په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٤\٢٠٢٠

لە یادی ١٠٥ەمین ساڵەی تاوانی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان.


عەلی مەحمود محەمەد  


داننان بە حەقیقەتی یاسایی ھەر تاوانێک لە ھەر کونجێکی جیھان بگوزەرێت, ئەرکێکی ئەخلاقی و ویژدانییە, ئەگەر ھەل نەمابێت بۆ راگرتنی, ھەنگاوێکە بۆ بەرەو روبونەوەی تاوانە مەزنەکان لە جیھاندا, نموونە ئۆرۆگوای وەک یەکەم وڵات لە ساڵی ١٩٦٥ەوە دانی ناوە بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکان کە ھیچ پەیوەندیەکی بە دۆسیەکەوە نییە, یان کۆریای باشورو سوئید و کەنەداو ھۆڵەنداو ... کە ھەڵوێستی باشیان لەسەر دۆسیەکانی ئەنفال و ھەڵەبجە ھەبووە, یان ھۆڵەندا بازرگانێکی چەکی کیمیاوی خۆی بەناوی فرانس ڤان ئانرات لە بەرامبەر ھاوبەشیکردنی لە تاوانی ھەڵەبجە سزای ١٦,٥ ساڵ زیندانی دەدات, بەوەی چەکی کیمیاوی فرۆشتبوو بە رژێمی پێشووی عێراقی, ئەم ھەنگاوە وەک ئەرکێکی دادپەروەرانەیە , تاوانی کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکانیش ھیچ نەبێت ئەوەندە بە کوردەوە دەبەسترێتەوە کە لەسەر خاکی ئێستای کوردستان ئەنجام دراوە, چۆن قوربانیانی تاوانی کۆمەڵکوژی رۆھینجا دوای ئاوارە بوونیان بۆ بەنگەلادیش دۆسیەکەیان جوڵێنرا لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتیەوە, چونکە ئاوارەی وڵاتێکی ئەندامی دادگاکە بوون, بۆیە ئەرکی ئەخلاقی گەلی کوردە وەک گەلێکی جینۆسایدکراو دان بەو تاوانەدا بنێت وەک تاوانی جینۆساید, چۆن ئێمە خۆمان سواڵی ئەم داوایە لە جیھاندا دەکەین.

رێگات بکەوێتە مۆنمێنتی جینۆسایدی ئەرمەنەکان لە شاری یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا, تژییە لە وێنەی ئەفسەرو سەرۆک عەشیرەتە کوردەکان بەشێوەی دڕندە و وەک جەلادی دڵڕەق وێنا کراون, وەک بەشداربوویەکی چالاک لە جینۆسایدکردنیان, ئەم وێنانە بونەتە بەشێک لە زاکیرەی ئەو گەلەو رۆژانە پیشان دەدرێت و لە گەڵیدا تەبلیغ دەکرێت, وێنەی دەرەبەگ و سەرۆک خێڵ و شێخە کوردەکان کە ھیچ پەیوەندیەکان بە خەڵکە عامیەکەوە نییە و ھەمیشە کەمینەی چەوسێنەرن بەرامبەر بە زۆرینەی خودی نەتەوەکەی خۆشیان, بەڵام دەسەڵاتدار و قسە رۆیشتوون, ئەم زاکیرە رەشە بە سانایی ناسڕدرێتەوە, بە دیدار و مجامەلەی کاتی دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە کۆتایی نایات, لەبەردەم ھەڵوێستدا ڕامان دەگرێت, لە بەرامبەردا نابێت تا کۆتایی سەرمان لە ژێر لمدا بشارینەوە لە ترسی ھەڵوێست دەربڕین و خۆ شاردنەوە لە حەقیقەت, نابێت باجی دڕندەیی و تاڵان و بڕۆی ئەو ئاغاو دەرەبەگ و سەرۆک خێڵانە عامیەی خەڵک بیدات, پێویستە ھەنگاو بنێین بۆ سڕینەوەی شوێنەوارەکان رابردوو, ئەویش داننانە بە راستیەکان وەک ئەوەی لە حەقیقەتدا ھەیە نەک وەک ئەوەی دەمانەوێت و پینەو پەڕۆی بکەین, یاخود ناسیۆنالستە توندڕەوەکانی ئەوان دەیانەوێت بیسەپێنن, یان وەک ئەوەی ناسیۆنالستەکان ھەردوولا کردویانە بە مەیدانی شەڕی موقەدەسە پوچەکانیان, ھەمیشە دیلی خەونی مەزن خوازین, دەبێت رێگا لە دەمارگیرە ئاینی و نەتەوەییەکانی ھەردوولا بگرین نەوت بە ئاگری رابردوودا بکەن.

ئەرمەنەکان لە پاڵ تورکیا سەرۆک عەشیرەتە کوردەکانی باکور و سەرۆک عەشیرەتە عەرەبەکانی سوریاو تورکمان چەرکەس و قەرەجەکان بە ھاوبەشی تاوان دەزانن, بەڵام لە راستیدا ئەوان بەشداری تاوانن نەک ھاوبەش, چونکە بڕیار بە دەست و نەخشە داڕێژەر نەبوونە, تەنھا جێبەجێکار بوونە, ئەدی ئێمە وەڵاممان چییە لە بەرامبەر ئەم تۆمەتبارکردنە کە پێگەکانی ئەنتەرنێت ویکپیدیا پڕ کراوە لەم زانیاریانە ؟., وەڵام سۆزداری داد نادات, یاساو مێژوو و ئامار کاری خۆی دەکات.

نکۆڵیکردن بۆخۆی درێژەدانە بە تاوان, رێگە گرتنە لە سارێژ بوونی برینەکانی رابردوو, درێژەدانە بە شەڕی باوباپیران و گواستنەوەیەتی بە نەفەقێکی تاریکدا بۆ نەوەی نوێ, گەلی کورد بەرپرسیارێتی یاسایی ھەڵناگرێت بەرامبەر بە تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنەکان, چونکە ھاوبەش نییە لە تاوان, خاوەند دەوڵەت نەبووەو بڕیار بەدەست نەبووە, سوارەی حەمیدیەش نە لەسەر داوای ئەو دروستکراوە, نە ھەمووشی کورد بوونە, نە بڕیارەکانیشی بە دەست ئەوان بووە, بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنێین ھەزاران ھاووڵاتی کورد لە ریزی سوپای عوسمانیدا بوونە بەشداری تاوان بوونە, ھاوشێوەی جاشە کوردەکان لە باشوور کە بەرپرسیاری راستەوخۆی زۆرینەی تاوانەکانی ئەنفالن, ئەو ئاغاو دەرەبەگانە وەک بەشێک لە سوپای عوسمانی بەشدار بوونە لە تاوانەکە, بەشێکیان ناوی خۆیان ناوە سوارەی حەمیدییە, لەوانەشە بەھانەکانی منیش جێگای رەزامەندی ئەرمەنەکان نەبێت, کە خەون بە خاکێکەوە دەبین دانیشتووانەکەی قڕ کراون, چۆن ناسیۆنالستێکی کورد خەون بە کورد بوونی شاری کەرکوکەوە دەبینێت, بەردەوام لە گێڕانەوەی حەکایەتە مێژوییەکاندایە, بەڵام رەقیبی بەھێزی لەمڕۆدا بۆ خاوەنداری شارەکە بۆ پەیدا بووە.

وەک ئەرکێکی ئەخلاقی کورد دەبێت دان بە حەقیقەتی یاسایی تاوانەکە بنێت, وەک چۆن ئێمە داوادەکەین کەیسەکانی جینۆسایدمان بە جیھان بناسرێت, ئەوانیش مافی خۆیانە داوامان لێبکەن, ھەرچەندە ئێمە دەستپێشخەریمان کرد لە یادی ١٠٠ ساڵەی تاوانەکە, ٤٩ پەرلەمانتاری کوردستان دانیان نا بە حەقیقەتی یاسایی تاوانەکە کە جینۆسایدە" شانازیشە کە من ھەڵمەتەکەم ئەنجامدا", پێویستیشە ئەو کوردە خۆفرۆشانەی بەشدار بوونە لە تاوانەکە بناسرێن, ئاماژەیان وەک بەشداربووی تاوان پێبدرێت, لە مێژوودا وەک تاوانبار بناسرێن, دەبێت جێگاو رێگای مرۆڤەکان لە مێژوودا وەک خۆی نیشان بدرێت, ئیتر سەردەمی بە پیرۆزکردنی پاشا کۆرەکان بە کۆتا گەیشتووە, ئێستا سەردەمی دادگاییەکانی تاوانەکانی رابردووە و داوای لێبوردنکردنە لە دڕندەییەکان نەوەکانی پێشوو, ئەوێ رۆژێ ھەندێک جەنگ بە پیرۆز دەزانرا, ئێستا بە پێی بنەما کانی مافی مرۆڤ تاوانی قێزەونن, تاوان پیرۆزی نەماوە.

بە پێی بۆچونی کوردبێت چەکدارانی کورد لە ریزی سوپای حەمیدییە رێژەیان لە نێوان ١٠ بۆ ١٥% بووە, وەک ئاماژەی پێ دراوە: "لەمێژوودا ئەرمەنەکان چەند جارێک کەوتونەتە بەرشاڵاوی لەناوبردن و جینۆسایدکردن کەدیارترینیان لەساڵی (١٩١٥) لەلایەن تورکە عوسمانییەکانەوە ئەنجام دراوە.کورد ھەرچەندە خۆشی بەرشاڵاوی لەناوبردن و جینۆساید کەوتووە،بەڵام تێوەگلاوە لەجینۆسایدکردنی ئەرمەنەکان بەھۆی بەکارھێنانیان وەکو جاش و بەکرێگرتە لەلایەن عوسمانییەکانەوە (نزیکەی لە%١٥ سوارەی حەمیدیە کورد بووە).ھەرچەندە کورد بەتایبەتی کۆنگرەی نەتەوەیی و پەکەکە چەند جارێک داوای لێبوردنیان لەئەرمەنەکان کردووە،بەڵام ئەرمەنەکان بەتایبەتی لەئەرمینیا زۆر دەمارگیرو ڕەگەزپەرستن بەرامبەر بەکورد- لاپەڕە ھەڵنەدراوەکان ھەر جارەی لاپەڕەیەک-ئەرمەنەکان و گولەنییەکان-ئامادەکردنی: مامۆستا پێشڕەو (پێشڕەو ئیسماعیل)" ,"سوارەی حەمیدییە کە لە ساڵی ١٨٩١بە فەرمانی سوڵتان پێکھێنرا لە (ئەلبان و چەرکەس و کورد) نەک بەتەنیا کورد، لە باسکردنی ژماەی سوارەی حەمیدیدا زۆر نووسەر کەوتوونەتە ھەڵەوە دەڵێن: سوارەی حەمیدی ھەمووی کوردبوون، ئەمەش بەپشتبەستن بە سەرچاوە تورکەکان بووە، بەڵام ئەمە دوورە لەڕاستییەوە، راستییەکەی ئەوەیە کە رۆبەرت ئۆڵسن باسیکردووە کە دەڵێت: ژمارەی سەربازی سوارەی حەمیدی بریتیبوو لە (٥٣) ھەزار، محەممەد رەسوڵ ھاوار لەکتێبەکەیدا (کورد و باکووری کوردستان بەرگی یەکەم) ناوی نووسەرێک بەناوی (مەروان ئەلمدەوەر) دێنێت و دەڵێت: نووسەر ئاماژە بەوەدەکات کۆی ژمارەی کورد لە سوارەی حەمیدی تەنھا (١٠) ھەزار کەسە نەک ھەمووی کورد بووبن، ئەمەش کەسانی ماستاوچی و بەرتیلخۆری وەک( ئاغا و دەرەبەگی دژە کورد و ئەرمەن) ئەمانە چەند زیانیان بە ئەرمەن گەیاند زۆر لەوەزیاتر زیانیان بەخودی کوردەکان گەیاندووە،-پەیوەندی کورد و ئەرمەن-بێتاوانی کورد لە جینۆسایدی ئەرمەن-نووسینی: ئارام مەجید شەمێرانی"., ئەرمەنەکان بۆخۆشیان ھەموو سوارەی حەمیدییە بە کورد نازانن, بەڵکە بە زۆرینەی دەزانن لەناو پێکھاتەکان, دان بەوەشدا دەنێن ئەو ھێزە بۆ بەرەو روبونەوەی روسیا پێک ھاتوە نەک بۆ گیان ئەوان, گوایە لە کورد و چەرکەس و تورک و تورکمان و قەرەج پێک ھاتووە, رۆڵیان زیاتر لە رۆڵی جانجویدەکانی دارفۆر دەچێت.

"https://ar.wikipedia.org/wiki/%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%AC%D8%A7%D8%B2%D8%B1_%D8%A7%D9%84%D8%AD%D9%85%D9%8A%D8%AF%D9%8A%D8%A9 ".


"ھەندێک لە فەرماندەو سەرۆک عەشیرەتە کوردەکان لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەیەدا تاوانی قێزەونیان ئەنجامداوە وەک بەشێک لە سوارەی حەمیدیە, بەڵام بەشێوەی سستامتیک وەک بڕیاردەر کوردەکان بەشداریان نەکردووە لە تاوانەکە, چونکە دەوڵەتیان نەبووە و بڕیار لای ئەوانەوە دەرنەچووە, ئەوەی کراوە وەک نۆکەری و بەشداری بووە لە تاوانەکە, یاخود لە ژێر کاریگەری بیری ئاینیدا وەک بەشێک لە خەلافەت ئەنجامدراوە, کە دواتر پەلامارەکان سەرجەم کریستان و ئێزیدیەکانی ھەرێمەکەی گرتۆتەوە, بۆیە تاک لایەنە نابێت سەیری روداوەکان بکرێت. نابێت ھەڵوێستی ناسیۆنالزمە راستگەراکانی پۆڵەندا و فەرەنساو ...ھتد دوبارە بکرێتەوە لە نکۆڵیکردن, دەبێت بە سنگێکی فراوانەوە ئامادەی دیالۆگ بین, لە کاتێکدا خۆمان قوربانی جینۆسایدین" دامەزرێنەری بەرەی نیشتمانی فەرەنسی نکۆڵی ھۆلۆکۆست دەکات, دەڵێت بە بەشێک لە وردەکاری جەنگی جیھانی دووەمی دەزانین, تەنانەت لە یاداشتەکانی بە توندی داکۆکی لە فلیپ بیتان سەرۆکی حکومەتی فیشی پاشکۆی ھیتلەر دەکات لە فەرەنسا, حکومەتی راستگەرای پۆڵەنداش بڕیاری ٣ ساڵ زیندانی بۆ ئەوانە دەرکردووە کە ھەندێک لە ھاوکارانی پۆڵەندی نازیەکان بە ھاوبەش دادەنێن لە تاوانی ھۆلۆکۆست, ئەمەش وەک داکۆکیکردن لە کەرامەتی نیشتمانی دەزانن, ئەمە بۆخۆی نکۆڵی تاوانی ھاوبەشانی نازییەکانە و داکۆکیە لە ھاوبەشانی تاوانەکانی نازیەکان, دەسەڵاتی شاری سربرنیتشا بەرزترین رێز لێنانی بەخشی بە میلواراد دودیک سەرۆک ئەرکانی سوپای بۆسنە کە نکۆڵی کۆمەڵکوژی سربرنیتشا دەکات, نەتەوەپەرستی و ئاین پەرستی ئەمانەی دەوێت, لە کوردستانیش بھانە بۆ تاوانەکانی پاشای کۆرە دەھێنرێتەوە بەرامبەر بە ئێزیدییەکان , تاوان لە چ ژینگەو چوارچێوەی بەھانەیەک ئەنجام بدرێت تاوانە, دادپەروەری مامەڵە لە گەڵ ئەنجامەکان دەکات نەک بھانەکان .

نکۆڵیکردنی تاوان, بۆخۆی درێژە دانە بە تاوان بەشێوەی نەرم, مرۆڤایەتی رۆژ لە دوای رۆژ دەگات بە حەقیقەتەکانی ڕابردوو, سەردەمی شاردنەوەی زانیاری و حەقیقەتەکان بەسەر چووە ,پیرۆز کردنی دڕندەیی لە ھیچ چوارچێوەیەک ئاینی یان ناسیۆنالستی جێگای نەماوە, بۆیە رۆژێک زووتر دان نان بە حەقیقەت ئارام بەخشترەو جوانکردنی سیمای گەلە, کریس ئەندەرسن سەرنووسەری گۆڤاری وایەرد دەڵێت "زانیارییە زۆرو زەبەنەکان لە سەردەمی ئەنتەرنێت, ھەموو راستیەکان ئاشکرا دەکات, پێویست بە زانست و تیۆری ناکات", بۆیە نکۆڵی کردن وەک سەرکردنە ژێر لمە لە سەردەمی ئەنتەرنێت و زانیارییە بێ کۆتاکاندا.

نەتەوەپەرستی و ئاین پەرستی چاوی مرۆڤەکان لە ئاست دانان بە راستیەکان و حەقیقەتی مێژویی کوێر دەکات, مرۆڤایەتی لە بیرکردنەوەدا دەکوژێت , ھەڵوەدای پاکیزەیی نەتەوەو ئاینە, بۆیە بە نەنگی دەزانێت دان بە ناشرینیەکان رابردوودا بنێت, مەلای خەتێکان تازە پاکژ نابنەوە لە ھەمبەر مێژووی کورددا بە گزگلەکان.

سەیری ھەڵوێستی ناسیۆنالیزمی تورک موتوربە کراو بە ئاین بکەن, بڕواننە ھەڵوێستە شەرمەزاریەکانیان نەک لە شاری قۆنیای, بگرە لە لاھای و برۆکسل,لە ٢ی حوزەیرانی ٢٠١٦ دا, بۆندستاغی ئەڵمانیا دانی نا بە تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنەکان, پێشتریش بەلجیکا ھەمان ھەنگاوی نابوو, ئەوەی لای من گرنگە لە پرۆسەی دان نان بە تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنەکان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا و بەلجیکا, بۆچونی دوو پەرلەمانتاری تورکە لە پەرلەمانی ناوەندی ئەڵمانیاو پەرلەمانی ھەرێمی برۆکسل لە بەلجیکا, ھەردووک بە پاشناوی ئۆزدەمیر ناوەکانیان ھاتووە, یەکیان پیاو چەپی ژینگە پارێز و ئەوی دیکە ژنی حیجاب لەسەر نەتەوەیی ئیسلامی, ھەردوکیان لە دایک بووی دەرەوەی تورکیا و پەروەردەی ژینگەی رۆژئاوان, ئەم دوو ئۆزدەمیرە بە دوو ھەڵوێستی پێچەوانە سەبارەت بە دۆسیەی جینۆسایدی ئەرمەن دەناسرێنەوە, یەکیان پێشەنگ لە بواری ناساندنی, بیرکردنەوەیەکی مرۆڤدۆستانەی ئەنتەرناسیۆنالستانە, ئەوی دیکە سەرسەخت لە ئاست رەتکردنەوەی حەقیقەتەکان, بە بۆچونی ئاینی و ناسیۆنالیزمەوە لە ئاست ئەو ھەموو وێنە پڕ تاوانە قێزەون و ئێسک و پروسکە ھەژێنەرە ھەڵوێست وەردەگرێت و ئینکاری تاوان و عەدالەت و حەقیقەت دەکات, چاو دادەخات و کاروانی قوربانییەکان نابینێت.

جیم ئۆزدەمیر لە دایک بووی ٢١ی دیسەمبەری ١٩٦٥ی شاری باد ئۆراخی ئەڵمانیا, بنەچە چەرکەسی تورکیا, سەرۆکی لیستی سەوزەکان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا, کە پێشتر لە ساڵی ٢٠٠٧ بە پێی بڕگەی ٣٠١ی دەستوری تورکیا سزا درابوو, بە تاوانی پێشێلکردنی ( یاسای سوکایەتی بە ناسنامەی تورکی) بە پێی یاساکە تاوانە دان بە کۆمەڵکوژی لە تورکیا بنرێت وەک ئەوەی لە پۆڵەندای ناو یەکێتی ئەوروپا پەسەندکرا, ج ئۆزدەمیرو و چەند پەرلەمانتارێکی پارتەکەی تۆمەتبارکران بە پێشێلکردنی ئەو بڕگەیە لە دەستوری وڵات, بەھۆی ھەڵوێستیانەوە لە سەر دۆزی ئەرمەن و عەلەویەکان کە ھەیانبوو, کە پێشتر بەھەمان تاوان و پێشێلکردنی ھەمان بڕگەی دەستوری تورکیا نووسەری گەورەی ئەرمەنی ھرانت دینک سزا دراو دواتر تیرۆر کرا, ھاوکات رۆمانووسی ناسراو ئۆرھان بامۆک ھەڵگری خەباتی نۆبڵی ئەدەب بەھەمان بڕگەی دەستور سزادراوە, واتا ئەوەی جیناتی مرۆڤبوونی ھەڵگرتبێت دەبێت سزاکەی بخوات, ج ئۆزدەمیر پارتەکەی بە بۆنەی یادی ١٠١ ساڵەی وەبیرھێنانەوەی تاوانەکەوە لە ٢٤ی نیسانی ٢٠١٦ دا, پرۆژەی ناساندنی تاوانی کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکانی لە تورکیا بە جینۆساید پێشکەش بە پەرلەمانی ئەڵمانیا کرد, لە رۆژانی پێش دەنگدانەکە جیم ئۆزدەمیر بەھۆی ھەڵوێستە شێلگیرانەکەیەوە لەسەر دۆسیەکە, دەکەوێتە بەر ھەڕەشەی تورکە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکان, لێ گوێی نەدا بە ھەڕەشەکان لە وتەکەیدا لە پەرلەمان لە چرکە ساتی پێش دەنگدانەکە وتی: ( ٨٠-٩٠%ی سەرجەم ھاووڵاتیانی ئەرمەن, ٩٨%ی پیاوانیان,١٠٠%ی پیاوانی ئاینیان لەناو براون لەو تاوانە) ھاوکات لە بەشێکی دیکە لێدوانەکەی ھەمان رۆژی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا وتی: ھەموو ئەو تاوانانەی ئەڵمانیا بەرامبەر بە گەلانی ئەوروپا ئەنجامی داوە دەبێت بە جینۆساید بناسرێت , ج ئۆزدەمیر لە درێژەی بۆچونەکەیدا رایگەیاند گرنگە دان بە رابردووماندا بنێن, نابێت تورکیا شانازی بە رابردووی خۆیەوە بکات, دەبێت رابردوو قەبوڵ بکرێت وەک خۆی.

تەواو دژ بەم ھەڵوێستە ئەخلاقیانەیەی ج ئۆزدەمیر بەرامبەر بە کۆمەڵکوژی گەلێک کە وڵاتەکەی خۆی ئەنجامی داوە, خاتوو ئۆزدەمیر لە دایک بووی ٧ی دیسەمبەری ١٩٨٢ ی شایربێکی بەلجیکا, یەکەم پەرلەمانتاری حیجاب لەسەر لە ئەوروپا, پەرلەمانتار لە پەرلەمانی ھەرێمی برۆکسل لەسەر لیستی پارتی ناوەندی دیموکراسی مرۆڤایەتی CDH, ھەڵوێستێکی دژ بە ھەڵوێستەکەی ج ئۆزدەمیر وەردەگرێت, نکۆڵی تەواو لە بوونی تاوانەکە دەکات, ئەو لە یادی ١٠٠ ساڵەی ئەم تاوانە قێزەونەدا, لە بەرامبەر ئەوەی رەتی کردەوە وەڵام بە پرسیارەکانی کەناڵی ئاڕ تی ئێڵ بداتەوە سەبارەت بە پرسی جینۆسایدی ئەرمەنەکان لە تورکیا, لە بەرواری ٢٩ی ئایاری ٢٠١٥ لە پارتەکەی دەرکرا, ئەمەش روداوێکی گرنگ و ھەنگاوێکی ئەخلاقیانەی دڵخۆشکەر بوو, لیژنەی ئەخلاقی پارتی ناوبراو نای.

ھەر لەم پەیوەندەدا لە بەرواری ٢٤ی نیسانی ٢٠١٥ کە یادی ١٠٠ ساڵەی تاوانی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان , ٦ پەرلەمانتاری بەلجیکی بە ڕەگەز تورک ئەو رۆژە ئامادەی پەرلەمان نەبوون, بۆ ئەوەی بەشداری نەکەن لەو خولەکە بێدەنگیەی لە پەرلەمانی بەلجیکا راگەیەنرا بۆ گیانی قوربانیانی ئەرمەنی لە یاداوەری ١٠٠ ساڵەی تاوانەکە, خۆیان لە دانیشتنەکە دزییەوە, ئەمە چ کارێکی نا ئەخلاقیانەیە ,سەیر کەن ئاین شەو رۆژ ئیدعای رەوشت دەکات, کەچی ھەندێک جار دەبێتە فاکتەر بۆ کاری نا ئەخلاقانە,بە دوای دەرکردنی خاتوو ماھینۆر ئۆزدەمیر لە پارتەکەی, تورکە ئیسلامی و ناسیۆنالستەکان لە برۆکسل و ئەستەمبوڵ خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیان بۆ پشتیوانیکردن لە ھەڵوێستەکەی بەڕێوەبردو وەک قارەمان ناساندیان, تەنانەت ئەردۆگان و کچەکەی سومەیە ھاتنە سەرخەت بە توندی رەخنەیان لە دەرکردنی ناوبراو لە پارتی ناوەندی دیموکراسی مرۆڤایەتی CDHگرت, خۆپیشاندەران لەسەر لافیتەکانیان نوسیبوویان "ماھینۆر ئۆزدەمیر شەرەفمانە" شەرەف لای ئەوان داکۆکیکردنە لە دڕندەییەکانی رابردوو و غروری نەتەوەیی و ئاینی.

ھەر لەم بارەیەوە رۆژی پێنج شەممە بەرواری ٢٢ی شوباتی ٢٠١٨, پەرلەمانی ھۆڵەندا بە زۆرینەی ١٤٢ دەنگ لە کۆی ١٥٠ دەنگ , بڕیاری بە جینۆساید ناسینی کەیسی جینۆسایدی ئەرمەنی دا, ھاوکات بڕیاری دا وەزارەتی دەرەوەی ھۆڵەند ٥ ساڵ جارێک بەشداری مەراسیمی ساڵوەگەڕی تاوانەکە بکات, لە پڕۆسەی دەنگدانەکە ٣ پەرلەمانتار دژ بە بڕیارەکە وەستانەوە, ئەوانیش ھەر سێکیان بە رەگەز تورک بوون" Farid Azarkan, Tunahan Kuzu, Selçuk Öztürk" لە پارتی " DENK ", , لە کاتێکدا پارتی ناوبراو خۆی بە چەپ و سۆسیال دیموکرات دەزانێت و لە ٩ی فیبریوەری ٢٠١٥ لە پارتی کاری ھۆڵەندی جیابوەوە, سەرجەم چەپەکانی دی ناو پەرلەمان دەنگیان بە بەڵێ بوو بۆ بڕیارەکە, ئھم بەناو سۆسیال دیمکراتانە وابن, ئەدی دەبێت ھەڵوێستی ناسیۆنالست و ئیسلامیەکان چۆن بێت؟.

نموونە جوانەکانیش ھەن وەک ئاماژەمان بە ھەندێکین کرد, دنیا ھەمووی روە تاریکەکە نییە, ئەگەر کەمینەش بن, وەلێ بەڵگەو داکۆکییەکانیان دەرخەری راستییەکان و دادپەروەرییە, نموونەیەکی دی لەو جوانیانە تانەر ئاکچەمە, لە سەرەتای ئەمساڵ ٢٠٢٠ سەرۆکی فەڕەنسا دەستخۆشی لە تانەر ئەکچام مێژووناسی تورک کرد کە لە پەرتوکێکدا بە بەڵگەوە سەلماندویەتی دەوڵەتی عوسمانی فەرمانی دابوو بە جینۆسایدی ئەرمەنەکان" , ئیمانۆئێل ماکرۆن وتی :" پەرتوکەکەی ئەکچام دانپـیادانانێکی زانستیانەیە بەو تاوانە ڕێکخراوەی کرابوو، وە ئەو ڕاستیانەی ئاشکراکرد کە ھەندێک دەیانویست ونی بکەن و نکۆڵی لە مێژوو بکەن, مێژوو لەسەر بنەمای درۆ نانووسرێتەوە." ئەنجومەنی ئەرمەنەکان CCAF لە میانەی کۆنگرەکە مەدالیای ئازایەتیـیان بەخشیـیە تانەر ئەکچام.

پرۆفیسۆر تانەر ئەکچام زیاتر لە ٣٥ ساڵە لەسەر پرسی جینۆساید کارە کات , مێژوونووس و سۆسۆلیجستە, لە زانکۆی کلارک لە ئەمەریکا کارە کات, توێژەری باڵایە لە سەنتەری ھۆلۆکۆست , دوو پەرتوکی لەسەر جینۆسایدی ئەرمەن نووسیووە " اوامر قتل و الفعل المشین " , بابەتی لەسەر جینۆسایدی کوردیش ھەیە, دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بە تاکە رێگای دوبارە نەبوونەوەی جینۆسایدی کورد دەزانێت, ھاوکات ٩ ساڵ لە زیندانەکانی تورکیا بووە بە تۆمەتی سەرنوسەری گۆڤاری لاوانی شۆڕشگێڕی چەپگەرا.

رۆژی سێشەمە بەرواری ١٧ی یەنایەری ٢٠١٨, پەرلەمانی ئەرمینیا دانی نا بە جینۆسایدی ئێزیدیەکان, دەکرێت ئەم ھەنگاوە بکرێتە سەرەتایەک بۆ دان نان بە حەقیقەتەکانی رابردوو و سارێژ کردنەوەی برینە قولەکان, ھەرچەندە ئەوان بۆچوونی تایبەتیان لەسەر دۆزی ئێزیدی ھەیەو دایەبڕن لە کۆی گەلی کورد.

لە کۆتادا دەڵێم, دەمانەوێت ببین بە ئیسماعیل بێشکچی و ھادی عەلەوی و کازم حەبیب و ئەحمەد تورک و تانەر ئەکچام و ئۆرھان بامووک و ..., یان باخچەلی و میشل عەفلەق....و نموونەکانیان, مێژوو پڕە لە ھەڵوێستی بەشی دووەم, وەلێ داھاتوو بۆ نموونە دگمەنەکانی بەشی یەکەمە, لە کردنەوەی گرێکانی گرێ کوێرەکانی مێژوو, زۆر لە مرۆڤە موقەدەسەکانی رابردوو وردو خاش دەکات, مرۆڤە پیرۆزەکانی رابردوو زۆریان وەک پاشای کۆرە لە ئاست گەورەیی تاوانی کۆمەڵکوژی ئێزیدیەکان لە پیرۆزی دادەماڵرێن و چاوەڕوانی دادگایی مێژوو دەکەن, بۆیە با چاوەڕوان بین مێژووش خوێندنەوەی تازەی بۆ بکرێت و سەرلەنوێ بنووسرێتەوە, با ئێمەش بچینە پاڵ ئەو گەل و وڵاتانەی دانیان ناوە بە جینۆسایدی ھۆلۆکۆست و ئەرمەنیەکاندا, نکۆڵی لەوتاوانانە سزا بدرێن, گوڵ ھەر لەوێیە با سەمای بۆ بکەین.

 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک