١٦\٣\٢٠١٢
لە وەرانی چەند
ھەزار دارێکی (ھەڵەبجە)دا چەند تابلۆیەک لە پەلکەدارێکی وەریو...

شوان عوسمان
(١)
لە لاپەرگەی وڵاتێکی پڕ لە دێوەزمەی عەمامەو جوبەو عەبای رەش وتاراو
سێبەرو تارمایی رەشدا، لە شارێکی سەرتاپا رەش داگەڕاو بە خەمی رەش
وحیجابی رەش وتەسبێحی رەش و ریشی سپیورەشی (کۆمارێکی رەش وترس )دا، لە
بازاڕێکی رەش کە ھەموو شتێکی رەش، لەو گۆڕەپانە بە سپی ھەراج و بە رەش
ساخ ئەکرایەوە، تەنانەت تاکە بنەوشێکیش ناتوانێت بە ھەوەسی خۆی لێرەدا
شین بێت، بە چارۆگێکی رەش رەنگی ئەگۆڕن، ھەریەکە لە گۆشەنیگای بازاڕی
خۆیدا، بە فانتازیایەکی جوان بە سەر سەرو باڵای کەرەستەکانی خۆی
ھەڵئەدا:
" وەرە ئەوەیە برنجی سپی ئەمەریکی... برنجی سپی بە بۆن تا نەیخۆی
نازانی چیە بۆن...".
" وەرە ئەوەیە کەرەی تورکی..کەرە بە مرەبا خەمت لەناو ئەبا.. ".. "
" ئەوەتا رۆن رۆنی بەتام.. رۆنی بولغاری..ئەگەر یەکجار تامی کەی..
ھەرگیز دەستی لێ بەر نادەی... ".
" وەرە تامی کە.. تا تامی نەکەی نازانی شیرینی چیە..ئەوەیە شەکر..
شەکری کوبی... ".
لە کونجێکی رووبەر بەرتەسکی ئەو حەشاماتە پڕ جەنجاڵەش (زەردەشت)
منداڵێکی رەنگ زەردو لاواز چاو دەرپۆقیو، بە نرکەی دەنگێکی کزو نوساو،
بەربەرەکانی دەنگ و ھەڵلای ھەڕاجخانەکەی ئەکرد، تا چەند تمەنێک بۆ نانی
ئەمرۆکەی خۆی ودایکە کلۆلەکەی مسۆگەر بکات، ئەو دایکەی دوابەدوای ئەوەی
ھەوری گازە سپیەکەی ئاسمانی سەر شارەکەی بەرچاو ئەکەوێت، جارێکی دیکە
نە ئاسمان وئاوو خاک ونە شاری خنکاو ونە دوا ھەناسەی پیاوەکەی لە کاتی
ئاوزینگدان ئەبینێتەوە، ئەوجارەش دواجار بوو کە چاوی گەشی کوڕەی (زەردەشت)
ببینێت، ئیتر نابینا ئەبێت ولەوساوە ھیچ شتیک نابینێت، لەوکاتەوە ئیتر
(زەردەشت)یش بۆ ئەو ئەبێتە ھەموو شتێک مێردو کوڕو گوزەران وچرای ماڵ
وچاویش ..
" وەرە ئەوەیە رەسم ..تازەترین رەسم ببینە.. رەسمی وێران بوونی شارێک
... خەمناکترین رەسمی منداڵ و دایک ببینە.. وەرن رەسمی تازە ببینن..
بزانن کیمیا چ حەشرێک بە شارێک ئەکا.. وەرن ئەوەتا رەسمی شارەکەم...
رەسمی خاڵ ومامۆژن وباپیرو پوورەکانم ببینن.. وەرن ئەو رەسمە گرانانەم
لێ بکڕن.. بە پولێکی ھەرزانتان ئەدەمێ.. تا نانێک بە دەست بێنم.. لە
دەست خۆتانی مەدەن ئەو رەسمانە.. من ھەموو شتێکم لە دەست چوو.. با ئەو
رەسمانەش لە دەست بچن.. تازە نە باوکم دێتەوە نە چاوی دایکم.. دە وەرن
ئەو رەسمانەم لێ بکڕن.. تا ئێستا کەس چاوی بەو شتانەدا نەکەوتووە..
لێرە نەبێت لە ھیچ شوێنێکی دیکەش نایبینن... ".
دەنگەگە چەند کز بوو، تا دەھات کزتریش ئەبوو..لەبەرئەوەی گریان
وردەوردە لە قوڕگیدا پەنگی ئەدا، بە دیتنی وێنەیەک لە ناو وێنەکان کە
کابرایەکی پیر لە بن دیوارێکی رووخاودا زۆر بە کلۆلی وغەریبی راکشا
بوو..لە بەدبەختی ئەوو چاوی ئەویشدا ئەمڕۆکە کەسێک نەبوو دەست بۆ
رەسمێک ببات تا بە گەرمایی پارەیەک، تنۆکە گەرمەکانی چاوی سارد ببێتەوە..
بۆیە ناچار بوو لە بڕی دەنگ ھەڵبڕێ بۆ مەزاتی رەسمەکان، لە پڕمەی
گریانێکی زیاتری داو ھاواری کرد:
" ئای باپیرە تۆش منت وا بە جێھێشت... ".
(٢)
لەبەرامبەر دەنگی زرمەکە، کۆلیتە شڕەکەش خۆی نەگرت ولەرزێکی گرت، وەکو
ئەوەی لەرزوتایەکی ناوەخت روویتێکرد بێت، ئایشەگوڵ لە بنەبانی ژوورەوە
کە خەریکی خەونی رەنگاورەنگ بوو، جارجار لەسەرخۆو بە سۆزێکی نەرم دەستی
بە سەر سکە ئاوساوەکەی ئەھێناو ئەبرد تا بزانێت قەبارەی کۆرپەلەکەی
گەیشتۆتە چ ئاستێک، وەک ئەوەی دەست بە سەر سەرو لەشی منداڵەکەی دابێنێت،
ھەناسەیەکی ھەڵکێشا، لە پڕ راچەنی وبەدەم وڕێنەیەکی ناوەخت وپرتەو
بۆڵەیەکی بێسەروبەردا رووی لە مێردەکەی کرد وئەیگووت:
” ھا پیاوەکە چیم پێوتی..خەونەکەم ھاتە دی..یان نا..باوەرت
ناکرد..ئێستا ئەلێی چی..دیارە (حەمە)و (عەلی) فێڵی خۆیان لێکردی..
بەدزی تۆو بە بێ تۆوە چوونە راوە ماسی.. تۆیان لەگەل خۆیان نەبرد.. ".
(ھەناسەیەکی قووڵی دیکەی ھەڵمژی) ئنجا کەوتەوە وڕێنەو بۆڵە بۆڵێکی
ژنانەوە:
" چەند رۆژ بوو حەزم لە سێو بوو..ئای بۆ سێوێک..ھەر بۆمت
نەھێنا..ئەتووت کوا سێو لە بازاڕدا ھەیە.. پەیدا نابێت.. ئەی ئەوە چیە
ئەو بۆنی سێوە خۆشە..لەودیو مالی میرزاوە دێت..سێوە یان نا..لەگەل تۆمە
پیاوەکە..بۆ جوابت نیە.. خۆتم لێ کەڕ مەکە..کە ئەزانیت راست ئەکەم متەق
لە خۆت ئەبڕی..ھا ئەتوانیت رێ لەو بۆنە بگریت..ھەستە تەماشا کە..بەلکو
بزانیت لە کوێیان ھێناوە..لەگەل تۆمە ئەوە چیتە بۆ دەنگ ناکەی..".
ژنەکە لە بێدەنگی پیاوەکەی سەری سوڕما بوو، بەڵام تامی سێوو خەیاڵی
بۆنەکە ھاوشانی باری قورسی سکەکەشی، شپرزەیان کرد بوو، بەڵام چیتر
نەیتوانی چاوەڕێ بکات، لە بێدەنگی پیاوەکەشی بێھوودە ببوو، بۆیە
بڕیاریدا بە خۆی ھەستێت لەو بۆنەوە دڵنیا بێت، لەگەل ھەولی
ھەستانەوەیدا، سەری سوڕاو خۆی پێ رانەگیرا، بە نیگایەکی کزو مەلوولەوە،
کەوت وتەپەی ھات لە بن کەوشەکانی پیاوەکەی خۆی دیتەوە...
ئەویش دەمێک بوو نە ھەستی ھەبوو نە خوستێک بۆیە ورتەی لێوە نەئەھات،
ھەروەکو تەرمێک وابوو ساردو سڕ رۆحی تێدا نەما بوو لەگەل ژنەکە
ھەردووکیان بوونە تەرمێک وتاھەتا پێکەوە نوسان، بەڵام داخ ئەوە بوو کە
ھیچ یەکێکیان تا ئێستاش نەیانزانی ئەو بۆنەی کە ئەو ناوەی پڕ کرد بوو ،
نە بۆنی ماسی بوو نەبۆنی سێو بوو..بۆنی گازی (خەردەل) بوو کەسیشیان
وکەسیشمان نەمانزانی، چونکە کەس (خەردەل)ی تا ئەو کاتە بە چاوی خۆی
نەدیتبوو...
(٣)
سواڵکەرە مێردمنداڵەکە پاش گەڕانێکی زۆر بۆ کارێک کە بیکات، وەکو رۆژان
نابەدڵ دەرچوو، ھیچی دەستی نەکەوت، ناچار دەستی پان کردەوە، بەڵکو
خێرومەندێک یارمەتیەکی بدات، لەبەردەم وێنەفرۆشەکەی سەر شۆستی خیابانی
شارەکە، ھەڵوێستێکی کردو ھەنگاوەکانی لەوێ خاو کردەوە، لەبەردەم
وێنەکانی(ھەڵەبجە)، نەیتوانی لە سواڵ بەردەوام بێت ، کوڵانەوەی
برینەکان نانی لە بیر بردەوە، ھەنگاوەکانی لەخۆرا رەق بوون ،قیت قیت
وەستا، بە چاوێکی زەق ونەختێک خەواڵوو، لەسەرەخۆ بە نیگاکانی کەوتە
ھەڵدانەوەی وێنەکان، ئەو وێنانەی بریتین لە رابردووی ئەوو ھەرگیز لە
ناو زاکیرەیدا لاناچن، ھەر بە نیگا تەڕەکانی پەنگری ناوەوەی
دانەئەمرکایەوە، حەزی کرد بە پێستی دەستی ھەستیان پێ بکات، پەلی بۆ
دەستە رەسمێک برد، یەکبینە لە نێوان ھەردوو لەپیدا ئەمسەرو ئەوسەریان
ئەکرد، وا خزابووە ناو وێنەکان وەکو ئەوەی خۆی کەسێکی ناو رەسمەکان بێت
وتازە ھاتبێتەوە، حالەتی ھەنیەو دەموچاوی بە گوێرەی حالەتی رەسمەکان
ئەگۆڕا، بە دەم حالەتەکانیشەوە بەردەوام لە ناو حالەتی خەمناک وگرژ
وتووڕەیی خۆی رەنگی ئەگۆڕا، ھەر کەسێک سەرنجی لە روخساری ئەوی بدابایە،
یەکاویەک ئەیزانی چی لە ناو وێنەکان روو ئەدات ..
لە پڕ رەنگی زیاتر گۆڕا، بۆ تاوێک چاوەکانی بە دەستی ھەلگلۆفتن، وەکو
ئەوەی بیەوێت لە راستی شتێک دڵنیا بێت، چەند تنۆکێک بەر بیناییان تەنی
وسۆمایان تاریک کرد، دوو جۆگەلەی باریک رێچکەیان گرت وبە سەر روومەتە
زەردو لاوازەکانی بریسکەیان ھات، بە دەم ھەنسکێکی تەزیو وھەناسەیەکی
تەنگ، خۆی راپسکاند وھاتەوە ناو حالەتی واقیعی خۆی، پێی وابوو خەیاڵە
یان خەون، بەڵام کە تەماشای کرد، ھیچیان نیە راستیە، ھەولیداو زۆری لە
خۆ کرد تا بتوانێت ورتەیەک بکات:
" خاڵە گیان ...ئەم عەکسە بای چەندە.. ".
" ١٥٠ تومەنە رۆلە.. ".
تەماشای گیرفانی کرد لە ١٠٠ تومەنی زیاتر پێنەبوو، بۆیە بە دەم
ھەنسکەوە رووی تێکرد:
" خاڵە گیان ھەر ئەوەندە پارەم ھەیە.. ئەتوانم دوایی ئەوەی دیکەت بۆ
بێنم .. ".
کابرای وێنەفرۆش لەو حالەتە مرۆڤ بوو نەک بازرگان کە فرمێسکی بێدەنگی
مێردمنداڵەکەی دیت زانی یەکێکە لە دلسۆزەکانی ئەو رەسمە بۆیە گووتی:
" بیبە کوڕم گەردنت ئازا بێت تۆ پارەش نەدەی مشکلە نیە... "
مێردمنداڵەکەش لە دڵخۆشیان دەمی بۆ دەستی کابرا بردو پێی گوت:
" سوپاس خاڵە گیان تۆ نازانی ئەو عەکسە بۆ من چیە..ھەرچەندێکت داوا
کردبا من ھەر ئەمکڕی... " .
کە لە ئاوادانیەکە دوور کەوتەوە، ھەر بە دەم رێگاوە دوای تاوێک ھەڵگێڕو
وەرگێرانی رەسمەکەی ناو لەپی، ئنجا بە تەماشا کردنێکی قووڵ وماچێکی
کردو بۆن کرد، ئنجا ھاوارێکی لێ ھەستاو لە پڕمەی گریانی دا بەو ھاوارەش
ئەو دەنگەی لێوە ھاتە دەر:
" ئای باوە گیان.. چەند بە دوات گەڕام.. بە سۆراغێکت نەگەیشتم.. دوای ٥
ساڵ بزر بوون... ئەمڕۆکە لە سەر جادەی ئەو شارە بە رەسمێک ئەتبینمەوە...".
لەو رۆژەوە رەسمەکە بۆ مێردمنداڵەکە، بووە وەفاتنامەو شۆستەش بووە
گۆڕستانیکی غەریبان...
(٤)
دوای ئەوەی ھەریەکە لە ماڵی خۆی بێماڵ بوو، لە خاکی خۆی ئاوارە بوو، لە
نیشتمانی خۆی دەبەدەر بوو، دوای ئەوەی ناوێکی گەورەو شارێکی ئاوەدان بە
مێژوویەکی دەوڵەمەند وماڵێکی مێوانپەروەری شاعیران، لە سەر نەخشەی
جوگرافیاو زاکیرەو یادەوەری خەڵکی (ھەڵەبجە) وەکو ھەوارێکی وێرانی
لێھات، ئەوانەی زیندوو مانەوەو نەمردن ژیانیان بەو مەمرەو مەژیە لەو
دویو سنوور دەستی پێکرد..
بە سێوو ھەنار رنینەوە بەرامبەر پولێکی قەلپ، موجازەفە کردن بە رۆح
وجەستە بە قاچاغ وبازرگانی سەر سنوور، بە سواڵ وپێڵاو بۆیاغ کردن، بە
قاپ شۆرین وجڵشۆرین، بە قوڕ شێلان وسوغرەکاری لە پێناو نانێکی گران
ودابین کردنی ژیانێکی مەردانە بە پارەیەکی ھەرزان، بەردەوام بووە پیشەو
کاری گوزەرانی ئەو خەڵکە...
لە ھەمان کاتدا لە مەزاتخانەیەکی تابلۆی ھونەری وڵاتێکی دوورو پڕ لە
چاوی گریاوی مرۆڤایەتی، رەسمی (عومەری خاوەر)و کۆرپەلە تاقانەکەی
دەچێتە گرانترین نرخ وپارەوە، دەوڵەمەندێکی گەورەو دڵ گەورە بە
گرانترین چەکی بانک، تابلۆکە ئەکڕێت ولە ھۆڵە پانوپۆڕەکەی ماڵەوەی خۆی
ھەر لە تەنیشت تابلۆکەی (مۆنالیزا) ھەلئەواسێت، بەلام کە (مۆنالیزا)
تابلۆی (منداڵەکەی عومەری خاوەر)ی لە تەنیشت خۆی دیت، یەکاویەک گۆڕا
لەو رۆژەوە بزە جوانەکەی لە سەر لێودا نەماو بۆ تاھەتایە دەموچاوی
تێکناو تووڕە بوو..
(٥)
چەند جوان لە بن دیوارەکەدا راکشا بوو، وەکو ئەوەی لە خەوێکی خۆش دابێت
وبۆ سەرخەوێکی خۆش لای دابێتە بن دیوارە رووخاوەکە، تا تاوێک لەو ژیانە
سەختەو خەمی چارەنووسی نادیاری خێزانەکەی دوور کەوێتەوەو پشوویەک بدات،
بەڵام بە بێ ئەوەی ئەمڕۆکە بڕیار لە دەست ئەودا بێت کە لێرە ئەبێت باری
خۆی دابنێت، مردن ناچاری کرد پەنا بۆ ئێرە بێنێ و لەگەل تەرمی (کاروان)ی
کوڕەکەی راکشێت، ھەنگاوەکانیان لێرەوە تەواو بوون وبۆ ئەبەدیش
چاوەکانیان کوژانەوەو لەگەل یەکتریش بۆ تاھەتایە دەست لەملانی یەکتر
بوون...
ئەبێت رۆژانە چەندجار بە بەردەم ئەو دیوارەدا رەت بوو بیت کێ ئەیزانی
ئەوجارەت دواجار ئەبێت، جارێکی دیکە ناتوانیت بێرەدا تێپەڕیت
وبگەرێیتەوە، ئەبێت رۆژانە چەندجار منداڵەکەت بە سەر ئەو دیوارەدا پازی
دابێت ویاری لە بن کرد بێت وخۆی لە پەنا شارد بێتەوە، کێ ئەیزانی ئەو
بن دیوارە ئەبێتە گۆڕێک وھەردووکتان لە باوەش ئەگرێت ولێرەدا دەستتان
لە یەکتر بەر نابێت...
لەوەش ناخۆشتر ھەیە، کاتێک ژنە ھاوسەرەکەت بە سەرتەوە ئەبێت وبە چاوێکی
پڕ گریان وترس ولەرز، تەماشات ئەکات تۆش ناتوانیت لەگەلیان ھەستیت
ودووبەدوویان بڕۆیت وھاوسەفەریان بیت تا لە گەڕانیان بۆ پەنایەک
مانەوەتان سەلامەت بکات، ئای لەو رۆژە چ رۆژێکە کەس ناتوانیت تا سەر
لەگەل یەکتر بمێنیتەوەو ناچاریت دەست لە پارچەکانی خۆت بەر دەیت،
ھاوسەرەکەت رەق رائەوەستێت نازانێت چ بکات...
لە ترسی دووبارە بوونەوەی کارەساتێکی دیکەو مردنی منداڵەکانی دیکەی
نازانێت چ بڕیارێک بدات، بمێنتەوە لەگەل تەرمەکانتان شین بکات و
لە بستەخاکێک بگەڕێت تا بتانشارێتەوە، یان بە جێتان بێلێت بۆ
ئەوەی ئەوانیش بە دەردی ئێوە نەچن، بڕیارێکی سەختەو ھەموو کەس ناتوانێت
بە ئاسانی بڕیار بدات، ئەگەر ئەویش بڕیار بدات بە جێتان بێلێت ودڵی خۆی
بکوژێت، ئەی دڵی (کارزان)ی کوڕرکەی چۆن رازی بکات، بە چی باوەری بێنێت
تا دەستی لە ملت ھەڵگرێت کە دەست ھەڵناگرێت و
نایەوێت بەجێتان بێلیت...
بۆیە ھەمووتان بڕیارتان دا سەفەر بە بێ یەکتر نەکەن یەکتر بەجێنەھێلن و
لەگەل یەکتر بمێننەوە تا ھەمووتان بە یەک چارەنووس بژین و
بمرن.....
١٩٩٢ - کوردستان -
ھۆلەندە
ماڵپهڕی
شوان عوسمان
|