په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٢\٢٠١٧

لە سەروبەندی روژی جیهانیی ئافرەتان

لەبەرچی (مەھدیس) خۆی کوشت؟

عەبدولڕەحمان    

 

بە پێی ھەواڵی ئاژانسەکان، روژی سێشەممە ٢٤ی کانوونی دووەم لە لایەن ئیدارەی ئیتڵاعات رژێمی ئێران لە شارستانی کرماشان لە رۆژئاوای ئێران، ئەندازیار ”مەھدیس میرقەوامی” بانگ دەکرێت و بۆ ماوەی دوو رۆژ لە ئیدارە گل دەدرێتەوە و دواتر ئازاد دەکرێت. بەڵام دەستبەجێ بە ”حەبی برنج” کۆتایی بە ژیانی خۆی دەھێنێت.

 

زانیارییەکانی دوایی ئەوە پشت راست دەکاتەوە کە ئەم ئیدارەیە ھەڕەشەی لە خزم و و کەس و کاری کردووە کە لای کەس باسی خۆکوشتنی مەھدیس نەکەن. بە پێی زانیاریی نوێ دەرکەوتووە کە ھۆی خۆکوشتنی ئەم خاتوونە گەنجە ئەوە بووە کە مەئموورانی ئیتڵاعات لە ناو زیندان دەستدرێژیی سیکسیان کردووە سەر!

 

لە حکومەتی ویلایەتی فەقیھی دەسەڵاتدار لە ئێران، ”ژنان” چینی ھەرە سەرکوتکراون و چەوساوەترینن و ئەوەش تەواو ھەڵقوڵاوی مێشک و پێناسەی کۆنەپەرستانەی دەسەڵات و مەلا بە رواڵەت موسڵمانەکانە. ئەگەر ئاوڕێک لە رابردوو بدەینەوە باش دەبینین کە حەمەرەزاشای پەھلەوی لە سەرەتای دەیەی ٦٠ کە شەقامی ئێرانی بەرەو تەقینەوە دەچوو، بە ناچاری دەستی دایە چاکسازی لە ژێر ناوی «شۆرشی سپی» و مافی دەنگدان لە ھەڵبژاردنەکانی بۆ ژنان بە رەسمی ناسی. بەڵام خومەینی و ھاوپیشەکانی ئەم ھەنگاوەی شایان شەرمەزار کرد و ناڕەزایەتییان دەربڕی کە لەبەرچی ژنان و پیاوان دەبێ مافی یەکسانیان ھەبێت لە دەنگداندا!؟ لەمڕووەوە کاتێ خومەینی بە دزینی شۆڕشی گەلی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ دەسەڵاتی خۆی بەسەر خەڵکدا سەپاند، ژنان بە توندی سەرکوت کران و ئەوان لە سەرجەم مافەکانی خۆیان بێبەش کران. لەوانە بێبەش بوونیان لە وەرگرتنی پۆستە سەرەکیەکانی وەک سەرۆکایەتی کۆمار یا بوون بە دادوەر و زورێک پۆستی سیادی تر.

 

ئێستا لە ئێران رۆژ نیە کە ژنانی ئێرانی نەخرێنە بەر ستەم و چەوساندنەوە و ئەشکەنجە و کوشتاری رژێمی کۆنەپەرستی دەسەڵاتدار. تا ئێستا ھەزارن زیندانیی سیاسی ژن لە سێدارە دراون. ئەوان لە سەرجەم مافە رەواکانیان بێبەش کراون و لەم ساڵانەی دواییشدا مەئموورانی رەسمی رژێم زۆر جار بە ”تیزاب” لە ناو شەقامەکان ھێرشیان کردووەتە سەر ئافرەتان و دەم و چاوی ئەو ئافرەتانەیان شپرزە کردووە.

 

بە پێی راپۆرتی باوەڕ پێکراو و وتەی شایەت حاڵان، لە ناو زیندانەکاندا، ئەشکەنجەی ھەرە دڕندانە دەرھەق بە ژنان دەکرێت. دەستدرێژیکردن بۆ سەر ژنانی زیندانی شتێکی باوە لە ناو زیندانەکانی ئەم رژێمەدا و بە پێی فەتوای خومەینی و مەلاکانی دەسەڵاتدار لە ئێران، دەستدرێژیکردن بۆ سەر ژنانی زیندانی بەر لە ئیعدامکردنیان رێگە پێدراوە. چەند نموونەیەکی ساڵانی رابردوو:

 

خاتوو (تەرانە موسەوی ) تەمەن ٢٨ ساڵ لە رۆژی ٢٨ی حوزێرانی ٢٠٠٩ لە تاران دەستگیر دەکرێت و دوای دەستدرێژکردن بۆ سەری لە لایەن پیاوانی حکومەتەوە تەرمەکەیشی دەسوتێندرێت و لە دەوربەری قەزوێن فڕێ دەدرێت. کچێکی گەنج بە ناوی (سەعیدە پورئاقایی) لە لایەن پیاوانی حکومەتەوە دوای ئەوەی دەستگیر دەکرێت دەستدرێژی دەکرێتە سەری و تەرمەکەیشی لە ئەژنۆ بەرەو ژوور بە تیزاب شپرزە دەکرێت تا ئاسەواری ئەم تاوانە دڕندانەیە بە تەواوی بسڕدرێتەوە. دواتریش گوشار دەخرێتە سەر کەس و کاری تا رابگەیەنن ھۆی مردنی کچەکەیان نەخۆشی گورچیلە بووە. (رێحانە جەباری) ئافرەتێکی گەنجی تەمەن ١٩ ساڵ کە لە مانگی پووشپەڕی ٢٠٠٧ بە تۆمەتی کوشتنی (مورتەزا عەبدولعەلی) تەمەن ٤٧ ساڵ گیرا و بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو. عەبدولعەلی مەئمووری رەسمیی ئیتڵاعاتی رژێم بووە کە ویستوویەتی دەستدرێژی بکاتە سەر ئەم شێرەژنە و ئەویش توانیوەتی بەرگری لە خۆی بکات و بیکوژێت. دادگای رژێم سزای ئیعدام بۆ رێحانە دەردەکات و بڕیارەکەیش رۆژی ٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٤ جێبەجێ دەکرێت. (د.زەھرا بەنی یەعقوب) ئەو ئافرەتە گەنجەیە کە لە تەمەنی ٢٧ ساڵیدا لەگەڵ دەستگێرانەکەی دەستگیر دەکرێت و دەستدرێژی دەکرێتە سەری لە لایەن پیاوانی حکومەتەوە بۆ داپۆشینی تاوانەکەیشان، زەھرا دەکوژن و تەرمەکەی لە سێدارە دەدەن تا وا نشان بدەن کە خۆی خۆی کوشتووە. لە نموونەیەکیتردا. لە رۆژی ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ ئافرەتێکی گەنجی تەمەن ٢٣ ساڵی خەڵکی شاری کرماشان بە ناوی (حەنانە شلێر فەرھادی ) دەرچووی زانکۆ و بکالۆریۆس، کە بۆ ماوەی چوار مانگ لە لایەن ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو، دەستبەجێ دوای ئازادبوونی خۆی کوشت و دەرکەوت کە لە ناو زیندان دەستدرێژی کراوەتە سەری. لە رۆژی ٣ی ئایاری ٢٠١٥ خاتوونێکی گەنجی کورد بە ناوی (فەریناز خوسرەوانی) دوای ئەوەی یەکێک لە پیاوانی رژێم ویستویەتی دەستدرێژی بکاتە سەری، لە نھۆمی ٤ی ھۆتێل (تارا)ی شاری مەھاباد کەوتە خوارەوە و دەستبەجێ گیانی دا.

 

ئەوانە و زۆرێک نمونەیتر، بارودۆخی ژنان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزھەبی نیشان دەدات. رژێمێک کە لە جینایەت و رەزاڵەت و دڵرقی ھیچ حەددێک ناناسێت و ھەموو سنوورەکانی مرۆڤایەتی بەزاندووە و رووی ھەموو دیکتاتۆرانی مێژووی سپی کردووە. بارودۆخەکە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاکان لە ھەموو روویەکەوە دڵتەزێنە.. بەڵام ستەم و تاوان و چەوسانەوە دەرھەق بە ئافرەت دەگاتە لووتکەی خۆی. چون دژایەتیکردنی ئەم رژێمە بەرانبەر بە ژنان بەشێکە لە زات و پێناسەی ئەم رژێمە و کاربەدەستانی حکومەت رق و کینی تایبەتیان ھەیە بەرانبەر بە ژنان. چون ئەم رژێمە زۆر تۆقاوە لە توانا و پوتانسیەلی ژنانی ئێرانی. بەڵام بە دیوەکەیتریدا، واتا دیوی خەبات و تێکۆشان بەرانبەر بەم رژێمە ناسەردەمیانەیە، ”ژنانی ئێرانی” لێھاتوویی و شایستەیی خویان بە باشی نیشان داوە لە ئاستی خەبات و بە تایبەت رێبەرایەتیکردنی سیاسی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی و سەلماندوویانە کە لایق و شایستەی ئەم مافەن و بۆ ئەم رژێمە بوونەتەوە راستییەکی تۆقێنەر. ژنانی ئێرانی لە ھەموو بوارەکانی خەباتی سیاسی و سەربازی و ئایدیۆلۆژیایی، لە ناو ئێران یاخود زیندانە ترسناکەکانی رژێمی مەلاکان یانیش لە دەرەوەی سنوورەکان، لە ھەموو بوارەکاندا توانا و لێھاتوویی خۆیان نیشان داوە و بوونەتەوە ئاڵاھەڵگر و رابەری بزوتنەوەی حەقخوازانەی گەلی ئێران. پیاوانی رەسەن و بە ئاگای ئێرانیش لەم مەسێرەدا ھاوکار و یارمەتیدەریانن و پێکەوە دیمەنێکی شکۆداری مرۆڤی ئەم سەردەمە وێنا دەکەن کە رۆژ بە رۆژ گەشە دەسەنێت و لە دواقوناغی ئەم رژێمەدا، باوەڕمەند و پێداگرن لەوەی پلانێکی نوێ بۆ ئێران بخەنە روو و رەگ و ریشەی توندڕۆیی ئیسلامی و ئەو دەسەڵاتە ھەڵتەکێنن کە دوژمنایەتی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز دەکات.

 

 

abdorrahman.m@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک