په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٩\٢٠٢٦

 لە ئەشکەوتەوە بۆ ئۆدە:

چۆن مێخەکان و زمان مێژووی ژیانمان دەگێڕنەوە؟


سەباح یاسین       

لە هێلکەوە بۆ خود: گێڕانەوەیەک دەربارەی زمان و ژیان.


شەوێکی زستانی کۆتایی چاخی بەستەڵەکە، نزیکەی دوانزە هەزار ساڵ لەمەوبەر. لە ئەشکەوتێکی زاگرۆسدا ئاگرێکی بچووک دەسووتێت و بۆنی دووکەڵ و داری تەڕ ئەشکەوتەکەی پڕ کردووە. ژنێک منداڵە تازە لەدایکبووەکەی لە باوەش گرتووە. ئەو هێشتا نووسین نازانێت، بەڵام دەنگی هەیە: دەنگێک بۆ ئاو، دەنگێک بۆ دایک، و دەنگێک بۆ ئەو شوێنەی تێیدا دەحەسێتەوە. ناوی ئەو ژنە نازانین، بەڵام ئەم گێڕانەوەیە چیرۆکی ئەوە؛ و وەک لە کۆتاییدا دەبینین، چیرۆکی تۆشە.
ئەو لە سەردەمێکی گواستنەوەدا دەژی. سەرما خەریکە کەم دەبێتەوە، و مرۆڤەکانی زاگرۆس — کە بۆ دەیان هەزار ساڵ ڕاوکەر و کۆکەرەوە بوون — وردە وردە فێری مانەوە لە یەک شوێن دەبن. لە زاوی چەمی شانەدەر، گوندێکی سەرەتایی لە نزیک ئەشکەوتی شانەدەر کە تەمەنی بۆ نزیکەی دوانزە تا سێزدە هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، مرۆڤەکان مەڕ و بزنیان زیاتر لە جاران ڕاو دەکرد؛ ڕاوکردنێکی هەڵبژێردراو کە ڕێگەی بۆ ماڵیکردنی ئەم ئاژەڵانە خۆش کرد. ئەم ژنە شایەتی خودی ئەو گۆڕانەیە.


هەزاران ساڵ دواتر، هەندێک لەو دەنگانە — یان سێبەری ئەوان — لەسەر تەختە قوڕینەکانی سۆمەر بوونە هێمای مێخی، و هەندێکی تریشیان لە زمانی ڕۆژانەی ئێمەدا ماونەتەوە. ئەمڕۆ کاتێک سەیری نووسینی مێخی دەکەین، زۆرجار وەک هێڵی گرافیکیی ڕووت یان نەخشی هەڕەمەکی دەیبینین؛ بەڵام کاتێک لە ڕوانگەی زمانەوانیی مێژوویی و شوێنەوارناسییەوە لێی ورد دەبینەوە، وشەکان وەک چەمکی کولتووری دەردەکەون کە لە کار، نیشتەجێبوون و چاندنی تۆوەوە لەدایک بوون.


ئەم وتارە بە دوای ئەو دەنگانەدا دەگەڕێت. زۆربەی ئەو شیکردنەوە وشەییانەی لێرەدا دێن — وەک پەیوەندیی «خۆ» و «خاک» و «خۆر»، یان «خێ» و «خێزان» — خوێندنەوەی تێڕامانین، نەک ڕەچەڵەکناسیی سەلمێنراو. ئامانجیان ئەوەیە پرسیار لە مێشکی خوێنەردا بجووڵێنن، نەک وەڵامی کۆتایی بدەنەوە.


١. ئاو: یەکەم دەنگ.


بەیانی، ژنەکە بەرەو کانییەکە دەچێت. ئاوەکە ئەوەندە ساردە کە پەنجەکانی دەتەزێنێت. لە ساڵانی سەختی بەستەڵەکدا، ئەو گرووپانەی لە زاگرۆس و دەشتەکانی دەوروبەریدا دەژیان پەنایان بۆ ئەشکەوت بردبوو؛ ئەشکەوتەکانی شانەدەر و زەرزی لە کوردستان شایەتی ئەو ژیانەن (بڕوانە: Akkermans & Schwartz, ٢٠٠٣).


ئاو یەکەم پێداویستیی ژیان بوو، و لەوانەیە یەکەم دەنگیش بووبێت. لە کوردیدا «ئاو» و «ئۆ» لە دەنگدا نزیکن، و «بیر» — چاڵی قووڵی ئاو — لەگەڵ «بیرکردنەوە» و «بیرۆکە»دا هاودەنگە؛ وەک ئەوەی زمان پێمان بڵێت بیرکردنەوەش دەرهێنانی ئاوە لە قووڵاییدا. دەنگە بزوێنەکانی «ئا، ئێ، ئۆ» لە «ئاو»، «ئاوایی» و «ئۆدا/دایک»دا دووبارە دەبنەوە؛ ئاو، شوێنی ژیان و دایک لە یەک تۆڕی دەنگیدان.


ئەمڕۆ کە پەرداخێک ئاو دەخۆیتەوە، هەمان کار دەکەیت کە ئەو ژنە لە کانییەکەدا دەیکرد. زیاتر لە نیوەی جەستەی تۆ ئاوە؛ ئەمە ڕاستییەکی زانستییە، نەک وێنەیەکی شیعری.


٢. ئەشکەوت و ئۆدە: جێی نووستن.


ئێوارە، ژنەکە منداڵەکەی لە تەنیشت خۆیەوە دەخەوێنێت. ئەشکەوت — و دواتر ئۆدە و ژوور — بوو بە یەکەم پەناگەی پاراستنی دایک و نەوە. ئەو دەنگانەی ژنەکە بۆ منداڵەکەی دەیانووت، لە زمانی ئێمەدا بە شێوەی جووتە دەنگ ماونەتەوە: «دا» و «دێ»، «زا» و «زێ»، «ما» و «مێ». «دا» دایکە؛ «زا» و «زێ» زاوزێ و بەردەوامیی نەوەیە؛ و «دێ» ئەو شوێنەیە کە دواتر، کاتێک مرۆڤ نیشتەجێ بوو و تۆوی چاند، بوو بە گوند. وشەی «دێ» پردێکە لە نێوان دایکایەتی و نیشتەجێبووندا.


لە نەوەکانی دوای ئەودا، کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک بەتەواوی بەرەو کشتوکاڵ و ماڵیکردنی ئاژەڵ چوون؛ گۆڕانێک کە بە «شۆڕشی نیۆلیتی» (Neolithic Revolution) ناسراوە. هەزاران ساڵ دواتر، نزیکەی ٣٢٠٠ ساڵ پێش زایین لە شاری ئوروک، نووسینی مێخی لەدایک بوو. لە سەرەتادا نووسینێکی وێنەیی بوو، و دواتر بوو بە سیستەمێک کە هەم وشە و هەم بڕگەی دەنگی تۆمار دەکرد.


سۆمەرییەکان ژووری نووستنیان بە تێکەڵەی 𒂍𒈿 دەنووسی، کە بە e₂-nu₂ دەخوێنرێتەوە. یەکەمیان بە مانای ماڵ و ژوورە، و دووەمیان بە مانای پاڵکەوتن و خەوتن. لە فەرهەنگ و دەقە سۆمەرییەکاندا، ئەم تێکەڵەیە بە مانای ژووری نووستن (bedchamber) هاتووە. تێکەڵەی 𒀉𒈿𒁕یش تۆمار کراوە، کە بە a₂-nud-da دەخوێنرێتەوە: هێمای یەکەم مانای باڵ و تەنیشت، و هێمای کۆتایی مانای لێوار و لا دەگەیەنێت. ئەگەر ئەم هێمایانە وەک وێنە بخوێنینەوە، دیمەنێکمان پیشان دەدەن: دوو مرۆڤ لە تەنیشت یەکتر، لە ناو سنووری پەناگەیەکدا پاڵکەوتوون (وردەکاریی هێماکان لە پاشکۆدا هاتووە).


ئەمشەو کە دەچیتە ئۆدەکەتەوە، بزانە ئەوە هەمان ئەو «ئۆدە»یەیە کە پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر لەسەر قوڕی سۆمەر نووسرا؛ و هەمان ئەو ئەشکەوتەیە کە ئەو ژنە منداڵەکەی تێدا خەواند.


٣. خا و خێ: هێلکە و ئاوی سوێر.


بەهار دێت. ژنەکە لە نێو گژوگیای بەردەم ئەشکەوتەکەدا هێلانەی باڵندەیەک دەدۆزێتەوە. هێلکەکان هێشتا گەرمن؛ دایکە باڵندەکە تازە لێیان هەستاوە. هێلکە سەیرترین شتی سروشتە: بەردێکی بچووک و بێدەنگ کە ژیانی لە ناودایە.


لە کوردیدا «خا» یەکێک لە ناوەکانی هێلکەیە، و هێشتا لە وشەی «خاگینە»دا ماوەتەوە. «خێ»یش بە ئاوی سوێرەوە گرێدراوە. لێرەدا دوو ڕاستیی زانستی لەگەڵ وێنەی زمانەکەدا یەک دەگرنەوە: ژیان لەسەر زەوی لە ئاوی سوێری دەریاوە سەری هەڵداوە، و هەر مرۆڤێکیش یەکەم نۆ مانگی ژیانی لە ناو شلەیەکی سوێری مناڵدانی دایکیدا — لە ناو «مێ»دا — بەسەر دەبات. هێلکەش هەمان چیرۆکە بە شێوەیەکی بچووکتر: ژیانێک لە ناو شلەیەکدا، لە پشت دیوارێکی ناسکەوە.


لەم ڕوانگەیەوە، وشەی «خێزان» — «خێ» و «زان» — دەتوانرێت وەک «ئەوانەی لە یەک ئاو زاون» بخوێنرێتەوە. خێزان تەنها کۆمەڵێک کەس نییە کە لە یەک ماڵدا دەژین؛ بەردەوامیی ئەو ئاوە سوێرەیە کە لە دایکەوە بۆ منداڵ و لە منداڵەوە بۆ نەوە دەگوازرێتەوە. «خا» و «خێ» — هێلکە و ئاوی سوێر — لەم وشەیەدا بەیەک دەگەن: سەرەتای ژیان و بەردەوامبوونی.


جارێکی تر کە فرمێسکت دێتە خوارەوە، تامی بکە: سوێرە. ئەو «خێ»یە هێشتا لە ناو تۆدایە.


٤. هێلکەی ڕەنگکراو: ڕوونی و ناڕوونی.


ئەو ژنە نەیدەزانی کە هەزاران ساڵ دواتر، نەوەکانی لە هەمان چیاکاندا هێلکە ڕەنگ دەکەن. ئێزدییەکان — کە زۆر لێکۆڵەر ناوەکەیان بە «ئیزد»، واتە بوونەوەری پیرۆز، دەبەستنەوە — شێوەی دێرینی باوەڕی سروشتییان لە ناو خۆیاندا پاراستووە. لە «چوارشەممەی سوور»دا، کە سەری ساڵی ئێزدییە و لە بەهاری نیساندا دەکەوێت، یادی دروستبوونی جیهان دەکەنەوە. بەپێی گێڕانەوەی ئێزدی، جیهان لە سەرەتادا دوڕێکی سپی بوو؛ ئەو دوڕە شکا و ئەرز و ئاسمانی لێ پەیدا بوو. هێلکەی ڕەنگکراو وێنەی ئەو ساتەیە: زەوی لە بەهاردا ڕەنگ و ژیان وەردەگرێت، و گوڵی سووری بەهار بە دەرگای ماڵەکانەوە دەکرێت (بڕوانە: Kreyenbroek, ١٩٩٥).


هەمان وێنەی هێلکە لە چەند دەنگێکی تریشدا دەبیسترێتەوە: لە نەورۆزدا هێلکەی ڕەنگکراو لەسەر خوانی سەری ساڵ دادەنرێت؛ لە کتێبی زەردەشتیی «بوندەهیشن»دا ئاسمان وەک توێکڵی هێلکەیەک وێنا کراوە کە زەوی لە ناویدایە؛ و لە جەژنی هەستانەوەی مەسیحیدا هێلکەی سوور وێنەی ژیانەوەیە.


پێویست ناکات ئەم نەریتانە لە یەکترەوە وەرگیرابن، و هیچیشیان خاوەنی تاکی ئەم وێنەیە نین. هێلکە پێش هەموو ئایینێک هەبوو: لە هێلانەی باڵندەدا، لە دەستی ئەو ژنەدا. ئایینەکان وەک دەنگێک هاتن کە مانایان بەم وێنەیە دا، هەروەک چۆن زمان دەنگێک بوو کە مانای بە دنیا دا. کەواتە ڕەنگکردنی هێلکە لە هەر جێیەکدا بێت، لە خودی هێلکە گەورەتر نییە؛ بەڵکو گێڕانەوەیەکی تری هەمان چیرۆکە: ژیان لە ناو شتێکی بێدەنگدا شاراوەیە و بەهار دەری دەخات.


لێرەوە ڕوونی و ناڕوونی دەبنە جووتێکی تری مانا. تۆو لە ژێر خاکدا و هێلکە لە ناو توێکڵدا ناڕوونن؛ ژیانیان هەیە، بەڵام نابینرێت. بەهار ڕوونیان دەکاتەوە. لە کار و بیری ئێزدیشدا هەمان جووتە هەیە: زانینی ئایینی زیاتر بە شێوەی زارەکی — لە «قەوڵ»ەکاندا — دەگوازرێتەوە و بەشێکی بە شاراوەیی دەمێنێتەوە؛ بەڵام ڕێوڕەسمی وەک چوارشەممەی سوور ئەو شاراوەییە بە ڕەنگ و چرا و گوڵ ئاشکرا دەکات. وەک ئەوەی باوەڕەکە خۆی تۆوێک بێت: بە شاراوەیی دەپارێزرێت و لە بەهاردا دەپشکوێت.


لێرەدا بازنەکە بە «دێ»وە دەبەسترێتەوە. دەنگ بوو بە وێنە، وێنە بوو بە مانا، و مانا بوو بە نەریت. «دێ» — ئەو شوێنەی دایک تێیدا ژیا و تۆوی تێدا چاندرا — هەمان ئەو شوێنەیە کە هێلکەی تێدا ڕەنگ دەکرێت. بەردەوامیی مانا لە دەنگەوە بۆ وێنە و لە وێنەوە بۆ ڕێوڕەسم، هەمان بەردەوامیی ژیانە لە «دا»وە بۆ «دێ».


ئەگەر هێلکە پێش ئایینەکان هەبووبێت، ئەو مانایەی تۆ بە ژیانی خۆتی دەدەیت لە کوێوە دێت: لە ڕێوڕەسمەکەوە، یان لەو ژیانەی ڕێوڕەسمەکە دەیگێڕێتەوە؟
٥. مار و مەل: ئەرز و ئاسمان.


ڕۆژێکی گەرمی بەهار، ژنەکە لە بەردەم ئەشکەوتەکەدا دانیشتووە. مارێک بە سەر بەردە گەرمەکاندا دەخشێت و لە کەلێنێکدا ون دەبێت؛ لە سەرووشیەوە هەڵۆیەک بە سەر چیاکەدا دەسووڕێتەوە. ژنەکە سەیری هەردووکیان دەکات: یەکێکیان بە ئەرزەوە نووساوە، ئەوی تریان لە ئاسماندایە.


ئەم دیمەنە تەنها خەیاڵ نییە. لە زاوی چەمی شانەدەر، هەر لەو سەردەمەدا، شوێنەوارناسان لە ناو بیناسازییەکی بازنەییدا کۆمەڵێک باڵی باڵندە ڕاوچییە گەورەکانیان — وەک داڵ و هەڵۆ — لەگەڵ کەللەسەری بزنی کێوی دۆزیوەتەوە. ڕۆز سۆلێکی ئەمەی وەک بەشێک لە ڕێوڕەسمێک لێک داوەتەوە کە تێیدا باڵ و پەڕی ئەو باڵندانە بۆ ڕازاندنەوەی جل یان سەرپۆش بەکار هاتوون (بڕوانە: Solecki, ١٩٨١). لەوانەیە هەزاران ساڵ پێش مەلەک تاووس، مرۆڤەکانی زاگرۆس باڵی مەلیان وەک هێمای بەرزبوونەوە لە خۆیان کردبێت.


هەزاران ساڵ دواتر، ئەم دوو گیاندارە لە ناوەندی باوەڕی ئێزدیدا دەبینینەوە. لە تەنیشت دەرگای لالشەوە، کە پیرۆزترین شوێنی ئێزدییەکانە، وێنەی مارێکی ڕەش لە بەردەکەدا هەڵکەندراوە. بەپێی گێڕانەوەیەکی ئێزدی، کە لە «مەسحەفا ڕەش»یشدا تۆمار کراوە، کاتێک کەشتییەکەی نووح لە لافاوەکەدا گەیشتە سەرووی چیای شەنگال، بە بەردێکدا کێشا و کون بوو؛ ئەو کاتە مارێک خۆی پێچایەوە و کونەکەی گرت و کەشتییەکەی لە نوقمبوون ڕزگار کرد (بڕوانە: Joseph, ١٩١٠). بەم شێوەیە مار — گیانداری ئەرز — دەبێتە پارێزەری ژیان لە بەرامبەر ئاودا؛ هەمان ئەو ئاوەی لە سەرەتای ئەم چیرۆکەدا سەرچاوەی ژیان بوو. لە بەرامبەریشدا «مەلەک تاووس» هەیە، کە بە وێنەی باڵندەیەک — تاووس — دەناسرێت.


مار بە سەر زەویدا دەخشێت و نزیکترین گیاندارە لە خاک؛ مەل باڵ دەگرێت و لە زەوییەوە بەرەو ئاسمان بەرز دەبێتەوە. یەکێکیان وێنەی نزمی و ئەرزە، ئەوی تریان وێنەی بەرزبوونەوە و ئاسمان. لەم دوو هێمایەدا هەمان جووتە دەبینینەوە کە سۆمەرییەکان بە «ئان-کی» ناویان دەبرد: ئاسمان و ئەرز، واتە گەردوون.
بەڵام لێرەدا ڕاستییەکی سەرسوڕهێنەر هەیە: مار و مەل هەردووکیان لە هێلکە دەردەچن. ئەو گیاندارەی بە ئەرزەوە نووساوە و ئەو گیاندارەی بەرەو ئاسمان دەفڕێت، سەرەتایان هەمان شتە: هێلکەیەکی بێدەنگ. کەواتە هێلکە — وەک دوڕە سپییەکەی گێڕانەوەی ئێزدی — ئەو خاڵەیە کە هێشتا ئەرز و ئاسمان تێیدا لە یەک جیا نەبوونەتەوە. «مەلەک» لە ڕووی ڕەچەڵەکەوە وشەیەکی سامییە، بەڵام لە گوێی کوردیدا دەنگی «مەل»ی تێدا دەزرینگێتەوە؛ ئەم هاودەنگییە بەڵگەی ڕەچەڵەک نییە، بەڵام وێنەی باڵ و بەرزبوونەوە لە زەینی خوێنەری کورددا زیندوو دەکاتەوە.


لە فارسیدا، کە دراوسێی نزیکی کوردییە، وشەی «تۆخم» هەم مانای تۆو و هەم مانای هێلکە دەگەیەنێت؛ لە کوردیشدا «تۆو» و «تۆخم» مانای تۆوی ڕووەک و ڕەگەز و نەوە دەبەخشن. زمان لێرەدا شتێک دەزانێت کە زانستیش پشتڕاستی دەکاتەوە: تۆو و هێلکە هەردووکیان ژیانێکی نووستوون. گیاندار یان ڕووەک شێوەی ژیانی خۆی لە ناو ئەواندا هەڵگرتووە، و چاوەڕێی کات و گەرمی و ئاو دەکات تا دەربکەوێت و شێوەی ژیانی خۆی لە ژیاندا بدۆزێتەوە.


لە ژیانی خۆتدا زیاتر مارێکیت کە بە خاکەوە نووساوە، یان مەلێک کە باڵ دەگرێت — یان هێلکەیەک کە هێشتا هەردووکیانی لە ناودایە؟


٦. خود، خودا، خاک و خۆر.


هاوینی ئەو ساڵە، ژنەکە چەند دەنکێک لە گەنمی کێوی لە نزیک ئەشکەوتەکە دەخاتە ناو خاکەوە و چاوەڕێ دەکات. خاک تۆوەکە وەردەگرێت و هیچی بۆ خۆی ناهێڵێتەوە؛ خۆریش ڕووناکییەکەی ناژمێرێت و بەسەر هەموو لایەکدا دەیبەخشێت. لە نێوان ئەم دووانەدا گەنم دەڕوێت.


لە هەمان سەردەمدا، نزیکەی ١١٬٦٠٠ ساڵ لەمەوبەر، لە گرێ میزاران (گۆبەکلی تەپە) — نزیک ڕوها لە باکووری میزۆپۆتامیا — مرۆڤەکان پایەی گەورەی بەردینیان بە شێوەی پیتی T لە ناو بازنەدا چەقاند (بڕوانە: Schmidt, ٢٠٠٦). ئەو پایانە وەک دار لە نێوان خاک و خۆر، ئاو و هەوادا وەستاون؛ وەک ئەوەی مرۆڤ ویستبێتی بڵێت: ئێمەش لێرەین، لە نێوان ئەم هێزانەدا.


«خۆ»، «خاک» و «خۆر» بە یەک دەنگ دەست پێ دەکەن، و «خود» و «خودا»ش هەر بەو دەنگە؛ وەک ئەوەی زمان بیرمان بخاتەوە کە خود لە هەمان ماددەی ژیان دروست بووە. خود کاتێک تەنها خۆی دەبینێت، لە خوداوە دوور دەکەوێتەوە؛ وەک ئەشکەوتێک کە دەمی بە بەردێک گیرابێت. بەڵام کاتێک وەک خاک وەردەگرێت و وەک خۆر دەبەخشێت، لە مانای ژیان و لە مانای خوداوە نزیک دەبێتەوە — نەک بە مەزنکردنی خۆی، بەڵکو بە کردنەوەی خۆی.


ئەفسانە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا هەمان شت دەڵێن. لە داستانی ئەکەدیی «ئەتراحەسیس»دا مرۆڤ لە قوڕ دروست دەکرێت و ئەو قوڕە تێکەڵ بە خوێن دەکرێت (بڕوانە: Lambert & Millard, ١٩٦٩). لە عیبریشدا ناوی «ئادەم» بە «ئەدامە»، واتە خاک، بەستراوەتەوە. واتە مرۆڤ خاکە و ئاوە و خوێنە؛ بەشێکە لە زەوی، نەک شتێکی دابڕاو لێی. زمانی داپیرانمانیش مرۆڤی لە ڕیزی «ماس»، «مار»، «مەل» و «مێروو»دا وەک گیاندارێک ناساندبوو، و لە جووتی «ئادەم» و «هاودەم»دا ئەوەی پاراستووە کە مرۆڤ هەرگیز بە تەنها نییە: هاودەمی خاک و ئاو و مرۆڤەکانی ترە.


بەڵام نەوەکانی ئەو ژنە ڕێگەیەکی تریشیان گرت. چەند هەزار ساڵ دواتر، کاتێک گوندەکان بوون بە شار، لە سۆمەردا کەسێک لە سەرووی خەڵکەوە وەستا و ناوی لێ نرا «لوگال» (lu₂-gal)، واتە پاشا. مانای ڕاستەوخۆی ئەم وشەیە «مرۆڤی گەورە»یە: «لو» بە مانای مرۆڤ و «گال» بە مانای گەورە. زمان لێرەدا شایەتی ئەو ساتەیە کە مەزنی لە خاک و خۆرەوە گوازرایەوە بۆ مرۆڤێکی تاک. لەوەودوا مرۆڤایەتی لە نێوان «شەیتان» و «خودا»دا دابەش کرا، و خود لە خاک دابڕا و وای زانی دەتوانێت بە تەنها مەزن بێت. ئەم دابڕانە هێشتا لە ئێمەدا هەیە؛ بەڵام ونبوونێکە کە دەکرێت بگەڕێندرێتەوە، نەک چارەنووسێکی نەگۆڕ.


ئەو خاکەی ئەمڕۆ لە ژێر پێتدایە، ڕەنگە هەمان ئەو خاکە بێت کە دوانزە هەزار ساڵ لەمەوبەر تۆوی ئەو ژنەی وەرگرت.


٧. دێ و زار: یادەوەریی زارەکی.


زستانێکی تر دێت. ژنەکە منداڵەکەی لە باوەش دەگرێت و بە دەنگێکی نزم بۆی دەچرێت تا بخەوێت. پێی دەڵێت: «چاو بنووقێنە و بە گوێی دڵ گوێ بگرە.» منداڵەکە ئێستا تەنها دەنگەکە دەبیستێت؛ بەڵام ڕۆژێک کە پێ دەگات، لە واتای قسەکەی دایکی تێ دەگات. ئەو ژنە هیچ نووسینێکی نییە، بەڵام ئەوەی دەیچڕێت لە بیری منداڵەکەدا دەمێنێتەوە؛ و منداڵەکە ڕۆژێک بۆ منداڵی خۆی دەیچڕێتەوە. زمان بەم شێوەیە، پێش ئەوەی بنووسرێت، لە دەمەوە بۆ گوێ و لە دایکەوە بۆ منداڵ گوازرایەوە.


دوانزە هەزار ساڵ دواتر، کاتێک سێ یان چوار ساڵ بووم، دایکم لە شەودا کە جێرۆکی بۆ دەگێڕامەوە؛ پێ دەگوتم: «چاو بنووقێنە و بە گوێی دڵ گوێ بگرە.» ئەو ئەم قسەیەی لە دایکی خۆیەوە فێر ببوو. دایکی ئەویش کچی پیاوێک بوو کە لە سەردەمی خۆیدا دەرمانساز و جەڕاح بوو؛ و بەپێی ئەوەی لە دایکمەوە بیستوومە، ئەو پیاوە ئەم پیشەیەی لە باوانیەوە بۆ مابووەوە. ئەمانە هەموویان وتەی زارەکین: هیچیان نەنووسراونەتەوە، و من تەنها لە دەمی دایکمەوە بیستوومن. بەڵام هەر ئەمە خۆی شایەتی قسەکەیە: زانینی دەرمان و برین، هەروەک لایەلایە و قسەی دایک، لە ناو خێزاندا و لە دەمەوە بۆ گوێ گوازراوەتەوە. کەس نازانێت ڕستەکە یەکەمجار کەی و لە کوێ وترا؛ بەڵام ئەوە دەزانین کە بە هیچ کتێبێکدا تێنەپەڕیوە. لە دەمی دایکێکەوە بۆ گوێی منداڵێک، و لەوێوە بۆ دەمی دایکێکی تر، هاتووە تا ئەمڕۆ.


کورد بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ یادەوەریی خۆی بەم ڕێگەیە پاراست. لایەلایەی دایکان، بەیت و لاوکی دەنگبێژان، و چیرۆکی شەوانی زستان لە بەر ئاگردا، سەدان ساڵ پێش ئەوەی بنووسرێنەوە، لە زارێکەوە بۆ زارێکی تر گوازرانەوە. لەم زارەدا ئەفسانە و مێژوو پێکەوە دەژیان: بەیتی «مەم و زین» ئەفسانەیەکی کۆنی خۆشەویستی هەڵگرتووە، و بەیتی «قەڵای دمدم» ڕووداوێکی سەرەتای سەدەی حەڤدەهەم دەگێڕێتەوە؛ و هەردووکیان پێش ئەوەی ببنە کتێب، لە سەر زاری دەنگبێژان مانەوە.


ئەم نەریتە زارەکییە ڕێک بەو شێوە ژیانەوە بەستراوەتەوە کە ژنەکەی ئەشکەوت دەستی پێ کرد: ژیانی جووتیاری لە دێیەکی بچووکدا، کە تێیدا خێزان و خێڵ بنچینەی کۆمەڵگا بوون. لە دێیەکی بچووکدا هەموو کەس یەکتری دەناسێت، و وشە و چیرۆک لە ناو خێزان و خێڵدا مانا وەردەگرن. تەنانەت لە دەنگی وشەکانیشدا، «خێ»ی «خێزان» لە «خێڵ»یشدا دەبیسترێتەوە.


ئەم بەردەوامییە ڕێگری لە گۆڕانی مانا نەکرد؛ زمان هەمیشە گۆڕاوە و وشەکان مانای نوێیان وەرگرتووە. بەڵام شێوەی ژیانی «دێ» و «دایک»ی پاراست، لەگەڵ ئەو وێنە خەیاڵییانەی ماناکانیان هەڵگرتبوو. کاتێک ژیان لە سەدەیەکەوە بۆ سەدەیەکی تر لە هەمان کێڵگە و هەمان کانی و هەمان ئۆدەدا بەردەوام دەبێت، وێنە کۆنەکانی ناو زمانیش زیندوو دەمێننەوە.


یەکێک لەو شتانەی ئەم شێوە ژیانە پاراستی، جێگەی ژن بوو لە ژیانی ڕۆژانەدا. لە دێی کوردیدا ژن لە کێڵگە و ڕەز و کۆچی هاوین و زستاندا شانبەشانی پیاو کاری دەکرد؛ لە گۆڤەند و هەڵپەڕکێدا دەستی لە دەستی پیاو دەنا؛ و لە زۆربەی دێکاندا ڕووی دانەدەپۆشی. ئێلی بانیستەر سۆن، کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بە کوردستاندا گەڕا، سەرسامیی خۆی بەم ئازادییە نووسیوەتەوە و باسی عادیلە خانمی کردووە، کە ئەو کاتە فەرمانڕەوایی هەڵەبجەی دەکرد (بڕوانە: Soane, ١٩١٢). ئەمە بەو مانایە نییە کە ژیانی دێ بێ نادادپەروەری بووە؛ ژنی کورد نادادپەروەریی زۆری بینیوە و هێشتا دەیبینێت. بەڵام نیشانی دەدات کە شێوەی ژیانی سروشتیی دێ، لەو شوێنانەی ئایدیۆلۆژیا و دەسەڵاتی گەورە کەمتر دەستیان پێی گەیشتووە، ڕێزی «مێ» و «دایک»ی لە ناخی خۆیدا هەڵگرتووە و کەمتر شێواوە.


ئەی تۆ؟ ئەو لایەلایەیەی دایکت بۆی دەگوتیت، ئەو لە کێ فێری ببوو؟ و ئەو کەسە لە کێ؟

٨. تێگەیشتن و پێگەیشتن.


زمانی کوردی خۆی وێنەی ئەم ژیانەی هەڵگرتووە. دوو وشە وەربگرە کە هەموو ڕۆژێک بەکاریان دەهێنین: «تێگەیشتن» و «پێگەیشتن». لە ڕووی ڕێزمانەوە، هەردووکیان لە کاری «گەیشتن»، واتە گەیشتن بە شوێنێک، دروست بوون، و تەنها پێشگرەکەیان جیاوازە: «تێ» ئاماژەیە بە ناوەوە، و «پێ» ئاماژەیە بە «پێوە» و «بەوە»؛ لە گوێی کوردیشدا «پێ»ی ڕێگە و ڕۆیشتنی تێدا دەبیسترێت. کەواتە «تێگەیشتن» واتە گەیشتن بە ناوەوەی شتێک، و «پێگەیشتن» واتە گەیشتن بە تەواوبوون — وەک گەنمێک کە پێ دەگات، یان منداڵێک کە گەورە دەبێت.


ئەگەر وشەکان وردتر شی بکەینەوە — «تێ + گە + ی + شت + ن» و «پێ + گە + ی + شت + ن» — دەبینین بەشی ناوەڕاستیان یەکە و تەنها سەرەتاکەیان جیاوازە. ئەمە دوانەیەک دروست دەکات کە لە سەرتاسەری ئەم گێڕانەوەیەدا بینیومانە. تێگەیشتن ڕوو لە قووڵایی و ناوەوەیە، وەک تۆو کە دەچێتە ناو خاکەوە: نزمی و جێ. پێگەیشتن ڕوو لە گەشە و بەرزبوونەوەیە، وەک گەنم کە بەرەو خۆر دەڕوێت: بەرزی و کات. یەکێکیان وزەی ناوەوەیە، ئەوی تریان هێزی دەرکەوتن. بێ یەکتری تەواو نابن: مرۆڤ تا تێ نەگات، پێ ناگات؛ و تا پێ نەگات، بە تەواوی تێ ناگات.


هەر بەم شێوەیە، زمانی کوردی جووتەکانی تریشی پاراستووە: «مێ» و «مێرد»، «هاودەم» و «ئادەمی». «مێرد» لە دەنگدا بە «مێ» دەست پێ دەکات، و «ئادەمی» بێ «هاودەم» تەواو نابێت. وەک ئەوەی زمان پێمان بڵێت هیچ شتێک بە تەنها مانای نییە؛ مانا لە جووتدا لەدایک دەبێت.


٩. ناونان: کردگاریی زمان.


ئێوارەیەکی پاییز، ژنەکە منداڵەکەی لە بەردەم ئاگرەکەدا دادەنێت و بۆ یەکەمجار بە دەنگێکی تایبەت بانگی دەکات. ئەو دەنگە هی هیچ شتێکی تر نییە؛ تەنها هی ئەم منداڵەیە. لەو ساتەدا شتێکی نوێ لە جیهاندا دروست دەبێت: ناو. دایک بە دەنگێک مرۆڤێکی لە ناو هەموو مرۆڤەکاندا جیا کردەوە و مانای پێ بەخشی. ئەمە کردگاریی زمانە: شتەکان ناو دەنێت و بە ناونان بوونیان پێ دەبەخشێت. ئێمەش هەر کاتێک قسە دەکەین، هەمان کار دەکەین و بەردەوامی بە ئافراندنی مانا دەدەین.


ئەو دەنگانەی ژنەکە بۆ ئاو و دایک و پەناگە و منداڵەکەی دەیووتن، نەمردن. لە قوڕی سۆمەردا بوونە مێخ، و لە زمانی کوردیدا بوونە وشە. لە ڕووی زمانەوانییەوە، ئەم دوو زمانە سەر بە یەک خێزان نین: کوردی زمانێکی هیندۆئەورووپییە و سۆمەری زمانێکی تاک و بێخێزانە (language isolate). پەیوەندییان لە ڕێگەی جوگرافیای هاوبەش، کولتوور و بەرکەوتنی درێژخایەنەوەیە، نەک ڕەچەڵەکی زمانەوانی. بەڵام هەردووکیان یادەوەریی ئەو مرۆڤانەیان پاراستووە کە لە زاگرۆس و میزۆپۆتامیادا ژیانی جووتیارییان داهێنا.


بیرۆکەی سۆمەریی «ئان-کی» بە مانای «ئاسمان و ئەرز» — واتە گەردوون — لێرەدا مانای تەواوی خۆی وەردەگرێت: جیهان بە جووتێک ناو دەبرێت، هەروەک «دا» و «دێ»، «خا» و «خێ»، «مار» و «مەل»، «خاک» و «خۆر»، «تێ» و «پێ»، «مێ» و «مێرد». هێلکەیش ئەو خاڵەیە کە ئەم جووتانە هێشتا تێیدا یەکن.


گەڕانەوە بۆ ئاگرەکە.


لە ئەشکەوتی شانەدەردا، لە چینەکانی سەرەوەی خاکەکەدا، شوێنەوارناسان گۆڕستانێکیان دۆزیوەتەوە کە هی هەمان سەردەمی سەرەتای نیۆلیتییە. زیاتر لە سی کەس لەوێ نێژراون، و هەندێکیان لەگەڵ مووروو و کەرەستەی ڕازاندنەوەدا (بڕوانە: Solecki et al., ٢٠٠٤). لەوانەیە ژنەکەی ئەم گێڕانەوەیە یەکێک لەوان بێت. ناوی نازانین؛ بەڵام دەنگەکەی لە ئێمەدا ماوە.


ئەمشەو کە چرای ئۆدەکەت دەکوژێنیتەوە، بیر لەو ژنە بکەرەوە کە لە ئەشکەوتێکی زاگرۆسدا ئاوی لە کانییەکە هێنا، منداڵەکەی خەواند، هێلکەیەکی گەرمی لە هێلانەیەکدا دۆزییەوە، سەیری مار و هەڵۆی کرد، تۆوێکی خستە ناو خاکەوە، لایەلایەیەکی چڕی و ناوێکی بە منداڵەکەی بەخشی. تۆ درێژکراوەی ئەویت: لە ئاوی سوێری دایکێکەوە هاتوویت، لە خاک و خۆر دروست بوویت، و ناوێکت هەیە کە کەسێک یەکەمجار بە دەنگی خۆی پێی بەخشیت.


ئەم گێڕانەوەیە هەوڵێک بوو بۆ تێگەیشتن؛ بۆ گەیشتن بە ناوەوەی وشەکان. پێگەیشتن کاری ژیانە. زمانیش هەر بەو شێوەیە پێگەیشت: وەک گەنمی ئەو ژنە، دوانزە هەزار ساڵ لە ناو خاک و ئاو و خۆری ژیاندا گەشەی کرد، لە دایکەوە بۆ منداڵ و لە دێیەکەوە بۆ دێیەکی تر، تا گەیشتە سەر زاری تۆ. کەسێک کە لە زمانی خۆی تێ دەگات، لە ژیانی سروشتی و گەردوونیی خۆشی تێ دەگات؛ و کەسێک کە لە ژیان تێ بگات، وەک زمانەکەی پێ دەگات.


لەوانەیە پرسیارەکە ئەوە نەبێت کە خودا لە کوێیە. لەوانەیە پرسیارەکە ئەمە بێت: تۆ وەک خاک چەند وەردەگریت، و وەک خۆر چەند دەبەخشیت؟


پاشکۆ: هێما مێخییەکانی ژووری نووستن
ئەم هێمایانە لە فەرهەنگە مێخییەکانی وەک ePSD و CDLIدا تۆمار کراون:
هێمای یەکەم: 𒀉 — خوێندنەوەی a₂
مانا و زەمینە: باڵ، لا، هێزی کار، و ئەو پەناگە تەنیشتییەی مرۆڤ تێیدا حەساوەتەوە.
مانای ئەکەدی: aḫu و idu
مانای کوردی: باڵ، پەل، شاخ، لا، توانا، هێز، تەنیشت
هێمای دووەم: 𒈿 — خوێندنەوەی nu₂ یان nud
مانا و زەمینە: پشوودان، پاڵکەوتن و خەوتنی مرۆڤ لە ژینگەی ئارامی ئەشکەوت یان ئۆدەدا.
مانای ئەکەدی: utūlu
مانای کوردی: پاڵکەوتن، خەوتن
هێمای سێیەم: 𒁕 — خوێندنەوەی da
مانا و زەمینە: هێڵ و سنووری نێوان دەرەوە و ناوەوەی پەناگە؛ لێوار و تەنیشتی شوێنی ژیان.
مانای ئەکەدی: idu
مانای کوردی: هێڵ، لێوار، تەنیشت
هێمای چوارەم: 𒂍 — خوێندنەوەی e₂
مانا و زەمینە: خانوو، ماڵ و ژوور؛ ئەو شوێنەی مرۆڤ تێیدا بوون و موڵکی خۆی دامەزراندووە.
مانای ئەکەدی: bītu
مانای کوردی: ئۆدە/ژوور، خانوو، پەناگە، پەرستگا، موڵک


پەراوێزی زمانەوانی.


ئەم خوێندنەوانەی خوارەوە لە هەمان ڕوانگەی تێڕامانییەوەن و بۆ بەردەوامیی بیرکردنەوە لێرەدا تۆمار کراون:


ئۆدە: «ئۆ» و «دە»؛ ئاو و دە پەنجەی دوو مرۆڤ کە لە باوەشی یەکدا پاڵکەوتوون.
ژان: ژیان وەک ئازار و هەوڵی لەدایکبوون و مانەوە.
مێشک: «مێ» و «شک»؛ توانای بیرکردنەوە و گومانی «مێ» لە بەخشینی مانا بە زمان.
جووتیار: «جووت» و «یار»؛ زمان وەک ئامرازی گرێدان، نەک تەنها «گفت» و «گۆ».
کێڵان: «کی»ی سۆمەری بە مانای زەوی، کە لە کوردیدا لە کردەی کێڵاندا ڕەنگی داوەتەوە.
خێڵ: «خێ»ی ئاوی سوێر، کە لە «خێزان»دا هەیە، لە «خێڵ»یشدا دەبیسترێتەوە.

_______________________________________________
سەرچاوەکان:
فەرهەنگی سۆمەریی پەنسیلڤانیا (ePSD): بنکەی زانکۆی پەنسیلڤانیا بۆ شیکردنەوەی وشە مێخییەکان و بەراوردکردنیان لەگەڵ زمانی ئەکەدیدا (e₂-nu₂ / a₂-nud-da).

ئەرشیفی ئەلیکترۆنیی ئەدەبیاتی سۆمەری (ETCSL): کۆمەڵەی دەقە ئەدەبییە سۆمەرییەکان، لەوانە سیلیندەرەکانی گودیا (٢.١.٧).
پرۆژەی کتێبخانەی دیجیتاڵیی مێخی (CDLI): سەرچاوەی تۆمارکردنی شوێنەوار و دەقە مێخییە دۆزراوەکان، کە دەرکەوتنی ئەم وشەیە لە سەردەمەکانی ئوری سێیەم (Ur III)، لەگەشی دووەم (Lagash II) و بابلیی کۆن (Old Babylonian)دا نیشان دەدات.

Akkermans, P. M. M. G., & Schwartz, G. M. (2003). The Archaeology of Syria: From Complex Hunter-Gatherers to Early Urban Societies (c. 16,000–300 BC). Cambridge: Cambridge University Press.
Joseph, I. (1919). Devil Worship: The Sacred Books and Traditions of the Yezidiz. Boston: Richard G. Badger.
Kreyenbroek, P. G. (1995). Yezidism: Its Background, Observances and Textual Tradition. Lewiston: Edwin Mellen Press.
Lambert, W. G., & Millard, A. R. (1969). Atra-ḫasīs: The Babylonian Story of the Flood. Oxford: Clarendon Press.
Schmidt, K. (2006). Sie bauten die ersten Tempel: Das rδtselhafte Heiligtum der Steinzeitjδger. Mόnchen: C. H. Beck.
Soane, E. B. (1912). To Mesopotamia and Kurdistan in Disguise. London: John Murray.
Solecki, R. L. (1981). An Early Village Site at Zawi Chemi Shanidar. Bibliotheca Mesopotamica 13. Malibu: Undena Publications.
Solecki, R. S., Solecki, R. L., & Agelarakis, A. P. (2004). The Proto-Neolithic Cemetery in Shanidar Cave. College Station: Texas A&M University Press.

 

ماڵپه‌ڕی سەباح یاسین

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک