په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٩\٢٠١٥

لە ساڵیادی تۆدا هۆ دایە گیان!


حەسەن باقی    

 

ئەمرۆ ئەو ساتە وەختەیە لە سپێدەدا، زەنگی تەلەفون رای چڵەکاندم، وتیان کۆچی دواییت کرد، نەمتوانی بروا بکەم ، تۆی ئازیز بە یەکجاری بەجێتهێشتین بە بێ ماڵئاوایی دایە گیان. لە تۆوە فێر بووم مرۆڤم خۆش بوێت، سۆزم هەبێت بۆ مرۆڤدۆستان، بۆیە لەمڕۆژدا، دەزانم هەستی دایکان و خوشکانی کۆبانی و شەنگال چۆنە !، دەزانم ئێستا ئەوانیش لەجیاتی فرمێسک خوێنی دڵیان دەرێژن بۆ کۆرپە لەدەستچووەکانیان..تا ئەوکاتەی لەسەر تاتە شۆرەکەشت بویت چاوت کراوە بوو چاوەروانی گەرانەوەی کورە ونبووەکەت بویت، هەروەک هەمیشە کە زەگی ناوەختی دەرگا لێبدرایە وات هەست دەکرد کاکە ( محسین) گەراوەتەوە بۆ ماڵەوە، هەر بەو چاوەروانیەوە سەرت نایەوە دایە گیان. بۆیە منیش لە تۆوە فێر بووم ئەو دایکانەم خۆش بوێت کە لەچاوەروانی کۆرپەکانیاندان وە ئازارەکانیان بکەمە ئازارەکانم.

دایکی زۆر خۆشەویستم، لە ١٧\٩\٢٠١٤ کۆچی دوایی کرد.


دەستەکانم توانای نووسینی نەماوە،بۆیە بە فرمێسکی چاو خوێنی دڵم ئەمەت بۆ دەنووسمەوە، کە وەک قەترەیەک ئاوە لەدەریا، هەمووکات لەگەڵمدایت و چاوەروانتم دایە گیان. هێندە بەرز بوویت بە بەرزایی قەندیل، بەرەو ئاسمان سەرت لە هەورەکانی ئەدا هۆ دویە گیان..تۆ هەمیشە لەگەڵماندایت و سۆزو خۆشەویستیەکەت، بزەی کاتی تورە بوونت کە نەتدەتوانی بیشاریتەوە، هەست ناکام نامەوێت برواش بکەم کە بەیەکجاری کۆچت کردووە.


ئازیزەکەم هۆ دایە گیان، ساڵێکە رۆشتوویت و لە سەفەرەکەت نەگەرایتەوە، بەڵام لای من وەک ئەوساتەیە، لە نێو دەرگای حەوشەدا ڕامایت و وتت من دەرۆم بۆلای خوشکە کەنەفتەکەم، بۆ نا‌هێڵن برۆم، نەمانزانی دڵت پێت دەڵێت دوایین یەکتر بینینەو دابرانی یەکجاری جەستەییتە لەگەڵمان، بەڵام هەمێشە رۆحی پاکت لە گەڵماندایە دایە گیان، وەک مندالێکی ساوا،پەپولە ئاسا رۆشتیت بەتیلە چاویکی کۆتاییەوە سەیرت کردم، وەک ئەوەی پێم بڵێیت، ماڵئاوا کورەکەم ئیتر ناتبینمەوە، کاتی نووسین ئەم چەندێرە دڵم پرەو تنۆک تنۆک خوێنی لێ دەچۆرێت، ئاخ دایە گیان دابران چەندە سەختە، تۆ رۆشتیت و خەمت لە کۆڵنا ئێمەش وەک هەمیشە بە یادگاریەکانتەوە، بە سۆزو خۆشەویستیەکەتەوە ژیان بەڕێ دەکەین، تا ئەوکاتەی بەیەک شاد دەبینەوە هەر چاوەروانین.


رۆحت شاد دایە گیان، ئەی ئەو مرۆڤەی لە هەموو کەس زیاتر خۆشم ویستی لەسەر ئەم زەمینە.تۆ سیمبولی خۆشەویستی و ژیانیت.

 

١٧\٩\٢٠١٥ - ئەڵمانیا

ali_ahma33@yahoo.de

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک