاشکرانەکردنی ناسنامەی ئەندامانی لیژنەکە، لە مانگی ئەیلولدا بەیانێکی 430 وشەیی لەسەر ئەنجامە سەرەتاییەکانی ئەو تاوانە بڵاوکرایەوە و سەردەشتی جوانەمەرگ وەک "تیرۆریست" ناسێنرا. ئەو کاتە و ئێستاش سەنتەری میترۆ داوا دەکات، لیژنەیەکی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لەمەرگی رۆژنامەنووس پێکبهێنرێت. ئەوەی جێگەی سەرنجە لە پاش تێپەڕبوونی نزیکەی حەوت مانگ، تائێستا ئەو لیژنەیە هیچ زانیارى و ئەنجامێکی دیکەى بڵاونەکردوەتەوە و ئەو تۆمەتبارەش کە گوایە بەشداربووە لە تاوانەکەدا دادگایەکی ئاشکرا نەکراوەو نازانرێت تۆمەتباری دیکە دەستگیرکراون یان نا.

لە ساڵی 2011دا رۆژنامەنووسان زیاتر لە هەموو کاتێک رووبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە. شەوی 20ی شوبات، نزیکەی 50 چەکدار هەڵیانکوتایە سەر کەناڵی ئاسمانی نالیا و تەقەیان لە ئامێرەکانی پەخش کرد و پاشان ئاگریان لە تەواوی بینا سێ قاتییەکە بەردا. لەو هێرشەدا یەکێک لە پاسەوانەکانی تەلەفزیۆنەکە برینداربوو. ئەمە جگەلەوەی رۆژی 17ی شوبات لە شاری هەولێر، هێزێک پەلاماری پەخشی KNN و رادیۆی گۆڕانى داو پەخشی ئەو دوو کەناڵەیان راگرت. هەروەها کارمەندان وتیان، ئەو هێزانە نەیانیشهێشتوە پەیامنێری KNN وێنەی بارەگا سوتاوەکەیان بگرن. کە کاتژمێر دووی بەرەبەیانی 6ی ئازار کۆمەڵێک چەکدار هەڵیانکوتاوەتەسەر رادیۆی دەنگ لە کەلار و زۆربەی کەلوپەلەکانیان تێکشکاندوەو بەشێکی تریشان لەگەڵ خۆیان بردووە. لە 15ی ئازاریش هێزە ئەمنێکتنی سەید سادق هێرشیانکردە سەر رۆژنامەنوس زانا عەلیء پەراسویەکیان شکاندوە. لە 25ی ئازار لە شاری رانیە تەقە لە رۆژنامەنوس هەڵگورد احمەد کراو بریندار بوو. لە 1ی نیسان ئالان جلال پەیامنێری کوردسات لە شەقامی کانیسکان بریندار بوو.

رۆژی 17ی شوبات لەکاتی خۆپیشاندانەکەی بەردەم لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان، هێمن عەبدولەتیف پەیامنێری ماڵپەری هەواڵی دەستور و ئاری محەمەد نوری پەیامنێری ئاژانسی وێنەی میترۆگرافی برینداربوون لەو کاتەى پاسەوانانی بارەگاکە تەقەیان لە خۆپشاندەرانکرد. دانا بەکر، بەرپرسی بەشی کامێرای کەناڵی نالیا، رۆژی 1ی نیسان، لە کاتی رووماڵکردنی خۆپیشاندانەکانی سلێمانی دەستگیکرا و پاش رۆژێک ئازادکرا. هەروەها لە 18ی نیسان لەکاتی روماڵکردنی هێرشی هێزە ئەمنێکان بۆ سەر خۆپیشاندەران، چنور محەمەد ئەمین فۆتۆگرافەری رۆژنامەی هاوڵاتی لە شەقامی پیرەمێرد بەفیشەک بریندار بوو.

لە پاش کۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانەکەی سەرای سلێمانی لە 19ی نیسان ، هێزێکی ئەمنی لەدەوروبەری کەناڵی پەیام دەبینران بەرپرسانی ئەو کەناڵە ئەم پرۆسەیان بە گەمارۆدان وەسفکردء پاشان تەقە بەسەر کەناڵەکراوە، هەوەها بۆ چەند رۆژێک تەشویش خرایە سەر کەناڵی KNN، تەقەش لە رادیۆی یەکگرتوو کرا.

سەنتەری میترۆ دەیان پێشێلکاری هێزە ئەمنێکانی تۆمارکردووە، کەپاش ئەوەی هێزەکانیان لەناو شاری سلێمانیء هەولێر بڵاوبوونەوە وێنەگرتنیان قەدەغە دەکرد. لەناو سەنتەری شاری سلێمانی بۆ ماوەی چەند رۆژێک کاری رۆژنامەنوسی قەدەغەکراو وەک دوژمن تەماشای رۆژنامەنووسانیان دەکرد. لەگەڵ ئەوەش دەیان رۆژنامەنووس لە شارى هەولێر جگە لە رێگریکردن دووچارى هەڕەشە و ئەشکەنجە و گرتن بوون.

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان نیگەرانە لەوەی کە زۆربەی پێشێلکارییەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان بە پۆشاکى فەرمى و مەدەنییەوە ئەنجامدراون، بەڵام تا ئێستا تاکە کەسێک لێپێچینەوەی لەگەڵ نەکراوە لەسەر ئەنجامدانی پێشێلکاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان.

لە رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەریدا، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان رایدەگەینێت: "بەداخەوە بەرپرسان لەجیاتی سەرکۆنەکردن و دۆزینەوەو دادگاییکردنی ئەوانەی پێشێلکاری دەرهەق بە رۆژنامەنووسان دەکەن، زۆربەری کات تۆمەت و گلەیی و سکاڵا ئاراستەی رۆژنامەنووسان دەکەن بەوەی گوایە پیشەیی نین لە کارەکانیاندا. ئێمە پێمانوایە "ناپیشەییبوون" ی رۆژنامەنووسان، حزبی و ئەهلی، بەهیچ شێوەیەک بیانونین بۆ ئەنجامدان یان خود چاوپۆشیکردن لە پێشێلکاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان. ئێمە لە سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان رایدەگەیەنین، پێویستە بەرپرسان لە برى ئاراستەکردنی تۆمەت و گلەیی بە رووی رۆژنامەنووسان ناسنامەی ئەوانە دیاریبکەن کە پێشێلکاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان دەکەن و پاشانیش رووبەڕووی دادگایان بکەنەوە. ئەوکاتە کەشێک فەراهەم دەبێت، کە تێیدا رۆژنامەنووسان بتوانن پیشەییانە ئەرکەکانی سەرشانیان جێبەجێبکەن."
_____________________________________________
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنوسان، رێکخراوێکی سەربەخۆیە بۆ بەرگری لە رۆژنامەنوسان و مافەکانیان. ئەم رێکخراوە، لە هەرێمی کوردستان، نوێنەرایەتی روانگەی ئازادییە رۆژنامەنووسییەکان (JFO) دەکات کە نوسینگەی سەرەکی لە بەغدایە.
بۆ زانیاری زیاتر، پەیوەندی بکەن بە:
رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ: 07701523300
مەریوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەر: 0015307988378
ئیمەیڵ:
rahmangarib@yahoo.com

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک