١١\١٢\٢٠١٥
لەشکرکێشیی تورکیا
و پیلانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق.

جەلال محەمەد
لە ڕۆژانی ٥ و ٦/١٢/٢٠١٥دا ھەزاران جەندرمەی تورک بە جۆرەھا چەکی
گرانەوە لەسەر داوای بارزانی پەلکێشی باشووری کوردستان کران ، بەشێک
لەو سەربازانە بۆ شارۆچکەی سۆران و بەشەکەی دیکەشیان بەرەو باشیقەی
ئێزدینشین گوێزرانەوە . بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە:
http://wllat-net.blogspot.nl/2015/12/blog-post_43.html
مەبەست لە ھێنانی سوپای داگیرکەری تورک.
لە ھیچ کەسێک شاراوە نییە کە دیرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق
لێوان لێوە لە ھاوکاریکردنی داگیرکەران و پەلکێشکردنی سوپاکەیان بۆسەر
کوردستان و لاوازکردنی شۆڕشگێڕان .
ئەم باسە پەیوەستە بەم پەلکێشکردنەی سوپای تورکەوە ، لەبەرئەوە لە
باسەکە لانادەم و ناچمە سەر باسی گرێدراویەکانی پارتی و بارزانی بە
داگیرکەرانی دیکەوە .
لە ساڵی ١٩٩٢ بە دواوە دەیان جار پەلکێشی سوپای تورک بۆ قوڵایی باشووری
کوردستان کرا ، تەنانەت لە ساڵی ١٩٩٥ وە بەشێکی بەرفراوان لە ناوچەکانی
بادینان ( بامەڕنێ ، شێلادزە ، کانیا ماسی ، ئامێدی ، باتوفە ، بێگۆڤا
، دێرەلوک و ھتد. ) کرانە سەربازگە بۆ دەوڵەتی تورک .
ھاوکات لە ڕێگەی سەدان کۆمپانیای تورکیەوە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی
بارزانی شێوەی نیمچە پارێزگایەکی تورکیان بە خۆیانەوە بینی و دەیان
خوێندنگەی تورکیش لە پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک لە ڕێگەی فەتحوڵا
گولەنیەکان و بە ھاوکاری ڕاستەوخۆی بارزانی کرانەوە . بەڵام
پەلکێشکردنی ئەم جارەی سوپای تورک زۆر جیاوازترە لە ڕابردوو و گەلێک
مەبەستی دوولایەنەی تورکیا و بارزانی تێدایە .
مەبەستەکانی بارزانی.
١- دووپاتکردنەوەی وەفاداری بۆ دەوڵەتی تورک .
بە تایبەت لە دوای ساڵی ٢٠١١وە بارزانی زیاتر وەک کارمەندێکی دەوڵەتی
تورک دەرکەوتووە نەک وەک خەمخۆرێکی دۆزی کورد و بە جۆرەھا شێوەش لە
خزمەتی ئەو دەوڵەتە فاشستەدا بووە ، ئەم پەلکێشکردنەش زیاتر بۆ
سەلماندنی دڵسۆزیەکانی بارزانییە بۆ حکومەت و دەوڵەتی تورک .
٢- شاردنەوەی سەرکەوتنەکانی کوردان لە ھەڵبژاردنەکانی تورکیادا .
سەرکەوتنەکانی ھەدەپە لە دوو ھەڵبژاردنی یەک بە دوای یەکی تورکیادا وەک
شۆکێک وابوو بۆ بارزانی ، چونکە سەرانی پارتی ھەم لە ڕێگەی
ڕاگەیاندنەوە و ھەم لە ڕێگەی کۆمەککردنی ئەردۆغان بۆ پڕوپاگەندەی
ھەڵبژاردن و ھەم وەک چەواشەکاری کۆمەڵگا زۆر لە ھەوڵدا بوون کە ھەدەپە
نەتوانێت بەربەستی ١٠% دەرباز بکات .
٣- کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی داستانی کۆبانێ و سەرکەوتنەکانی گردە سپی
.
بارزانی زۆر دڵی بەوە خۆش بوو کە چەتەکانی داعش بەھۆی گەمارۆدراوی
کۆبانێوە بتوانن ئەو شارە داگیربکەن و لە ڕێگەی ئەو داگیرکردنەوە
تەسلیمکاریەکەی شەنگالی پێ بشارێتەوە . بەڵام نەک کۆبانێ نەکەوت بەڵکو
شەرڤانان توانیان گردە سپیش ڕزگار بکەن و بۆ ھەتا ھەتایە ھەم گەمارۆی
سەر کۆبانی نەھێڵن و ھەم کانتۆنی کۆبانێش بە کانتۆنی جزیرەوە گرێ بدەن
. کە ئەم سەرکەوتنانەش ھەم لە نێو کوردان و ھەم لە جیھاندا دەنگدانەوەی
زۆری داوەتەوە و کاریگەری زۆریشی لە نێو کوردان و ئازادیخوازانی
جیھاندا بەجێ ھێشتووە .
٤- کپکردنی دەنگی ئازادیخوازانەی ئێزدیەکان .
بە سەرپەرشتی تورکیا و لە ڕێکەوتنێکی نھێنی نێوان پارتی و داعشدا
شەنگال تەسلیم کرا ، بەڵام لە خۆ بوردەیی گەریلا و شەرڤانان ئەم
پیلانەی ھەڵوەشاندەوە و لە ١٢/١١/٢٠١٥دا توانیان شەنگاڵ ڕزگار بکەن ،
ئەم سەرکەوتنە لە مێژووی ئێزدیەکاندا وەرچەرخانێک بوو و ھاندەرێکیش بوو
تاکو بیر لە ئازادی بکەنەوە و لە ھەوڵی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیەکی
سەربەخۆدا بن . سەرکەوتنی ئەم ھەنگاوەش ئەگەر لە ئایندەیەکی نزیکیشدا
نەبێت ئەوا لە ماوەی چەند ساڵێکدا ھەم پێگەی بارزانی تەواو لە باشووری
کوردستاندا لاواز دەکات و ھەم بە دووری نازانم کە بارزانیش ڕاپێچی بەر
دادگا نەکات لەسەر تەسلیمکردنی شەنگال .
٥- ڕێگریکردن لە زیاتر پێشکەوتنەکانی ڕۆژاوای کوردستان .
سەرکەوتنەکانی یەپەگە و یەپەژە ، گۆڕینی سیستەمی خوێندن ، بە
سیستەمیکردنی دامەزراوەکانی ڕۆژاوا ، زاڵبوون بەسەر گرفتەکان و دەیان
ھەنگاوی دیکە ، خەونی لە مێژینەی بارزانی زڕاند و لە ڕێگەی پەلکێشکردنی
سوپای تورکەوە دەیەوێت پێش بەو پێشکەوتنانە بگرێت .
٦- ترساندنی لایەنە کوردیەکان .
لە دوای کۆتایھاتنی سەرۆکایەتی ھەرێم ، ڕۆژانە پارتی لە پیلانگێڕیدایە
بۆ دووبارە دانانەوەی بارزانی بە سەرۆک ، کە ئاژاوەگێڕیەکانی خورماتو و
پەلکێشکردنی سوپای تورکیش لەو چوارچێوەیەدا جێگە دەگرن ، تاکو ئەگەر لە
ڕێگەی پیلانگێڕیشەوە ئەو داخوازیەی بۆ مەیسەر نەبووبێت ئەوا بتوانێت لە
ڕێگەی سوپای تورکەوە لایەنە ناڕازیەکان بترسێنێت و جارێکی دیکە
بکرێتەوە بە دەسەڵاتداری بێ ڕکابەر .
٧- کپکردنی دەنگی جەماوەر .
لە سایەی دەسەڵاتەکەی بارزانیەوە باشووری کوردستان دووچاری گەورەترین
قەیرانی دارایی و پاشاگەردانی ھاتووە ، ھەموو خزمەتگوزاریەکان پەکیان
کەوتووە و بۆ ماوەی ٤ مانگیشە دەست بەسەر قوتی میلەتدا گیراوە ، ئەم
ڕەوشەش ناڕەزایەتی جەماوەری بە دوای خۆیدا ھێناوە و ڕۆژانە داواکاری
گەل بۆ گەڕاندنەوەی قوتی زەوتکراویان لە زیادبووندایە ، بارزانی
دەیەوێت لە ڕێگەی پەلکێشکردنی سوپای تورکەوە دەنگی ناڕازیبوان کپ
بکاتەوە .
٨- دابەشکردنی ھەرێمی کوردستان و گەڕاندنەوە بۆ دوو ئیدارەیی .
بارزانی زۆر باش درکی بەوە کردووە کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بۆشایی دەکەوێتە
نێوان دارودەستەکەی و جەماوەری باشووری کوردستانەوە ، بۆئەوەی درێژەش
بە دیکتاتۆری خۆی بدات پێویستی بە دابەشکردنی باشووری کوردستان و دوو
ئیدارەیی ھەیە . قەتڵوعام کردنی خۆپیشاندەرانی ناڕازی ، کودەتا بەسەر
پەرلەمان ، دەرپەڕاندنی وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و ڕێگەگرتن لە
سەرۆکی پەرلەمان بەشێکە لەو ئامادەکاریانە .
مەبەستەکانی تورکیا.
١- خەوبینینی تورکیا بە ویلایەتی موسڵەوە .
تاکو لە ڕێگەی ئەم پەلکێشیەوە ( بە چاوساخی پارتی دیموکرات ) بتوانێت
قوبرسێکی دیکە بەرھەم بێنێت و بەم داگیرکاریەی بەشێک لەو خەونە
دێرینەیەی بێنێتە دی .
٢- ھاوکاری گەیاندن بە چەتەکانی داعش .
پاش سەرکەوتنەکانی کۆبانێ و ڕزگارکردنی گردە سپی ، سنووری داعش بە
تورکیاوە تەواو کەم بویەوە ، خۆ ئەگەر بێتو جەرابلوس و عەزاز ئازاد
بکرێن ئەوا بە تەواوەتی ڕێگەی ھاوکاریگەیاندنی تورکیا بە داعش کۆتایی
پێ دێت ، لەبەرئەوە تورکیا دەخوازێت پێش ڕزگارکردنی عەزاز و جەرابلوس
ڕێگەیەکی دیکە بۆ ھاوکاری گەیاندنە داعش بدۆزێتەوە ، ئەو ڕێگەیەش
باشووری کوردستانە .
٣- ڕێگەگرتن لە ئاشکرابوونی ھاوکاریەکانی تورکیا بۆ داعش .
ئەگەر بێتو موسڵ ھاوشێوەی شەنگال لە لایەن گەریلاوە ڕزگار بکرێت ئەوا
تەواوی بەڵگەی ھاوکاری تورکیا بۆ داعش و ھاوپەیمانی پارتی و داعشیش
دەکەونە دەست گەریلا و ئاشکرا دەکرێن . ئەم ھەوڵدانەی تورکیاش بۆ
ئەوەیە تاکو لە ڕێگەی ئەم لەشکر کێشیەوە بتوانێت ئەو بەڵگانە لە
ئاشکرابوون بپارێزێت ( تەنانەت ماوەیەک بەر لە ئێستا بارزانی ڕایگەیاند
کە ئامادەیە ھێز بنێرێت بۆ شاری ڕەقەی سوریا ، کە ئەم ئامادەیی
دەربڕینەش ھەر لەو چوارچێوەیەدا بوو تاکو ئەو بەڵگانە نەکەونە دەست
شەرڤانان ) .
٤- ئاژاوە سازکردن لە نێوان لایەنە کوردیەکاندا .
لەشکرکێشی سوپای تورک ناکۆکی نێوان لایەنە کوردیەکان زیاتر قوڵ
دەکاتەوە و دوور نییە کە نەبێتە ھۆی ڕوو بە ڕووبوونەوەی چەکداریش ،
چونکە ئەم لەشکر کێشییە لە لایەن جەماوەرەوە جێگەی قبوڵکردن نییە ،
ناڕازیبوونی جەماوەریش دەبێتە فشارێک بۆسەر لایەنەکانی دیکە تاکو دژ بە
تورکیا ھەڵوێست بنوێنن ، پارتی و لایەنە ئیسلامیەکانیش لە سەنگەری
تورکیادا جێگە دەگرن ، بەم شێوەیە ناکۆکی نێوان لایەنەکان زیاد دەکات .
٥- ڕێگریکردن لە خۆ بەڕێوەبەری شەنگال .
ئەگەر خۆ بەڕێوەبەرایەتیەک لە شەنگالدا ساز ببێت ئەوا ھەم پێگەی پەکەکە
بەھێزتر دەبێت و ھەم کانتۆنەکانی ڕۆژاواش سەقامگیرتر دەبن ، لەبەرئەوە
تورکیا بەم سەرەڕۆییەی دەیەوێت پێش لەو خۆ بەڕێوەبەرایەتیە بگرێت .
٦- سنووردارکردنی گەشە سەندنی پەکەکە لە باشووردا .
پاش ھێرشەکانی داعش بۆسەر باشووری کوردستان و بەشداریکردنی چالاکانەی
گەریلا لە بەرپەرچدانەوەیاندا ، سۆزی جەماوەر بۆ پەکەکە دەیان جار
زیادی کردووە و فکرەی ئاپۆیی وەک باشترین چارەسەری لە مێشکی زۆربەی
جەماوەردا ڕەنگی داوەتەوە ، تورکیاش زۆر ترسی لە بڵاوبوونەوەی فکرەی
بەڕێز ئۆجالان و گەشەسەندنی زیاتری پەکەکە ھەیە ، لەبەرئەوە لە ڕێگەی
ئەم لەشکر کێشیەوە دەیەوێت سنوورێک بۆ گەشەکردنی پ.ک.ک دابنێت .
٧- ڕزگارکردنی بەعسی و سونەکان لە تێکشکاندن .
بە شێوەیەکی گشتی بەعسی و سونەکان وەک فریاد ڕەسێک داعشیان پەسەند
کردووە بە تێکڕایی پاڵیان بەم ھێزە دژە بەشەریەوە داوە تاکو بتوانن
جارێکی دیکە لە ڕێگەی تۆقاندن و مرۆڤ سەربڕینەوە بێنەوە سەر دەسەڵات ،
بەڵام تێکشکاندن و پاشەکشەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی داعش ھیچ ئومێدێکی بۆ
دووبارە دەسەڵاتداری بەعسیەکان نەھێشتەوە و دوور نییە کە لە داھاتوودا
دەسەڵاتداری شیعەکان بگاتە ناوچە سونەنشینەکانیش ، کۆتایھاتنی
بەعسیەکانیش بە زیانی تورکیا تەاو دەبێت ، لەبەرئەوە تورکیا بۆ
ڕێگریکردن لە تێکشکاندنی سونە بەعسیەکان دوا پەلەقاژە دەکات .
٨-زیاتر پارچەکردنی ھەرێمی کوردستان .
ئەم لەشکرکێشییە ھاوکاریکردنێکە بۆ بارزانی تاکو بتوانێت باشووری
کوردستان دابەشی دوو ئیدارەیی بکاتەوە و ھەرێمی کوردستان بۆ دوو بەش
پارچە ببێت.
ماڵپهڕی جهلال
محهمهد
_________________________________
هەموو بابەتەکان دەربارەی
''داعش'' لێرە ببینە:
www.emrro.com/dosyeydahish.htm
|