٢٨\١٠\٢٠١٤
لە وەڵامی دوو
پرسـیاری تایبەت بە ''پەکەکە و پەیەدە''دا!

سامان کەریم
پرسیاری یەکەم: ڕات چیە
بەرامبەر یەپەگە؟ و ئایا ڕاستە کە ناهێڵن کەس شەری داعش بکات ئەگەر
لەژێر ئاڵا و دروشمەکان و سەرپەرشتی ئەوان نەبێت؟!
پرسیاری دووەم: ڕاتان بەرامبەر پکک چیە؟ خۆم پێم باش بوون، بەڵام
بەسوڵتەویم دەبینین. بەڵام لەساڵی ١٩٩٩ پلاتفۆرمێکی نوێیان دەرکرد
کەتێیدا زیاتر بەرەو سۆسیالیزم و شورا و کۆمۆن و چەپی کۆمۆنیستی
دەچوون. هەروەها ژنان زۆر بەشدارن لە کار و هەڵسوڕان و چالاکیەکاندا و
جێگاوڕێگەیان هەیە لە خەباتدا. ڕام وایە کە سەرچاوەیەکی سەرەکی خەباتی
چەپ پێکدەهێنن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا.؟!
دوو پرسیارەکە لە لایەن لاوێکی خەڵکی هەولێرەوە نیشانەی ئەوەیە کە دوای
ڕووداوەکانی کوردستانی سوریا و هاتنی داعش و دواتر مقاوەمەتی گەورەی
خەڵکی کۆبانێ... پەیەدە (هەرچەندە هاوڕێکەمان ناوی یەپەگەی هێناوە
بەڵام دروست تر وایە کە باس لە پەیەدە وەکو حیزب بکرێت نەک باڵە
چەکدارییەکەی. بۆیە لەم وەڵامەدا باسەکەم پەیەدەیە نەک یەپەگە. چونکە
یەپەگە لەژێر بڕیاری سیاسی پەیەدەدا کاردەکات) وەکو هێزیک نفوزی چۆتە
سەرەوە لە نێو لاوەکان بە تایبەت و خەڵکی کوردستان بەگشتی. حەتمەن ئەوە
ئەنجامێکی ئاسایی بەرەنگاربونەوەو مقاوەمەتی خەڵکی کٶبانێ یە و لە
وتارەکانی پیشوتردا ئاماژەم بە گەشەو بە هێزبوونی زیاتری ناسیونالێزم
کردوە. بۆیە جێگای خۆیەتی کە وەڵامی ئەم دوو پرسیارە ببێتە ناوەرۆکی
وتارێک لەسەر هەر دوو حیزبی پەیەدە و پەکەکە وەکو دوو حیزبی
ناسیونالیستی کورد و سەر بە بزووتنەوەی کوردایەتی لە کوردستان و
ناوچەکەدا. دوو حیزب بەڵام هەمان ئیستراتیژ و هەمان ئاراستەی سیاسی، و
تا ئێستا بوونیان لە چوارچێوەی هەمان سیاسەتی مەحاوری ناوچەیدا.
هەر دوو هێزەکە دوو هێزی بورژوایی کوردن و خەباتکاری ڕێگای "ڕزگاری
کوردوستان"ن، وەکو باقی حیزبەکانی دیکەی بزووتنەوەی کوردایەتی وەک(
پارتی و یەكێتی ...) هەموو خەڵکی کوردستان دەتوێننەوە لە قاڵبی نەتەوەی
کورددا، نەتەوەی کورد چەمکی موقەدەسی ئەوانە. بەڵام ئەگەر سەرنج بدەینە
تێزەکانی ئۆجەلان تێکەولێکە و دژایەتی تێدایە لە " ئوممەی
دیموکراتیەوە" بگرە تا دەگاتە فیدرالیەت و کۆنفدرالیەت.... ئوممەی
دیموکراتی لە ڕوانگەی ئۆجەلانەوە لە پەرتوکێکی دا بە ناوی "مانفێستی
شارستانی دیموکراتی و مەسەلەی کورد و چارەسەری ئوممەی دیموکراتی"
باسکراوە و لەوێدا دەڵێت" ئوممەی دیموکراتی، ئوممەیەکە " نەتەوەیەکە"
کە هەڵگری شوناس و کاڵچەر و کیانی "بوون" ی سیاسی جۆراوجۆرە. لە
بەرانبەر دەوڵەتی قەومی وەحشیدا ...." ئەمە تێزی ئۆجەلانە یان تێزێکی
ئۆجەلانە کە چەمکە سەرەکیەکەی لە گرامشی یەوە هێناوە، بەڵام ئۆجەلان
دوو جار هاڕیویەتی و " مکونات" ە جیاوازەکانی هێشتۆتەوە، جارێکی دیکە
بە کۆکردنەوەی ئەوانە دەگاتەوە " ئوممەی دیموکراتی" ئەمە بەجیا لەوەی
ئەم چەمکە بۆ خۆی ناڕۆشنە و هەڵگری دژایەتی جۆراوجۆری نێو خۆیەتی.
