په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١٠\٢٠١٢

    لە وڵاتی ئاودا پایز گڕی لە دڵی ژیان بەردا.


هێرش یاسین

دەمەوێت فێری بارانم کەیت
لە دەشتەکانی ناوەراستی سەدەی ئەوین،
سەرمەستانە دا ببارێم بەسەر گوڵەکانی تەریقەتی نەوڕەس،
شەڕی تەنیایی(با) بەدیار ئاو بکەم،
لەکاتی بڕینی تەمەنی پیری..

بێداری ڕۆژ دەشکێنم
سوپای مەمڵەکەتی وشە سوتاوەکان،
سوپای ئاسمانی ڕستە تەواو نەکراوەکان،
سوپای خاکی شیعر کوژراوەکان،
دەنێرمە جەنگ..

لەکاتی بارینی وەرزی گەڵا
ئاوێک نەماوە بۆ وشکردنی دەمی زەمین
کەسێک نەماوە بۆ نووسینەوەی دیرۆکی باران....

تۆ بەدبەختی شەقامەکانی لای قەڵا،
مێژووی پڕ لە دەردی ئێمە بووی
لەسەر دیواری شار نووسرابوو ،
براکان کوژران
لەکاتی پێکەنینی خوا،
براکان کوژران لەکاتی گریانی ژنە مهرەبانەکانی،
وڵاتی پڕ لە غریبی،
پڕ لەمەنفا...

لە شەوی ناسینی خۆم،
تۆ بەدیارمەوە دیدەنی مانگ دەکەی
خۆر هەتاو بارانی ئەبەدی بەسەر مندا سوتاند
دەشتەکێوی نەگبەت بووم
لەئاسمانی نووسراوەکانی باخی ئەوین ...

دیدەنی نشتیمان دەکەی
کەی دڵی نیشتمان جێگەی تۆ دەبێتەوە؟
بۆ بیر لە چۆلەوانی دڵم ناکەیتەوە!

تۆ نازانی گوڵی تەنیایی من دەمێکە لە باخێکدا
دەست لەمڵانێ ی لەگەڵ ئاو نەکردووە
دەمێکە شەڕ لەگەڵ پەپولە،
لەگەڵ پەیکەریکی ئەم هەساریە نەکردوە

ئەو دەمەی نیشتیمان دڵی دایە دەستی هەناسە کوژراوەکانی من،
ئەو دەمە شار چاوەڕی گۆڕەکەی من بوو
دایکم لە سوچێکی ژیاندا
بە بێ دەنگی
دەگریا بۆ هاتنەوە باران،
لە ڕۆژێکی شوم دا
سەفەری کرد بەناو ڕۆحی ئاسماندا..

ژیان لە دڵی جەلادێک دەچێت
لێرەوە هەموومان چاوەرێن
بمانخەنە ناو تابوت..

نازەنینەکەی من
کاتێ دڵی تۆ گوزەشت
گوڵەکان لەناو باخی بەهەشتی ژیان دا
کەوتنە ناو دۆزەخی بوون
باران ڕەنگی تەنیایی هەڵگرتوە
خەو وەک منداڵێََکی ڕیسوا هەموو شەوێ
یەخەی دەگرتم،
تا بەیانی شعرم بۆ گەڕانەوە دەگوت
لەناوەراستی گۆرەکەم دا،
تۆش بێ دەنگ بێ دەنگ پێ دەکەنی...

 

wwhersh@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک