په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٤\٢٠١٦

لە سالڤەگەڕی ١١٨ ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردی.
سڵاو لە شەهیدانی قەڵەم، دژ بە تیرۆری هزر و تۆقاندن.


فه‌ره‌یدوون سامان*
   


لە ماوەی ٢٥ ساڵی رابردوو كە بەشێك لەباشووری كوردستان خرایە ژێر چەتری پاراستنی هێزە هاوپەیمانەكان (زۆنی ئارام) بە دامەزراندنی دەسەڵاتێکی لۆکاڵی و پەراوێزێكی ئازادی لەو هەرێمەدا هاتە كایەوە، دەسەڵاتێكی لۆكاڵی دوور لە ماف و چەمکەکانی هاووڵاتی بوون، کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتخوازانی نێو حیزب، خێل، بنەماڵە سەریهەڵدا، رۆڵی میدیای كوردی هەر لەسەرەتاوە وەک ئامرازێک بەدەست حیزبەوە، هەر لەقۆناغی شەڕی ناوەخۆدا تا دەگات بەمڕۆ، رۆڵێكی نەگەتیڤ و نموونەیەكی ناشارستانی و نا نەتەوەپەروەرانە بووە، كە وێڕای تۆقاندن و تیرۆر چەندین پێشێلكاری تر، چ بەنووسین و چ بەرەفتار دەرهەق بە دەزگاكانی راگەیاندن و كادیرانی راگەیاندنی لایەنی شەڕكەر، تەنانەت نووسەرە بێلایەنەکانیش ئەنجام دراون، یەكێك لە خەسڵەتە دزێوەكانی ئەم شەڕە ئیعڵامییەش چەواشەكردنی رای گشتی خەڵكی كوردستان و بوختان و درۆ هەڵبەستن بوو بەرامبەر بە مێژووی كەسایەتییە نیشتمانییەکان كە لەرۆژگاری رابردوو رۆڵێكی دیاریان هەبوو لە بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستاندا.

 

لەو قۆناغەدا تانەوتەشەر و سووكایەتی پێكردن یەكێك بووە لە خەسڵەتە هەرە دیارەكانی رۆژنامەگەری و راگەیاندنی كوردی، دوای هێوربوونەوەی رەوشی شەڕ و بەرقەرار بوونی ئاشتی ،لەو نێوانەدا سەبارەت بە هەبوونی جۆرە پەراوێزێكی ئازادی (دیاركراو) و كەشێكی تارادەیەک نیمچە دیموكراسی چەندین كەنالی میدیایی سێبەر لەڵایەن حیزبەكانی گۆڕەپانی سیاسی كوردستان دروستبوون ، هەڵبەت لەرووی ژمارەوە نەك جۆرەوە ئەگەر چی ئەم كەناڵانە لەڵایەن حیزب و رێكخراوە سیاسییەكانەوە قۆرخ كران. نەیانهێشت دەرفەتێك بۆ میدیای ئازاد و ئەهلی فەراهەم بكەن و رێگا خۆشبكەن تا رۆژنامەو گۆڤار و رادیۆو تەلەفزیۆنی ئەهلی نەك ئەوانەش بەناوی كەناڵی میدیای ئەهلی و ئازاد مۆڵەتیان پێدرا ، بەڵام لەڕاستیدا ژێر بەژێر لەڵایەن حیزب و حكوومەتی دەسەڵاتدارەوە لەرووی دارایی و سیاسییەوە پشتگیریان لێدەكرێ، تا كەناڵە ئەهلییەكان بتوانن لەڕێگای خۆیانەوە گوزارش لەرای گشتی و خواستی كۆمەڵانی خەڵك بكەن و زۆربەی رۆشنبیرانی دەرەوەی حیزبی دەسەڵات بەشداری دیالۆگەكانی لەمەڕ دیموكراسیەت و گرفتە هەنووكەییەكانی خەڵكی كوردستان بكەن (کام دیالۆگ..)، كە ئەمەشیان یەكێكە لە پرەنسیپەكانی پراكتیزەكردنی چەمكەكانی دیموكراسی و راپەڕاندنی ئەركە هەنووكەییەكانی كۆمەڵگای مەدەنی كە ساڵانێكە میدیای حیزب و دەسەڵاتی كوردی لەسەر ئاستی ناوەوەو دەرەوەی كوردستاندا بانگەشەی بۆ دەكات وا لەڕای گشتی رادەگەیەنێ كە كوردستان كۆمەڵگایەكی مەدەنی و سیستەمی حكومڕانییەكەش دیموكراسییەكی بێ وێنەیە لەناوچەكەدا کە لاواری پراکتیکیدا نەک هەر وا نەبوو بەڵکو گاڵتەجارییەکی بێوێنەی لێدەرچوو، ئایا بەراست خەڵك بێ جیاوازی ئینتیمای سیاسی و ئایدیۆلۆژی بۆی هەیە راشكاوانە گوزارش لەڕاوبۆچوونەكانیان بكەن و داكۆكی لە مافەكانی مرۆڤی و ئازادی چاپەمەنی و بڵاوكردنەوەو راگەیاندن بكەن ،بۆیە ئێمە كاتێ كە باسی میدیایەكی ئازاد و سەربەخۆ دەكەین لەكاتێكدا میدیای ئازاد و سەربەخۆ لە كوردستاندا بوونی نییە.

 

هەق وایە كەناڵە حیزبی و حكوومییەكان زێتر دەرفەت بە رۆشنبیرانی ئازاد و سەربەخۆ بدەن ، کەلە راستیدا ناتوانن بیدەن. تا باس لە مەسەلە چارەنووسسازەكان بكەن كە پەیوەستن بەژیانی سەرجەمی خەڵكی كوردستان و چارەنووسی هاوبەشیان لەومیانەدا ئاڵوگۆڕی بەردەوامی جیاوازی ئەو وتووێژە بەرفراوانەی خەڵك و رۆشنبیرانی بیروڕا جیاواز ،پێموایە زێتر خزمەت بەڕەوشی سیاسی و کولتووری كوردستان دەگەیەنێت نەك بەپێچەوانە كە مخابن هەتا ئێستا راگەیاندنی كوردی لەڵایەن چەند کادیرێکی دۆگمای حیزبیەوە قۆرخ كراون و سەكۆیەكانیش دەربڕینیان هەر تەنها بۆ خۆیان قۆرخ كردووە .هەنووكە كاتی ئەوەش هاتووە تەلیەمی ئەم قۆرخكردنە وردوخاش بكرێ و دەروازەیەكی واڵا بخرێتە بەردەم رووناكبیران و رۆژنامەنووسانی دیكەی كوردستان ئەویش بەمەبەستی زێتر خزمەتكردنی پڕۆسەی راگەیاندنێكی دروست و تەواوكردنی پڕۆسەی دیموكراسی.

____________________________

* سەرۆکی رێکخراوی خانی بۆ لێکۆڵینەوەی هزریی.

 

هەولێر - باشوری کوردستان
٢٢\٤\٢٠١٦

ماڵپه‌ڕی فه‌ره‌یدوون سامان

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک