په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٩\٢٠٢٦

لە سەقزەوە بۆ ناو باخچەی فەیلەسووفان. 


برایم فەڕشی       

 
مرۆڤی بیرمەندی کورد ئەگەر ژمارەیان زۆریش بێت، کەمتر لە ناو میللەتەکەیان دەناسرێن! لە ئورووپا و ڕۆژئاوای جیهان ژمارەی ئەم کەسانە کە لە مێدیا، کۆڕ و کۆمەڵ، سمینار و کۆنفرانس نابیندرێن، کەم نین.


ژمارەیەکی بەرچاو، کوردی هەر چوار پارچە، بەتایبەت پاش کۆتایی شەڕی دووهەم، کۆماری کوردستان، کۆماری سوور بۆ کار و خوێندن یان بە هۆی سیاسی، ڕوویان لە ئورووپا، سۆڤیەتی پێشوو و وڵاتی ئاڵمان کرد و لەم وڵاتانە نیشتەجێ بوون و گۆڕی گەلێک لەوانە لە مۆسکۆ، پراگ، پاریس، ئاڵمان، ئیتالیا، بریتانیا، سکاندیناوی ئەوان وەبیر دەهێننەوە.


نووسەری ئەم دێڕانە ئەم دەرفەتەی هەبوو لە گەڵ کۆمەڵێک لەو کەسانە، پسپۆڕی بواری زانست، هونەر، مۆسیقا، ئەدەبیات، فەلسەفە، سیاسەت و بواریتر، ئاشنا ببێ و لە گەڵ هێندێکیان دۆستایەتی قووڵ پەیدا بکات. یەک لەو کەسانە دوکتور عەزیز فەیزنیژاد زانای بواری پزیشکی، فەلسەفە و ئەدەبیات بوو! 


ڕۆژێک لە ڕۆژەکانی دەیەی نەوەدی سەدەی بیست لە شارۆچکەیەکی نزیک کۆڵن، لە کۆنفڕانسی یادی ئەحمەدی خانی لە گەڵی ڕووبەڕوو بووم. دەیان بیرمەندی کوردی هەموو پارچەکانی کوردستان و بە تایبەت یەکیەتی سۆڤیەت، بە یارمەتی و ڕێکخستنی ناوەندی کۆمکار لە دەوری یەک کۆببوونەوە، بۆ ئەوەی ئاوڕێکی قووڵی هەمەلایەن لە ئەحمەدی خانی و بەرهەمەکانی و کەسایەتی ئەو بدەنەوە! 


دوکتور عەزیز فەیزنیژاد، کاکە حەمەی مەلا کەریم، پڕۆفیسۆر عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ، دوکتور فازل عومەر و نووسەری ئەم دێڕانە لە دەوری یەک مێز دانیشتبووین. ئەمن گچکەی ناویان بووم. بەشداربوونی کۆنفڕانس، زۆرینە کوردانی باکوور، ڕۆژئاوا و کوردانی سۆڤیەتی پێشوو بوون. پاش ئەم کۆنفڕانسە پێوەندی لە تەک کاکە حەمە و کاکە عەزیز بەردەوام مایەوە و کاکە حەمە لە بەغداوە لە زۆر بواردا هاوکاری ناوەندی شانۆی کۆچەر و نووسەری ئەو دێڕانەی دەکرد و بەردەوام نامە گۆڕینەوە لە نێواماندا هەبوو. مانگێ جارێک کتێب و گۆڤارەکانی کوردی بە پۆستدا بۆ دەناردم و هەروەها هاوکارێکی بەرچاوی بە ناردنی بابەت و بەڵگە لە سەر حەسەن زیرەک لە تەک فستیوالی ٧٥ ساڵەی لە دایکبوونی زیرەک لە شاری کۆڵن ساڵی ١٩٩٦ کرد، کە کەسانی وەک قادر دیلان، ئیقباڵ حاجبی، شوانپەروەر، دڵشاد سەعید، پەروین موشیروەزیری، ئەسعەد سڕاجەدینی، فیروز فەڕوخ و کەسانی دی تێیدا بەشدار بوون.


پێوەندی لە گەڵ کاکە عەزیز زۆرجار ڕۆژانە و بەردەوام هەفتانە بوو، لە ناو بنەماڵەی ئێمەدا ئەو بە "چاوەکەم" دەناسرا و بەردەوام ئەم وشەیەی لە سەر زار بوو. بە کەسانی نزیکی خۆی دەگوت "چاوەکەم". گەلێک جار بە سەعات و زیاتر قسەمان دەکرد، زۆربەی بابەتەکان بابەتی ئەدەبی، هونەریی، فەلسەفی و بارودۆخی کورد بوو. ئەو گەلێک هەستیار، تیژبین و وردبین بوو. نامەکانی پڕ لە بیر و هزر بوون، جار بەجار ئەم لاپەڕ و ئەو لاپەڕی گۆڤار و ڕۆژنامەی ئاڵمانی دەنارد کە بابەتی گرنگی فەلسەفی بوون.


نووسینی خۆشی بە نامە دەنارد، بەڵام قەت لە هیچ شوێنێک بڵاوی نەکردەوە. ڕۆژێک کۆپی گۆرانییەکی کوردی بە ئاڵمانی کراوی سەدەی هەژدەی بۆ ناردم. کەسێکی ئاڵمانی دەچێتە ئەرمەنستان و لەوێ گوێ لە گۆرانی کوردی دەبێت و گۆرانیبێژ و دەنگبێژەکان دەبینێتەوە و گۆرانییەکان بە ئاڵمانی و کوردی دەنووسێتەوە. یەک لەو گۆرانیانە جوانی ژنێکی سۆزمانی دەگێڕێتەوە، تێکستێک کە ڕێک بۆ سەدەی هەژدە و نۆزدەی ئورووپای سەردەمی ڕۆشەنگەریی دەلوا، هەتا ئەو ناوچانەی زۆرتر موسڵمان دەنوێنن. ئەم گۆرانییە شیعرێکی فۆلکلۆری ناو کوردان بوو کە بێگوومان، دەبێ کۆنتر لە سەدەی هەڤدە و هەژدە بێت!


دوکتور عەزیز فەلسەفی دەیڕوانییە جیهان و هەر لێرەوە دانووی لە گەڵ تێگەیشتنی زۆرینە و زۆرێک لە نووسەران نەدەکوڵا. ئەو دۆستی نزیکی کەسانی وەک هەژار و نووسەر و شاعیرانی تری کورد بوو، پشتگیریی کاریی بە پێزی ئەوانی دەکرد و چاوی لە ڕەخنە لەکاری کز و لاوازی ئەوان، نەدەپۆشی. ئەو تەنیا کوردی ئورووپا بوو، کە یارمەتی ماڵی ناوەندی شانۆی کۆچەر لە شاری کۆڵنی دەکرد.


ئەو سەردەمەی ئەو لە زانستگای هایدلبێرگ بوو، فەیلەسووفانی وەک Hans-Georg Gadamer، Karl-Otto Apel و Jürgen Habermas ، لە هەمان شار و زانستگا بوون و بەشداری باسەکانیان دەبوو. ساڵانی ١٩٦٨ و ١٩٧١ ئەو سەردەمەیە کە لە فڕانکفۆرت و هایدلبێرگ باس لە Kritischen Theorie دەکرا و ئەوەش عەزیز فەیزنیژادی دەگرتەوە.


کاک عەزیز لە درێژەی کاری کەسانی بە ناو و دەنگی وەک Wilhelm Hasselbach ، Madoka Makinose، Setsuro Ebashi و Makoto Endo   لە ساڵی ١٩٧٠ و ١٩٧١ لە هاوکاری لە گەڵ ماکس پلان ئینستیتۆ ، لە سەر Sarkoplasmatischen Retikulums (باس لە کەلسیۆم، پرۆتئین لە ناو ماسولکە) لێکۆڵینەوەی ئەنجام دا، کە بوو بە تێزی دوکتوراکەی لە ساڵی ١٩٧١. هەر ئەم بابەتە پلەی بەرزی زانستی ئەو دەردەخات. پزیشکی تەنیا لایەنی کاری ئەو نەبوو، لە پاڵ ئەوە ئەدەبیات و فەلسەفە و نووسین، ئەوی لەگەڵ نووسەرانی کورد و کەسایەتییەکانی ئاڵمانی گرێ دەدا!  
گەلێک جار لە بواری پزیشکی رێنومایی دەکردین. ڕۆژێکیان گوتی نان چ سپی و چ ڕەش، پڕ دەکرێ لە خوێ و ئەوەش زیانی زۆری هەیە، هەتا دەتوانی نان کەمتر بخۆ، بە تایبەت نانی سپی. هەر ئەم ئامۆژگارییە لە تووشبوون بە هێندێک نەخۆشی من و کەسانی دەوروبەری، پاراست.


پاش ئەوەی خانەنشین کرا، ویستی لە شاری Bad Wildbad کە شارێکی ژیکەڵانە بۆ شوێنی حەسانەوەی نەخۆش بوو کە لە هەموو ئاڵمانەوە ڕووی تێدەکرا، بڕوا و بچێتە شاری کۆڵن یان فڕانکفۆرت. لە کۆڵن و فڕانکفۆرت ماڵ پەیدا کرا، بەڵام گوتی:" من دەبێ ژووری تایبەتم بۆ کتێبەکانم هەبێ، دەنا ماڵ ناگوێزمەوە." لە ڕاستیدا کتێبخانەکەی، ماڵی ئەو بوو.


کاک عەزیز بە کوردییەکی پاراو دەدوا، نەک ئەو ،کەسانی وەک دوکتور حەسەن فاروقی، دوکتور حیسامی و گەلێک کەسیتر کە زیاتر لە نیو سەدە لە ئاڵمان دەژیان، بە کوردێکی خۆشی دوور لە تێکەڵاوی زمانەکانی تر ، قسەیان دەکرد.


ڕۆژێک لە نووسینگەیەک لە شاری کۆڵن دەمویست بلیتی تەیارە بۆ هێلسینگی وەرگرم، ئەو خانمەی قسەم لە گەڵی دەکرد، دەستی ڕاداشت بۆ کەسێکیتر و گوتی بچۆ لای ئەو هاوکارە، کە لەوە دەچوو بەرپرسی شوێنەکە بێت. کە چووم، ئاشنا و هاوشاری و خزمی کاک عەزیز لە تایفەی فەیزوڵابەگی دەرچوو، شێوەی قسەکردن و چەشنی کوردی گوتنی ڕێک ئەو کوردییە بوو کە لە سەردەمی منداڵی لە بۆکان و سەقز و سابڵاخ بیسبووم. کەسی خزم کەوتە قسە کردن لە گەڵما و گوتی گەلێک ساڵە چاوم بە کورد نەکەوتووە. ئەو ساڵانە کوردی ڕۆژهەڵات، لە ئاڵمان گەلێک کەم بوو.


زۆر جار کە دەکەوتینە قسە، کات و ساتمان لە بیر دەچۆوە. ڕۆژێک  دوای قسە و باسی زۆر دەنگ نەما، بێخەبەر لەوەی مناڵە سێ ساڵانەکەمان، کە دەبوو کات بۆ ئەو دابنێم، ئێمەی خستبووە ژێر چاوەدێری خۆی. کاتێک دایکی هاتەوە ماڵ بە پەلە ڕایکرد بۆ لای و گوتی:" …، ... بابە لە تەک ئەو کاورا دوکتورە هێندە گەوجانە ڕستیان، هەتا باتری تەلەفوون تواو بوو!" کە دواتر بۆ کاکە عەزیزم گێڕاویەوە، گوتی: " ... ڕاست دەکا!"


کاک عەزیز قسە خۆش و مرۆڤێکی لەبەر دڵان بوو، لە هەمانکات، خۆی لە هەر شوێن و هەموو شوێن نەدیتەوە و ئەهلی ئەو شوێنانە نەبوو، کە هەڵا هەڵای حزبی و دەنگ و هەرای بێئاکام زاڵ بوو. 


ڕۆژێک چاوی بە تابڵۆکانی هونەرمەند ئەفسوون سەدری کەوت، بوژایەوە و خۆی لە ناو وێنەکاندا دیتەوە، کە سروشت و سروشتی کوردستانی دەنەخشاند، هەر بۆیە ئەفسوون خانم وێنەی دارستانێکی کوردستانی بە تایبەت بۆ "چاوەکەم" کێشا و پێیڕاگەێندرا بە پۆستدا بۆی بنێردرێ، وتی نا بۆخۆم دێم و وەریدەگرم. ئەو ڕۆژە نەهات کە بێت و تابڵۆکەی بەرێ.
یادی کاکە عەزیز زیندوو.


ئابی ٢٠٢٦
ماڵپەڕی برایم فەڕشی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک