په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١\٢٠١١

لە شەڕی نێوان رۆشنبیر و مەلاکان کێ دەیباتەوە؟

توێژەری کۆمەڵایەتی: هێمن عومەر


ماوەیەکە گرژییەک کەوتووەتە نێوان هەندێک لە مەلاکان و کەسانێک کە بە رۆشنبیر ناودەبرێن، بەکرداریش هەندێک لەو کەسانە رۆشنبیرن و رۆشنبیربوون، بەڵام نازانرێت بۆ لە ئێستادا لەبەرامبەر بەو مەلایانە ئیرادەی پێشوویان لە دەستداوەو زۆرێک لەو بڕوایانەی کە پێشوو دەیانخستەڕوو و قسەی جدیان هەبوو ئێستا پڕۆژەکانیان هێندە کرچ و کاڵن ئەو تواناو هەڵوێستەی جارانی پێوەنەماوە، بە هەر حاڵ لە ئێستادا لەو شەڕوگرژییەدا چەند ئەگەرو گریمانەیەک هەیە کە یان مەلاکان دەیبەنەوەو رۆشنبیرەکان بەو بردنەوەیە شوناسی خۆیان لە دەستدەدەن یان ئەوەتا رۆشنبیرەکان دەیبنەوەو مەلاکان بێدەنگ دەبن، یان ئەوەتا یەکسان دەبن و هەردوولا لەبەرامبەر یەکتری بێدەنگی لێدەکەن،کە ئەوەیان بە دیدی من دۆڕاندنی هەردوولایە لە ئێستادا و دواخستنی شەڕەکەیە بۆ کاتێکی دیکە.


لە ئێستادا تۆپەکە لە گۆڕەپانی مەلاکان دەبینرێ بەو پێیەی لە پڕۆژەکەدا رۆشنبیر پێوایە گوتاری هەینی و مینبەری مزگەوتەکان مەترسییە لەسەر ئەوان، ئەوەش لە کاتێکدایە کە خۆیان داوای ئازادی زیاتر دەکەن و بۆ خەڵکیش بە رەوای نابینن کە ئازادانە قسەبکەن بەوەش رۆشنبیر هێندە بچوک دەکاتەوە لەو شوناسەی دادەماڵێت کە پێیوایە رۆشنبیر ئەو کەسەیە پەنجە بەڕووی کەموکورتیەکاندا بەرزدەکاتەوەو هەڵوێستی لە بارەی ژیانەوە هەیە، ئەو رۆشنبیرە نیشاننادات کە هیچ کات لە هیچ پێگەو دەسەڵات و هێزێک ناترسێت و بەردەوام قسەی جدی خۆی هەیە، ئەوەتا لەو پڕۆژەدا رۆشنبیر دەبێتە کەسێکی ترسنۆک و لە سێبەری دیواری مزگەوتەکان دەترسێت و بەوبێت بڵندگۆکان وەکو مەناعە سەربخەنە ناو مزگەوتەکانەوە نەوەکو خەڵکانێک لە دەرەوەی مزگەوتەکانیش گوێیان لە مەلاکان بێت.


هەربۆیەش بە دیدی من پڕۆژەکەی رۆشنبیران هێندە لاوازە وەکو ئەوە وایە مەلاکان بێن و داوابکەن لە بری هەزاران رۆژنامەو رادیۆ و پێگەی ئەلیکترۆنی و کەناڵی ئاسمانی داوابکەن یەک کەناڵی راگەیاندن هەبێت هەوەکو چۆن هیتلەر دەیووت ئەگەر 12 رۆژنامە لە وڵاتادا هەبێت ئەوە هەریەکەیان شتێک بڵاوبکەنەوە ئەوە سەر لە خەڵک دەشێوێنن، هەربۆیەش ئەگەر رۆشنبیران ئەو هەموو کەناڵ و پێگە راگەیاندنە بە رەوا بەخۆیان دەزانن و تیادا تەراتێنی نوسینیانە، دەبێت ئەوەش بۆ مەلاکان بەڕەوا ببینن کە هەریەکەیان لە بڵنگۆیەکەوە قسەی خۆیان هەبێت.


گرفتی راستەقینەی ئەو فەوزایە ئەوە نییە مەلاکان زۆرن و قسەکانیان زۆرن هەر کەچۆن گرفتی فەوزای راگەیاندن ئەوە نییە نوسەر زۆرە و نوسینەکانیش زۆرن، بەڵکو گرفتەکە ئەوەیە ئەو کەسانەی دەنوسن چی دەنوسن یان بە پێچەوانە ئەو مەلایانەی کە قسە دەکەن چی دەڵێن، گرفتە سەرەکەیەکە ئەوەیە ئاخۆ مەلاکان چەند تەشهیر دەکەن و چەند سوکایەتی بە رۆشنبیر و بەرهەمەکانیان دەکەن، چەندە جیقڵدانەیان تەسکە لەبەرامبەر ئازادیەکان، یان بە پێچەوانە رۆشنبیران چی دەنوسن و بۆچی دەنوسن؟ ئایا بەراستی نوسینەکانیان ئازادانەیە یان پێشێلکردنی ئازادیەکانە هەروەکو دەگوترێ ئازادی من لەوە دەست پێدەکات کاتێک ئازادی تۆ کۆتایی پێدێت، هەربۆیەش بە دیدی من گرفتەکە تێنەگەیشتنە لە قسەکردن و نەبوونی یاسایەکە ئەوانەی کە دەڵێن و دەنوسن لەسەر خراپبەکارهێنانی ئازادیەکان سزا بدات!!!

 


hemnumer@gmail.com