٤\٩\٢٠٢٤
لە سەرمایەدارییدا
دکتاتۆرییەت و نەبوونی دیموکراسی لە شوێنی کاردا.
عامر سابیر
(کۆپۆرەیشن) کۆمپانیا گەورەکان.
لەمڕۆی سیستەمی سەرمایەداریدا کۆرپۆرەیشن (کۆمپانیا گەورەکان) یەکەیەکی
سەرەکی بەرهەمهێنانە لەم سیستەمەدا. ئەوە ڕاستە کە کۆمپانیای مام
ناوەندی و بچوکیش هەیە، بەڵام بەشی زۆری ئەمانە بەستراونەتەوە یان
پشتیان بەستووە بە کۆمپانیا گەورەکان. ئەم کۆمپانیا گەورانە
(کۆرپۆرەیشین)خاوەن پشک، (شەیەر)ن(١)، یان دابەشبوونە بەسەر
(پشک)ەکاندا. لە ئەمریکا و لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا ١٠٪ی
دەوڵەمەندترینەکان، خاوەنی ٨٠٪ی هەموو پشکەکانن.
لە زۆربەی ئەم کۆمپانیایانەدا (کۆرپۆرەیشنانەدا)، دەستەی
بەڕێوەبەرایەتی (زە بۆرد ئۆف دایرێکتەرەس)(٢) ئەم کۆمپانیایانە بەڕێوە
ئەبەن. ئەم دەستەیە پێکهاتووە لە ١٠ بۆ ٢٠ کەس. ئەمانە لەلایەن خاوەن
پشکەکانەوە هەلبژێردراون. کە بە پێی سیستەمی هەر پشکێک دەنگێک، خاوەن
پشکەکان دەنگ دەدەن. بۆنموونە کەسێک ٣ ملیۆن پشکی هەبێت، واتە سێ ملیۆن
دەنگی هەیە. کەسێکی تر ١٠٠ پشکی هەبێت وایە سەد دەنگی هەیە و بەم جۆرە.
لەم کۆمپانیا عیملاقانەدا (کە هەیە لە دە هەزار کرێکارەوە بۆ سەدان
هەزار ئیشی تیادا ئەکات) دەستەی بەڕێوەبەرایەتی هەموو بڕیارە
چارەنووسسازەکان لەسەر کۆمپانیاکە ئەدەن. بۆ نموونە ئەوەی کە چی بەرهەم
ئەهێنێ، چی تەکنەلۆژیایەک بەکار ئەهێنێ، بڕیاری ئەوەی کە لە کوێ پرۆسەی
بەرهەم هێنان جێبگرێ، وە کێ بەکرێ ئەگرن (دائەمەزرێنن) بۆ ئەنجامدانی
کارەکانی، وە لە هەمووشی گرنگتر چی لەو قازانجە ئەکرێ کە هەموو
کرێکارەکان بەشداربوونە لە پێکهێنانیدا. هەموو ئەم بڕیارە گرنگانە لە
لایەن ١٠ بۆ ٢٠ کەسەوە ئەدرێ کە لە دەستەی بەڕێوەبەرایەتیدان (زە بۆرد
ئۆف دایرێکتەرەس) کە دانراون لە لایەن ١٠٪ ی دەوڵەمەنترینەکان کە
خاوەنی ٨٠٪ی پشکەکانن.
یەکێکی ترلەو بڕیارانەی کە دەستەی بەڕێوەبەرایەتی (زە بۆرد ئۆف
دایرێکتەرەس) ئەیدا ئەوەیە کە بەرپرسێک (مدیر عام)ێک هەڵئەبژێرێ و
دائەمەزرێنێ (بەکرێ ئەگرێ)، کە بە (سی ئی ئۆ)(٣) ناسراوە. لە
کۆمپانیاکاندا (سی ئی ئۆ) قسەکەری ڕەسمی هەر کۆمپانیایەکە. دەستەی
بەڕێوەبەرایەتی بڕیار ئەدا کە مووچەی ساڵانەی (سی ئی ئۆ) چەند بێت. لە
ئێستادا لە زۆربەی کۆمپانیاکاندا مووچەکانیان بە شێوەیەکی گشتی ٣٠٠ بۆ
٤٠٠ هێندەی کرێکارێکی کۆمپانیاکەیە. بۆ نموونە ئەگەر کرێکارێک ساڵانە
پەنجا هەزار (٥٠٠٠٠) مووچەکەی بێت، ئەوا مووچەی (سی ئی ئۆ) پازدە ملیۆن
بۆ ٢٠ ملیۆن دۆلارە لە ساڵێکدا. لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا
(١٩٧٠)کاندا مووچەی (سی ئی ئۆ) ٢٠ بۆ ٢٥ جار زیاتر بووە لە کرێی
کرێکارێکی کۆمپانیاکەی. بە پێی ڕاپۆرتێکی (ئی پی ئای)(٤) کە بەراوردی
مووچەی (سی ئی ئۆ) و کرێکارێکی ئاسایی لە ساڵی ١٩٧٨ و ٢٠٢٢دا کردووە،
ئەڵێ لە ماوەی ئەو ٤٤ ساڵەدا مووچەی (سی ئی ئۆ) بە ڕێژەی ١٢٠٩.٢٪ زیادی
کردووە، بەڵام مووچەی کرێکار لە هەمان ماوەدا بە رێژەی تەنها ١٥.٣٪
زیادی کردووە.
کرێکار رۆژانە ٨ بۆ ١٠ سەعات لە باشترین کاتەکانی ڕۆژی، لە کارکردن یان
چوون و هاتن بۆ کار بەسەر ئەبات، بەڵام بەشدار نییە و پرسی پێ ناکرێت
لە هیچ کام لەو بڕیارە گرنگانەی کە پەیوەندی ڕاستەوخۆ و تەواوی بە
ژیانی خۆی و خانەوادەکەی و ئەو شار و ناوچە و کۆمەڵگایەوە هەیە کە
تیایدا ئەژی.
پێناسەی سادەی دیموکراسی (هەڵبژاردن و دەنگدان) ئەوەیە کە ئەگەر
بڕیارێک بدرێ و کاریگەری (تەئسیری) لەسەر تۆ هەبێ، ئەوا ئەبێت تۆ
بەشداربێت لەو بڕیارەدا. هەر وەک چۆن بۆرژوازی خۆیان ڕادەدەن بەوەی کە
دیموکراسی پەیڕەو ئەکەن و وەک مافێکی خەڵک وەسفی ئەکەن و ئەڵێن بەشداری
لە دەنگدان و هەڵبژاردنی شارەوانی شارەکەت، پارێزگای شارەکەت،
ئەندامانی پەرلەمان، مومارەسەی دیموکراسییە و دەنگ بدە بە نوینەری خۆت،
چونکە شارەوانی و پارێزگا و پەرلەمان ئەو بڕیارانەی کە ئەیدەن پەیوەندی
بە ژیانی تۆوە هەیە، کەواتە ئەبێت مومارەسەی مافی دیموکراسی خۆت بکەی و
بڕۆی دەنگ بدەی. بەڵام هەر سەرمایەداران و چینی بۆرژوازیی بەهیچ جۆرێک
ڕێگە نادات دیموکراسی لە شوێنی کاردا پەیڕەوبکرێ. سەرمایەداران لە
شووێنی کاردا دکتاتۆرییەتێکی موتڵەقیان سەپاندووە و هەموو بڕیارەکان
دەوڵەمەند ئەیدا و کرێکاران کە زۆرینەن و بەرهەمهێنەری هەموو شتێکن،
بەشداری لە هیچ کام لە بڕیارەکاندا ناکەن.
لەشوێنی کاردا، سەرمایەداران کە ١٠٪یان خاوەنی ٨٠٪ی هەموو پشکەکانە،
ڕێگە نادەن کرێکاران لە هیچ کام لەو بڕیارە چارەنووسسازانەدا بەشداربن
کە بەتەواوی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیان و بە مانی کرێکارەکەوە هەیە.
ئەگەر سبەی بڕیاری دا کە کارگەگەی دادەخات و هەموو کرێکارن بێکار ئەکات
و ئەچێت بۆ وڵاتێکی تر یان ناوچەیەکی تر چونکە هێزی کار هەرزانترە و
قازانجی زیاتر کەڵەکە ئەکات، ئەوا پرس بە کرێکار ناکەن. ئەگەر سبەی
بڕیاریان دا فڵان موادی کیمیایی لەبەرهەمهێناندا بەکاربهێنن، وە ئەگەر
ئەوەی بەکاریان هێناوە ژینگە و ئاوی ئەو شار و ناوچەیەی کرێکارەکە لێی
ئەژی ژەهراوی بکات و خۆی و مناڵ و دراوسێکانی هەڵیمژن، ئەوە هیچ
پرسیارێک بە کرێکار ناکری و لە بۆچوونی ناپرسرێت. ئەگەر سبەی
تەکنەلۆژیایەکی تازەیان هێنا، لە جیاتی ئەوەی سەعاتی کاری کرێکارەکان
کەم بکەنەوە، نیوەی کرێکارەکانیان دەرکرد و بێکار کرد، ئەوە پرس
بەکرێکار ناکەن. کرێکار هیچ بەشدار نییە لە بڕیاری ئەوەی کرێکەی چەند
بی، کارەکەی چۆن بێ، ئابووری و تەندروستی ژینگەی ئەو کۆمیونیتییەی لێی
ئەژی چۆن بێ. هەموو ئەم بڕیارە گرنگانە لەسەرو ئیرادەی ئەوەوە بڕیاری
لەسەر دراوە.
رەنگە لە دەرەوەی شوێنی کار پرسە گورگانەیەکت پێ بکەن و دەنگ بدەی لە
پرۆسەی سیاسیدا بۆ هەڵبژاردنی ئەندامی پەرلەمان یان ئەندامی شارەوانی،
بەڵام هەر ئەوەندەی پەڕیتەوە شوێنی کار، جا کارگە بێت، کۆگا بێت یان
دائیرە بێت، ئەوە لە کایەی دیموکراسی بۆرژوازی دەرچوویت و هیچ مافی
دەنگدانت نییە. هیچ پرسیارت لێ ناکرێ لەسەر ئەو بڕیارە گرنگانەی کە
ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە ژیانی خۆت و خانەوادە و کۆمەڵگاکەتەوە هەیە. کە
ئەچیتە شوێنی کار پێت ئەوترێ کە چی بکەی، چۆن بیکەی، لە کوێ بکەی و کەی
بیکەی. وە لە کۆتایی ڕۆژەکەدا ئەچیتەوە ماڵەوە و خۆت حازرئەکەی کە ڕۆژی
داهاتوو بێیتەوە و پێتبگووترێ چی و چۆن و لە کوێ و کەی. ئەمە هەرگیز
ئازادی نییە. خۆ ئەگەر ڕازی نەبی و واز بهێنی، ئەوا ناچاری بچیتە لای
خاوەنکار و کۆمپانیایەکی تر کە کەم وزۆر بە هەمان جۆر بەرخوردت لەگەڵ
ئەکا و ئازادیت لێ زەوت ئەکات و ڕێگە بە دیموکراسی نادات لە شوێنی
کاردا.
کۆمپانیاکان دژی دیموکراسین. سەرمایەداران و چینی بۆرژوازی بەهیچ جۆڕێک
ڕێگە نادات دیموکراسی لەشوێنی کاردا جێبەجێبکرێ. ئەمریکا و وڵاتانی
سەرمایەداری هەزاران کیلۆمەتر ئەبڕن وڵاتان داگیرئەکەن و شەڕ ئەخوڵقێنن
ئەڵێن دیموکراسیان بۆ ئەبەین. ئەمە لە کاتێکدا لە وڵاتانی خۆیاندا لە
شوێنی کاردا دکتاتۆرییەت ئەسەپێنن و بەهەموو جۆرێک دژی دیموکراسین لە
شوێنی کاردا(٥).
لە بەدیلی ئەم سیستەمەدا، لە شۆشیالیزمدا، لە هەرەوەزی کرێکاریدا، ئەوە
کرێکارانن، بەرهەم هێنەرانی ڕاستەقینەن، کە بە هەروەزی و ڕاوێژکردن
پێکەوە هەموو بڕیار ئەدەن، کە چی لە خزمەت و بەرژەوەندی خۆیان و هەموو
کۆمەڵگاکەیاندایە ئەیکەن. لە هەرەوەزی کرێکاریدا ئامانجی پرۆسەی
بەرهەمهێنان خۆشگوزەرانی خۆیان و کۆمەڵگاکەیانە، نەک قازانج و
کەڵەکەکردنی سەرمایە لەسەر حیسابی شیلەی گیان و ژیان و چەوسانەوەی
کرێکاران.
_________________________________________
تێبینییەکان:
١-
Share
٢- The Board of Directors
٣- CEO = Chief Executive Officer
٤- Economic Policy Institute (EPI). Lawrence Mishel and Jori
Kandra’s 2023 report titled “CEO pay has skyrocketed” CEO were pain
344 times as much as a typical worker in 2022.
٥- سەرچاوەی ناوەڕۆکی ئەم وتارە، بەرنامەی (ئیکۆنۆمیک ئەپدەیتە) کە لە
لایەن (ڕیچارد ۆڵف)ەوە هەفتانە لە ئەمریکا پێسکەش ئەکرێ. لینکی ئەم
بەرنامەیە کە لە جەنیوەری ٢٠٢٤ دا بڵاوکراوەتەوە ئەمەی خوارەوەیە:
https://www.youtube.com/watch?v=Eh44qQK5av4
٢٨\٨\٢٠٢٤
ماڵپهڕی عامر سابیر
|