په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٤\٢٠١٧

لە یادی ١٠٢ ساڵەی تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنییەکاندا.

عەلی مەحمود    

 

ئەمڕۆ ١٠٢ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ئیعدام کردنی ٢٥٣ کەسایەتی ناسراوی ئەرمەنی لە یەک شەمەی سوری ٢٤-٤-١٩١٥ەدا , کە لە شوێنە جیاجیاکانەوە دەسەڵاتی خەلافەتی عوسمانی کۆیانیان کردبوەوە بە کۆمەڵ بە ئاشکرا لە شاری ئەستەمبوڵی پایتەخت ئیعدامیانیان کرد, لە چوارچێوەی پرۆسەی کۆمەڵ کوژی ئەرمەنەکان کە لە نێوان ساڵانی ١٨٩٤ بۆ ١٩٢٣ درێژەی کێشا , کە کۆی قوربانیانی تاوانەکە بە ١,٥ ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت, کە ھاوتەریب لە گەڵ ئەم کۆمەڵکوژییەدا گەلانی سریان و ئاشورو ئێزیدی و یۆنانیش لە لایەن ھەمان فەرمانڕەواییەوە کۆمەڵکوژی کران.


لەم نێوەدا ئەرمەنیەکان بەشێک لە کوردان بە ھاوبەشی تاوانەکە دەزانن کە لەو کاتەدا لە چوارچێوەی سوارەی حەمیدییە بەسەرۆکایەتی ئاغا کوردەکان رێکخرابوون, ئەمە بە ئاشکرا لە تابلۆکانی مۆنمێنتی سەرەکی جینۆسایدی ئەرمەنی لە شاری یەریڤان وە نوسینەکانیان رەنگ دەداتەوە, چۆن کوردەکانیش جاشە کوردەکان بە ھاوبەشی تاوانی ئەنفال دەزانن کە لە چوارچێوەی سوارەی سەلاحەدین ئەیوبیدا بە سەرۆکایەتی ئاغا و سەرۆک عەشیرەتەکان رێکخرابوون, لە یەک چونێکی دیکەش لە نێوان ھەردوو قوربانی ئەوەیە, ھەردوولا بە تاوانی ھاوکاری داگیرکەر سزا دراون, ئەرمەنیەکان بە تاوانی ھاوکاری سوپای روسی تزاری کە تا رەواندزو خانەقین بە ھاوکاری ئەرمەنیەکان ھاتبوو, پاشان لە گەڵ شۆڕشی ئۆکتۆبەر و مەرسومی ئاشتی لینین کشانەوە, کوردەکانیش ھاوکاری ئێران تا دەوروبەری چاڵە نەوتەکانی کەرکوک و ھەڵەبجە ھاتن.


ئێستا دەبێت بەرەو روی ئەم تاوانە مێژوییە ببینەوە, چارەسەری ئەو نەخشانە بکرێت کە ناوی ئەرمەنستان و کوردستانەو ھەر یەکەیان کۆمەڵێک شارو شارۆچکە بە نیشتمانی خۆیان دەزانن ھاوبەشە لە نێوان ھەردوولا, ئەمە بۆ خۆی کێشەیە, کێشەکە گەورەتر دەبێت دوژمنە ھاوبەشەکە تورکیایە بکشێتەوە لەو ناوچانە , ھاوکات لە دوای سەربەخۆیی ئەرمینیاوە دوای ھەڵوەشاندنەوەی سۆڤییەت ,کوردە موسڵمانەکانی ئەرمینیا رویان لە ئازەرباینجان کردووەو ئێزیدییەکانیش ئەرمینیا وەک کاردانەوەیەک بۆ سارێژ نەبوونەوەی برینەکانی مێژوو, واتا لەسەر بنچینەی رابردوو جەمسەر بەندی کراوە, بۆیە ئەم کێشە سەدەییە ئاڵۆزە دەبێت چارەسەر بکرێت, بە پێی راستییەکان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و بەرپرسیارێتی مێژویی ھەڵبگرترێت, نەک بە ئینشای ناسیۆنالیستانە کورد بکرێتە مەلایەکەت و ناشرینییەکان لە کەوڵی مێژووەکەی بکرێتەوە, ئاخر نموونەی پاشای کۆرەی رەواندزیشمان لە بەرامبەر ئێزیدییەکان ھەیە, ئینکار بۆخۆی تاوانە و راکردنیشە لە بەرپرسیارێتی مێژویی, لە وڵاتێکی وەک سلۆڤاکیا ٥ ساڵ زیندانی سزاکەیەتی, ئەگەر ئینکاری تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنی بکرێت .


لە یادی ١٠٠ ساڵەی تاوانی ئەرمەندا لە تەبلیسەوە بۆ یەریڤان دەرۆیشتم بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی شارەزایانی جینۆسایدی جیھانی, پرۆفیسۆرێکی ئابوری ئەرمەنی لە گەڵمدا سوار بوو, کە گەیشتینە سنوری ئەرمینیا پۆلیسەکە پرسی بۆ کوێ , لە وەڵامدا وتم" بۆ کۆنفرانسی نێونەتەوەیی شارەزایانی جینۆسایدی جیھانی لە یەریڤان", کە لە بازگەکە رەت بوین, پرۆفیسۆرەکە وتی "کوردیت " لە وەڵامداوتم "بەڵێ" , وتی "دەچیت بۆ کۆنفرانسی جینۆساید" ,لە وەڵامدا وتم "بەڵێ ", وتی "ئێمە نەک کێشەی مێژویمان لە گەڵ کورددا ھەیە بۆ بەرپرسیارێتی , ھاوکات کێشەی خاکیشمان ھەیە, نموونە شاری قارس پێمان وایە ئەرمەنییە تۆ چی دەڵێیت ", لە وەڵامدا وتم "ئێستا ھی ھیچ لایەکمان نییە , وەلێ بکەوێتە دەست کوردان بەم بۆچونە سیاسیەی ئێستاوە, ئەوا لە دەستێکی ئەمیندایە بە پێی بەڵگە مێژوییەکان لە روانگەی سرَینەوەی شوێنەواری گۆڕینی دیموگرافی مامەڵەی لە گەڵدا دەکەن" , وتی "ترسم ھەیە کوردەکان وەک تۆ بیر نەکەنەوە, ئەوەتا تۆ لە ناو ئۆتۆمۆبیلەکەش شوێنەکەی خۆت داوە بە من ,ھەرچەندە کرێی ئۆتۆمۆبیلەکەش تۆ داوتە, کەچی من لە پێشەوە سوار بوومە, تۆش لە دواوە".


لە وەڵامدا وتم "نا, ئەدی پێش ماوەیەک ئەحمەد تورک بە فەرمی بەرپرسیارێتی قەبوڵ کردو بەناوی کوردەوە داوای لێبوردنی کرد, ئەگەر ھەر بەرپرسیارێتیەک ھەبێت".
ئێمە شەو رۆژ داوا لە جیھان دەکەین, ئەوتاوانانەی بەسەر گەلەکەمان ھاتووە بە جینۆساید بناسن, ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەداین, بۆخۆمان چۆن مامەڵە لە گەڵ مێژوودا دەکەین ؟, دەرچوون لەوتاقیکردنەوەیە بە سەلامەتی دەمانگەیەنێتە مەنزڵگای مرۆڤ بوون, دەبا مرۆڤ بین.

 

 

alimahmud2001@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک