په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\١٠\٢٠٢٢

لە سەرپۆش فڕێدانەوە بۆ رووخاندنی رژێم.
- رق و تووڕەیی پەنگخواردووی ٤٣ ساڵ لە ستەم و چەوساندنەوە! -

عەبدوڵا ساڵح      


کوژرانی ژینا ئەمینی لە ١٦ی ئەیلوولی ئەم ساڵ لەلایەن پۆلیسی "رەوشت" لە تارانی پایتەختی ئێران، ڕاپەڕینێکی بێ وێنەی لێکەوتەوە، ڕاپەڕینێک کە لەو کاتەوەی شۆڕشی جەماوەری لە ئێران دژ بە ڕژێمی شا بەلاڕێدا برا لەلایەن ئیسلامی سیاسی بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی زلهێزە ئیمپریالیستەکان، شوباتی ١٩٧٩ ،تا ئەمڕۆ وێنەی نەبووە.

تایبەتمەندی ڕاپەڕینەکەی ئێستا ئەوەیە کە دژی سەرپۆش (حیجاب)ی زۆرەملێ یە، ئەو سەرپۆشەی کە هێمای کۆیلایەتی و بەکەمزانینی ژنانە، مەسەلەکە تەنیا پارچە قوماشێک نییە کە سەرو ڕوو، یا جیلبابێک کە جەستە دادەپۆشێت! بەڵکو چەمکێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری لە پشت ئەم هێما قێزەونەوە خۆی حەشارداوە، ئەویش دا پۆشینی سەر وجەستەی نیوەی کۆمەڵگا بە عەبایەکەوە کە وا بکات ئەو قوربانیە هەست بە "کەمتربوون و ناقس عەقڵی و نیو شاهید وعەورە و ژێردەستەی پیاو". بکات و ناچاری بکا ڕازی بێ بکرێتە کێڵگەیەک بۆ بەتاڵکردنەوەی ئارەزوە سێکسیەکانی پیاو هەروەها کارگەیەک بۆ بەرهەم هێنانی منداڵ و هیچی تر نا! زۆر بەکورتی بڵێین خەفە کردنی نیوەی کۆمەڵگا!

ڕێژیمی ئیسلامی ئێران هیچ کاتێک ڕووبەڕووی ئەم چەشنە خۆپیشاندانانەو و بەم قەبارە بەر بڵاوە و یەکگرتووییە نەبووەتەوە، خۆپیشاندەران لەهەموو چین وتوێژی کۆمەڵگا سەر بە گرووپ و پێکهاتەی ئابووری، کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی جیاوازن، ئەوان شتێکی گەورەتریان لە چاکسازی سیاسی و ئابووری دەوێت، ئەوان ئازادی و گۆڕانی ڕژیمیان دەوێت، بۆیە دەبینین، کە ئەم ڕاپەڕینە جەماوەرییە هیچ بەشداریەکی پیاوانی ئایینی تێدا بەدی ناکرێ، وەک ئەوەی لە ڕاپەڕینەکانی پێشودا ڕوویاندا، تایبەتمەندییەکی تر و گرنگی ئەم بزووتنەوەیە ئەوەیە کە سنوری نەتەوە و مەزهەب و ڕەگەز وهەموو ئەو ناسنامە ساختانەی تێپەڕاندوە کە مرۆڤەکان لێک جیادەکاتەوە، سەرەڕای هەوڵ و تەقەلای بەشێک لە هێزە ناسیۆنالیستەکان بۆ لەقاڵبدانی، بەپێی دیدێکی ناسیۆنالیستی تەسک و کۆنەپەرستانە.

کاریگەری ئەم بزووتنەوەیە، بەو پێیەی ئامانجی رزگارکردنی ژنانە، تەنیا لە ئێراندا قەتیس نامێنێتەوە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی کە بە دەست یاسای ئیلهامبەخشی شەریعەتی ئیسلامیەوە دەناڵێنن و فراوانتریش دەبێت تا ئەو ئاستەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی ژنان لە ئاستی ناوچەکە و جیهانیشدا بگرێتەوە.

ئەم ڕاپەڕینە جەماوەرییە جیاوازە لە وەی لە ساڵی ٢٠٠٩دا ڕوویدا دژی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا، یا وەک ئەوەی دژی بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی ڕویدا لە ساڵی ٢٠١٩دا کاتێک سوپای پاسداران نزیکەی ١٥٠٠ کەسی کوشت، ڕاپەڕینی ئەم جارە دژی سەرپۆشکردنی زۆرە ملێی ژنانە، ئەو سەرپۆشەی یەکێکە لە بناغە پتەوەکانی مانەوە وبەردەوامی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، بۆیە دەستبردن بۆ توڕدانی ئەم سەرپۆشە بەمانای دەستبردنە بۆ ڕێشەکێش کردنی ئەم ڕژێمە لە بناغەوە، هەر ئەوەشە وادەکات ڕژێم هەموو ڕێگاکان بگرێتەبەر بۆ سەرکوتکردنی.

کۆمەڵگا چینایەتیەکان لە مێژوودا، بە هەموو شێوەیەك كاریان كردووە بۆ ئەوەی ژن لە ڕووی سیاسییەوە " نەفام و بێدەربەست " بێ و ناڕێكخراو و بێ توانا و نوقمبوو لە نەزانین، دوور لە كاروباری سیاسی و ملكەچی دەسەڵاتی پیاوانە بهێڵێتەوە، ئەمەش بەو مانایەیە كە ڕووبەرێكی فراوان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نیوەی كۆمەڵگە لەلایەن نیوەكەی ترەوە دابین دەكرێت و ژنان ناچاری ملکەچبوون دەکا بە ئەنجامدانی ڕۆڵی ئەوان لەماڵداری و بەخێوکردنی منداڵ وهیچی تر!

هەموو سیستمە چینایەتیەکان ژن بە هێزێکی کاری یەدەگی هەرزان دەزانن، بەتایبەت سیستەمی سەرمایەداری، هەر کاتێک بیەوێت و پێویستی پێ بێ دەیانخاتە سەر کار وەک لەجەنگە جیهانیەکاندا لەبری پیاوان کارگەکانی پێ دەچەرخاندن، وە هەرکاتیش بیەوێت لە کارەکە دووریان دەخاتەوە وڕەوانەی ماڵەوەیان دەکاتەوە وەک سوپایەکی یەدەگ بۆ کار، هەر بۆیە لە ناوچینی کرێکاردا چەوساوەترین و ستەملێکراوترین توێژاڵ ژنانی کرێکارن.

ئەم هاوکێشەیە، جگە لەوەی باسمان کرد، لەناو کۆمەڵگای ئێراندا، بنکەیەکی کۆمەڵایەتیی دەڕەخسێنێت کە چینی دەسەڵاتدار لە پێناو دامەزراندن و پاراستنی پایەکانی دەسەڵاتی خۆی وبە کەڵک وەرگرتن لەو خزمەتگوزاریانەی مزگەوت و دامەزراوە ئایینییەکان پێشکەشی دەکەن، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ئەم پیلانە کۆنەپەرستانەیە، بە دڕندانەترین شێوە دژی ژنان، بەردەوام بەرە و پێش بەرێ، خۆ ئەگەر پێویستی کرد ئەوا بە زەبر وزۆریش دەیسەپێنێت، کەواتە مەسەلەی سەرپۆش بۆ ڕژێمە ئیسلامیەکان بەگشتی وڕژێمی ئێران بەتایبەتی بابەتێکی ژیان و مردنە!

پرسی قبوڵکردن و قەناعەت پێکردنی ژنان لە ئێران بۆ سەرپۆشین هەر لە ڕۆژانی سەرەتای زاڵبوونی ئەم دەسەڵاتە ئیسلامیە، ڕەتکراوەتەوە، ئەوەتا دوای دەسەڵاتێکی سەرکوتکەر کە ٤٣ ساڵ تەمەنیەتی، دامەزراوەی ئایینەکان و پیاوەکانی، سەرەڕای هەمو هەوڵ وتەقەللایان، نەیانتوانیوە کۆمەڵگا بەگشتی و ژنان بەتایبەتی ڕازی و وادار بکەن کە سەرپۆشین، وەک ئەرکێکی ئایینی،دەبێ ڕێزی لێ بگیرێت و بە قەناعەتەوە لەبەر بکرێت!

لەکۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە یەکێک لە ئەگەرەکانی چارەنوسی ئەم ڕاپەڕینە، بەهۆی چەند هۆکارێکەوە، دامرکان وخامۆشکردنیەتی، ئەویش بەهۆی نەبوونی سەرکردایەتییەکی یەکدەست وشۆڕشگێڕ کە سەربەخۆیی سیاسی و فیکریی جەماوەری شۆڕشگێڕ و کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی چەوساوە و گەنجانی بێکار دەستەبەر بکا و یەکخستنی خەباتیان لەسەر بنەمای دید و ئاسۆیەکی سۆسیالیستی کە گەرەنتی ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی تەواو زامن بکا و بەم شێوەیە سەرکەوتن لەم شەڕەدا مسۆگەر بکا ، بەداخەوە لە ئێستادا ئەم ڕابەریەکەم ڕەنگە ئەمە لەلایەک، لە لە لایەکی ترەوە هێزەکانی دژە شۆڕش لەسەنگەردان و لەهەوڵدان بۆ خامۆشکردنی ئەم ڕاپەڕینە، جا ئەم هێزانە ناوخۆیی بن یان دەرەکی، وڵاتانی ئیمپریالیستی نایانەوێت ئەم ڕژێمە بڕوخێنن و ئەوەی لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانیانەوە دەیڵێن جگە لە ئیدیعای بەتاڵ و درۆ و چەواشەکاری هیچی تر نییە، ئەوان لەگەڵ بزووتنەوەیەکدا نین کە ئامانجی لابردنی ئەم سیستەمە بێت لە ڕەگ و ڕیشەوەک چونکە تا ئەمڕۆ نەیانتوانیوە ئەلتەرناتیڤێکی وا بخەنە مەیدانەوە جێگرەوەی ئەم ڕژێمە بێت و بەرژەوەندیەکانیان بپارێزێت، ئەوان دەیانەوەی ڕژێمی جمهوری ئیسلامی ببێتە ڕژێمێکی (موتەعارەف) لەناوچەکادا ، بە شێوەیەک ڕەوشتی خۆی بگۆڕێ وەک هەموو ئەو ڕژێمانەی تر، سعودیە و پاکستان وەک نمونە.

بەڵام ئەم ڕژێمە درکی ئەوەی کردوە کە ئەگەر بەناچاری پەنا بۆ هەر ڕیفۆرمێک بەری لە پرسی سەرپۆشدا، ئەوە بەمانای خۆکوژیە، بەمانای نەمانی ئەو ڕژێمە وەک ئەوەی ئێستا هەیە، بەمانای ئەوە ئیتر کۆماری ئیسلامی نیە و شتێکی کەیە!


بەڵام، لەدواشیکردنەوەدا، وەلەگەڵ هەموو ئەو هەوڵ وکۆششانەی دەدرێن بۆ خامۆشکردنی، ئەم ڕاپەڕینە تەکانێکی گەورە وبەهێزیدا بە بزاڤی روخاندنی ئەم ڕژێمە و بەشێکی زۆری هاوکێشە سیاسیەکانی گۆڕی و هەنگاوی قورس و قایمی نا بەرەو روخاندنی ڕژێم لە ئێران، هەنگاوێک کەتەنیا لە سنورەکانی ئێراندا نامێنێتەوە بەڵکو هەموو وڵاتنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەگرێتەوە . وانەکانی ئەم ڕاپەڕینە دەبنە سەرمەشقی خەباتی نەوەکانی ئێستا وداهاتو وە وبەکار دەهێنرێن لە خەباتی ئاییندەدا.

 


٣\١٠\٢٠٢٢

a_salih11@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک