په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٦\٢٠٢٢

    لەتە مرۆڤ.

فه‌رهاد مازێ

تەنیایی بەتاڵبوونەوەیە لە خۆت
جەنجاڵی بەتاڵە لە قسەی خۆش
ئەمڕۆ خەمی سبەینێمە.. دەزانم وەکو ئەمڕۆمە
هەمیشە دەڵێن لەو دیو شەقام جەژنە
بە پێ دەڕۆین بۆ گۆڕستان
گۆڕ تەنیاییەکی بێ سەرئێشەیە
ژیان پڕ وردە شووشە و خەنجەری نەخۆش
بە پاکیی بخەوە.. تاوانە نوستن بێ دەستنوێژ
بە ناونیشانێکی پاک گۆڕێک هەیە خۆتی تیا بنێژی
تینووم بۆ گۆرانییەکی پێش شەڕ
ژیان گۆڕێکی تەنگە پڕ لە گۆرانیی ناخۆش
مرۆڤ خەونی گچکەیە.. بۆ گۆڕ دەژی
حەزی بە گۆرانیی ئارامە لە گۆڕ
حەزی بە جەنگ و گۆڕی گەورەیە لە ژیان
ژیان هەمیشە لێرەیە، بێزاربووم هێندەی تەنیا بژیم
ئەوانەی خۆشمویستن جێیانهێشتم
ئەوانەی خۆشیانویستم جێمهێشتن
لە ئاوێنەدا هەر خۆم دەبینم
لە گۆڕ دەچێ ئاوێنەکەم
ئەو گۆڕە تەنیایە لەو هەسارە چکۆڵەیە و تەنگ و بێ چرایە
ئاوایە خۆشەویستیی جێتدێڵن و جێیاندێڵی
نەرمبە لە ئاوێنە خۆشەویستانم لێناشتوون بەرگەی ژیان ناگرن
با لە ناو ئاوێنەدا نەمرن
مردن ونبوونە و ناشتن نا
کەس حەز بە گۆڕ گۆڕین ناکا
ئاڵوودەین بە گۆڕی خۆمان
گۆڕمان بگۆڕێ ناخەوین
بنوون بە ئارامیی من پاسەوانی گۆڕتانم
گۆڕیش پاسەوانی هەیە
گوتم مردوو ونبوونە و ناشتن نا
گۆڕستان بەرەی جەنگە و مردوو گۆرانی دەڵێ
جەنگ گۆڕە و گۆڕستان
لە گۆڕ بێنەدەرێ دەمرن
گۆڕستان ئارامییە و گۆڕ ناونیشان
مرۆڤ لە گۆڕستان دەنوێ.. ئاشنام بە گۆڕ
لە خۆم باشتر گۆڕ دەناسم
تژییە لە لەتە گۆرانی و لەتە ناونیشان
لە گۆڕستانێکین پڕبووە لە لەتە ژیان
تژییە لە لەتە ماسی و ئاژەڵ، لە لەتە باڵندە و درەخت
لەتە مرۆڤ لەتلەتی کردین بە جەنگی خۆی
جەنگ ئەو گۆڕستانەیە تەنها لەتە مرۆڤ لێی ئارامە
سێبەر و رووناهیی نییە.. تاریکە و لە جەنگ ناگا
ماسی، باڵندە، درەخت، ئاژەڵ، مرۆڤ نابینێ
لە جەنگدایە و لە جەنگ ناگا
لەتلەتی کردین.. نایەڵی بمرین لەتە مرۆڤ
چونکە لەتە مرۆڤە لەتە مرۆڤ
بە جەنگ هەناسە دەدا و دەژی بۆ گۆڕ
لەتە مرۆڤ بتنێژێ دەمری
دەمانێژن لەتە مرۆڤ
ژیان کۆتایی هات
چونکە لەتە مرۆڤ لەتە خودایە لەتە خودا.

 

ماڵپه‌ڕی فه‌‌رهاد مازێ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک