په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\١٢\٢٠١٤

لە رۆژی جیهانی مافی مرۆڤدا داوای دامەزراندنی سیستەمێک دەکەین کە

ئازادیی و یەکسانیی لە فراوانترین ئاستدا بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکا!

 


دەقی گەڵاڵەنامەیەک کە لە رۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پیشکەش بە پەرلەمانی کوردستان کرا.


رۆژی ١٠\١٢، رۆژی جیهانیی مافەکانی مرۆڤە، بەم بۆنەیەوە لە بەشیکی زۆری ولاتانی جیهان چالاکیی جۆراجۆر بەرێوەدەبردرێ و ئەم رۆژە بەرز رادەگرێ.


هاولاتییانی کوردستان کە بە درێژایی ٢٣ ساڵە لە ژێر سایەی دەسەڵاتی کارگێڕیی کوردی ''خۆمالیی''دا ژیان دەگوزەرێنن، نەک هەر لە سیستەم و کۆمەڵگایەکی ئارام و بێ دەردەسەر بەهرەمەند نەبوونە، بەڵکو هەمیشە مافەکانی مرۆڤی بە خراپترین شیوە تێیدا پێشیل کراوە، توندوتیژیی و جەنگ، سەرکوت و سنووردارکردنەوەی ئازادییە سیاسیی و کەسییەکان، هەلاواردن و جیاکاریی رەگەزیی، بێکاریی و هەژاریی، نەبوونی خزمەتگوزاریی و بیمەی کۆمەڵایەتی و چەندین دیاردەی تری دژ بە ژیان و ماف و ئازادییەکانی هاوڵاتیان. ئەمە لە کاتێک دایە کە خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە لە تەواوی ژیانێکی ئازاد و ئارام و باشبژێویی بەهرەمەند بن، بە تایبەتی کە مافی ژیانی شایستە و هاوچەرخ مافی هەر مرۆڤێکە لە جیهانی ئەمڕۆدا، بۆیە ئێمە لە ساڵانەی رۆژی جیهانیی مافی مرۆڤدا گەڵاڵەنامەی لانی کەمی ئەم مافانەی خوارەوە وەک مافی سەرەتایی و رەوای خەڵکی کوردستان دەخەینەڕوو تا بکرێتە بناغەی یاسا و سیاسەتەکانی کۆمەڵگا. هاوکات داوا دەکەین کە نابێ هیچ هاولاتییەکی کوردستان لەم مافانە بێ بەش بکرێ و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان پێویستە ئەو مافانە بۆ کۆمەڵگای کوردستان دەستەبەر و مسۆگەر بکەن.


١- ژیان سەرەتایترین مافی مرۆڤە. دەبێ لەش و گیانی مرۆڤەکان لە هەر جۆرە دەستدریژییەک پاریزراو بێ.


٢- هەموو هاولاتییەک لە کوردستاندا بە بێ لەبەرچاوگرتنی رۆڵی لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا، بێکار بێ یان کاری هەبێ دەبێ لەو سامان و بەرهەم و دەستکەوتانەی لە کوردستاندا هەن بە یەکسانیی بەهرەمەند بێ.


٣- هەموو بێکارێک پیویستە لە بیمەی بیکاریی بەهرەمەند بێ، مووچەکانیان لەسەر بنەمای ژیانیکی خۆشگوزەران دیاری بکرێ و بە پێی گرانیی بازاڕ بچێتە سەرەوە.


٤- هەموو مرڤەکان مافیان هەیە لە ئاسایش و ئارامیی، خانە و لانەی شیاو و بەخۆرایی، لە پێویستیەکانی ژیانێکی ئاسایی ئەم سەردەمە بەهرەمەن بن. خزمه‌تگوزارییه‌کانی وه‌ک خانووبه‌ره‌، ئاو و کاره‌با، سوته‌مه‌نی، ته‌ندروستیی و خویندن، هۆیه‌کانی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن.. به‌خۆرایی بێ و دابینکردنی له‌سه‌ر بودجه‌ی حکومه‌ت.


٥- ئازادیی هزریی و بیرورا دەربڕین و نارەزایەتی دەربڕین و خۆپیشاندان مافی رەوای هەر تاکێکە لە کوردستاندا بە شێوەی تاک یان کۆمەڵ و دەبێ بی بەند و مەرج بێ. هەموو تاکیک ئازادە هەر حیزب و رێکخراوێک پێک بهێنێ.


٦- بیمەی کۆمەلایەتی بۆ کەمئەندامان و بەسالاچووان و نەخۆشان، مافی سەرەتایی و بێ ئەملا و ئەولای هاولاتییانە. پێداویستیی پزیشک و دەرمان و پیداویستیی تەندروستی دەبێ بە خۆرایی بێ.


٧- خۆێندن پەروەردە و دەستڕاگەیشتن بە داهێنانەکان بۆ بردنەسەرەوەی ئاستی زانست و شارەزایی و دەستکەوتە هزریی و کردەییەکانی مرۆڤایەتی سەردەم، مافی هەر تاکێکی کۆمەڵگایە.


٨- یەکسانیی ژنان و پیاوان لە هەموو بواریکی کۆمەلایەتی سیاسیی ئابووریی و یاسایی. هەر جۆرە گوشار و توندوتیژییەک بەرامبەر بە ژنان تاوانە و دەبێ ئەنجامدەرانی بەسزا بگەیەندرێ و هه‌ڵوه‌شاندنەوه‌ی هه‌موو ئه‌و بڕیار و یاسایانه‌ی که‌ ئه‌و ماف‌ و ئازادییه‌ کەسیی و کۆمەڵایەتییانەی ژنان پێشێل ده‌کەن.


٩- هەموو تاکێک مافی خۆیەتی شکۆ و کەسایەتیی پارێزراو بێ. هەر جۆرە تومەتبارکردن و بێ رێزییەک بە مرۆڤ قەدەغەیە.


١٠- هەموو منداڵێک لە ژیانێکی ئاسوودە و بەختەوەر و سەردەمییانە بەهرەمەن بێ. ئەرکێکە لە ئەستۆی کۆمەلگایە، پیویستە حکومەت و پەرلەمان سەرجەم مافەکانی منالان بۆ خۆشگوزەرانیی و بەختەوەریی مسۆگەر بکا.


١١- ئازادیی هەڵبژاردنی شۆێنی ژیان و نیشتەجێبوون مافی هەر تاکێکە. مافی هەر هاولاتیکە گەشت بۆ کوێ دەکا یان لە کوێ نیشتەجێ بێ و داوای نیشتەجێبوون بکا لە هەر شۆێنێک بیەوێ.


١٢- دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ پەنابەران و ئاوارەکان لە کوردستان، بە داننان بە ئەرک و مافە دەستوورییەکان هاولاتیان ئازادن ببنە هاولاتیی کۆمەلگا و خاوەن مافی یەکسان.


١٣- دادگا پێویستە سەربەخۆ بێ. هەر دادگایەکی تایبەت قەدەغەیە، دادگا دەبێت بە شیوەیەکی ئاشکرا بەریوە بچێ و هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا پیویستە لە بەرامبەر یاسادا یەکسانن بن. هەموو کەسێک ئازاد بێ داوا لە دژی هەر بەرپرسێکی حکومیی و حزبیی تۆمار بکا.


١٤- هەڵوەشانەوەی سزای لە سیدارەدان.


١٥- دینداریی یان بێ دینیی مافی هەر تاکێکی کۆمەڵگایە.


١٦-کۆتاییهینان بە گەندەڵیی و دادگاییکردنی گەندەڵکاران لە دادگایەکی ئاشکرادا.


بۆیە لە رۆژی جیهانیی مافی مرۆڤدا ئێمە ئەم داواکارییانە دەخەینە روو کە مافی سەرەتایی خەڵکی کوردستانە و دەبێ هەموو یاسا و بریار و پرۆژە بریاریکی پەرلەمان کە پێچەوانەی ئەم مافانەیە پێویستە هەڵبوەشێتەوە و ئەرکی حکومەتە لە چاودیریی و مسۆگەرکردنی ئەم مافانە بۆ خەڵکی کوردستان.

 


١ فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی - لقی کوردستان
٢ سەنتەری بەرگریی لە مافەکانی منداڵانی کوردستان
٣ رێکخراوی پەنابەرانی ئێرانی لە عێراق
٤ کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان
٥ رێکخراوی ئۆتیزم
٦ دەستەی داون سندروم
٧ یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان
٨ رێکخراوی csi
٩ رێکخراوی کرێکارانی بیناسازیی کوردستان
١٠ رێکخراوی فیوچەر
١١ رێکخراوی هاوار
١٢ رێکخراوی مرۆڤ دۆست
١٣ رێکخراوی داکۆکیی لە ماف و دادپەروەریی
١٤ رێکخراوی vop
١٥ گرووپی هانا
١٦ فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
١٧ گرووپی ژیان
١٨ لقی سلیمانی رێکخراوی ئۆتیزم
١٩ رێکخراوی کرێکارانی کۆچبەر

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک