لەساڵڕۆژی
لەدایکبوونیدا ، رێبەر ئاپۆ لەنێوان دوێنێ و
ئەمڕۆدا.

عەبدوڵڵا ئەحمەد گەرمکی
چواری
نیسان ئەو رۆژەیە کە رێبەری گەلی کورد بەڕێز (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) تێیدا
لەدایک بووە، چواری نیسان لەدایکبوونی رۆژێکی نوێیە، رۆژی لەدایکبوونی
فریادڕەسێکی کوردە، بۆیە گەلی کورد و ئازادیخوازان بە رۆژی لەدایکبوونى
خۆیان دەبینن و لەو چوار چێوەیەشدا ئەو رۆژە بەناشتنی نەمام و
ئاهەنگێڕان پیرۆز دەکەن، چونکە رێبەر ئاپۆ بەفکر و رامانەکانی توانی
لەناو ئەو گێژاوانەی کە تێکەوتبوون دەریان بهێنێت و رێگایەکى راستیان
پێنیشان بدات و راستییەکانیان بۆ روونبکاتەوە و مێژووى شاراوەیان لا
ئاشکرا بکات.
بێگومان ژیانی رێبەر ئاپۆ بەچەند قۆناخی گرنگدا تێپەڕ دەبێت، یەکێک
لەقۆناخە سەرەکی و گرنگەکانى سەردەمى منداڵی بوو، چونکە کەسی لێهاتوو
هەر لەتەمەنی منداڵیدا دیاردەبێت کە چ کەسێتییەکى لێ دەردەچێت. بۆیە
هەر لەتەمەنی حەوت ساڵیەوە ئیدی خراپەکاری ناو خێزان رەد دەکاتەوە و
بەو ژیانەى کە هەیە قایل نابێت. ئەمەش دەیخاتە ناو تێڕامانێکەوە کە چۆن
و چ هەنگاوێک بنێت کە سەرکەوتووبێت. لەلایەکەوە ئەو ژیانە هەرزانە
پەسند ناکات و لەلایەکى تریشەوە فشاری ماڵ لەسەری دەبێت و لەناو
ئەوانەشدا دەبێت رێگەیەکى گونجاو بدۆزێتەوە بۆ ئەوەى خۆی بەدەوروبەری
بداتە قایل کردن. جدییەت بەڕێزی والێدەکات کە چ هەنگاوێک بهاوێت تێیدا
سەرکەوتووبێت، سەرەتا بە ئاینی ئیسلام زۆر سەرسام دەبێت و ئەوەش وای
لێدەکات کە بەردەوام نوێژەکانى لەمزگەوتدا بکات و لەتەمەنێکی بچووکدا
پێش نوێژی بکات و بتوانێت ئاینی ئیسلام بە دەوروبەری لەناو
گوندەکەیاندا بۆ هاوڕێکانى شی بکاتەوە، ئەوەندە جددی بووە رۆژێ پێش
نوێژی مزگەوتەکەیان پێی دەڵێ تۆ ئەگەر بەم شێوازە بەردەوام بی ئەوا
کەسایەتى ئاینی گەورەت لێدەردەچێ. واتا دەبییە مامۆستای ئاینی
مزگەوتەکە. هەر لەمنداڵیەوە هەست و دەرک بە ئێش و ئازارەکان دەکات،
بەڵام تۆڵەسێنیش بووە، چونکە وشەى ئۆجەلانیش بۆخۆی بەواتاى (تۆڵەسەندنەوە)
دێت، هەر بۆیە رۆژێکیان منداڵێ بە بەرد لێ دەدات لەکاتى گەڕانەوەیدا بۆ
ماڵ دایکی پێ دەڵێ کێ ئەو بەردەی لێ داوى؟! دەبێ بڕۆی تۆڵەى خۆتی
لێبکەیتەوە، بۆیە ئەویش بەقسەى دایکی دەکات و تۆڵەى خۆی لەو کەسە
دەکاتەوە کە سەری شکاندبوو. ئەمەو لەناو گوندی ئەمارەدا ئەو گوندەى کە
لێی لەدایک بوو و تێیدا ژیاوە کەسێکی دیاردەبێت لەهەموو شتێکدا،
لەخوێندنی سەرەتاییشدا سەرجەم قۆناخەکان بەباشی دەبڕێت و بەردەوام
رێنیشاندەریش بووە بۆ کەسانى دەورووبەری، ئەمە تاوای لێدێت هێدی هێدی
دەردەکەوێت کە ناوبراو چ کەسایەتیەکى لێ دەرچووە، لەکاتێکیشدا جارێ
لەتەمەنی منداڵیدایە. بەڵام ئەو لەبەر ئەوەى شیکردنەوەى بۆ دەوروبەری
دەکرد و دەیتوانی کێشەکان دیاری بکات و هەوڵیشی دەدا کە لەکێشەکان
تێبگات و رێگەی چارەسەریشی بۆ دابنێت، یەکێک لەتایبەتمەندییە هەرە
گرنگەکانى ئەم رێبەرە ئەوەیە کە کێشەکان دەستنیشان دەکات و خاڵی
چارەسەریشی بۆ دەدۆزێتەوە. ئەوەش تا هەنووکە ئەو تایبەتمەندییەى
بەردەوامە. ئەمەش نیشانەیەکە کە رێبەرەکەمان لەرێبەراکانى تر
جودابکاتەوە.
هەر لەو سەردەمەدا لەبەر ئەوەى کەسێکى دیار و تێگەیشتوو بووە ناحەز
هەوڵدەدات لەڕێگەى دایک و باوکییەوە کۆسپی بۆ دابنێن و نەتوانێ وا
بەردەوام بکات، بەڵام بەڕێز عەبدوڵڵا بەبێ گوێدانە ئاستەنگییەکان هەر
بەردەوام بوو لەسەر ئەوەى کە بتوانێ ئەو ژیانە خراپەى کە هەبووە بەرەو
ئاقارێکی باش بەرێت بەبێ کۆڵدان. ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەى کە سەرکەوتوو
و بەئەزموون بێت. دواتر خوێندنی وەکو پێویستیەک بینی هەرچەندە لەو
سەردەمەدا ئەوەندە بایەخ بەخوێندن نەدراوە، بەڵام بەڕێزی بۆ ئەوەى
قۆناخەکانى خوێندن تەواو بکات رۆژانە لەگوندەکەیانەوە بە رێکردنێکی
چەند سەعاتى دەچوو بۆ قۆتابخانەى ناوەندی تاوەکو بتوانێ ناوەندى تەواو
بکات، پێداگری وای لێکرد و توانى قۆناخەکانى ناوەندیش بەسەرکەوتووی
ببڕێ، بەڵام ئەمجارە لەگەڵ گەورەبوونى تەمەنیدا تادەهات لێهاتووى و
ئاستی زانستی و کاریگەری زیاتر دەبوو.
ئیدی وای لێهات ئەمجارە بەفکری مارکس و لینین کاریگەربوو تا وایلێهات
کە باش لەو دوو کەسایەتییەو لەرێبازەکەیان تێبگات و ئەمجارە ئەفسانەى
ئاینەکانى بۆ روونبوەوە و توانى خۆی لەو قەیرانە رزگار بکات و رێگایەکى
تر هەڵبژێرێت و ئەمەش تا گەشتە قۆناخی زانکۆ هەر لەسەر ئەو فکرەیە
بەردەوام بوو. لەگەڵ ئەمانەشدا هەستی بەوە کردبوو کە کوردە و دەبێت
بەپاڵ ئەمەشەوە تێکۆشان بکات لەپێناو کوردایەتى، چونکە ئەوەى بینیبوو
کە کورد زمانى لێ قەدەخە کراوە و کولتوور و داب و نەریتی بەتەواوى
کاڵبووەتەوە و هیچ هەستێکی کوردانە نەمابوو تا گەشتبووە ئەو ئاستەى
کوردبوون بەعەیب دەبینرا، ئەمەش وای لێکرد کە ئیسراربکات لەسەر ئەوەی
خەباتێکی راست بەڕێوەببات بۆ هێنانەوەى ئەو هەستە کوردییەى کە دووژمنان
فەوتاندبوویان، بۆیە ئەمجارە لەقۆناخی زانکۆدا رێبەر ئۆجەلان
قەڵمبازێکی گرنگى هاوێشت و بەدەرککردن بەوەى کوردستان داگیرکراوە دەستی
بەتێکۆشان کرد، بە پاڵ خوێندنی زانکۆوە تا توانی سەرەتا فکرەى خۆی بۆ
چەند کەسێک تەرح بکات و تواتر ئەو چەند کەسە لەوانە شەهیدان (کەمال پیر
و حەقی قەرار) بوون کە دوو هاوڕی بەرەچەڵەک تورکبوون بە بیرۆکەکەیان
باش بینی. بۆیە وردە وردە هەوڵیاندا تابتوانن هاوڕێی زیاتر پەیدابکەن و
تاتوانیان گروپێک پێکبهێنن و سەرکێشەکەیان رێبەر ئۆجەلان بێت و لەسەر
ناوى کۆمەڵێک خوێندکاری کورد و تورکەوە خەبات بەڕێوە ببەن.
لەو سەردەمەدا شۆڕشی ساڵی (1968)ی فەرەنسا کە بە رابەرایەتى لاوان
ئەنجامدرا بوو کاریگەری ئەو شۆڕشە لەسەر رێبەر ئاپۆ هەبوو، بۆیە رێبەر
ئاپۆ ویستی رێگەیەکى وەها بگرێتەبەر کە چیتر لەو ژیانە هەرزانە گەلێک
رزگار بکات. هەردەچوو ئەو گروپە خوێندکارە خەباتیان لەپەرەسەندندا
دەبوو، تا وای لێهات هەرایەک لەتورکیادا بنێنەوە و بەمەش دەوڵەت هاربوو.
تاوایلێهات زانیاری لەسەر گروپی ئاپۆچی کە لەو سەردەمەدا وەها بەناو
دەکران کۆبکەنەوە بۆ ئەوەى تەسفیەیان بکەن، بەم شێوازە بۆ ماوەی چەند
ساڵک خەبات کردن ئینجا بەپێویست بینرا کە بێنە کوردستان، چونکە
خەریکبوو و ئاشکراش دەبوون، جێگەى مەبەستیش زیاتر کوردستانە، بۆیە
هاتنە کوردستان و لەگوندی (فیس) لە (1978) بەگروپێکی (25) کەسی توانیان
(پارتی کرێکارانی کوردستان) لەو سەردەمەدا دابمەزرێنن، ئەمجارەش لەگەڵ
دامەزراندنى پارتدا ئەرک گرانتربوو و خەباتێکی زیاتری دەویست، چونکە
ئیدی سەردەمى گروپ بەسەرچوو ئێستا پارتین. بۆیە توانیان لەو سەردەمەدا
رۆڵی باش بگێڕن و تا دەهات ژمارەشیان زیاد دەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا فشاری
دەوڵەت و کۆمەڵگا لەسەریان زیاتر دەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەى بەجددی و
بەبێ ماددە کاریان دەکرد ئەوەبووە خاڵی سەرکەوتنى ئەو گروپە. لەبەر
ئەوەى ئەو گروپەش زۆربەیان کوڕی لادێی بوون و کەم درامەت بوون، بۆیە
هەم دەبوو هەوڵبدەن تا لەرووى ئیمکانیشەوە ئیمکانی ماددەی بەدەست بخەن
بۆ ئەوەى تێکۆشان بەردەوام بکەن، بۆیە زۆرجار حەماڵیان دەکرد بۆ ئەوەى
بۆ خەبات لەشارێکەوە بچن بۆ شارێک و تا ئەو گروپە وایلێهات هەر چەند
کەسێک و دەچوونە ناوچەیەک بۆ ئەوەى ئەو پەیامەى کە پێیانە بەخەڵکی
رابگەیەنن. لەو سەردەمەشدا کوردبوون عەیب بوو ئەوەشی کە کورد بوایە
نکوڵی لێی دەکرد، هەربۆیە زۆر هەوڵ خەبات کرا کە خەڵکانێک بە ئاگابێن و
هەست بەبوونى خۆیان بکەن کە کوردن و دەبێ تێکۆشان بکەن لەپێناو ئەوەى
ئیتر ئەم نکۆڵیکردنە پەسند نەکەن و جیاواز لەمانەش خەڵکى دەرەبەگ و
ئاغا زۆر دژایەتى دەکردن، بۆیە یەکەم فیشەک لەو سەردەمەدا کە تەقاندیان
لەدژی دەرەبەگەکانى ئەو سەردەمەبوو کە باوەڕیان بەهیچ نەماوە و ژیانێکی
بێ واتا دەکەن. هەر ئەم هەنگاوانەش وای کرد کە لەلایەن دەوڵەتەوە
چەندین کادری ئەو سەردەمە بگرن و لەناو زیندانەکانی تورکیادا فەلاقەیان
بکەن و لەژێر ئەشکەنجەدا بەسەدان لاوى کوردیان شەهید کرد و لەزیندانە
بەناوبانگەکەى ئامەدا سەردەمانێک بوو بەردەوام فول بوو لەلاوى کورد و
ئەو وێنەش لە کەسایەتى مەزڵوم دۆغاندا کە خۆی کردە ئاگری نەورۆز و
خەڵکی خەوتووى بەخەبەر هێنا. بەڵێ؛ بەمشێوازەبوو کە گەلێکی خەواڵوو
لەخەو هەڵساو هەندێ هەست بەخۆیان بکەن کە دەبێ رابنە سەر پێ ئەگینا
مێژوو نەعلەشۆیان دەکات.
بەمەش نەوەستان وەکو پێویستیەک بینرا کە ئەم بیرۆکەیە بەپارچەکانى
تریشدا بڵاوببێتەوە، بۆیە توانرا سەرەتا زیاتر لەباشووری رۆژئاواى
کوردستان رێبەر ئاپۆ لەو بەشەى کوردستان بۆ ماوەى بیست ساڵ مایەوە و
گەلەکەمانى لەو بەشەى کوردستان پەروەردە دەکرد، بەزەحمەتى توانرا لەو
بەشە جێ و شوێنی خۆیان بکەنەوە بۆ ئەوەوى بتوانن ئەو گۆڕەپانە بکەنە
جێگەیەک بۆ وەبەرهەمهێنانى کادری برۆفشیناڵ، هەربۆیە رێبەر ئاپۆ توانى
گەلەکەمان لەوێ پەروەردە بکات، چونکە لەو سەردەمەدا لەوێش هەستی کورد
نەمابوو حزبی بەعس ئیدی سیاسەتێکی توانەوە (ئاسیملاسیۆنى) دژ
بەگەلەکەمانى پەیڕەو دەکرد، بۆیە گەر تەقینەوەیەکى وا و شۆڕشێکی وەکو
شۆڕشی ئازادیخوازی گەلى کورد نەبوایە هەرگیز لەو سیاسەتە بۆگەنەى بەعس
رزگاریان نەدەبوو، بۆیە بەپاڵ ئەو تێکۆشانەى کە رێبەر ئاپۆ لەو
سەردەمەدا بەڕێوەی دەبرد توانی کە کادر ئەولەیەوە ئامادەبکات و رەوانەى
شاخیان بکات، بەڵام خاڵێکی گرنگ کە پێویستە ئاماژەى پێ بکرێت و لەو
خاڵەدا رێبەر ئاپۆ جیاوازە لەزانا و رێبەرەکانى تر ئەویش ئەوەیە توانی
هەموو وتنێک بکات بەپراکتیک، بۆنمونە توانی ئەو ژنەى کە لەماڵەوە
لەلایەن پیاوە کۆیلەکرابوو دەربهێنێتە دەرەوە و پەروەردەی سیاسی و
ئایدیۆلۆژی و عەسکەری بدات و بینێرێتە شاخ و رووبەرووى دوژمنى بکاتەوە.
لەگەڵ ئەوەى کوردستان دابەش کراوەتە سەر چوارپارچە تێکۆشانی سەرەکى لەو
سەردەماندا بۆ ئاواکردنى دەوڵەتێکی گەورەى کوردی بوو، چونکە دەبینرا کە
لایەنە کوردییەکانى تر یەکێک دەیگوت تێدەکۆشین بۆ ئۆتۆنۆمی و ئەوی تر
دەیگوت تێدەکۆشین بۆ مافی چارەی خۆ نووسین، تاقە بزاڤ بزاڤى پەکەکە بوو
کە بانگەشەى بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کورد دەکرد. مەسەلەى نەتەوەیش بەو
واتایەى کە بەکردەوە سەلمێنرا کە دەبێ کوردان یەکگرتووبن. واتا کوردى
هەرچوارپارچە بێنە لاییەک و پێکەوە دەبنە هێز و خەباتبکەن، کە ئەمەش
لەناو پەکەکەدا تارۆژی ئەمڕۆ خاڵێکى گرنگە کە دەبینی کوردى هەر
چوارپارچەى کوردستانی تێدایە، بەدەر لەحزبەکانى دیکە کە تاوەکو ئێستا
خەڵکی پارچەکانى تر وەرناگرن.
دوابەدواى ئەمانەش توانرا ئەو بیرۆکەیە هەر لەسەرەتای ساڵانی
نەوەدەکانەوە بێتە باشووری کوردستانەوە و خەڵک لەباشووردا بتوانن بەو
فکرەیە خۆیان رێکبخەن، چونکە دەبینرا کە بۆشایەکى سیاسی کۆمەڵایەتى
لەباشووردا هەیەو پارتەکانى دیکە وەڵامى ئەو قۆناخە نەنادەنەوە،
ئێستاشی لەگەڵدا بێت بیرۆکەى بورژوا و دەرەبەگایەتی لەم بەشەی کوردستان
حاکمە، بێگومان بەم دوو لایەنەش چارەسەری کێشەی کوردیان نەکردووە و
ناشیکەن. بۆیە کەسانێکی زۆر لەباشووردا بەفکری رێبەر ئاپۆ کاریگەری
دەبن و بەشداری رێکخستنەکانی پەکەکەش بوون لەگەڵ ئەوەى دوو حزبی
دەسەڵاتدار زۆر پڕوپاگەندەى بۆ دەکردن و بەردەوام لەهەوڵی ناو زڕاندنى
پەکەکەدا بوون، بەڵام خەڵک راستییەکانى بۆ روونبووەوە کە درۆیە و راستی
پەکەکە تارادەیەک تێگەیشتن کە بەبێ هیچ بەرامبەرێک تێکۆشان دەکەن بۆ
وڵات و نیشتمانەکەى خۆیان، بۆیە لەساڵانى نەوەدەکان گەنجێکی زۆر چ کچ چ
کوڕ لەباشوورەوە دەچوونە شاخ و پەروەردەی ئایدیۆلۆژی و عەسکەریان
دەبینی و ئامانج یەک ئامانجێکە پێکەوە بەبێ جیاوازى تۆ کوردی کام
پارچەى خەباتیان دەکرد و هاوسەنگەر بوون، یەکێک لەمیراسی پەکەکە لە گشت
کوردستاندا و بەتایبەت لەباشوور ئەوەیە تاوەکو ئێستا ئەوەیش فێربوونى
بڵێیت باشوور و باکوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا، چونکە دوژمن گەلەکەمانى
وا فێرکردبوو کە خۆمان بە ئێراقی یان تورکی یان ئێرانی یان سووری
ببینین، ئەمەش بێگومان نکۆڵیکردنە لەخود، بۆیە هەر لەسەردەمى نەوەدەکان
تەنها خەڵکی باشووری کوردستان لەناو پەکەکەدا بەسەدان شەهیدیدا، بەمەش
دەبێ پەکەکە وەکو بزووتنەوەى خۆمان سەیربکەین و ئەو چەمکە مەحکوم بکەین
کە دەڵێت پەکەکە بزووتنەوەیەکە تایبەت بەباکووری کوردستان، ئەوە هەڵەیە،
بەڵکو پەکەکە تەڤگەرێکە بۆ تەواوى کوردستان ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت
لەکوردستان بەگشتی هێزێکی بەکاریگەرە.
ئەمەو لەرۆژهەڵاتى کوردستانیش ئیدی لەبەر ئەوەى کۆمەڵە و دیموکرات ئەو
رۆڵەیان نەما، ئیدی دەورى پەکەکە هاتەپێشەوە و لەو پارچەیەى کوردستان
بزووتنەوەى پەکەکە بڵاوبووەوە سەرەڕای ئەوەى هێزە کوردییەکان لەدژی
پەکەکە کەوتبووەنە نێو هەوڵدانەوە، بەڵام پەکەکە گوڕی بەتێکۆشاندا و
گەلەکەمان لەو پارچەیەى کوردستان گرێدانیان بەرێبەرەکەیانەوە دروست بوو.
ئەمە لەلایەک، لەلایەکى ترەوە نەک تەنها لەپارچەکانى کوردستان، بەڵکو
خەڵکى غەیرە کوردیش کاریگەربوون بەو بیرۆکەیەی کە رێبەر ئاپۆ سەرکێشی
دەکات، ئەوەتا هەتا ئێستاش نەتەوەیی جیاواز لەناو پەکەکەدا هەیە چ (تورک،
عەرەب، ئەڵمان، رووس، فارس)...هتد. و چەندین شەهیدیشیانداوە، چونکە
دەرکیان بەوە کردووە کە پەکەکە تەنها حەرەکەتێکی کوردی نییە، بەڵکو
حەرەکەتێکە دەرکەوتووە بۆ تەواوى مرۆڤایەتى ئەوەى ئازادیخوازبێت
دەتوانێ جێی خۆی ناو ئەو حەرەکەتەدا بگرێ، بەو چەمکەى کە مرۆڤایەتى
پێویستی بەبیرۆکەیەکەى نوێیەو پێویستە فریادڕەس ئاسا رزگاریان بکات
لەگێژاوەکان، هەر ئەم خاڵەیە کە دونیا دژی پەکەکە راوەستان، بەتایبەت
وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، چونکە دەیبینی پەکەکە لەهەموو شوێنێک
هەیە و نەتەوەکانی تریش لەناو پەکەکەدا هەن، لەوە دەترسا کە شۆڕشێکی
نێونەتەوەى رابێ، ئەمەش لەبەرژەوەندی ئەواندا نییە، بۆیە کەوتنە
دژایەتى کردنی پەکەکە و هاوکات لەگەڵ ئەمانەشدا هێزە کوردییە
پاشڤەڕۆکان کەوتنە دژایەتى پەکەکە، چونکە دەیانزانی پەکەکە بەدیلی
ئەوانە و ئەوان هیچ شتێکیان پێنەماوە و تەنها خەڵک کۆیلە دەکەن، بەڵام
پەکەکە بەفکرێکى نوێوە هاتۆتە گۆڕەپانەکە، بۆیە پەکەکەیان بەمەرگى
خۆیان دەبینی، ئێران لەلایەکەوە دژایەتى دەکرد و ئیسرائیل لەلایەکەوە
ئێراق لەلایەکى ترەوە، هەموو دونیا دژی ئەم حەرەکەتەبوون، تەنها لەبەر
ئەوەی پەیامێکی نوێ پێیە، ئەمەش لاوانەیە شتێکی ئاسایی بێت، چونکە هەر
تەڤگەرێک لەسەرەتای سەرهەڵدانیدا رووبەڕووى فشارێکى زۆر دەبێتەوە، هەر
بۆ نمونەى شۆڕشی ئیسلام بەرابەرایەتى (حەزرەتى محەمەد) کەسە نزیکەکانى
خۆی کە هەر لەقەومى قورەیش بوون دژایەتیان دەکرد و بەشاعیر و منداڵ و
هیچ وەسف دەکرد. حەزرەتى عیساش تا بیرۆکەکەى بڵاوبووە هەمان زەحمەتی
بینی، ئەم بزاڤەش وەهایە لەبەر ئەوەى بیرۆکەیەکى نوێیە تەقەبولی ناکەن،
بەڵام لەئەنجامدا هەر سەرکەوتن بۆ پەکەکەیە.
بۆیە لەئەنجامدا دوژمنان هەوڵیاندا رێبەر ئاپۆ دەسگیربکەن، چونکە وایان
دەزانى بەگرتنی رێبەر کۆتایی بەبزووتنەوەکە دێت، بۆیە پیلانگێڕیەکى
نێودەوڵەتیان پێشخست کە دەستی چەندین دەوڵەتى تێدا بوو، دواجار ئەوەبوو
رێبەریان لەکینیا دەسگیرکرد و رووى رەشی ئەو دەوڵەتانەى کە دەستیان لەو
پیلانگێڕیەدا هابوو ئاشکرا بوو، ئەمەش تاوایلێهات کاردانەوەکان زۆر
زیادبوون و کوردان لەهەموو دونیا دەستیان کرد بەخۆپیشاندان و
لەئەنجامدا و لەماوەى سێ مانگدا (63) کەس خۆیان بۆ رێبەر ئاپۆ سووتاند،
ئەمەش دوژمن و دونیای قاڵ کرد، چونکە تائێستا رووی نەدابوو لەتاریخی
میللەتدا کێ و بۆ کام پێغەمەر و فەیلەسوف و کەسێک ئامادەبێ خۆی بۆی
بسوتێنێ، بۆیە لەساڵی (1999)ەوە قۆناخێکی دیکە لەژیانی سەرۆک ئاپۆ
دەستپێدەکات ئەو قۆناخەش سیستەمى ئیمرالیەو هەلومەرجى نالەباری زیندان،
بێگومان زەحمەتە، بەڵام تاقە شتێک کە لەرێبەردا هەبێت ئیرادەو
بەرخۆدانە لەسیستەمى ئیمرالی بەملاوە ئیدی سەرۆک لەئەنجامی
قوڵبوونەوەکانیدا توانی قەڵەمبازێکی نوێ بهاوێت، بۆیە لەبیرۆکەى
سۆسیالیزمى بونیادنراو رزگاریکردین، بەدەرککردن بەوەى لەسۆسیالیزمى
بونیادنراودا دەسەڵاتداری هەیەو لەدونیاشدا و لەرابردوودا یەکێتی سۆڤێت
سەرکێشی ئەو سیستەمەى دەکرد، بەڵام دواجار ئەوەبوو لەساڵی (1989)
رووخاو کۆتایی پێهات، بۆیە ئەو شێوە نزیکبوونەوە رایکاڵیەى رێبەر بۆ
سۆسیالیزم زۆر گرنگ و لەجێی خۆیدابوو و لەئەنجامدا توانی سۆسیالیزمى
زانستی پێشبخات و بیکاتە ژیان، هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا پەرتووکێکی نووسی
کە لە دووبەش پێکهاتبوو و پێشکەشی دادگای مافی مرۆڤى ئەوروپای کردبوو
بەناونیشانی (لەدەوڵەتى راهیبی سۆمەرەوە بەرەو شارستانی دیموکراتی) ئەو
پەرتووکە زۆر گرنگە، چونکە بێگومان ئەگەر مێژووى سۆمەرییەکان نەزانین
ئەوا مێژووى خۆشمان نازانین، چونکە لەو سەردەمانەدا نووسین دۆزراوەتەوە
و نووسراوە، بۆیە پێویستە ئەو مێژووە بزانین، سەرەڕای ئەوەى
دەسەڵاتداران ئەو مێژووە شاراوەیان ئاشکرا نەکردبوو، بەڵام رێبەر ئاپۆ
ئاشکرای کرد، ئەمجارەش نەک تەنها کورد، بەڵکو دونیا دەتوانێت سوود لەو
پەرتووکانە وەربگرێت. دواتر شاکارە کتێبێکی نووسی بەناونیشانی (بەرگریکردن
لەگەلێک) بەهەمان شێوە پێشکەشی دادگای مافی مرۆڤى ئەوروپای کرد، رێبەر
ئۆجەلان ئەمجارە لەو پەرتووکەدا باس لەزۆر شت دەکات هەر
لەپەیوەندییەکانى نێوان تاک و سروشت و تاک و کۆمەڵگاو گێژاوى رۆژهەڵاتى
ناوەڕاست و مێژووى کوردستان کە بۆ یەکەمین جارە بەو شێوازە دەنووسرێ تا
دەگاتە سەرلەنوێ ئاواکردنەوەى پەکەکە، مرۆڤ دەتوانێ سوودێکی باش لەو
پەرتووکانە وەربگرێت. هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا لەنەورۆزی (2005) سیستەمێکی
پێشکەشکرد کە ئەویش سیستەمى (کۆنفیدراڵیزمى دیموکراتییە) کە وەکو
ئەلتەرناتیڤى سیستەمى حاڵی حازر دەبینرێ، ئەمجارە رێبەر ئاپۆ دەوڵەتى
بەلاوەنا، چونکە دەرکى بەوە کرد کە دەوڵەت چارەسەری ناهێنێ، بەڵکو
بەرەو کۆیلایەتیمان دەبات، لەبەر ئەوەی لەدەوڵەتدا دەسەڵاتداری هەیە و
دەسەڵاتداریش هەبێت واتا چەوسانەوە هەیە، لەسەر ئەو ئەساسە دەوڵەتى
بەلاوەنا و ئەو سیستەمەى پێشکەش کرد و بەباشترین سیستەمى بینین بۆ
ئەوەى گەلان بتوانن بەئازادانە بژین دەبێت ئەو سیستەمە بۆخۆیان بەئەساس
وەربگرن، چونکە لەو سیستەمەدا دەسەڵاتداری نییە، گەل خۆی خۆی
بەڕێوەدەبات کە ئەمەش واتای دیموکراتی راستەقینەیە، بۆیە ئێستا
لەپارچەکانى تری کوردستان و لەناو بزووتنەوەى پەکەکە خۆیان لەو
چوارچێوەیەدا رێکدەخەن و هەر لەناو دەوڵەتدا و بەبێ دەستێوەردانی
دەوڵەت گەل خۆی خۆی رێکدەخات و دەبێت لەباشووری کوردستانیشدا ئەوە
بکەینە ژیان، چونکە تاقە رێگایەکە کە رزگارمان بکات لەکۆیلایەتى و
دەسەڵاتگەری و نایەکسانی ئەو سیستەمەیە، ئەو سیستەمەش بەپشتبەست
بەکۆمەڵگای سروشتی و دروستبوونى کۆمین و ئاواکردنى ئەنجوومەنى لاوان و
ژنان و ...هتد. دەبەستێ و لەسەریشەوە کۆردیناسیۆن هەبێ، بەمەش خۆیان
دەتوانن کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن، ئەمەش نەک تەنها بۆ کورد، بەڵکو
هەموو گەلێکى ئازادیخواز دەتوانێ لەسەر ئەو سیستەمە بڕوات و ئیدی
سیستەمى سەرمایەداری (کاپیتالیزم) بەلاوە بنرێت کە ئێستا لەدونیادا
حاکمە بەباشووری کوردستانیشەوە کە چ ژیانێکی هەرزانى داوەتەپێش
کۆمەڵگای مرۆڤایەتى و تەنها لەبەر بەرژەوەندى وڵاتە باڵادەستەکان
ئامادەن رۆژانە ژیانی مرۆڤایەتى بەرەو خەتەریببەن، بۆ ئەوەش دەبێ
تێبکۆشین بۆ ئەوەى ئەو سیستەمى کۆنفیدراڵیزمى دیموکراتی بەژیان بکەین،
هەروەها لەگەڵ ئەمانەشدا لەچەند رۆژی رابردوو لەیەکێک لەدیدارەکانى
رێبەر ئۆجەلاندا ئاماژە بۆ ئەوەدا کات کە سەرقاڵی نووسینەوەى کتێبێکی
دیکەیە کە لەداهاتوویەکى نزیدا بڵاودەکرێتەوە، بێگومان ئەو کتێبەشی
دەبێتە رێنیشاندەرێکی باش.
سەرەڕای ئەوەى لەناو زیندانێکی تاکە کەسیدایە، بەردەوام لەژێر کامێرای
چاودیڕیدایە، ئەمجارە ژەهرخواردیش کرا، کە ئەوەبوو لەرێگەى تەحلیل
کردنى چەند تەڵەموویەکى قژی دەرچوو کە ژەهرخوارد کراوە و هەنووکەش رۆژ
بەرۆژ ژیانی لەمەترسیدایە، بۆیە گەلەکەمان لەهەر چوارپارچەى کوردستان
دەستیان بەمانگرتن کرد و خۆپیشاندان لەسەر خۆپیشاندان کرا و ئێستاش
دەست بەهەڵمەتى "ئیتر بەسە!" کراوە و داواش لە (CPT) کرا کە دەبێت
پشکنینەکانى ئاشکرا بکات و بۆ ئەو مەبەستەش بەملیۆنان نامە نێردراون،
بەڵام سەرەڕای ئەمانەش رێبەرەکەمان هەر ئازادە، چونکە سەری بۆ دوژمن
دانەنواد، ئەگینا ئەویش ئێستا وەکو سەرۆکەکانى دیکە لەدەسەڵاتدا بوو،
بەڵام رێبەر نەفرەتى لەو شێوە رەفتارانە کرد و هەر بۆ ئەوەشە ئێستا
لەزینداندایە، چونکە بەڕێزی خیانەت لەخاک و نەتەوەکەی و گەلانی تر
نەکرد. ئێستاش سەرەڕای ئەوەى چەندین ساڵە لەزینداندایە، بەڵام
بەملیۆنان شوێنکەووتوانى هەیە و لەسەر رێباز و بیرۆکەی ئەو دەڕۆن و
هەموو رۆژی چوارشەمانێک چاویان لەدوورگەى ئیمرالیە، ئایا پارێزەرەکانى
چاویان پێی دەکەوێت یان نا؟!
لەکۆتایدا جارێکی تر چواری نیسان لەرێبەری گەلى کورد پیرۆز دەکەم،
هیوادارم کە تەمەن درێژ بێت و دەبێ ساڵیادی لەدایکبوونی بکەینە رۆژی
نەمام ناشتن و ئاهەنگێڕان و بەبیری بهێنینەوە کە لەماوى رابردوودا چۆن
ژیاوە و چۆن هەتا وەکو ئێستا ئەو خەباتە پیرۆزە بەڕێوەدەبات، بۆ ئەوەی
ئێمەش بتوانین لەسەر ئەو بیرۆکانەى کە دایناون پەرە بەتێکۆشان بدەین
لەو چوارچێوەیەدا جارێکى تر هەزاران سڵاو دەنێرم بۆ ئیمراڵی و بەحسرەتى
دیتنى رێبەر ئاپۆوە کۆتایی بەم نووسینە دەهێنم.
germiki@gmail.com
|