په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١٢\٢٠١٥

لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیە و میواننەوازیی فەرمانداریی بۆرجوازی کوردستان.

 

هەژێن


ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٩٢ کاتێك کە پارتییە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان [پدک و ینک و حسك] بۆ وەدەرنانی پەکەکە لە باشوور لەشکری دەوڵەتی تورکیە دەهێننە کوردستان و پێشلەشکریی دەکەن، ئەو کات جەماوەر هەڵوێستێکی سەربەخۆخوازانەی لە خۆی نیشاننەدا.

ساڵی ١٩٩٦ پاش سێ ساڵ جەنگی نێوخۆیی، جارێکی دیکە لەشکری دەوڵەتی تورکیە وەك ناوبژیوان دێتەوە باشوور و بۆ هەمیشە لە کۆمەڵێك ناوچە بنکەی سەربازیی و سیخوڕیی دادەکوتێت، بەداخەوە جەماوەر هەڵوێستێکی سەربەخۆخوازانەی لە خۆی نیشاننەدا.

لە ساڵی ١٩٩٧ تا ئێستا چەندین جاری دیکە بە میوانداریی فەرمانداریی بۆرجوازی کوردستان، بە دیاریکراویی دەسەڵاتدارانی (پدک) ڕێگە بە لەشکری دەوڵەتی تورکیە دراوە، تاوەکو بێتە سنووری باشوور و پەلاماری هێزەکانی پەکەکە لە قەندیل بدات، بەداخەوە هەموو جارێك بێجگە لە ناڕەزایەتی کەمینەیەکی زۆر کەم، کە لایەنگر و دۆستی پەکەکە بوون، جەماوەر هەڵوێستێکی سەربەخۆخوازانەی لە خۆی نیشاننەداوە.

وەك هەمووان دەزانن، کاتێك کە داعش ناوچەکانی زومار و شەنگال و مەخموور داگیردەکات، ئەگەر هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە و هەپەگە نەبوونایە، ئەوا هەنووکە هەولێر وەك ڕەقە پایتەختی ولایەتێکی دیکەی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی دەبوو. هەر لەو کاتەدا بە بەرچاوی هەمووانەوە لە سیناریۆیەکدا دەسەڵاتدارانی (پدک) هەزاران چەکداری خۆیان کشاندەوە، تاوەکو (داعش)ی میوان بەبێ بەرەنگاری خەڵکی کریست و شەبەك و کاکەیی و ئێزیدی جینۆسایدبکات، بەداخەوە جەماوەر هەڵوێستێکی سەربەخۆخوازانەی لە خۆی نیشاننەدا و بێهەڵوێست کەتوارەکەی پەسەندکرد.

وەك دەبینین، ئەوەتا سەرەنجامی ئەو بێهەڵویستییە لەشکرکێشیی دەوڵەتی تورکییەیە بۆ سەر باشوور، کە تێیدا دەسەڵاتدارانی بۆرجوازی کورد خاترجەم لەتەك میوانەکان خەریکی پلانڕێژیی و زەمینەسازین بۆ پەلاماری هێزەکانی هەپەگە و یەپەگە و یەپەژە و یەپەشە.... تد.

بێجگە لەو دەرکەوتانەی ساڵانی ڕابردوو، هەروەها لە مانگ و هەفتە و ڕۆژانی رابوردوودا دەسەڵاتدارانی بۆرجوازی هەرێم بە دیاریکراویی سەرانی (پدک) چەندین پیلانیان بۆ دەرپەراندنی هێزەکانی یەپەگە و هەپەگە لە باشوور دارشت و لەتەك شکست ڕووبەڕوو بوون. بە هەموو پێوەرێکی کەتواریی و لۆجیکی و ژیریی مرۆڤ، هێنانی لەشکری تورکیە بۆ باشوور لەم ساتەدا یەکەم بەرەنجامی شکستی هەوڵە نەگریسەکانی پێشووتری دەسەڵاتدارانی بۆرجوازی هەرێمی کوردستان و سەرانی پدک و دەزگەی سیخوڕیی دەوڵەتی تورکیەیەن بۆ دەرپەراندنی هەپەگە و یەپەگە و لەوەش زیاتر و گرنگتر پاراستنی کاروانی تانکەرە نەوتەکانی (داعش)ە بەرەو تورکیە، کە بەهۆی بۆمبارانەکانی روسیا لە سنووری سوریە-تورکیە تێپەڕینیان کەوتووەتە مەترسی و ئەردۆگان و دەسەلاتدارانی هەرێم و هاوپەیمانان دەزانن کە روسیە بۆمبارانی هەریمی کوردستان ناکات و ئەگەر ئەو کارەش بکات، ئەوا دەکەوێتە تەڵەیەکی مێژوییەوە، هەروەها ئەگەر دەولەتی فەرمانداریی نیوەندیی عیراق ئەو کارە ئەنجامبدات، دیسانەوە سەرانی پدک وەك دۆزینەوەی هەنگوین لە کونەداردا دەکەونە گارەگاری ناسیونالیستی و گەرمکردنەوەی گاڵتەجاریی "دەولەتی کوردی" لە سایەی لەشکری نیئۆ-ئوسمانییەکان، هەر ئاوا کە لە کاتی هاتنی (داعش) هەمان گاڵتەجارییان بۆ خەڵکی دەبەن و خۆشباوەڕ بە ناسیونالیزم بەڕێخست.

لێرەدا پرسیارێك یەخەماندەگرێت، ئایا جەماوەری بێدەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بە هاتنی لەشکرکێشیی دەوڵەتان و ڕژێمەکانی ناوچەکە ڕازییە و وەك دەسەڵاتدارانی بۆرجوازی کورد هاوبەرژەوەندی داگیرکەرانە و بۆ وەدەرنانی ئەوانەی دوێنێ [هەپەگە و یەپەگە و یەپەژە] ئێمەیان پاراست، هاتنی لەشکری تورکیە پەسەند و پێویست دەزانیت ؟

سەرەنجام بۆ کەسانی وریا و هوشیار، کە توانان هەیە، لە بێدەنگیی هاوپەیمانان و دەسەڵاتدارانی بۆرجوازی کورد بەرانبەر لەشکرکێشیی دەوڵەتی تورکیە، تێبگەن، بێجگە لە هەڵخڕاندنی بەرەی خەڵکی ناڕازی و سەربەخۆخواز لە دەرەوەی هەوڵ و پلان و هەڵپەی پارتییە هەڵپەرستەکان، هیچ ڕێگەیەکی دیکە نەماوە و نامێنێتەوە.

بە گوێرەی ئەزموون و تێگەییشتنی من لەم ساتەدا تەنیا ئەم چەك و شێوازانە دەتوانن کارابن:


- بایکۆتی کڕینی شمەك و هاوردەی تورکیە لەلایەن دانیشتووانی هەرێمی کوردستان [ئەم هەنگاوە لە هەموو هەنگاوەکانی دیکە کاراتر و گرنگترە].

- خۆنیشاندانی بەردەوام لە گشت ناوجەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە ناوچەی بادینان و هەروەها ناوچە سنوورییەکانی باکوور لەتەك هەرێم.

- پەلاماردان و داگیرکردنی نووسینگە و بنکەکانی دەوڵەتی تورکیە و هەروەها داخستنی فێرگە و زانکۆ و مزگەوت و نێوەندە کولتوورییەکانی تورکیە لە هەرێمی کوردستان.

- دەرپەراندنی گشت کۆمپانییە تورکییەکان لە هەرێمی کوردستان.

- دروستکردنی زنجیرەی مرۆیی لەسەر سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی تورکیە [هەم لە دیوی باکوور و هەم لە دیوی باشوور]

- هەڵخڕاندنی خۆنیشاندان لە گشت شار و پایتەختەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا و ئوسترالیا و کەنەدا [بە گوێرەی کەتواری ڕۆژ و تووڕەیی خەڵکی ئەو وڵاتانە لە تیرۆریزمی ئیسلامی و دەسەندکاری دەوڵەتی تورکیە لە تیرۆرکارییەکاندا، خۆنیشاندانەکان پشتیوانییەنی زۆری خەڵک بەدەستدەهێنن].

- ئەوانە و دەیان شێوازی دیکەی گونجاو ... تد.
 

٥\١٢\٢٠١٥

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک