٢٨\١٢\٢٠١٢
لە ئوسترالیا بۆ
یەکەم جار شێخێکی ئیسلامی و حەوت کەسی تر
دادگایی دەکرێن لە
سەر خەتەنەکردنی دوو منداڵی کچ.

عامر سابیر
لە ئوسترالیا لە ساڵی ١٩٩٤ ەوە خەتەنەکردنی کچان بە یاسا قەدەغەکراوە و
سزای حەوت ساڵ زیندانی دانراوە بۆ ئەو ئوسترالیاییانەی کە لە ناوخۆی
ئوسترالیا یان لە دەرەوەی ئوسترالیا ئەنجامیئەدەن یان بەشدارئەبن لە
ئەنجامدانی و ھانی کردنی ئەدەن. لە ڕێکەوتی ١٣/٩/٢٠١٢ شێخ شەبیر ڤەزیری
کە تەمەنی ٥٦ ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی (ئۆبن)ە لە سیدنی، لە دادگای (بێرود
لۆکەڵ کۆرت) لەسەر دوو تاوان، یەکەم ڕۆژی دادگاییکردنی بوو، دوو
تاوانەکەی بریتیبوون لە: یەکەم ھاندانی کۆمیونیتییەکەی خۆی کە خەتەنەی
کچان بکەن و دووەم بەوەی کە بە کەسانی دەوری خۆی وتووە زانیاری لەسەر
خەتەنەکردن بشارنەوە و بە پۆلیس نەڵێن. پۆلیس داوای لە دادگا کرد کە
مەلا شەبیر بە بارمتە ئازادنەکرێ چونکە پاسەپۆرتی ھیندی ھەیە و ترسی
سەفەر و ڕاکردنی ھەیە، بەڵام دادگا بە چەند مەرجی قورسەوە تا
دانیشتنەکانی تری دادگا بە بارمتە ئازادی کرد.
وە (کوبرا مەجینیس) کە ژنێکی پەرستیاری خانەنشینکراوی تەمەن ٦٩ ساڵە،
بە تۆمەتی ئەنجامدانی خەتەنەکردنی دوو کچەکە لە ڕێکەوتی ٣/١٠/٢٠١٢
یەکەم ڕۆژی دادگاییکردنی بوو لە (کامبڵتاون لۆکەڵ کۆرت) کە ئەمیش بە
بارمتە و بە مەرجەوە ڕێگەی پێدرا تا ڕۆژی دادکاییکردنی داھاتوو بچێتە
ماڵەوە.
باوکی کچەکان کە تەمەنی ٤٦ ساڵە و دکتۆرە، وە دایکیان کە تەمەنی ٣٥
ساڵە و فارماسیستە، دادگا ڕێگەی نەدا ناویان بڵاوبکرێتەوە تا لە
ڕێگەیانەوە ناوی کچەکان بڵاونەبێتەوە و نەناسرێن. ئەم دایک و باوکە لە
٢٦/٩/٢٠١٢ لە (پاراماتا لۆکەڵ کۆرت) یەکەم ڕۆژی دادکایکردنیان بوو. ئەم
دوانە ئەڵێن کە گوایە ئێمە بێتاوانین و ئەوە کەسوکارەکەمانن کە
خەتەنەکردنەکەیان بە ئەنجام گەیاندووە. لەحاڵەتی ئیسپاتبوونی ئەم
تاوانە بەسەریاندا، ئەوا نەک ھەر زیندانی ئەکرێن بەڵکو ئیجازەی
کارکردنیشیان لەدەستدەدەن. ھەر لەسەر ئەم تاوانە چوار ژن لە ھەردوو
شاری سیدنی و وڵنگۆنگ لە ١٩/٩/٢٠١٢ دا دەستگیرکران کە تەمەنیان (٣٦،
٦٨، ٧٣، ٧٧) ساڵ بوون و خزم و کەسوکاری دوو منداڵە کچەکەن، لە ڕێکەوتی
٧/١١/٢٠١٢ دا یەکەم ڕۆژی دادگاییکردنیان بوو لە (پاراماتا لۆکەڵ کۆرت).
ئەم دوو کچە منداڵە کە تەمەنیان شەش ساڵ و حەوت ساڵە، پۆلیس باوەڕی
وایە کە لە ڕۆژێکی نێوان ئۆکتۆبەری ٢٠١٠ و جوڵای ٢٠١٢دا
خەتەنەکردنەکەیان ئەنجامدراوە. پۆلیس بە ھاوکاری ھەردوو وەزارەتی
تەندروستی و وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی لە ویلایەتی (نیو
ساوس ویڵز) چەندین مانگە بە دوای دۆزینەوەی ئەوکەسانەدایە کە بەشداری
ئەم تاوانەیان کردووە. لە ٧/٢/٢٠١٣ دا بۆ جارێکیتر دادگاییکردنەکەیان
دەستپێدەکاتەوە و بەڵگەی تاوانەکانیان دەخرێتە ڕوو.
ئەم لینکەی خوارەوە وتارێکی ترە کە نوسەری ئەم دێڕانە لە ٢٠٠٩دا لەسەر
خەتەنەکردنی کچان نووسیوێتی:
http://www.emrro.com/leustiralya.htm
٢٨\١٢\٢٠١٢
ماڵپهڕی عامر سابیر
|