په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

لە خۆشەویستی عەلی نەبوو لە رقی معاویە بوو.

عه‌باس نادر  


هەڵبژاردنی ئەم جارەی کوردستان هەرچەندە جۆرەک لە ناخاوێنی و پەنابردنی دەستەڵاتی بۆ ساختەیی پێوە دیاربوو، نەک هەر لەسەر قسەى لیستە رکابەرەکان و رێکخراوە چاودێرەکان ، بەڵکوو خەڵکی کوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی و بەزۆرێک لەلایەنگرانی لیستی دەسەڵاتیشەوەو تەنانەت گۆمیسیۆنیش نەیتوانی بە تەواوی بیشارێتەوەو هەرهەموویان ئاماژەن و گەواهی دەدەن کە پێشێلکاری و کاری ساختەیی کراوە لە لایەن دەستەڵاتەوە، چ بەخستنە ناوی زۆرێکى لە ڕادەبەدەر لە مامۆستایانی سەر بەو لیستە و زوڵمکردن لە مامۆستایانی تری دەرەوەى بازنەى دەستەڵات هەروەها دەنگدانی بێ شوماری ساختە لەدوای سەعات سێی پاشنیوەڕۆو بەکارهێنانی جۆرەها فرتوفێڵی تری بەناو یاسایی ، بەڵام لە گەڵ ئەوەش دەتوانرێ بە جۆرێک لە هەنگاونان بەرەو دیموکراسیەت و پاشەکشەی دەستەڵات بەرامبەر بە ناڕەزایی خەڵکی دابنێین ،ئەو دەستەڵاتەى کە هەر لە شاخەوە بگرە تاکوو دوای رووخانی ڕژێمیشەوە تەنها بە لوولەی تفەنگ وەڵامی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکیان دەدایەوە ، ئامادە نەبوون لە گەڵ رکابەرەکەی بەرامبەر خۆیان بەشێوەى مەدەنیانە ململانێ بکەن

ئەوەى هەڵبژاردنی ئەو جارەى کوردستان جودادەکاتەوە لەهى پێشتر ئەوەیە خەڵکێکی زۆرتر بە حەماسی رکەبەرکایەتی و

سەرکەوتنی لیستی دڵخوازی خۆی بە شداریانکرد ، چ لە ناو لیستە براوەکان چ ئەوانەى کورسیان بە دەست نەهێنا ، هەر ئەمەش بووە وایکرد رێژەى بەشداری خەڵک زۆر بێت لە چاو جارەکەى تر.دەرئەنجامی ئەوەش بووە بەدەرکەوتنی گۆرانکاری لە ڕێژەى کورسیەکانی ناو پەرلەمان بەتایبەتی پەیدابوونی لیستی گۆڕان و بەدەستخستنی 25 کورسی کە شتێکی چاوەڕواننەکراوبوو لە لایەن یەکیـَتى و پارتی ،


لیستی گۆڕان هەرچەندە پێش لە سێ مانگ لە هەڵبژاردن جاڕى خۆیان داو بە ڵام پێدەچێت زۆر لە مێژتر ئیشیان بۆ ئەو کارە کردبێ وە ئەگەر بێت و ئێمە هەموو ئەو خاڵانە لە بەرچاو بگرین کە هەڵسووڕێنەرانی ئەو لیستە کاریان بۆ کردبێت تاکوو سەرکەوتن بە دەستبهێنن بە زیادەوەش هەقیان پێ بدەین، بە ڵام دەبێت ئەوەبزانین خەڵکانێکى بێ شومار هەبوون دەنگیان داوە بە لیستی ناوبراو لە ڕقى دەستەڵات بوو ، نەک پەیوەست بوونی رووحی بەو لیستەوە ، چونکە ئەو رێژە زۆرەی گۆڕان بەدەستی هێنا هەر دەتوانین بڵێین تەنها هی ماندووبوونی خۆیان نەبوو چونکە تا ئێستا وەک رێکخراوێکی سیاسیش خۆیان جاڕ نەداوە تاکوو خەڵک متمانەیان لا دروست بێت کە ئەو لیستە پێشتر بەرگری لە مافەکانیانی کردبێت واتە لە کورتەی بیر و بۆچوونەکانم دەتوانم بڵێم کە دەنگدان بە گۆڕان وەک چێشتی مجێورە هەموو جۆرە ڕەنگەکانی بزووتنەوەى جەماوەری تێدابوو بە علمانی و ئیسلامی ، چەپ و راست یەکێتی و پارتی ، رێکخراوو نا رێکخراو خەڵکى ناو حزبەکان و خەڵکی تۆراو،زۆربەی خەڵکە سادەکەشکە دەنگیان پێداون لە بەربێزاربوون بووە لە دەستەڵاتى یەکێتی و پارتی لە ماوەى ئەو 18 ساڵەى رابردوو ، چونکە یەکێتی و پارتی ساڵانێکی زۆرە سیمایەکی ناعەدالەتی و گەندەڵیان بۆ خۆ لە دەروونی زۆربەی خەڵکی ستەمدیدەى کوردستان نەخشاندووە.

 

ئەو سیمایە قێزەون و نا مەقبوولە بە دوای پەنجەرەیەک دا گەڕا تاکووهەناسەیەکی لێوە بدات ، ئەو پەنجەرەیەش لیستی گۆڕان لە هەموو لیستە بەرهەڵست کارەکانی تر توانیان زۆرترو زووتر بیقۆزنەوە، بەڵام لەوە گرنگتر ماوە ئایا گۆڕان دەتوانێت لە ناو پەرلەمانی ئەوجارەدا چاڵاک بێت و داکۆکی بێ وینە لە داخوازییەکانی خەڵک بکات و بە لاى کەمی هەندێک لە دروشم و بانگەشتەکانی پێش هەڵبژاردن بەسەر دەستەڵاتی حکومەتدا جێبەجێبکات. یان ئەوانیش هەتا ئێرەى دەهێنن و لەشوێنی خۆیان خول دەخۆنەوە، ئەو کاتە لە هەڵبژاردنەکی تر خەڵک تووشی نا ئومێدی و گومان دەکەن و خۆشیان لە جیاتی زۆرترکردنی کورسیەکان ، لە وانەیە پاشەکشەبکەن ، چونکە پێدەچێت زۆر لە هەوادارانی گۆڕان دەروێشی بەر تەکیە نەبن و بەڵکوو بەدوای گۆڕانێکی باشتر دابگەرێن و ژیانیان باشتریان بوێت، واتە ئەو خەڵکەى لە رَقى دەستەڵات ئەو جارە دەنگی دا بە گۆرَان رەنگە جارێکی تر نەیداتەوە و هەڵوێستەش وەرگری چونکە عەرەب گوتەنى '' لیس حبا" لعلی وانما کرها" لمعاویە '' بوو.

 


هه‌ولێر