١١\٥\٢٠١٧
چیڕۆک:
لەو خەونەمدا
ببوومە سەرۆک!

هەڵمەت عوسمان
چیبێ لە ئێوە نهێنی، لەو
خەونەمدا ببووم بە سەرۆک... با لە نووکەوە بۆتانی بگێڕمەوە، بەڵام
خوێنەر گیان لێم دامەبڕێ و چاوت لامبێ... من کە لە هەرزەکارییەوە وا
ڕاهاتووم، تا فیلمی دوا بابەتی شەو نەبینم، ناخەوم، نەک ناخەوم بەڵکو
بە سروشتی خۆم خەوم نایە، بەڵام نازانم ئەمشەو بۆ هەر لە دوای بانگی
خەوتنان، خەو؛ پۆشاکە تاریکەکەی خۆی بەسەردادام، زۆر هەوڵمدا فێڵێک لە
پێڵوەکانی چاوم بکەم، بەڵێ بێ سوود بوو! ئەو خەوە نەک بە دەموچاو شوشتن
وازی نەهێنا، تەنانەت خۆشم شوشت هەڵبەت ئەوەیان لەسەر داوای خێزانم
بوو، چونکە وتی: لە ئێستاوە تۆ بخەویت، من بە دوو منداڵەوە چی بکەم؟!
وا باشترە ئاوێک بکەی بە خۆتدا، بەشکم خەوەکەت نەمێنێ... زۆر لە باسەکە
دوور نەکەوینەوە، تەنانەت لە خۆشوشتنەکە، هەندێ کەفم کردە ناو چاوم،
چاوەکانم دەتوت مێشیان میوان نییە! بە لۆژەلۆژ لە گەرماو هاتمە دەرێ،
لەپەوڕوو خۆم بە جێگاکەم دادا و کەوتمە گەرمەی خەو! ئاخر ڕاستە خوا
غەزەب لە بزن بگرێ، نانی شوان دەخوا! منیش هەروا وەک بزنەکە غەزەبێک
بوو، خوا لێی گرتبووم، ئەگینا داماوێکی وەک من، خۆی چی و سەرۆکی چی!
خۆتان دەزانن ئەوە ڕاست نییە و هەر تەنها خەونێکەو هیچی دی. با ئەو
ڕاستییەش بڵێم، خوا دەزانێ ئێستا لە ساتی گێڕانەوەی ئەم خەونە، ئازای
بەدەنم وەک شۆڕەبی دەلەرزێ! ... دونیای خەونیش دەشێ ڕووداوی عەجیب
عەجیبی تیا ڕووبدات، وڵات خرۆشابوو، هەر لایەن و پارت و نیو پارت
هەبوو، خۆیان مشەوەش کردبوو! زۆرێک لەوان بەربژێریان بۆ پلەی
سەرۆکایەتی دیاریکردبوو، جا هەبوو پێنج شەش ڕۆژێکی لە تەمەن مابوو خوا
ئەمانەتەکەی لێ وەرگرێتەوە، هەشبوو زیاتر!
شاشەی تیڤییەکان، سیخناخ ببوون لە بۆینباخ لەمل و هەشبوو هەستی
کوردایەتی جووڵابوو، پۆشاکی کوردی پۆشیبوو، دوو دانە ئافرەتیش بۆ سەرنج
ڕاکێشانی نێرەکان، تا سەرچۆکیان ڕووت و لە دواوەش فەتحێکی یەک بستی
تیابوو، کاتێ لەسەر مەنەسەی خۆناساندن دەڕۆیشن، هەنگاوەکانیان فراوانتر
دەکرد، ئیتر ئەوەیان خۆتان دەزانن بۆچی! چی بێ لە ئێوە نهێنی، شەڵڵا
ناماقولیم بکردایە، بەڵام ئەم بڕیارەم نەدابووایە، بێ ئەوەی گفتوگۆ
لەگەڵ کەس بکەم، چووم بۆ کۆمیسۆن و ناوی خۆم خستە پاڵ ناوی بەربژێرەکان
و ئیتر لە ئێوارەی ئەو ڕۆژەوە ئێمەیان بردە ناو قاعەیەکی فراوان و
وێنەیان گرتین و باشترین وتەشیان لێ وەرگرتین، جارێ وتەکەی خۆمتان پێ
ناڵێم، با بۆ دوایی بێ، خوێنەر گیان بەردەوامبە لەگەڵم، بزانە چی
ڕوودەدات... دوای دوو ڕۆژ سەر و کەلـلەی خۆمم بینی لە شاشەکانەوە و
هێندەی پێ نەچوو، من وەک تاکە بەربژێری گەنج لە جیهان بۆ سەرۆکایەتی
ناوبانگم دەرکرد، سەرجەم کاناڵەکانی ڕاگەیان بە هەموو جۆرەکانیانەوە
سەریان لە ماڵمان نەبڕی، یەک دەڕۆیی دووان دەهاتن، دوو دەڕۆی دەرزەنێک
نۆرەیان گرتبوو! ئااای خوایە چیم بە خۆم کرد، ئاخر باشە چۆلەکە گۆشتت
چی، گۆشتاوت چی؟!! بە هەر حاڵ با بەردەوام بین بزانین چی ڕوویدا! من
تەنانەت کاتی ئەوەم نەبوو یەک دوو ماڵ بکەم، یان تەلەفۆن بۆ دوو سێ خزم
و دۆست و هاوسێ بکەم، بەڵکو پێیان بڵێم ئاگایەکیان لێمبێ، ئاخر شورەییە
لایەنی کەم خۆ دەبێ دەنگی خۆم و خێزانم بهێنم... تا دەهات ناوبانگم
زیاتر و زیاتر دەبوو، هەر لە زاخۆوە تا کەرکوک و تەنانەت کەناڵە
بیانییەکانی (جەزیرە و سی ئێن ئێن و ئێم بی سی) چەند ڕاپۆڕتێکیان لە
بارەوە ئەنجام دام، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو مانگ، ڕۆژێکیان
دیاریکرد بۆ چاوپێکەوتنی سەرجەم بەربژێرەکان پێکەوە و قسەکردنی هەریەک
لە بارەی دواین پڕۆژە و بەرنامەی خۆمان، ئەوەش بە ئامادەبوونی خەڵکێکی
زۆر لەم بەرنامە ڕاستەوخۆیە، کاکە بۆ نۆرەی من نەهات!! تەنانەت
بەربژێرەکانی کێبڕکێکاریشم چەپڵەیان لێدا و بە حەماسەتەوە ویستم
قسانبکەم، نازانم چی ڕوویدا، ڕێڕەوی هەناسەدانم تەنگ بوو، ئەو قسەیەی
ویستم دەریببڕم، وەک چوپێکی تەقیو چیززەی هات! زۆر بە خۆم دا شکامەوە،
ئاخر من لێرە نەتوانم دوو قسەی بەجێ بکەم، کەی بکەم؟! ئەو دیبەیتە کۆتا
قسە و بانگەشەی هەڵبژاردن بوو، دەبوا بە هەر جۆرێ بێ، ئەسپە شێی خۆم
تاوبدەم... سینگ و گەرووم خاوێنکردەوە و یەک دوو جار بە توندیی گەرووم
پاککردەوە، لە ناکاو تۆنی دەنگم خەریکبوو گوێی خۆم کاس بکات، سەرجەم
ئامادەبوان وەک ئەوەی لە ناو پاسێک بن و شۆفێر بە توندیی ئیستۆپێک بگرێ،
سەر و کەلـلەیان کە بۆ پێشەوە و بۆ گوێگرتن لە من ئامادەکردبوو، بەرەو
دوا کشاندەوە! من تەنها ئەوەندەم وت ((ئامادەبوانی خۆشەویست،
دەنگدەرانی بەڕێز، لە هەر شوێنێک هەن، سڵاوتان لێبێت، من نامەوێت دەنگ
بە کەسێک بدەن، کە باوەڕتان بە قسەکانیان نییە، منیش لێرە شتێک ناڵێم
باوەڕم پێ نەکەن و لە ڕاستی بەدوور بێ، دەمەوێ ڕاست و ڕەوان ئەوەندەتان
پێبڵێم: گەر دەنگ بە من بدەن و من قبوڵبکەن بە سەرۆکتان، حاڵتان دوو
بەختەکی دەبێ، یا ئەوەتا باشتر دەژین لەوەی ئێستا، یا زیاتر ڕۆدەچن بە
ناو کێشە و قەیرانەکان)) خوێنەر گیان، براتان هەر ئەوەندەی وت، ئیتر
نازانم چی ڕوویدا، بوو بە ئاخر زەمان! هەر بابابوو ڕایدەکردە سەر
مەنەسە و هەوڵیان دەدا سێڵڤیم لەگەڵ بگرن، تا خۆم نەجات دا جلوبەرگەکەی
بەرم، بەشی ئەوەیان تیامابوو، کە شوێنە عەیبەکانم دابپۆشن! بە هەرچی
حاڵبوو خۆم لەدەستیان ڕزگارکرد! دوو ڕۆژ دواتر دەستکرا بە دەنگدان، من
و خێزانم و هەژان و حەمەگیان، بە سەیارەکەی سامانی برام، چووینە بنکەی
دەنگدان و دەنگمان دا، من دەنگم بە یەکێک لە ئافرەتەکان دا! ئاخر پێش
هەموو شتێ نەدەبوو درۆ لەگەڵ خۆم بکەم، بە حووبی دڵ، حەزم دەکرد، ئەو
دەربچێ، ماشەڵا لەو جوانییەی، تەمەنی لە سەروو چل و پێنجەوە بوو، بەڵام
تەمەن درۆیەک بوو بە باڵای بڕابوو! هەروا بێتەوە هەر بۆ پۆز هەژان و
حەمەگیانیش پەنجە بچوکەکانیان بە جەوهەر کرد، ئەمە وێڕای ئەوەی لوولەی
مایک و کامیڕاکان کێبڕکێیان بوو، بۆ ئەوەی لێدوانمان لێ وەرگرن، بەڵام
خێزانم لە من پۆزاویتر بوو، چ لێدوانمان نەدا و هەر بە سەیارەکەی کاکم
هاتینەوە بۆ ماڵێ... چونکە چەند ڕۆژ بوو هێند ماندوو ببووم، ڕاستەوخۆ
خۆم گۆڕی و خەوتم، چونکە من لەوە دڵنیابووم بەئاگاییم هیچ لە دۆخەکە
ناگۆڕێ، تازە خەڵک بڕیاری خۆی داوە، سەرباری ئەم هەموو چاو سوورکردنەوە
و هەڕەشەی لایەنە چەکدارەکان! من باوەڕی تەواوم بە بڕیار و پڕۆژەکانی
خۆم هەبوو، بۆیە بڕیاری خەوێکی درێژم دا، ئەو ڕۆژە تا نزیکی کاتژمێر
یانزەی شەو خەوتم، لە دەنگی گولـلەی بیکەیسی و ئارپیچی بەخەبەر هاتم،
ڕووم لە خزمان کرد، ئەوە چ بووە، خۆ داعش نزیک شار نەبویتەوە؟! خزمان
سەرجەم بە جۆرێکی سەیر لێمیان دەڕوانی، وتم: بۆ ئاوا سەیرم دەکەن؟ چ
بووە؟! هەموو بە یەک دەنگ هاواریان کرد: پیرۆزه!! ئیتر چۆکم هێزی
تیانەما، لەشم سووک سووک ببوو، وامدەزانی مێشوولەی دەوری گڵۆپەکانم و
فڕیویم! تەنها ئەوەندەم گوێ لە خۆم بوو، وتم: چی؟!!! و کەوتم! کە
بەئاگایان هێنامەوە و پەرداغێک ئاویان دامێ، لەو کاتەدا چاوم زیاتر لە
هەر شتێ، حەزی بە بینینی شاشەی تیڤییەکان دەکرد، لەسەر شاشەکان ناوی
خۆمم چاوپێکەوەت لە سەرووی ڕیزبەندییەکەوە بوو، بە جیاوازییەکی زۆر لە
بەربژێرەکانی دی! ئای هاوار لەم هەستەی ئەو کات هەمبوو، کاتێ ڕۆژ
ببووەوە، باس و خواس هەر ناوی من بوو، کەناڵەکان و ڕۆژنامەنووسەکان بۆ
ئەوەی باڵانسی بینەر و خوێنەریان زیاتربێ، هاتبوون بۆ وەرگرتنی لێدوان
و وێنەگرتنم... دوای هەفتەیەک بە تەواویی ئەنجامەکان ئاشکرا کران و من
ببووم بە سەرۆکی وڵات، کاتی مەڕاسیمی دەستاودەستی دەسەڵات ، لە هاوار
هاواری خێزانم بەخەبەر هاتم.... هەڵمەت ... هەڵمەت... هەڵمەت... بە
چاوی بە خەوەوە وتم: چییە؟ چیت دەوێ؟ وتی: کابرای مۆلیدە هاتووە، سێزدە
هەزاری بۆ بێنە!
halmat.othman88@gmail.com
|