بەڵام باسەکە ئەوەیە، کە ئۆجەلان کاتێک بیر دەکاتەوە و دەنووسێت و چوار
دەوری خۆی دەتەنێت بە چەمکی چەپ و کۆمۆنیستی، و تەنانەت کرێکاری و
چینایەتی، وەک ڕابەرێکی سەرسەختی نەتەوەیی، وەک نوێنەرێکی بە ئەمەکی
بورژوایی کورد... ناتوانێت پێگەی پتەو نەکات لە نێو نەتەوە و بیری
نەتەوەییدا... ئەم ڕابەرە کە وەکو ناسیونال چەپێک دەردەکەوێت لەم
تێزەیدا پێمان دەڵێت کە نەتەوەپەرستی باوی نەماوە، کە دەوڵەتی نەتەوەیی
باوی نەماوە... ئەمە لە سەرەتاوە و بێ لێکدانەوە قسەیەکی باشە.. بەڵام
کە لەتێزەکەی ورد دەبیتەوە دەکەوێتەوە نێو هەمان تەشقەڵەی حیزبەکانی
بزووتنەوەی کوردایەتی لە عێراق. ئەگەر واز لە دژایەتی و یاریکردنی هەڵە
بە چەمکەکان بهێنین کە بەکاریهێناوە، دەگەینە ئەوەی کە ئەگەر" دەولەتی
نەتەوەیی" وەحشێکە، کەواتە نەتەوە خۆی مانای چیە؟! لێرەدا ئۆجەلان
تێزەکەی دەگۆڕیت و دەبێتەوە بە ڕابەری نەتەوە و دەڵێت" ئوممەی
دیموکراتی هەڵگرێ شوناس و کاڵچەر و کیانی سیاسی جیاوازە".
شوناسی جیاواز و کاڵچەری جیاواز، چیە؟! ئەگەر نەتەوە و ئاین و تائیفە
نەبێت!! ئەی کیانی جیاواز چیە؟ ئەگەر خودموختاری یان فیدرالیەت یان
کۆنفیدرالیەت نەبێت. واتە لە نێو تورکیادا دەگەینەوە هەمان موحاصەصەکەی
لای مالکی و بارزانی .... بەڵام لە ژێر ناوی ئوممەی دیموکراتیدا !!
بەهەرحاڵ بۆ ئەوە باسی ئەم بڕگە بچووکەم بۆ وەڵامی ئەم " لاوە" ئازیزە
کردوە، کە لەوە تێبگەین لە پشت دەربڕینە جیاوازەکانەوە شوناس و جەوهەری
سیاسی و چینایەتی حیزبێکی وەک پەکەکە دەردەکەوێت بە تایبەت بۆ ئۆجەلان
خۆی و حیزبەکەی کە لە بەکارهێنانی چەمکە کۆمۆنیستیەکان سڵ ناکەنەوە،
مەبەستم ئەو چەمکانەیە کە بە کۆمۆنیستی لە ئاستی رای گشتی دا ناسراون.
پاشان سیاسەت مانای عەمەلی هەیەو لە پراکتیکدا دەردەکەوێت. پراکتیکی
پەکەکە پراکتیکی هێزێکی ناسیونالیستی پۆپۆلیستە... واتە بناغەی خیتابی
سیاسی و خەباتی سیاسی ئەم هێزە کرێکار و جوتیار و سەرمایەدار و ووردە
بورژوای کوردە و کۆکردنەوەی هەمووانە لە حیزبدا، بەرانبەر دوژمن بۆ
بەدەستهێنانی ئامانجەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی. دوژمن لێرەدا چینایەتی
نیە، بەڵکو شوناسێک، نەتەوەیەکی دیکەیە. دەکرێت ڕوونتر لە سیاسەت و
ناوەرۆکی بیری ئۆجەلان تێبگەین لە ڕێگای پەرتوکەکانی دیکەیەوە بۆ
نموونە لە پەرتووکی " دیموکراتیەتی هاوچەرخ و مەسەلەکانی بەجێهشتنی
مۆدڕێنیەتی سەرمایەداری" ئەو لەوێدا نەتەوەیی تر، واتە زیاتر ڕوو و
ناوەڕۆکی نەتەوەیی و کوردایەتی دەردەکەوێت و دەڵیت" ناوەرۆکی ئەو
چارەسەرەی ویستمان بەم شێوەیەیە: کوردەکان لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە
تیایدا دەژین، لە مافی فەرهەنگی خۆیان بەهرەمەندبن، بێ ئەوەی کە زەرەر
بدات لە سنوری ئەو دەوڵەتە و بەشێوەیەک بێت کە یەكێتی نیشتمانی بەهێز
بکات....".
ئەوەندەی بگەڕێتەوە سەر "پەیەدە" و یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە"
کە سەرلەبەر هەموویان ڕاستەوخۆ لە مەدرەسەی پەکەکەو ئۆجەلان
ئاودەخۆنەوە. دەزگای"ئیدارەی زاتی" کە ئیستا لەکانتۆنەکاندا
فەەرمانڕەوایی دەکات، ڕاستەوخۆ لە ڕوانگەی خۆیانەوە پڕاکتیک کردنی "
ئوممەی دیموکراتیە" کەی ئۆجەلانە... لە بەرنامەی سیاسی پەیەدەداو لە
بەشی ئامانجەکانی بەرنامەدا نوسراوە: "حیزبمان حیزبی یەکێتی دیموکراتی
ڕێگای سەرکردە ئاپۆی گرتۆتە بەر، بۆ چارەسەری دیموکراتی وەک بناغەیەک
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کوردو کێشەی ئاڵوگٶڕی دیموکراتی لە سوریادا بە
شێوەیەکی گشتی" . هەروەها لە نێو بەرنامەو لە بەشی تایبەت بە ئامانجە
سیاسیەکان وبەندی یەکەمی دا پێمان دەڵێت: "ریفۆرمی سیستەمی کۆماری
عەرەبی سوری و پایەکانی دەسەلاتدارێتی سەنترال و ڕەهای، کە دامەزراوە
لەسەر پایەی ئایدۆلۆژیەتی سیاسی ناسیونالیزمی عەرەبی ئۆتۆکراتی، لە
چوارچێوەی کۆماری سوریای دیموکراتیدا". ئایا ئەو بەرنامەیە و ئەو
ئامانجە چ جیاوازیەکی هەیە لە گەڵ بەرنامەی یەکێتی نیشتمانی یان پارتی
دا، یان حیزبی دیموکراتی کوردوستانی ئێراندا؟!.
پێم وابێت ئەوەندە بەسە بۆ ئەوەی لە ناوەرۆکی پەکەکە وە پەیەدە بگەین،
وەک دوو حیزبی بزووتنەوەی کوردایەتی. بەم مانایە ڕای من لەسەر پەکەکە و
پەیەدە هەمان شتە تا ئێستا واتە ئەم ساتە وەختەی کە وەڵامی پرسیارەکانی
تۆ دەدەینەوە. زۆربەی ووڵاتان و میدیاکانی جیهان پەیەدە وەک باڵی
پەکەکە ناو دەبەن لە سوریا. دەمەوێت لێرەدا جەخت لەسەر ئەوە بکەم کە
ئێمە لەم مەیدانەدا هیچمان نەوتوەو نە نوسیوە، وەڵامدانەوە بە سیاسەت و
تێزەکانی ئۆجەلان و پەرتووکەکانی ئەرکێکی گرینگی ڕابەرانی کۆمۆنیستە لە
کوردستان. کرێکار لە کوردستان ڕێکخراو ناکرێت بەبێ بوونی ڕەخنەیەکی
قوڵی مارکسستی لە بناغە فکرییەکانی ناسیونالیزمی کورد و لەم نێوەدا
ئۆجەلان بەشی گەورەی بەر دەکەوێت.
ئەگەر ئەوەی لەسەرەوە باسکراوە کافی بێت، باشترە کەمێک بچینە سەر
هەلومەرجی ئەمرٶ و سیاسەتەکانی پەیەدەو پەکەکە لەبەرانبەر هێرشەکانی
داعش و کەمێکیش هەلومەرجی سیاسی ئەمرٶی کوردستان و ناوچەکە ئاماژە
پێبکەین، ولەم نێوەشدا وەڵام دەدەینەوە بە بەشەکانی دیکەی پرسیارەکانی
ئەم هاوڕێیەمان.
دەبێت لە کاتێک، لەقۆناغێکەوە دەست پێبکەین. قەیرانی سیاسی سوریا یان
کێشەی سوریا بە گشتی بەبێ ئەوەی بچینە سەر قۆناغ بەندییەکانی، سوژەیەکی
گونجاو بێت بۆ تێگەیشتن لە سیاسەت وهەڵوێستی ئەم دولایەنە و ئاڵوگٶرێک
کە لەناوچەکەدا پێک هاتوە.
سیاسەتێک کە لەلایەن پکەکا و حیزبەکانی نزیک بەو، یان حیزبەکانی وەک
خۆی لە ووڵاتەکانی دیکەی سوریا وەک " پەیەدە" و لە ئێران " پژاک"
بەشێوەیەکی گشتی لەسەر خەتێک و ئیستراتیژییەکی سیاسی دیاریکراو
دەجوڵێنەوە. تا ئێستا ئەمە واقعیەتێک بوە. ئایا گۆرانی بەسەردا دێت یان
نا؟ واتە ئایا سیاسەتی حیزبەکانی سەر بەم خەتە سیاسییە، ئەگەری
جیابونەوەی هەیە لە یەکتری؟! ئەمە پرسیارێکەو وەڵامەکەی لای منەوە
مەنفی نیە بەو مانایەی کە ئەوە پڕۆسەی ئاڵوگۆڕێکە چەندین فاکتەری نێو
خۆی و نێونەتەوەیی ڕۆڵی تێدا دەبینێت و بەم زوانە یەکلا نابێتەوە وبەم
مانایە ئەگەرێکە. بەلام با جارێ لێرەدا لەوە بگەڕێین.
لەبەرانبەر قەیرانی سوریادا،ووڵاتانی جیهان بوون بە دوو بەشەوە، کە
زۆربەی بەدەوری سیاسەتی ئەمەریکادا کۆبوونەوە، وئەمەریکا وەک گەورەترین
زلهێزی جیهانی لە ماوەی ٤ساڵی ڕابوردودا، ئەگەر چی بە شێوەیەکی نا
چالاکانە بەڵام توانی وەک ڕابەرو سەرکردەی ووڵاتانی رۆژئاواو زۆربەی
ووڵاتانی دونیا و ناوچەکە خۆی بهێلێتەوە. سەرەڕای شکستی ئیستراتیژی"
نیزامی نوێی جیهانی" یەکەی. دوای هێرشەکانی داعش ئەمەریکا توانی بە
شێوەیەکی فعلی بگەرێتەوە ناوچەکەو دەوری ڕابەری رۆژئاواو ووڵاتانی
کەنداو بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆتر وەربگرێتەوە.... ئێستا ئەم میحوەرە بە
سەرکردایەتی ئەمەریکا لە بەرانبەر داعشدا چەندین ووڵات و هێزی گرتۆتە
خۆ.... داعش ئەمجارە بۆتە کۆکردنەوەی هێز بەدەوری ئەمەریکادا.... بەڵام
داعش وەسیلە وهۆکارێکە بۆ لێدانی نفوزی ڕوسیا و چین و ئێران و بەتایبەت
ڕوسیا کە لەماوەی چەند ساڵی رابوردودا گەلێک هەنگاوی ناوە کە لەگەڵ
بەرژەوەندی و سیاسەت وئیستراتیژی ئەمەریکی دا نایەتەوە...بەکورتی
جەنگێکی گەورە دەکرێت لە لایەن هێزەکانی دووەم و سێهەمەوە، کە بە(جەنگ
بە وەکالەت) ناسراوە.
لەبەرانبەر داعشدا دیسان میحوەری روسی ئیرانی هەیە لە ناوچەکەدا،
لایەنی دووەمی جەنگەکە...وەکو ووڵات عێراق و سوریایان لە گەڵە لە
ناوچەکەدا، وەکو هێز حیزب اللە و حەماس و جیهادی ئیسلامی فەلەستینی و
دەکرێت حەماس لە ئێستادا لەم بەرەیەدا سەرنج بدرێت، لە کوردوستان
دەکرێت باس لە پەیەدەو پەکەکە وتاڕادەیەک یەکێتی نیشتمانی بکەین ...
بەڵام پارتی دیموکراتی بارزانی، هەر زوو خۆی لە گەڵ تورکیادا
جیاکردەوەو میحوەرەکەی جیایە.
ڕیزبەندی و بەرژەوەندی سیاسی پەیەدەو پەکەکە بە حوکمی ناوچەکەیان، یان
جیۆپۆلیتک کە زۆر کاریگەری هەیە، لەنێو میحوەری ئێرانی روسی سوری دایە.
لەڕوانگەی منەوە ئەم جێکەوتنەی لەنێو ئەم میحوەرەدا، بەشی سەرەکی
جیۆپۆلیتکە واتە : جێکەوتنی پەکەکەیە لە ووڵاتێکدا کە ئەندامی ناتۆیەو
تائێستا یەکێکە لە پایەکانی ئەمەریکاو رۆژئاوا لە ناوچەکەدا. لێرەوە
پەکەکە وەک هێزێکی بورژوایی ناچار بوە هەر زوو لە ساڵی ١٩٨٣ وە لە گەڵ
سوریا پەیوەندییەکی توندو تۆلی هەبێت.وە لێرەشەوە لەگەڵ روسیای ئەوکات
ئەمە خاڵێکی گرنگە کە خیتابی سیاسی و پراکتیکی دیاریدەکات، و زیاتر
چەپگەرایی ودژی ئیمپریالیزمی ئەمەریکی وڕۆژئاوایی پێ دەبەخشێت. پاشان
پەکەکە لە لایەن ئەمەریکاو تورکیاوە وەک هێزێکی تیرۆریست ناسراوە،
بەشیکی دیکەی ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ لە جەنگدایە لە بەرانبەر تورکیادا
....بەشێکی دیکەی هەڵدەگەرێتەوە بۆ بونیەی ئایدۆلۆژی ئەم بزووتنەوەو
حیزبەکە، کەڕووپۆشێکی سەرسوڕهێنەری داوە بەخۆی لەڕێگای تێکەڵکردنی
چەمکەکانی سەرمایەو ئمپریالیزمی مالی، ویەکسانی ژن و پیاو، وچەمکە چەپ
و کۆمۆنیستی یە باوەکانەوە.بە هەرحال ئەمە بەشێوەیەکی کورت.
بەهەمان شێوە پەیەدە... بەڵام ئەوەی پەیەدە لە هەلومەرجێکدا گەشە دەکات
وگەورە دەبێت کە سیاسەتەکەی یەکدەگرێتەوە لەگەڵ سیاسەتی ڕژێمی بەعسدا
لە سوریا، وەپێیوایە کە لەڕێگای سازان لەگەڵ ئەسەددا لە ئێستادا دەکرێت
خەڵکی کوردوستانی سوریا بگاتە ئامانجەکانی خۆی و ئیدارەی زاتی و
کۆمەڵگا دیموکراتیەکەی بکاتە واقع. من ئەوە بەئاسایی دەبینم وە بە
بڕوای من ئەوان کارێکی باشیان کردوە، تەنانەت بەوەی کە هاوپەیمانی ژێر
بەژێریان لەگەل ڕژێم واژوو کردبێتەوە...لایەنی کەم بۆ ماوەی ٣ ساڵ بە
شێوەیەکی باش خەڵكی کوردستانی سوریایان پاراست لە جەنگ و تیرۆر. ئەوە
کارێکی سیاسی وگونجاو بوو لە "ڕوانگەی منەوە ". " ئەوەندەی بگەڕێتەوە
بۆ هێزێک یان باڵی چەپێکی بورژوایی" ... بەڵام ئەمان وەکو هێزیک لە
چوارچیوەی ئیستراتیژییەکی فراونتردا تائێستا لەگەل پەکەکەدا پێکەوە
پەیوەندن و پەیوەندی پەیەدەو پەکەکە تەنها پەیوەندی نێوان دوو حیزبی
ناسیونالستی نێو بزووتنەوەی کوردایەتی نیە، زۆر لەوە زیاترە، و تاڕادەی
ئەوەی کە پەیەدە وەک باڵی پەکەکە لە سوریا باس دەکرێت و لەڕاستیدا ئەو
باسکردنە ڕاستییەکە. کە ئەمە قورساییەکی گەورە بەسەر دیاریکردنی
سیاسەتی پەیەدەدا دادەنێت.
پەیەدە و یەکینەکانی پاراستنی گەل و مقاوەمەتێک کە لە کٶبانی کراوە
تائێستا بۆتە خاڵی وەرچەرخان وئاڵوگٶریکی گەورە. وەدەرکەوتنی زیاتری
پەیەدە وەک هێزێکی مقاوم و بە توانای سەربازی، و بۆتە جێگای پشتیوانی
خەڵكێکی زۆر بە تایبەت لە کوردستانەکان. ئەم مقاوەمەیە جێگای هاوپشتی
هەموو ئینسانێکی پیشکەوتوو چەپ وکۆمۆنیست بوو وە هەیە..... کۆبانی بۆتە
ڕەمزێک بۆ مقاوەمەت کردنی هێزێک کە هەڵگری فکرو نەهجی سیاسی خۆیەتی کە
مقاوەمەتێکی جەماعی دەکات، وژن تیادا رۆڵی سەرەکی دەگێرێت.... ئەم
شێوەیە لە مقاوەمەت کردن مقاوەمەتێکە لە لایەن هێزێکی بورژوا-
ناسیونالیستی چەپەوە ڕابەری دەکرێت…… بەلام بۆ منیش هەر بەم مانایە
شایانی پشتیوانی وهاوکارییە.
بناغەی سەرەکی ئەم مقاوەمەتە بونی ئیرادەیە، بەلام ئیرادە خۆی
بەرجەستەیەکی پراکتیکی یەو لە نێو شاپۆرەی خەبات و تیکۆشاندا بەرهەم
دێت. وێنای فکری ئەم ئیرادەیە ئەم باوەڕە ئەم مقاوەمەتە... ئایدولۆژیای
نەتەوەییە، ڕابەرەکەی ئۆجەلانە. جێکەوتنی ئۆجەلان وەکو ڕەمزی ڕابەری
ئەم مقاوەمەتە جێگەی ئایدۆلۆژیان گرتۆتەوە.. لێرەدا خۆشەویستی ئۆجەلان
و نەتەوەو دژایەتی تیرۆریزمی داعشی پێکەوە ئاوێزان بون و ئەم
مقاوەمەتەیان بەرجەستە کردوە.... بەڵام وەکو ووتم ئەم مقاوەمەتە بۆ
ئێمەش جێگەی پشتیوانیە. ئەوان ژنان وپیاوانی جەسوری کۆبانێ بە
ئەمەریکا، بە تورکیا بە پارتی بارزانی بە سعودیەی عەرەبی و داعشیان ووت
" بوەستە" ... بوەستەیەکی بوێرانە بوو. بوەستەیەکی جەسورانە بوو....
بەلام ئەم " بوەستە" یەی پەیەدە لە ڕوانگەی منەوە لایەنێکی ئەوەیە کە
لە چوارچێوەی دوو میحوەری سیاسی و نێودەوڵەتی مانا پەیدا دەکات...
کە دەڵێین ئیرادە مەسەلەیەکی پراتیکی و بابەتیە، مەسەلەکە ئەوەیە،
ئیرادە بە شێوەیەکی بابەتیانە لەسەر بناغەی فکری و سیاسی و بەرنامەیی،
دواتر سوننەتی خەباتکارانەو ڕیکخراوبون لە دواجاردا سازدانی چەکداری
مانا پەیدا دەکات، کە کۆی هەموو ئەمانە لە مەیدانی خەباتدا دەبێتە هێزو
هاوسەنگی. هێزێکی سیاسی جا هەر هێزێک بێت ئیسلامی یان قەومی، کۆمۆنیستی
یان لیبراڵ... ناتوانێت بەبێ پێوانەو خوێندنەوەی وردی هێز هاوسەنگی خۆی
لە کۆی هاوکێشەی هێزەکان و هەروەها توانایی هێزەکانی بەرانبەر و هیزە
دۆست و ئاستە جیاوازەکانی و دواتر ئیمکاناتێکی سەربازی و مالی، پراتیک
بکات و گوێیان پی نەدات. دوای هەموو ئەوانە ئەم باسە لە دونیای
هاوچەرخی ئێمەدا باسێکی ناوخۆیی نیە، بەڵکو مەسەلەیەکی تەواو
نێونەتەوەییە. لێرەوە "پەیەدە"ش وەک هێزێکی بوژوایی، ڕەوتی شۆرشگێرو
هێزی سێهەم پێک ناهێنێت، بەڵکو وەکو هێزێکی بورژوایی سەر بە بلۆک بەندی
و میحوەرە سیاسییەکانی ناوچەکەیە. هەروەک لەسەرەوە باسمان کردوە پەیەدە
تا ئیستا لە چوارچیوەی میحوەری روسیا ئێراندا بوە لە ناوچەکە. وە بوونی
لەم میحوەرەدا ڕۆڵی سەرەکی هەبوە لە تواناو مانەوەی مقاوەمەتیدا تا
ئێستا.
ئێستا پاش ئەوەی کە پەیەدە لەگەڵ ئەمەریکا، ڕاستەوخۆ لەسەر خەتە،
وکۆمەکی ئیستخباراتی دەکات هەروەها بە فرۆکەکانی ئەمەریکا چەکو
تەقەمەنی بۆ دەخرێتە خوارەوە ، ئایا مومکنە کە پەیەدە لە چوارچێوەی
سیاسی و میحوەری ووڵاتانی پێشووی بهێنرێتە دەرەوە؟! ئەمە پرسیاری
ئەمرٶیە. ئێستا پاش ئەوەی کە لەگەل ئەنجومەنی نیشتمانی کورد
کەخاوەنەکەی بارزانیەو ئەو ڕپێکیهێناوە. لە دهۆک پاش ٨-٩ رۆژ لە
کۆبونەوە ڕێکیان خستن و بریارە شورا یان کۆمیتەیەکی هاوبەش پێك بهێنن
لە ٣٠ کەس، کە بە هەمان شێوەی ئەزمونی کوردستانی عێراق فیفتی فیفتی یە:
"هەرچەندە ڕێککەوتنەکەیان لە ڕوانگەی منەوە پوچەو مەسائیلە سەرەکیەکان
کە جێگای خیلافن لە شوێنی خۆی ماوە!!". ئایا پاش ئەوەی کە تورکیا رازی
بوە پێشمەرگە بچێتە کۆبانی و بەقەوڵی ئۆردوگان ئەو پێشنیارە هی خۆیەتی
نەک هی بارزانی و هێزە کوردییەکان. جەنابی بڕیاری داوە کە ٢٠٠ پێشمەرگە
بچێت(لەدوایی کردی بە١٥٠)!!!. وە دوای ئەوەی نەوشیروان موستەفا پاش یەک
مانگ لە مقاوەمەت، بروسکەی لێدا بۆ کۆبانی، وپاش ئەوەی بارزانی لە گەڵ
موسلیم کۆبوەو پاش ئەوەی کە موسلیم لە فەرەنسا لە ١٢ی ئۆکتۆبەری
ئەمساڵدا لە گەل دانیاڵ ڕۆبنشتاین نێردراوی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا
کۆدەبێتەوەو پاش ئەوەی کە نوێنەری " پەیەدە" لە فەرەنسا ڕایدەگەیەنێت
کە دووساڵە پەیوەندیان هەیە لە گەل ئەمەریکادا .... دیارە دوای ١٢ی
ئۆکتۆبەر ئینجا بارزانی هاتە سەرخەت، ئینجا باس بوو بەوەی کە "
کوردەکانی سوریا" یەکدەگرن، دواجار بارزانی موسلیمی بینی و لەدواییدا
نەوشیراون موستەفا بروسکەی لێدا بۆکۆبانێ....ئایا لەپاش ئەم ئالوگۆرانە
پەیەدە دەتوانێت مقاوم بونی خۆی بپارێزێت ؟ یان دەتوانێت واز لە پەکەکە
و یەکێتی و ئێران بهێنیت؟! ئەگەرچی سیاسەت لە هەلومەرجی ئەمرۆدا
بەوشێوەیە ڕەق نییە و تا بلێی دەکشێت و دەیکشێنن، بەڵام لە چوارچێوەی
گشتی دا، سیاسەتی ئەمەریکا وە لەگەڵیدا پارتی وە تورکیا ئەوەیە کە
پەیەدە لە پەکەکە بکەنەوە، یان پەیەدە لە میحوەری سوریا ئیران دەربکێشن
و بیهێننە نێو چوارچیوەی میحوەری خۆیان و لە چوارچێوەی سوپای ئازادو
ئۆپۆزسیۆنی سوریا دا رێکی بخەنەوە... سیاسەتی سەرەکی لاوازکردنی ئێران
و سوریایە لە دوا ئەنجامدا لاوازکردنی روسیاو ڕێگە گرتن لە بونی ناوچەی
نفوزو دەسەڵاتی ئەوە لە ڕۆژهەلاتی ناوەراستدا.
لە ڕوانگەی منەوە ئەم قۆناغە بەردەوامەو درێژە دەکێشیت. واتە ئەوەی
ئەمرۆ مومکنە بۆ ئەمەریکا، لەوانەیە پاش ماوەیەکی دیکە مومکن نەبێت
بەهەمان شێوە بۆ هێزەکانی تر...بە هەرحاڵ ئەم مەسەلەیە نەبڕاوەیە...
بەڵام ئەوەی کە گەورە بەرپرسانی ئەمەریکا هەر چەند رٶژ جارێک دەڵێن
لەوانەیە کۆبانێ بگیرێت لەلایەن داعشەوە مانای هەیە؟ ماناکەی ئەوەیە
ئەگەر " پەیەدە" بە قسەی ئەوان نەکات، یان لایەنی کەم تەوازنێک
ڕانەگرێت ئەوا زیاتر ئابلوقەی دەدەن ... لە دواجاردا دەیخەن واتە
کۆبانی دەروخێنن بە هاوکاری تورکیاو بارزانی و بەهێزکردنی داعش...
تاکەی پەیەدە دەتوانێت هەموو ئەم فشارانە هەڵگرێت؟! بۆیە ئەو مەسەلەیەی
کە کۆبانی دەکەوێت یان نا؟ بە بڕوای من مەسەلەیەکی نەبڕاوەیە.....
پەیوەندی بەزۆر فاکتەری جیهانی و ناوچەییەوە هەیە. لەوانە وەڵامی ڕوسیا
وئێران و تەنانەت سوریا بە سیاسەتەکانی ئەمەریکاو تورکیاو سعودیە لە
ناوچەکەدا، بۆ نموونە... ئەوەی لە یەمەن ڕودەدات لە لایەن حۆسیەکانەوە،
ڕاستەوخۆ هێزی ئێرانی لە پشتە بە کۆمەکی روسیا لەبەرانبەر سیاسەتی
سعودیەو ئەمەریکادا. هەوڵدانی حکومەتی فەلەستینی بۆ فشار خستنە سەر
ئیسرائیل وهەڵوەشاندنەوەی پەیمانی ئەمنی نێوانیان... ئەمانە نموونەن.
بەهەرحاڵ ئەو چەکدارو بەرگریانەی ناو کۆبانێ بۆ دواجار وەکو ئینسان
پێویستیان بە کۆمەک و هاریکاری و پشوو هەیە وپێویستیان بە تازەکردنەوەی
وزەو توانا هەیە.
لە پەیوەند بەوەی کە ناوەرۆکی چینایەتی پەکەکە یان پەیەدە چیە؟! پێم
وابێت لە باسەکەدا ڕۆشنە.... ئەم دوو هێزە لاوان وە ژنان بە هێزی
سەرەکی دەبینن بۆ شۆرش لە بەرنامەکەیاندا ولە بەرنامەی پەیەدە دا بڕگەی
تایبەت هەیە بۆ ژنان و لاوان، بەڵام داوکاریە کرێکارییەکان و
باشترکردنی ژیانی ئەوان هیچ ئەسەرێکی نییە....کۆمۆنیزم لە بناغەوە هی
کرێکارە... کەسێک یان لایەنێک یان حیزبێک کە کۆمۆنیست بێت ڕاستەوخۆ لە
کرێکارو چینی کرێکارەوە دەست پێدەکات... ڕزگاری کرێکار وەک چینێک لە
ڕێگای شۆرشی کرێکارییەوە و بە روخاندنی سەرمایە و سەرمایەداری وەک
سیستەمێکی کۆمەلایەتی واتە هەڵوەشانەوەی کاری بەکرێ دێتەدی... ئەمە
کۆمۆنیزمی مارکسە... پەکەکەو پەیەدە لە هیچ کاتێکدا خۆیان لە کۆمۆنیزم
نەداوە و خۆشیان بە کۆمۆنیست نەزانیوە لە ئاستی
سەرکردایەتیەکەیاندا.... هەر لایەنێک داس و چەکوش و لافتەی سورو رەسمی
جیڤارای بەرزکردەوەو چەمکی کۆمۆنیستی بەکارهێنا نابێتە کۆمۆنیست وە
کۆمۆنیست نیە.... کۆمۆنیزم پێش قسە کردن و نوسین وبەیان دەرکردن، بونە
لە نێو چینی کرێکارو خەباتی ئەودا بونە وەک هێزێکی ڕێکخەرو پێشرەو....
بەبێ ئەم بون و ئامادەبوونە لە نێو کڕێکاردا کۆمۆنیزم بوون مانای نییە.
بەڵام ئەوەی کە پەیەدە ڕێگا نادات لایەن وهێزی تر بچێتە کۆبانێ، ئەگەر
لەژێر ڕابەری و دروشمی خۆی دا نەبێت... بەڕەسمی ئەوان وایان
ڕانەگەیاندوە، بەڵام ئەوەی کە ڕاگەیەندراوە ئەوان دەڵێن ئێمە پێویستمان
بە چەکدار نیەو پێویستمان بە چەک و دەرمانە.... ئەمەش ئەو مانایە
دەگەیەنێت کە لەپرسیارەکەی تۆدا هاتوە بەڵام ئەوە لە ڕوانگەی منەوە
سیاسەتێکی گونجاوە. هەموو هێزێکی میلیشایی لە دونیادا هەر وادەکات....
سەیری یەکێتی و پارتی بکە ئەوە ٢٣ ساڵە پێکەوە حکومەتیان هەیە، بەڵام
کەسیان هێزی ئەوی تر لە ناوچەکەی خۆیدا قبوڵ ناکات. ئەمە بەجیا لەوەی
ئەو هێزەی کە دەچێت کێیە؟! ئایا لە باری سیاسی و ئامانجەوە نزیکە لە
خۆیان ؟! ئەگەر نا ئەوە مەترسی دروست دەکات، بۆ سەر کۆبانێ. بۆ نموونە
ئەگەر ١٣٠٠ کەسەکەی سوپای ئازادی سوریا بنێرن وەک ئۆردوگان باسی دەکات،
ئەوکات کۆبانی بەبێ تەقە دەگیرێت. وە ئەوان پێم وانیە خواستی بەوشێوەیە
لە هەموو هێزێک قبوڵ بکەن.
لە کۆتاییدا بە پێویستم زانی قسەیەک لە سەر چەپ بکەم. چەپ مانای چییە؟
چەپ لەڕوانگەی گشتی کۆمەڵگاوە بە کۆمۆنیست و ئەو هێزانە دەوترێت کە
ناویان سۆشیالست و یان عەلمانین و پێشکەوتوخوازن.... بەڵام ئەوە بە
بڕوای من سەر لێتیكدەرە و دروست نیە. ئەمرۆ هۆلاند ی سەرۆکی فەرەنسا لە
ئاستی کۆمەڵگاو میدیادا خۆی حیزبەکەی بەچەپ هەژمار دەکرێن، بەڵام
لەباری سیاسەت و پراتیکەوە رێگانی ئەمەریکایە و لە ئێستادا لە هۆلاند و
حیزبەکەی ڕاستتر نییە، بەهەمان شێوە تۆنی بلێر و حیزبەکەی حیزبی
کرێکارانی بەریتانیا لە کاتی ئەودا.... لەڕوانگەی منەوە چەپی کۆمەڵگا
مانای چینایەتی هەیە . چینی کرێکارو بزووتنەوەکەی چەپی کۆمەڵگایە...
چونکە کرێکار رۆژانە نارازییە و خەبات دەکات لە پێناو باشتر بونی
ژیانی... ئەوە چەپە بەرانبەر بەباڵی ڕاستی دەسەلاتدار کە بورژواییە...
بەم مانایە لای من پەکەکە ناتوانێت هێزێکی چەپ بێت، بەلام پەکەکە لە
نێو خێزانی بورژوایدا و لە نێو هێزە بورژواییەکانی رۆژهەلاتی
ناوەراستدا.. هیزێکی چەپی بورژوایی گەورەیەو کاریگەری گەورەی هەیە و
تەواوی چەپی تورکیاو یۆنانی جۆری خۆی بەدەوری دا کۆبۆتەوە.
لە کۆتاییدا گرینگ ئەوەیە کە ئەم وەڵامە بگاتە هەموو ئەو هاوڕێ و
دۆوستانەت کە خۆت باس و خواستت هەیە لە گەڵیاندا. هەر سەرکەوتوبن.
٢٥\١٠\٢٠١٤
ماڵپهڕی سامان
کەریم
|