په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٣\٢٠١٩

لە سەرەتای راپەڕینەوە تا ئێستا!!


سه‌عید عارف     

خواریەکان ئەوەندە زۆرن، نازانین کامەیان راستکەینەوە.

باسی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ لە ١٩٧٦و قۆناغەکانیمان زۆر گێراوەتەوە تا گەیشتن بەڕاپەڕینی١٩٩١.. بووە بەحیکایەتی مێش ، بۆیە ئەمجارە بەدیوەکەی تری دا دەیگێڕینەوە ..

١ ــ دەسەڵاتی بەعس دوای ساڵی ١٩٧٥ی هەرەسی شۆڕشی ئەیلول ، توانی ئامانجەکانی دژ بەکورد بەجێ بگەیەنێت ، هەرلەگۆڕینی دیموگرافیای کوردستان بە چۆڵ کردنی دێهاتی سنورەکان و تەعریب کردنی بەردەوامی شارو شاورۆچکەکان ، بەبێ پشو .
٢ــ لەڕوی فەرهەنگ و کلتورەوە توانی بەیارمەتی نوسەری سازشکاروبەزیو دۆڕاوەکانەوە دەزگای پەخش وچاپەمەنی فەرهەنگی ساختە و جاشقەڵەم دامەزرێنێت ، بتوانێت کلتوری کوردی پێ زڕو نەزۆک و بێ دا‌هێنان بکات ، تا ئێستاو نەمانی بەعس و لەسایەی حوکمی کوردیدا ئەو دەزگایانە بەردەوامن وخۆیان خۆیان بەرهەم دەهێننەوە ..

خۆئەگەربەعس جەنگی هەشت ساڵەی ساڵی هەشتاکانی بەرپا نەکردایە، ئێستا کوردستانی باشور دەبووە چیرۆکێکی رابوردو لە پاکتاو کردنی نەتەوەیی دوای چیرۆکی پاکتاوی ئەرمەنی و جولەکە ..

ئێستا باش دەیزانین هیچ کاتێک شۆڕشی نوێ نەیتوانیوە پرۆژەو پلانەکانی دەسەڵاتی بەعس بەتەواوەتی پوچەڵ بکاتەوە ..ئەوەی شۆڕشی نوێ بۆی کرابێت تەنها پاراستنی خۆی بووە وەکو دیعایەیەکی چەکداری و هیچی ترلە ناوچە پەرواێزی و خۆڵەمێشیەکانی کە هەرگیز مەترسی گەورە نەبون لەسەر دەسەڵاتی بەعس ، نامانەوێت بچینەسەر خوێندنەوی دیوە سلبیەکانی براکوژی و پاوەنخوازی دوبەرەکی یەکێتی وپارتیەوە ..بەمەندە وازی لێ دێنین ..

دەسەڵاتی بەعس پاش گیرۆدەبونی بەجەنگی ئێرانەوە ، لەچارەسەری ناوخۆدا سەرکەوتوبو..


ئەوەش بە چەکدار کردنی خێڵ و قەبیلە و ئاغاو کوێخا نیوە گیانەکانی کورد ، توانی هێزێکی نزیک نیو ملیۆنیان لێ ڕێک بخات بۆدو مەبەست :

١ ـ پاراستنی پشتی بەرەکانی جەنگ ..
٢ ــ سەرکوت کردنی هیزی شۆڕش و یاخیگەریەکانی دژ بەدەوڵەت ..


لە ژێر ناوی فەوجی سوک و مەفرەزەی تایبەتی و تەواری و هیزی تری گرێ دراو بە سوپای عیراقەوە ..

بەجۆرێک تا ڕاپەڕین هێزی پێشمەرگە و چەکداری شۆڕش ڕێژەیەکی وەها نەنوێنن لەچاو ژمارەی چەکداری فەوجی سوک ( جاش) دا..

تا ئێرە گرنگە بۆ دەروازەی باسەکەمان کە ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕینە ..

ڕاپەڕین نەخشەی سەرەتای لەناو کەمینەی شۆڕش دا داڕێژرا وەکو ڕیسکی یەک سەرکردە ، بەجۆرێک سەرکردەی تر وا خامۆش وخاپێنراو بێ هیوا بون ، ئەو پیلان و بابەتانەی داڕێژەرەکەیان بەجۆرێک لە مەحاڵ وبێ عەقڵی دەزانی ..


هاوکات ، بەسود وەرگرتن لەزروفی پەلاماردانی کوەیت و دواتر تێکشکانی سوپای عێراق لە کوەیت دا ودروست بونی هەڵگەڕانەوە لەناو سوپای عیراقی دا ، بوە هۆی راپەڕینی ( شەعبانیە) ی شیعەکانی باشوری عیراق ..

سەرجەمی ئەمانە توانیان دیواری ترس بڕوخێنن و توڕەیی خەڵکی کورد ئاڕاستە بکەن و بەگشتی هێزی میلی دژ بەدەسەڵاتی بەعس بەتەواوی یەکلایی کردەوە بە هێزی چەکدارەکانی جاش و سەر بەدەوڵەتیشەوە بون بە هێزی ڕاماڵینی دەسەلاتی بەعس لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان و تادەگات بە کەرکوک و خوارترێکیشیەوە لەماوەیەکی پێوانەیی یەک دو هەفتەیی دا ..

تائێرە ڕاپەرێن کردارێکە هێزی راستەقینەی میلی کوردە ، دەربڕینی ویست و ئیرادەی ئازادی سەربەخۆ ییە بەبێ هیچ خەوش و ڕەخنەیەک ..هەرتوانج لەکەدارکردنێکی نەزانین و بێویژدانیە ..

ئەوەی بەدوای ئەوەدا دێت ، لە بەرگری نەکردن وبەزین تا دەگات بە کۆڕە و، سازش و ئەملالاماچکردنی سەدامی دیکتاتۆر دەست پێ دەکات بۆ هەڵبژرادنی پەڕلەمان و ساختەکاری و دەوڵەتسازی دو حیزب وبەشکردنی دەسەڵات و داهات .. مایەی کاری پارت و سەرکردەکانە ، هەموی دەکاتە لەکەو خەوش وپەڵەی شەرم و شورەیی کە ئەمڕۆژانەی پەشێمان بونەوەی سازاندووە لای نەوەیەکی کۆن و نوێ ..


لەهەمو ی بەد تر گێرانەوەی شێوازی دەسەلاتی بەعسی لەناوچو بە دڵدانەوە وبوژاندنەوە ی میسۆدی جاشێتی ، بەکارهێنانی تین و تاوی راپەڕین و شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆبەرژەوەندی خێڵ و بنەماڵە و حیزب و گروپ و باندی مافیایی و پوچەڵ کردنەوەی خەونی سەرفرازی میلی وتاریک کردنی ئایندە ..


ساختەکاری هەڵبژاردنو بەداهۆڵ و دوکان کردنی پەڕلەمان و دورست کردنی حوکومەتی قوڵ و مافیا سیفەت ، تا دەگات بەگێرانەوەی سەردەمێکی تاڵو دزێو تر لەدەسەلاتی دەولەتی بەعس ..

سەرەنجامی ٢٧ساڵی قۆرخ کردنی دەسەڵات و بە دو حیزب ، دەبێت بە کاری سڕینەوەی ئامانجە ڕاستەقینەکانی ڕاپەڕین بە کۆت و بەند کردنی ئازادی و لەباربردنی سەربەخۆی .

..وادەکات :
( خەڵکی سادە خۆزگە بخوازنەوە بەکفن دزی پێشو ..).

 

٧\٣\٢٠١٨ - ستۆکهۆڵم
ماڵپه‌ڕی سه‌عید عارف باپیر
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک