په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١٢\٢٠٠٩

لەسەر باڵى هیومانیزمى پیاسەیەک لەگەڵ شێرکۆ بێکەسدا .

غه‌مگین بۆڵی   


قەد گەرەکم نەبووە بە باوەشێک لێوانلێو لەستایشى کوفرەوە سەردانى دەقێکى نەخۆش بکەم. نەخۆشیەکانى دەق لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە ئادەم و حەواى ئەو دەقە نەخۆشە لە مەعریفەیەکى سانتمانتالیزم و دالقان بەنێو جوانبینى و جوانکارى و قوڵ بونەوەى خود بەنێو خودى ناوەوەى خۆى، بە جۆرێک گوزەر بکات عیشق لە هەموو جەستەى فیچقە بکات، وەک ئاشکراشە نەخۆشیەکانى دەق هەمە چەشنن کە لێرەدا بە پێویستى نازانم تیشکی لێدوانەکەمى بخەمە سەر.


سنوور بەزاندن بەتەواوى ماناکانەوە لە مەملەکەتى چامە شیعردا، ئەوە ئەزمونى شاعیرەکە دەردەخات، بانگەشەى وەرچەرخانى ژیاریترین دەکات، دەقێک بارگاوى نەکرابوو بە میتۆلۆژیاى عیشق و میتافیزیقى مۆنۆلۆگ و تەکنیکەکانى دیکەش، ئەوە بەدەر لەو چوارچێوەى کە ئێمە گەرەکمانە. چۆن دەقێک دژى ئەو زەمەنە ناشیرنەى کە هۆنەر ڕۆژگار بە شەوگار و شەوگار بە ڕۆژگار دەلکێنێت نەوەستێت، ئەو دەقە هەر لە سەرەتا خۆى بانگەشەى پووچ بوونى خۆى دەکاتٍ ئەگەر دەقى هەر هۆنەرێکیش هەر لەسەرەتاوە خۆى دیلى ڕۆژگار گەلێکى" ئۆردووی جان" بوو دەبێت، هەر زوو فاتیحەى بۆ بخوێنن و دەستنوێژى ئایندەى بۆ بشۆین و دوو ڕکەعات نوێژى جوانیەکانى بۆ بکەین، گەلێک جار لەسەر خوانى گفتوگۆى ئەو زمانەى کە شاعیر پێى دەدوێ و لەگەڵ ئەو زمانەى کە پێى دەنووسێت قسەگەلێکى زۆرى لێدەکەوێتەوە، وەک کورد دەڵێت" ئەو هەویرە ئاوێکى زۆرى دەوێت" قسە گەلێک لە تەواوى ووتارەکاندا خۆى وورژاندووە و قسە گەلێکى دیکەش خۆى مەڵاس داوە، چۆن هیچ کارێک لەم ژیانەدا بڕوا ناکەم سەد لەسەد بێت، چونکە هەموو کارێک لەهەر بوارێکدا کەلێنێکى تێدایە کە ئەم کەلێنەش پەیوەستە بە خودى ئەو کەسەوە کە بەکار و پڕۆژەکە هەستاوە، واتا: ئینسان دەتوانێت ڕەخنە لە خودى خۆیەوە بگرێت تا دەگاتە تەواوى ئەو شتانەى کە وجودى هەیە لە دەوروبەر بگرێت، جگە لەو خوداوەندەى کە دەیپەرستێت کە ڕەنگە هەر مرۆڤە و بەشێوازێک و بیڕوڕایەکى تایبەت بڕوانێت و بیر لەو چەمکە هەستیارە بکاتەوە. با چیتر دوورنەکەوینەوە لە کڕۆکى مەبەستەکەمان پێویستە شاعیر یاخود نووسەر بە زمانێکى پاراو لێو ڕێژ لە ڕاستەقینەى نێو خورافات بنووسێ، چۆن ئەو شاعیر و نوسەرانەى کە فێڵ لە نوسینى خۆیان دەکەن، ئوردووى جانێکى گەمژەن!،نەوەک شاعیر و نوسەر، چۆن ئەگەر شاعیر بە زمانى درۆ هاتە دوان، یاخود نوسەر لە هەر بوارێکدا ئەوە چاوەڕێى هەموو شتێکیان لێبکەن، تەنها داهێنانێکى نەمر نەبێت، ئەگەر هونەرێک خۆى لەنێو سێبەرى حیزبێک یاخود دەسەڵاتێک حەشاردا خۆى موتوربە کرد، بەبێ سێ و دوو جارانى سفرى بکەن، چۆن ئەو زمانەى کە شاعیرى ڕاستەقینە پێى دەنووسێت ،لە ڕووى پیرۆزى واتاى ناوەڕۆکەوە دەبێت بونیاد ئامێزى سانتمانتالیزمیەکان بێت و بەدەر بێت لە کۆمەڵێک دەسەڵاتى خێڵەکى و دەسەڵاتەکانى دى؟!. واتا کۆپى کراو نەبێت و خۆى دەسەڵاتێکى سەربەخۆى کاراى نێوکار و پڕۆژە و بۆچونوونەکانى بێت، نەک بە کۆنتڕۆڵى جۆکەر بگۆڕدرێت.


هەر بۆیە ئەو دەسەڵاتەى کە زمان هەڵدەبژێرێت تاسەر ئێسقان سەربەستە، هەر لە هەڵبژاردنى فۆڕمە تایبەتمەندیەکان و بۆچوونە ڕەنگاڵەکانى و ئەندێشەى بارگاوى تایبەت بە خودى خۆى ستایڵى جیا و بەکارهێنانى زاراوەکان و تایبەت بەخۆیى و شیعرى خۆیى و خوداوەندى خۆى، خۆ لادان لەو ناوەندەى کە دەسەڵاتى ڕێزمانێکى بزمار ڕێژ بەسەرى دەسەپێنێت و گەمە کردن بە پەیڤەکان و بارگاوى کردنى ووشەکان و قسەیەکیش لە دواماهى تەواوى ووتارەکان دێتە بوون، کە دەبێت شاعیر بە زمانى دایک بنوسێت؟!. پێویستە هەموومان ڕەخنە لێک بگرین، وەلێ لەو کاتەى کە لەماناى پیرۆزى ڕەخنە گەیشتیت، چۆن ڕەخنە وەرچەرخانە و ستایشیش قەتیسمان و لەخۆبایى بوون!، بەو مانایەى کە ئێمە ئاماژەمان پێدا، دەکرآ ئەو حەقە بدەمە پێنوسەکەم و بنوسێت کە سەردەمى ستایش بەسەر چوو.


تۆ دەتوانى بە قومێ ماچ بمخەیتەوە هەڵقوڵین" ئەمە ناونیشانى بەرهەمى شاعیرى بەرێز "شێرکۆ بێکەس"ە کە بەڕێزى لاى وایە پێکدێت لە شیعرو پەخشان وەلێ لێرەدا دەبوایە ئاماژەى بەوەش کردبا، کە لە چامە شیعرو پەخشانە شیعرو پەخشانە نامەش پێکدێت.


چۆن لە هەندێک پەخشانەکانیدا بە زمانێکى نامە ئامێزو وتارە پەخشان دەورووژێت، نەوەک پەخشان (1)، بە تایبەت ئەو پەخشانە تایبەتیانەى کە ئاراستەى کەسایەتیەک کراون، ئەوەى سەرەوە کە وورژاندم تەنیا لە کانیاوى (شیعر و پەخشان) دەرمهێناون و ڕێچکەیان کردووە.


ئەو کاتەى لە بەردەم "تۆ دەتوانى بە قومێ ماچ بمخەیتە هەڵقوڵین" دا کڕنۆشم بۆ خوداوەندى توێژینەوەى جوانییەکان برد، زانیم" شێرکۆ بێکەس" ژیان و مەرگى میتۆلۆژیاى دەق و بوون و عەدەمى میتافیزیقى ئەودیوى دەقى پێکەوە لکاندووە، بۆیە هەر زوو زانیم لەبەردەم دەقێکى پڕڕێگەو لق و پۆیدا وەستاوم و ماندووم دەکات بە دواى خۆیدا، بۆ ئەوەى کە "من" ى خۆم کاتێک فەنا دەبێت بە نێو خۆمدا، خۆم بدۆزمەوە، بە ئارامى هەنگاوم نا، چۆن ئارامى بەهەشتى بەختەوەریشە، پێویستە ئەو ڕاستیە بدرکێندرێت، کەروێشکە دەقى"شێرکۆ بێکەس"بە هەموو تاژیەک ڕاو ناکرێت!، ڕەنگە من نەم توانیبێت لەم لێدوانەمدا دەستم لە کەمەرى بۆچوونەکانیشى نەدابێت، وەلێ هەموو ئینسانێک بە بیر و بۆچوونێکى جیا بێت ڕەنگێکى دار بە ئەویتر تابلۆى ئەو ڕەنگ بکات، چۆن ئەگەرهەموومان وەک یەک بیرمان کردەوە، با یەک لە جیاتى هەموومان بیر بکاتەوە، ڕەنگە ئەوە لە هەموو ئینسانێک جورئەتى ئەو ووجود بوونى نەبێت. وەلێ ئینسانێک خاوەن مەعریفە و عەشقێکى سەراسیمەى جوانییەکان بێت و ڕاستەقینە چەشنى خوێن بە شادەمارەکانى هاتوو چۆ بکات، هەمیشە ڕێگەى جیا دەگرێت! جیا لە بەرامبەرەکەى.


هەندێک جار لە شیوەنەوە زەماوەند دێتەدەرێ لە هۆن هۆنى فرمێسکدا پێکەنین ئەپشکوێ(2)


لە ڕووى هاودژکردنى بۆچوونەکان و گەمەکردن بە ماتماتیکە میتافیزیقى هۆنەرى" تۆ دەتوانى بە قومێک ماچ بمخەیتەوە هەڵقوڵین"!! نەیتوانیوە بەو گەمە کردنە فەنتانیازیا ئامێزە دەستى بگاتە هەورەکانى فەلسەفەى نۆستالیژیاى بۆچوونەکانى، واتا لەنگییەک بە هاوسەنگى دەقەکەوە دیارە" لە هۆن هۆنى فرمێسکدا پێکەنین ئەپشکوآ،، تەواوهاوسەنگى دەقەکە لە بار دەبات، چۆن لە هۆن هۆنى فرمێسکدا نەک پێکەنین هیچ شتێک ناپشکوێ کە هاودژى فرمێسک بێت، ئیدى هى ئاماژەش نییە بۆ ڕووەکەکان کە" ئەم" پشکوێت، ووشەى" ئەپشکوێ" زیاتر بۆ ئەم ئاماژەیە دروستترەو شیاوە! دەکرا" شێرکۆ بێکەس" لەم دێرەدا پەیڤى" نەمام"ى بەکار هێنابایە، وەک/ لە هۆن هۆنى نەمانى فرمێسکدا پێکەنین ئەپشکوێ / کە ووشەى" نەمام" ئاماژەیەکە بۆ بۆچوونەکەى و هەروەها پارێزگارى لە هاوسەنگى دەقە لەنگەکەش دەکات و تروسکەى بۆچوونەکانیش ڕەونەقدارتر و درێژتریش دەکات.


گەلێک جار شاعیر لە نێو تەمومژى بۆچوونەکان و فەنتازیاى ئەفسانەیی و فەنابوون لە خورافاتى سانتمانەتالیزمدا خۆى لە بیر دەکات و لە نێو ئۆقیانوسى بۆچوونەکاندا نغرو دەبێت، کەئەمە زۆر جار وەها لە شاعیر دەکات، لە ئاماژەى شتێکدا، شتێک دەکاتە قوربانى!، واتا لە بەخشینى مانایەکدا مانایەک دەکاتە بەڵاگێر، ئەوەتا شاعیرى خۆشەویست "بارزان هەستیار" کە ئەویش لە نێو ئەم مۆتەگە بیرۆکانەدا لاى وایە"هەنار" لە بێستاندەڕوێت و سەر بە بەروبوومەکانى بێستانە. هەنار لە بێستان ناڕوێت و بەرهەم نایەت، بەڵکو بێستان زیاتر گندۆرە و ترۆزى شارۆخى و شەمامەى لێ بەرهەم دێت، هەناریش لە باخدا کە شاعیرى خۆشەویست بەم چەشنە نووسیویەتى: لێوڕێژین لە درۆى باڵدار/ کە ئەمانەوێت دوگمەى کراسەکەمان بترازێنین و /" ڕاستى" ەکان وەک هەنار لە بێستانى سییەکان بەرببنەوە(3).


هەروەها لەناو هەمان چوارچێوەى ئەم بۆچونەدا بەڕێز "عەباس عبدوڵا یوسف" بە کورتە چیڕۆکى چایخانەى ناو تەکسیدا نووسیویەتى" بڤەیە بیکەى لەچێوە هاوکات شوێنى هەموو بێستانەکان بزماردار دەبن.


(4) من نامەوێت لەسەر باڵى هیوامانیزمى پیاسە ئەتک کەم. وەلێ زۆرجار نووسین خۆى ڕێگەى خۆى دەگرێت و بەدواى یەکدا دەڕوات ووشەکانى، " عەباس عه‌وبدوڵا یوسف"ى خۆشەویست کە ئەمیش لاى وایە شووتى لە بێستان بەرهەم دێت! هەروەها لەنێو هەمان کورتە چیڕۆکەکەى بەڕێز " عەباس عه‌بدوڵا یوسف" دا هاتووە: هەندەک کەس دێنە پێش چاوم، چۆن خۆ دەکوژن، خۆ داوێنە ناو ڕووبار (5).


ئێمە لە تاریکى دونیا دێینە ناو دونیا و دواتریش بۆ نێو تاریکى، واتا مرۆڤ لە بوونەوە دێتە بوون و دوا وێستگەش بۆ ماڵى فەنا بوونى ئەبەدى. وەلێ خۆکووشتن هۆکارەکەى خۆ هاویشتنە ناو ڕووبار نییە، دەکرێت بڵێین: هەندەک کەس دێنە پێش چاوم، چۆن خۆ دەخنکێنن، خۆ داوێنە ناو ڕووبار". کامە ماناى چەمکەکەى بە تەواوى و بە بێ لەنگى هاوسەنگى دەداتە دەستەوە.


دەکرێت لێرەدا بنووسین "بارزان هەستیار و عەباس عه‌بدوڵا یوسف " چەشنى هونەرى " تۆ دەتوانى بەقومێ ماچ بمخەیتەوە هەڵقوڵین" هونەرێکى فۆڕمالیست نییه‌، وەلێ تەنها لەو لقەدا تا ڕادەیەک ئەو هاوبۆچوونە خۆى مەڵاس داوە، کە ئەمەش نیگەرانى و بێزار بوونى خود و .....هتد. کە ئەم دەستەواژانە زیاتر هونەرە لێک دەلکێنێت. ئەگەر شاعیرێک بەخەمەکانى خودى خۆیى و دەوروبەرەکەیى و ژیان ئاوس نەبێت، خامەکەى ناتوانێت شیعرێک بە تەواوى ماناکانیەوە شیعر بەرهەم بێنێت، وەلێ من بۆچونێکى دیکەم هەیە بۆ ئەوەى کە دەگوترێت (شاعیر بۆ خۆى دەنووسێت)، کە ئەم دەستەواژەیە جگە لە بۆچونێکى چرووک و ئیفلیج هیچى تر نیە! چۆن ئەگەر شاعیر بۆ خودى خۆى دەنووسێت، بۆچى بەرهەمەکانى لە ڕووپەڕى بڵاوکراوەکان بڵاو دەکاتەوە؟ ئایا لەنێو خەمەکانیدا هاوبەندى خەمەکانى کۆمەڵگەى پێوە بەند نییه‌؟ ئایا هەمیش تاکێک نییه‌ لەو کۆمەڵگایە؟ تێناگەم بۆچى شاعیر گەلێک درۆ لەگەڵ خودى خۆیان و خوێنەریان دەکەن!


پیرەدار توویەک بە دەستى باپیرە گەورە عالى بەدرخان نێژراو، لەو ماڵەدا. لە هۆدەیەکى تازە گەچکارى کراوى سەر دوو دەریەکى ئێسک سووکدا(6).


لەسەر شیعر پێویستە واز لەو ووشەیە بێنێت کە دەقەکە نەزیف دەکات، یاخود شاعیر خۆى دوورە پەرێز بگرێت، ئەمیش بە وورد بوونەوەى زیاتر و تێرامانىبنیاد نەرانە و بیرو باوەڕى جیاوازەوە زۆر جاریش هەر خۆى چەشنى توێژینەرەوەیەکى ئەکادیمى لەنێو کۆڵانەکانى ئەو شارە دەقەیەدا گوزەر بکات و ماڵە تەکنیکەکانى زمان و گەڕەکە بنیاد نەرەکان بەسەر بکاتەوە، ئەو فەزایانەى کە لێشى بێ ئاگایە ئاگادار بکەوێتەوە و ووریایانە مامەڵە لەگەڵ بکات واتا شاعیر هەر خۆى ڕەخنەگرى خودى خۆیەتى، کە تا ڕادەیەکى بەرچاو و باشیش هەر ئاوا شیاوتر بووە و هەروا هاتە و واش بووە.


شێرکۆبێکەسى شاعیر کە لەم دەقەدا دەڵێت" لە هۆدەیەکى تازە گەچکارى کراوى جیا لەوەى هونەر زیادە گۆى لەوەدا کردووە"، وەک دەشزانین زیادە گۆیى و دووبارە کردنەوەى چەمک و بیرۆکە و بۆچوون و تابلۆلەزەتى شیعر ناهێڵن، کە شاعیر لەم دەقەدا دەنووسێ" هۆدەیەکى تازە/ یەکسەر بیرمان وا دەڕوات کە ئەم هۆدەیە تازەیە گەچکراوە پێویستى نەدەکرد ئاماژە بەوە بدات کەى گەچکارى و گەچکراو کراوە، وەلێ مەبەستم زیاترى کڕۆکەکەم ئەوەیە کە گوتت گەچکارى ئەو ئاماژەیە ماناى تەواو دەگەیەنێت کە هۆدەکە تازەیە، ووشەى ( کراوى ) کە پەیڤێکى زیادە و هاوسەنگى دەقەکەشى نەهێشتووە چۆن گەچکراوە- گەچکارى- هۆدەى تازە لەڕووى واتاوە هیچ ماناى جیا خەسڵەتى جیاواز نادەن بە دەستەوە، ئایا دەتوانین بڵێین لە نوسیندا گەچکارى کراوى، کە ئەمە دەستەواژەیەکى هەڵەیە و لە ڕووى ڕێزمانیشەوە هەر هەڵەیە، کەوایە هەموو ئینسانێک شایستەى هەڵە کردنە و ئەوەى هەڵەى نەکردبێت بوونى نیە لە ژیاندا، ڕێگەى هەڵە کردن و دەرئەنجامەکەى دەمانگەیەنێتە ڕێگەچارەى ڕاستەقینە، یاخود لە هەر هەڵە کردنێکدا ڕاستەقینەیەک خۆى لەناویدا حەشار داوە. ئەوەى کە زۆر خۆى دەداتە بەر دیدى ئەو ڕاستەقینەیەش( تاک و کۆى ) ووشەکان. هەتا هەنوکەش نوسەر گەلێک بەم پەتایە دەناڵێنێت، کەوایە لە بڕى ئەوەى بڵێى.. خۆزگە وەهام نوسیبایە، هەنگاوى زانستیانە بنێ لەتەواوى بوارەکانى ژیاندا. جا وەک گوتم تاک و کۆى ووشەکان بۆتە پەتایەک و گەورە و بچووک بە ئەزموون و بآ ئەزموون ناناسێ، ئەوەتا ئەمجارە( سورخى) لە شیعرى ( گیان شاردنەوە) دەنوسێت:


ڕۆژێ دێ، لە پەنجەرە سەر دەردێنێ/ گیانم بووە بە شێرە بەفرینە و چاوەکانم نەماوە.( 7).


ئەو ئینسانانە چەند مەزنن کاتێ مردنیان ژیان بەدڵ بۆیان بەدەگریەت، یاخود دواى مردنیش بەرهەمە بەپێزەکانیان هەر لەلامانن و خۆیان بە ڕۆح مردوون و بەبەرهەم و کارەکانیان، نەمر و نەمریش دەمێننەوە. سورخى بەڕێز لەچیاى لێژى تاک و کۆ ووشەکاندا تووشى هەڵدێران هاتووە، وەک لە کۆتایى دێرەکەیدا نوسیویەتى: چاوەکانم نەماوە کە چاوەکانم نەماون درووستە، چۆن پەیڤى چاوەکانم کۆیە و پەیڤى نەماون هەر کۆ. وەلێ ووشەى نەماوە سەر بەخشتەو ناوچەى تاکەوەیە و تاکە. کەچى ووشەى ( چاوەکانم ) کۆیە، نامەوێت لە خوێندنەوە و لێدوان لەسەر ( تۆ ئەتوانى بە قومێ ماچ بمخەیتەوە هەڵقوڵین ) دوور بکەومەوە.


وەلێ ڕێچکە نووسینم وەهایە کە زۆرجار دەورژێت ئەوانەى دەکەونە بەردەمى ئەوانیش دەگرێتەوە، کێشەیەکى دى زەق هەیە لەناو ئەدەبدا کە ئەویش دیاردەى ناوچە و ناوچە گەریە، زۆر جار ووشەیەک لەناوچەیەک بەکاردآ لە ڕووى واتا و ڕێزمانیەوە هەڵەیە و نادروستە، چۆن لەدێرەکانى یاخود دەستەواژەکانى ئەواندا مانا نادات بە دەستەوە، ئەگەر ئەم دەقەى ئەم ووشەیەى تێدا بەکار هاتووە وەربگێردرێتەوە سەر زمانى میللەتێکى دیکە، ئەوە بآ شک دەقەکە جوانیەکەى لەبار دەچێت چەشنى ئەم دەقە/ تەختەى ڕەش دەڵێت: سوپاس مامۆستا کە ئەمەت لەسەر نووسیم و ئەوەندەت کوژانمەوە، بۆ ئەوەى زۆرتر بزانم و زووتریش داگیرسێمەوە!(8).


هەروەک ئاماژەم بەوەدا کە لەم دەقەدا شاعیر بە زمانى ناوچەکەى خۆیان دەدوێت کە ناوچەى سلێمانى خۆشەویستە کە لەنووسینەکەیدا دەڵێت: کوژانمەوە کە ئاماژەیە بۆ تەختە ڕەشەکە، کە ووشەى کوژانەوە زیاتر بۆ گڕ و ئاگر و ئەوانەى سەر بە ئاگرن و ئاگراوین دروستە، کەچى شاعیر خۆى مەبەستى سڕینەوەى تەختە ڕەشەکەیە.


کەوایە تەختە ڕەشەش گڕى تێبەر نەبووە، تاکو بکوژێتەوە بە بآ هیچ ئاماژەیەکیشى بۆ گڕ تێبەر بوونى ئاگر، بەڵکو خاڵى مەبەستەکەى سڕینەوەیە، کە هەر ئەم ووشەیەش دروستە کە شاعیر بەردەوام بووە لەسەر ئەم بیرۆکە و لە کۆتایى دەقەکەشدا نوسیویەتى داگیرسێمەوە، کە ئەمەش درێژە پێدەرى هەمان مەبەستە نادروستەیەکەیەتى، کە لەم ناوچەیە ئەم دەستەواژەیە بە زەقى بەرچاو دەکەوێ.


وەلێ نابێت شاعیرێک چەشنى ئینسانێکى خەیاڵ ئاڵ بیر بکاتەوە. نامەوێت خۆم بە تەنافى ڕەخنەى سپێکتیزم هەڵبواسم، کە دڵنیام دوا وێسگەکەى لە بەڕائەتیەکانى جوانبینى و شەبەنگى نورى عیشق دواماهى دێت، وەلێ تا ئەو پەڕى مەستى عیشقى هیومانیزمى بنج و کەلێنەکانى شیعرن، نازانم بۆ هەمیشە خوداوەندى ئەدەب پێم دەڵێت: زیاتر ڕابمێنە و زیاتر لە زیاترى بیر بکەوە"! لە فەلسەفەى نێچڕالیزم دیارە خوداوەند پێمان دەڵێت: بیر کردنەوەى جیاوەز و قووڵ بونەوەى نۆستالیژیانە لە شیعر بە تەمەن نییه‌، بەڵکو ئەنجامى بیرکردنەوەکانى شاعیر خۆیەتى" وەلێ کاتێک مەهێڵن مەڵبەندى بیر کردنەوەتان ببێتە دیلى بۆچونێک، بەڵکو هەمیشە بۆچونى دیلى ئەم مەڵبەندە بێت، ئەوە وەک چەشنى هونەرى" تۆ ئەتوانى بە قومێ ماچ بمهەیتەوە هەڵقوڵین"، کە لە دەقێکى دیکە نووسیویەتى" ژوور پڕ ئەبۆوە لە جوڵەى دەنگ و جەستە"، (9).


کە هونەر لەم دەقەدا بۆتە دیلى بۆچوون، چۆن دەنگ جوڵەى نیە و ژوور پڕ ناکاتەوە لە جوڵە، بەڵکو ژوور پڕ دەبێتەوە لە دەنگى گۆرانى و مۆسیقا و خۆشى.. هتد بەر لەوەى پێنوسەکەم لەرزۆک بگرێت بۆ دواماهى لە خوێندنەوە و لێدوان و پیاسە بەنێو ڕامانەکانى شێرکۆ بێکەسى شاعیردا، من لە دەرئەنجام وەهام خوێندەوە و بەرچاوى بۆچوونەکانم کەوت، کە شاعیر نەیتوانیوە شتێکى مۆدێرن و نوێخواز پێشکەش بکات.


وەلێ خۆ دەشکرێت ئەوە تەنها بۆچوونى من بێت و بەس، چۆن من چێژى خوێندنەوەم زیاتر لە بەرهەمەکەکانى دیکەى کردووە ناشکرێت لە نوسیندا خۆمان دووبارە بکەینەوە، یاخود بەرهەمى تازەى بێ نوێخوازى بە نوێبونەوە و نوێخوازى بخەینە بەر دیدى خوێنەران.
پەراوێز و سەرچاوەکان:


1. تۆ ئەتوانى بە قومێ ماچ بمخەیتەوە هەڵقوڵین: شیعر و پەخشان- شێرکۆ بێکەس لە بڵاوکراوەکانى دەزگاى ئاراس ژمارە(561) چاپى یەکەم 2007 هەولێر ل 67.
2. بڕوانە هەمان سەرچاوەى پێشوو ل 160.
3. ساڵێک لە نیگەرانى – قەسیدە – بارزان هەستیار- لەبڵاو کراوەکانى دەزگاى ئاراس ژمارە (695) چاپى یەکەم 2008 هەولێر ل 44.
4. جوایەز (2) سەرپەرشتى عەباس عەبدوڵا یوسف لە بڵاوکراوەکانى دەزگاى ئاراس ژ(99) چاپى یەکەم – 2001 چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە هەولێر ل 78.
5. بڕوانە هەمان سەرچاوەى پێشوو ل 80.
6. بڕوانە هەمان سەرچاوەى پێشوو ل 168.
7. گیان شاردنەوە – سورخى – گۆڤارى کاروان ژمارە (224)ى ساڵى 2008.
8. بڕوانە هەمان سەرچاوەى ژمارە یەک ل 209.
9. بڕوانە هەمان سەرچاوەى ژمارە یەک ل 263.
 

 

xemginb@yahoo.com