په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١٠\٢٠٢٤

لە شوێنێکدا ئاوەز نائامادە بێ

ئیدی ستەمكار خۆی دەخاتەڕوو!


تاڤگە سابیر       


پرسیاری ئەوەی ئەو شتە چی بوو لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا لە کوردستان روویدا و عێراقیش بوە تەختەی شانۆی ئەو نومایشە بە رووکەش، پرسیارێکی سادەیە و لەبەرئەوەی بە رووکاری دەرەوەدا پرسیارێکە گوایا ئاڵوزی هەڵناگرێ، لێرەوە دەشێ کۆمەڵێك وەڵامی سادەش خۆیان قووت بکەنەوە، وەکو بینیمان و دەبینین و دەیخوێنینەوە چ لە نێوەندی کوردی و چ لە میدیاکان رۆژانە وەڵامە سادەکان دەخرێنەڕوو، ئەو وەڵامانەی کە لە خۆی دەچن بۆ سەر برینێکی قووڵی ساڕێژنەبووی سەردەمەکان، ئەو وەڵامانەی کە تەنها بەرهەمی بینینێکی راگوزەری رووداوەکانن، بەرهەمی کەفوکۆڵی دیدێکی سادەن، بەرهەمی دوای تیرۆرکردنی ئاوەزن لە لایەن ستەمکاریی و کەف و کۆڵی سۆز و کەڵکەڵە نائاوەزییەکانەوە، لەمە ترسناکتریش ئەو وەڵامانە هەر خۆیان دەبنە دیوارێکی ئەستوور بۆ نەبینینی ئەو شتەی کە روویدا و ئەو شتەی خۆی خستەڕوو.

پرسیاری ئەوەی ئەو شتە چی بوو "روویدا" پرسیارێکی ئاڵۆزەو بیرکرنەوەو تێڕامان دەخوازێ و پێویستمان بە ئاوەز هەیە تا بزانین چی " روویدا"، بەڵام لە جێیەکدا ئاوەز تیرۆرکرابێ و ئیدی ژیریی خۆی ناخاتەڕوو، بەڵکو تەنها ئەوەی هەیە بریتی بێت لە دروشم و گوتاری میرەکانی جەنگ ( کە بە هەڵە بەسەرکردە ناو دەبڕێن) و .... باڵادەستی پەخشانەکانی ئایدیۆلۆژیستەکان و شیعر و ئاوەزیی شیعری، دیارە ئیدی ئومێدی زانینی ئەو شتەی، کە "روویدا" ئاشکراکردنی پەیامی ئەو شتەی لە ڕێگای رووداوەکانەوە خۆی نیشانداین ئومیدێکی لاوازە و ئەرێکە بە ئاستەم خۆی تەرجومەی واقیع دەکات.

ئەو شتە ، یان شتانەی کە " ڕوویاندا" رەنگە بە خیلی یان بەخیلیان نەکردبێت لە نیشاندانی حەقیقەتی شتەکان و مەسەلەکان ، بەڵام ئێمە ئامادە نەبووبێتین ، ئامادەبوون بە مانای حزورو بە مانای هەبوونی توانا و تەنها ، بەڵکو حەقیقەتی خۆشمان حەقیقەتی بوون و کەینونەی لە مێژینەی خۆمان و ئینجا نەبینینی حەقیقەتی چەندین سەدەی ژیانی سیاسی و هیکری و کەلتووری خۆمان ، واتا ئێمە لەوێ نەبووین تا ئەو حەقیقەتە ببینین و بە دیداری شادبین ، یاخود ئامادە بووین ، بەڵام لە ڕووی تۆنتۆلۆژی و ئیپستیمۆلۆژییەوە ئامادە نەبووین ، چونکە ئامادە نەکراوین بێ تواناین ، ئەو پەیامە گەردوونیە کە لە بوونی ئێمە دەدواو دەدوێ ببیستین و وەری بگرین ، ئامادە نەبوونیشمان نیشاندانی حەقیقەتی شتەکان و مەسەلەکان ، بەڵام ئێمە ئامادە نەبووبێتین ، ئامادەبوون بە مانای حزورو بە مانای هەبوونی توانا و ئامادە نەبین بۆ بینینی حەقیقەت ، حەقیقەتی نەك ئەو شتانەی " ڕوویاندا" بە تەنها ، بەڵکو حەقیقەتی خۆشمان حەقیقەتی بوون و کەینونەی لە مێژینەی خۆمان و ئینجا نەبینینی حەقیقەتی چەندین سەدەی ژیانی سیاسی و فیکری و کەلتوووی خۆمان.

واتا ئێمە لەوێ نەبووین تا ئەو حەقیقەتە ببینین و بەدیداری شادبین یاخود ئامادە بووین ، بەڵام لە ڕووی تۆنتۆلۆژی و ئیپستیمۆلپژیەوە ئامادە نەبووین ، چونکی ئامادە نەکراوین و بێ تواناین ئەو پەیامە گەردوونیە ، کە لە بوونی ئێمە دەدواو دەدوێ ببیستین و وەری بگرین ، ئامادە نەبوونیشمان هەم کەمتەرخەمیەکی مەعریفییەو هەم ئەخلاقی و هەم کەینونەیی ، رەنگە ئەو پەمامە هێندە سەنگین بێت ، رەنگە لە هەورە تریشقە بچێت ، کە ئێمە بەرگەی نەگرین ، ئاخر ئەو شتەی لەودیوو " ڕووداوەکانەوە" خۆی بەیان کرد هەموو سات خۆیمان نیشان نادوا لە هەموو " ڕووداوێکی" رۆژانەدا خۆی بەیان ناکا، سەنگینی ئەو پەیامە لەو مانا قۆوڵانە دەدوێ ، کە برینەکانمان ساڕێژ ناکەن ، بەڵکو دەیانکولێننەوە، ئەو پەیامە کە خۆی لەو شتەی " ڕوویدا" یان ڕوو دەدەن بەیانکرد پەیامێکی سك پڕبوو ، سك پڕ بە ماناو نامەی جۆراوجۆر ، ئەو پەیامە وەك بروسکە هات ، خۆی نیشانداین ، زاو لە چرکەساتێکدا ماناکان ، پەیامەکان ، بانگەکان لە دایك بوون و حەپەساین و واقمان وڕماو زپربەشمان تەنانەت ئەزیەتی بەر خۆر نەدا بحەپەسێ و شۆك بێت و یا چاومان کردەوە بروسکە ئاسا لە چاو تێپەڕی ، چی گوزەرا؟ زۆر شت و هیچیش.

کێشەی تێڕامانی ئاوەزیی و بیرکردنەوە لەلایەکەوە ئەوەیە ، کە پرۆسەیەکی لەسەرخۆیەو لەلایەکی دیکەوە چونکی رەهەندە جیاوازەکانی ئەو شتەی خۆی بەیانکرد دەخوێنێتەوە پرۆسەیەکە ددان بەخۆداگرتن دەخوازێ ، سۆزو کەڵکەڵە بارگاویەکان بە هەڵچوون و داچوونە دەروونیەکان داوای وەڵامی ئامادەکراومان لێدەکەن لە ئێستاداو لێرەداو بۆ ئەم چرکەساتە، بەڵام ئاوەز، کە لە بوونەوەرێکی بەتەمەن و بەساڵاچوو دەچێ زۆر لەسەر خۆیەو وەڵامی ئامادەکراوی پێ نییەوپەیڕەو لە پڕۆسەیەکی درێژخایەن دەکات ، لە ئاوەز و پرۆسەی ئاوەزییداا پەلەکردن نییە ، وەڵامی بەپەلە ، چارەسەری بەپەلە بوونی نییە، زۆرن ئەو رووداوە مێژووییانەی ، کە چەندین سەدە بەر لە ئێستە روویانداوەو تازا بەتازە ئاوەز پێماندەڵێ کەچی " ڕوویداو" پەیامی سەرەکی رووداوەکی چی بوو.


ئەو شتەی کە خۆی بەیاندەکات لە رووداوێکی گەورەدا، جا ئەو شتە هەرچییەك هەیە ، پەیامەکە پەیامی بوونە رۆح با پەیامێکی گەردوونی ، یەکێك لە خاسیەتەکانی وێڕای خۆبەیانکردنیشی بریتییە لە خۆشاردنەوە ، خۆ پەنهان کردن هەم خۆ بەیانکردن و هەم خۆشاردنەوە، کاتێك کە دەڵێین " شتێك روویدا" ئەوە مەبەستمانە بڵێین شتێك " ڕووی" ی خۆی نیشانداین لە ڕێگای کردارێکەوە، ئەگەر ئەو شتە هەموو "ڕوو"ی خۆی نیشانداباین هەموو بوونی خۆی خۆی و رەهەندەکانی و جوگرافیا جیاوازەکانی خۆی و پەیامەکەی بەتەواوی لەسەر خوانی ئەو کردارە، رووبەری روودانی شتی دیاریکراو بخستایە بەردەممان ئیدی هیچ پێویستمان بە ئاوەز و تێڕامان نەدەکردو تەنیا لە ڕێگای هەستەکانەوە هەستمان پێدەکردو دەمانبیبی و دەمان بیست و دەمان چێشت واتە هەر هەستەکان خۆیان دەبوونە ئەو کەناڵانەی ، کە لە ڕێگایانەوە دەمانتوانی تێبگەین ئەو شتە چی بوو " ڕوویدا" ، بەڵام خاسیەتی کەینونیانەی شت حەقیقەت رووداو بوون ئەوەیە ، کە لەو کاتەدا ، کە خۆی بەیاندەکا خۆشیمان لێ دەشارێتەوە، وەك بروسکە دێت بە زەبروزەنگ و بە توندوتیژیەکی سەرسوڕهێنەر خۆی بەیاندەکات ، بەڵام تا ئاوڕ دەدەینەوە حەقیقەتی خۆشیمان لێ دەشارێتەوە، چی " ڕوویدا" و بۆ " ڕوویدا" ؟ " ڕوو" دەدا ئێستا دوای بیست و چوار ساڵ نەدەزانین ئەنفال چی بوو و نەدەزانین بۆ " ڕوویدا" و ئەوە چی بوو " ڕوویدا" و پەیامەکان چی بوون؟ بگرە تەنانەت لەسەر ڕێگای تێگەیشتنیشنین بەرەو ئەنفال.

ئەنفال پڕ بوو بە ماناو لوغزو سومبول و پەیام و ئێمە لە هیچ تێنەگەیشتین و ئێستاش سەرقاڵی ڕەیپکردنی " لاقەکردنی سێکسی" ئەو رووداوەین ئەمەش بەگۆی پەخشانەکانمانەوە ، بەهۆی لێخۆش بوونەکانمانوە ، کە لا ناپاکی دەدوێ بەرامبەر بە ئەنفال و لەڕێگای ساویلکەییمانەوە، لەڕێگای بەخشینی هەق بە میرەکانی جەنگ ، کە ئەنفال بەکار بهێنن بۆ راوڕووتکردنی ووڵات موزایە دەکردن بە ئەنفالەوە ، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا ئێمە دەتوانین لە ئەنفال بگەین وەك چۆن جولەکە لە هۆلۆکۆست گەیشت؟ من گومانم هەیە لەوەی ، کە کورد لە ئەنفال بگاو نیشانەیەك لە ئارادا نییە ، کە باس لەوە بکا کە کورد نیازی هەیە لە ئەنفال بگا.

نیشانەکانیش زۆرن لەوێ ، کە باس لەوە دەکەن کورد نە تێگەیشت لە ئەنفال و نە لە رەمزو لوغزو پەیامەکانی ئەو کارەساتە حاڵی بوو وە نە بڕیاریشی داوە تێ بگا، ئەم حاڵی نەبوونەش لە ئەنفال خۆی لە خەلەلێك دەدوێ ، کە لە کوردایەو کورد پێوەی دەتلێتەوە ، من لەو باوەڕەدام ، کە کورد وەکو بوونەوەرێك بە دەست خەلەلێکی میتافیزیقییەوە دەناڵێنێ ، کە بەشێکە لە کیانی و چونکی هۆشیاریشی نییە ئاگای لەم خەلەلە کەینونیەی خۆی نییە.

 

ماڵپەڕی تاڤگە سابیر
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک