په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٥\٢٠٢٣

لە ساڵیادی تیرۆرکردنی ''سەردەشت عوسمان''دا.*


عامر سابیر       

ئێوارەتان باش.
سەرەتا لە یادی یازدە ساڵەی تیرۆری سەردەشتی ئازیردا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ دایک و باوکی سەردەشت، بۆ خانەوادەکەی، دائەنەوێنم کە ئەوە یازدە ساڵە لە شاری هەولێردا قارەمانانە خۆیان ڕاگرتووە و لە بەرانبەر ئەو هەموو فشارەی پارتی و دەزگا سەرکوتکەرەکانیدا، سەرکەشانە و بێباکانە ڕاوەستاون و لە زاری براکانی سەردەشتەوە هاوڕێیان (ئارام و بەشدار) ەوە بەردەوام ئەوە دووبارەئەکەنەوە کە کەیسی سەردەشت کەیسی هەموو خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانە و ئەم کەیسە و تەواوی کەیسی تیرۆرەکانی تر بەکراوەیی ئەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی ئەنجامدەران و داڕێژەرانی ئەم تیرۆرە دڕندانەیە و هەموو ئەوانی تر لە دادکایەکی جەماوەریدا سزای خۆیان وەرئەگرن.

من عاشقی کچەکەی بارزانیم، ئەو وتارە کورتە بە پێزەی سەردەشت بوو، کە تەنز ئامێزانە تیایدا باسی قڵشتی چینایەتی کۆمەڵگای کوردستان ئەکات. کە چۆن کۆمەڵێک مشەخۆر و گەندەڵ و تاوانبار لە هیچەوە بونەتە سەرمایەداری گەورە و پارێزەری ئەم سیستەمە لە کوردستاندا. لە بەرانبەریشدا کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەژاری و نەبوونیدا ڕاگیراوە و دەسەڵاتی میلیشیای و کۆنەپەرستانەی سەرمایەیان بەزۆر و لە ڕێگەی سەرکوت و تیرۆرەوە بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاندووە.

ئایا ئێمە کۆمۆنیستەکان و بەرەی ئازادیخوازی کوردستان، بۆ تیرۆری سەردەشتمان لا گرنگە و بەردەوام یادی بەرز ڕائەگرین و کۆڕ و مەراسیمی لەم جۆرەی بۆ ئەبەستین.
سەردەشت ئێستا چەندی نووسیوە، ئەگەر سەد هێندە زیاتریشی بنوسسیایە، بەڵام ئەگەر بە مردنی ئاسایی بمردایە، ئەوا نابووە سیمبووڵی ئازادی لە کوردستان. بەڵام کاتێک وتارێک ئەنووسێ بە ناوی "من عاشقی کچەکەی بارزانیم" و لەسەر ئەم وتارە کورتە کە تەنها یەک لاپەڕەیە. پارتی و بارزانی ئەیدزن و وەحشیانە ئەشکەنجەی ئەدەن و بە دڕندانەترین شێوە گوللە ئەنێن بەناو دەمێوە و تیرۆری ئەکەن. وە پاشان بە مردووی یان بە زیندووی بەسەر چەندین بازگەدا ئەیبەن لە موسڵ لاشەکەی فڕێ ئەدەن. ئیتر ئەم دڕندایەتییەی پارتی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵەی بارزانییە، کە سەردەشت ئەکات بە خۆشەویستی هەموو خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و ئەیکات بەو قارەمانەی کە بەردەوام ئاوا ژیان و نووسینەکانی بەرز ڕائەگرین.

پارتی بە تیرۆرکردنی سەردەشت گەرچی ئەوی بە جەستە لەنیوماندا نەهێشت، بەڵام لە واقیعدا ژیانێکی سەروەری و نەمرییەکی گەورەیان بۆ ئەو تۆمارکرد. ئەوان بە تیرۆری سەردەشت، سەردەشتیان کرد بە سیمبوڵی خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوە لە کوردستاندا. سەردەشتیان کرد بە سیمبوڵی ئازادی لە کوردستاندا. لەهەمان کاتدا، ئەوان بەم تیرۆرە، مێژووی ڕەشی خۆیان ڕەشتر کرد و بێزاری و تووڕەیی و نەفرەتی خەڵکی کوردستانیان لە خۆیان ئەستوورتر کرد.

وتارێک کە سەردەشتی لەسەر تیرۆرکرا، وتاری "من عاشقی کچەکەی بارزانیم". بۆیە زۆر پێویستە کە یەکەم بڕگەی هەموو ئەو سمینار و کۆڕ و یادەوەریانەی کە بۆ سەردەشتی ئازیز سازئەکرێت لە ناوخۆی کوردستان و لەدەرەوەی کوردستاندا، پێویستە بەردەوام بە "من عاشقی کچەکەی بارزانیم" دەست پێ بکات. بە داخەوە لە بەڕێوەبردنی ئەم کۆڕەشدا ئەو کارە نەکرا.

قڵشتی نێوان هەردوو چینی کرێکاران و سەرمایەداران لە کوردستاندا هەرگیز هێندەی ئێستا قوڵ و فراوان نەبووە.


ناسیۆنالیزمی داوکەوتووی کورد کە نوێنەرایەتی سەرمایەداران و سیستەمی سەرمایەداری ئەکات. دڕندانەترین سیاسەیەکانی ئەم سیستەمە، کە نیولیبرالیزمە، لە چەند ساڵێکی کەمدا بە تەواوی سەپاندوویانە بەسەر خەڵکی کوردستاندا و هەژارییەکی بێ وێنەیان خوڵقاندووە و نە بوونی خزمەتگوزاریی و بڕین و نەدانی موچە و سەرکوت و پێشێلکردنی ئازادی، بۆتە ڕۆتنی هەر ڕۆژەی خەڵکی کوردستان لە سایەی ئەم دڕندانەی پارێزەری سەرمایەدا.

ئەمانە چی دی ئومێدیان بەوە نەماوە کە بە درۆ و دەلەسەی کوردایەتی خەڵکی کوردستان لە دەوری خۆیان هەڵخرێنن. ئەمانە ئیتر هیوایان بە ئایندەی خۆیان نەماوە. بۆیە تەنها ڕێگایەک کە شکی ئەبەن و پشتی پێ ئەبەسین، تیرۆر و سەرکوت و زیندان و داپڵۆسینە. یان نانەوەی ئاژاوەیە لە ڕێگەی ئەو ئیسلامیانەی خۆیان قەڵەویان کردوون.

حیزبێک ئەگەر بەهێز بێت. دەسەڵاتێک ئەگەر شایستە بێت. لە بچووکترین دەنگی ناڕەزایەتی ژیر دەسەڵاتی خۆی زەندەقی ناچی. دەستگیرکردنی سەدان کەس لە چالاکوانانی بادینان و سەپاندنی شەش ساڵ زیندانی بەسەر ڕۆژنامەنووسان و هەڵسوڕاوانی بادیناندا، لەوانە ئازیزان (شێروان شێروانی و گوهدار زێباری و هاریوان عیسا و ئەیاد کەریم و شڤان سەعید) دەرخەڕی ئەم ڕاستییەیە.

خەڵکی کوردستان ماهییەتی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی کوردیشی لە ڕابردوودا بۆ دەرکەتووت. کە چۆن تووڕەیی خەڵکی کوردستانیان قۆستەوە و بوونە پشتیوانی قاچاخچیانی نەوت و شەریکی دزینی داهاتی کۆمەڵگا و گوشینی زیاتری شیلەی گیانی کرێکاران و قووڵکردنەوەی زیاتری هەژاریی.

خەڵکی کوردستان بە گشتی و ئێمە کرێکاران و زەحمەتکێشان بە تایبەتی، ئەوەمان لە هەر کات زیاتر لەلا ڕۆشنە کە لە ڕێگەی پەرلەمان و گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی پڕ تەزویرەوە ناتواندرێ کۆمەڵگا بگۆڕدرێ و بچووکترین گۆڕانکاریی لە ژیانی خۆماندا ئەنجام بدەین. بۆیە هەر گرووپ و تاقمێکی تری خانەوادەی کوردایەتی بە ناوی جیاوازەوە بیانەوێ جارێکی تر خەڵک ڕاکێشنە بەر سندوقەکانی دەنگدان و خۆشخەیاڵی بڵاوبکەنەوە. ئەم کارەیان مەحکوم بە شکستە و لە دژی خەڵکی کوردستان و لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی ئێستادایە.

خەڵکی کوردستان کێشەی لەگەڵ دەموچاوی دەسەڵاتدارانی کوردستاندا نییە. بەڵکو لەگەڵ ئەو سیستەمە ئابوورییەدایە کە پەیڕەی ئەکەن و پارێزگاری لێ ئەکەن و سەپاندویانە بە سەر کۆمەڵگادا. گۆڕانکاری واقێعی تەنها لە ڕێگەی وەلاخستنی دەسەڵات و سیستەمی ڕەشی ئەم قاچاخچیانەی نەوت و پارێزەرانی سەرمایەدارییەوە بەدی دێت. جێگرەوە تەنها هێنانە مەیدانی خواستی خۆمان و دامەزراندنی دەسەڵاتی خۆمانە لە کوردستاندا.

لەم ڕاستایەدا ڕەووینەوەی خۆشباوەڕیی بە کوردایەتی و بزووتنەوە کۆمۆڵایەتییە کۆنەپەرستەکانی تر هەنگاوی یەکەمە. کە خۆشبەختانە تا ڕادەیەکی زۆر ئەمە هاتۆتە دی. لە ئێستادا بڕوابوون بە توانا و ئیرادەی خۆمان، بەرجەستەکردنەوەی ئەم بڕوابەخۆبوونە لە خۆڕێکخستن و کۆبوونەوەمان لە دەوری یەکتر و دامەزراندنی شوراکان و دەسەڵاتی خەڵک لە شآر و لادێکاندا، لە گەڕەکەکان و ناوەندەکانی کار و ژیاندا، یەکەم هەنگای بنچینەییە لەم ڕاستایەدا. تا هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێش ئەچێت و کۆتایی بە دەسەڵاتی مشەخۆرانی ئیستا ئەهێندرێ.


بژی خواستی لەبننەهاتووی خەڵکی کوردستان بۆ بنیاتنانی ژیانێکی باشتر.
بژی ئازادی.
یادی سەردەشت هەمیشە لە دڵماندا زیندووە.
نەمان بۆ تیرۆ ر و تیرۆریستان.
سوپاستان ئەکەم.

______________________________________

* ئەم وتەیەم لە ٩\٥\٢٠٢١ لە یادی یازدە ساڵەی تیرۆری ''سەردەشت عوسمان''دا لە ''سیدنی، ئوسترالیا'' خوێندەوە.

 

ماڵپه‌ڕی عامر سابیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک