په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١٢\٢٠١٠

لە (خانەقین)ەوە تا جۆهانسبۆرگ،
لاوان و خوێندکارانی جیهان قەڵەم بەرزڕادەگرن!



ساڵانە لاوان و خوێندکارانی جیهان ڤیستیڤاڵی رێکدەخەن و ئەم ساڵ لە جۆهانسبۆرگی ئەفریقای باشوور داگیرسان. سمکۆ رەشید(سەرۆکی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان - عیراق) کە ئێستا لە ئەفریقای باشوورە و یەکێکە لە بەشداربووانی فیستیڤاڵی لاوان و خوێندکارانی جیهانە، رایانگەیاند: من و هاوڕێ هەڵمەت کەریم زۆربەی کاتەکەمان تەرخانکردووە بۆ روونکردنی تاوانی رەگەزپەرەستی حکومەتی تورکیا، ئیران و سوریا دژ بە کوردستانیان و بەتایبەتی لە بێبەشکردنمان لە خوێندن بە زمانی دایک.


سمکۆ وتی: لەم دوو رۆژەدا دیدارمان لەگەل هەر یەک لە شاندی لاوان و خوێندکارانی فەرەنسا، سودان، سپانیا، روسیا، کۆنگۆ، لوبنان، کۆریای باشوور، سەحرای غەربی، مەغریب، فەلەستین، ئەفریقیای باشوور، ئیران و چەندین شاندی تر. هەموویان بە بەرزڕاگرتنی قەڵەم هاوپشتی خۆیان دەربڕی بۆ داخوازی کەمپین(ئێستا قوتابخانە بە زمانی کوردی بێتە دامەزراندن لە کوردستان)دەربڕی.


هەروا وتیشی: ئیمڕۆ درێژە بە دیدارو چاوپێکەوتنی شاندی وەڵاتەکانی تر دەدەین و ئومێدمان وایە ئەوانیش وەک لاوان و خوێندکارانی تر هاوپشتیمان بکەن.

روحی مرۆیی دژ بە راسیزم.


هەڵمەت کەریم کە بەشداربوویەکیتری شاندەکەیە، وتی: مایەی خۆشحاڵییە بەچاوی خۆمان دەبینین لاوان و خوێندکارانی جیهانی بەو روحە ئینسانی و دژە راسیستییە ئالیکاریمان دەکەن و مرۆڤ ئەو هەستە لەلادا درووستدەبێت کە ئەم لاوان و خوێندکارانە زۆر لە هەندێ حزب و لایەنی کوردی بە پەرۆشترن بۆ خەباتکردن دژ بەو سێ رژێمە رەگەزپەرەستانە.


لەم بارەیەوە شێخ سدیق(سەرپەرشتیاری کەمپین لە شاری کەرکوک)، وتی: چیتر کەمپینی(ئێستا قوتابخانە بە زمانی کوردی بێتە دامەزراندن) کەمپینی کەسێک و دانیشتوانی گوندێک، شار و بەشێکی کوردستان نییەو بەکردەوە سنوورەکانی شکاندووەو داخوازییەکەی بووە بە کەمپینی سەرجەم مرۆڤایەتی.

چالاکی لە وڵاتەکانی تر.


عەلی محمود لەبارەی خۆپیشاندان لەبەردەم سەفارەتی تورکیا و ئیران کە لەلایەن رێکخراوی کوردۆساید-چاک و کۆمەڵە کوردییەکانی لە دەنیمارک رێکدەخرێت، وتی: ئێمە نەک تەنها لە دەنیمارک، بەڵکو وەک کوردۆساید هەوڵدەدەین لە وەڵاتەکانی تر چالاکی رێکبخەین.

قەدغەکردن قوتابخانەی کوردی، قەدەغەدەکەین!


سەرپەرشتیاری کەمپین سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای کەمپین وتی: هەوڵی سنووردارکردنی بەکارهێنانی زمانی دایک لەلایەن بەرپرسەکانی(ئە کە پە)وە نموونەی کولی ئەقڵێ حکومەت و سیاسەتی رەگەزپەرەستی لە تورکیا. ئێمە لەخۆڕا قەڵەممان نەکردووە بە سمبولی کەمپینەکەو ئەرکی مێژووی کوردستانیانە سمبولی ئەقڵ و فکرو حیکمەت بە عەبدوڵڵا گول و هاوشێوەکانی پیشاندبدەن. کەمپین بە شێوەیەکی ناتوندوتیژیانە، گەمارووی ئەو سێ حکومەتەی داوەو و تادێ گەمارووەکە مۆرکی گەردونی بەخۆی دەگرێ و زەحمەتە مەقاماتی لە داخوازی و رەخنە و چالاکییەکانمان دەربچن. ئەمە حوکمی میژووە، کوردستانیان لە داواکاری مافی سرووشتی لە خوێندن و نووسین بە زمانی دایکە، بوون بە دڵی رۆژهەڵاتی ناوین و بۆ یەکسانی ئەرک و مافی ئینسان لێدەدا. لەناوەڕاستی سێ حکومەت کە گشت هیواو گەشبینی بۆ ژیانێکی جوان لەدەستداوەو بە تەواوەتی پەکیانکەوتوە، هەر قەڵەمبەرزڕاگرێک بووە بە پەیامبەری گۆڕینی رووخساری ناوچەکەو سوورین لەسەر قەدەغەکردنی قوتابخانەی کوردی، قەدەغەبکەین!

درێژەدان بە هەوڵەکان.


سیروان محمود(مامۆستای پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی خانەقین و شێوەکار) سەبارەت بە هەوڵەکانی کەمپین وتی: کەمپینێک لە ماوەیەکی کورت لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و لەباکوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستان بەرەو دەنیمارک تا ئەفریقای باشوور خۆی بنوێنێ، حەقانییەتی داخوازییەکەی نیشاندەداو حەتما بە ئامانجی دەگات، گرنگ ئەوەیە هیچ شتێک نەبێتە هۆی پەککەوتنێ و درێژە بە هەوڵەکانی بدا.

تێبینی: بەداخەوە هێشتا وێنەی پشتیوانیکردنی کەمپین لەلایەن لاوان و خوێندکارانی جیهان نەگەیشتووەتە دەستمان. نیاز وایە سبەی بگەن و بەگەیشتیان دەستبەجێ بڵاویاندەکەینەوە.

 

 

کەمپینی (ھەر ئێستا قوتابخانە بە زمانی کوردی لە باکوور و رۆژھەلات و رۆژئاوای کوردستان بێتە دامەزراندن)