په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٤\٢٠٢١

لە یادی (١٢٣)یەمین ساڵڕۆژی رۆژنامەگەریی کوردی

ئازادیی بۆ رۆژنامەنووسە بەندکراوەکان، ئازادیی بۆ کاری رۆژنامەگەریی.

 


رۆژنامەی (کوردستان) یەکەم ژمارەی لە رۆژی ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨ لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر لە لایەن (میقداد مەدحەت بەدرخان)ەوە بە زمانی کوردی بڵاوکراوەتەوە. ٣١ ژمارەی لە ماوەی چوار ساڵی تەمەنیدا لێ بڵاوکراوەتەوە و هەر چەند ژمارەیەکی لەو شارانە ( قاهـیرە، جـنـێف، لەنـدەن، فـۆلکسـتۆن، دووبارە جـنێف، دووبارە قاهـیرە) دەرچووە. هەر ژمارەیـەکـی ٤ پـەڕ بووە، کە لـە قـاهـیرە دەردەچـوو لە هەر ژمارەیەکی ٣٠٠٠ دانـەی لـە چـاپخانـەی (الهلال) لێ چاپدەکرا، ٢٠٠٠ دانـەی بـە خـۆڕایی بڵاودەکـرایەوە و ١٠٠٠ دانەشی دەفـرۆشـرا. لە ژمارە چواریشیەوە چەنـد بابەتێکی بە زمانی تورکی بڵاوکردۆتەوە. رۆژنامەی کوردسـتان رۆژنـامـەیـەکی رامیاریی و رۆشـنبـیریی و کۆمـەڵایـەتی و وێژەیی بووە و بابـەتی هەمەجـۆری بڵاوکردۆتەوە و لە لایـەن کۆمەڵەی یەکگـرتن و بەرزبوونی کوردی (جمعیة الاتحاد والترقي الکوردیة)ەوە پشتگـیریی لێکـراوە.


بایەخ و گرنگییەکانی دەرچوونی رۆژنامەی کوردستان بە شێوەیەکی گشتیی لەو خاڵانەی خوارەوە چڕدەبێتەوە:


١٢٣ ساڵ لەمەوبەر رۆژنامەیەک بۆ یەکەمین جار لە مێژوو بە زمانی کوردی دەردەچێ و لە سەرتاسەری کوردستان بڵاودەبێتەوە.
رۆژنامەیەک بووە بۆ هەموو کوردان و بە یەک چاو تەماشای هەموو کوردستانی کردوە و بە شێوەیەکی فەرهەنگیی لە پێناو ئامانجەکانیان تێکۆشاوە. میقداد مەدحەت بەدرخان، لە یەکەمین ژمارەی رۆژنامەکەدا نووسیویەتی: ''من رۆژنامەیەکم بە ناوی کوردستان دەرکـرد. ئامانجـم لەم کـارە ئـەوەیە کە گـەلی کـورد لە بـوارەکانی کـلتووریی، رامیاریی، زمـان، ئابـووریی، زانستەوە هـۆشیار بکەمەوە''.
بە هیچ شێوەیەک سەر بە داگیرکەرانی کوردستان و دوژمنانی میللەت نەبووە، هەر خودی ئەوەی کە رۆژنامەکە لەو بارودۆخە سەختەی ژیانی ئاوارەیی ئەو سەردەم لە دەرەوەی نیشتمان لە قاهیرە دەرچووە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە سەربەخۆ و سەر بە میللەت بووە.. تەنانەت داگیرکەران بە گوشار خستنە سەر ئینگلیزەکان ویستوویانە لەوێش قەدەغەی بکەن و ئیدی ناچـاربـووە لەو شار و لەو دەوڵەت لە دەرەوەی هەژموونی ئەوان جـێگـۆڕکێ لە شوێنی دەرچـوونی بکـا.
رۆژنـامەی کوردسـتان لەو قـۆناغـەی بزووتـنـەوەی رزگارییخـوازی کـورد نەخش و کـارتێکـردنێکی گرنگ و زۆری هەبووە لـە هـۆشـیارکردنەوە و بەرزکردنەوەی هـەسـتی نەتـەوەیی کوردان بۆ سووربـوون و درێـژەدان بە تێکـۆشـان لە پێـناوی ئـازادیی و بەدەستهـێنانی مافـە رەوایەکـانی، هاوکاتیش پەیـامێک بـووە بـۆ دەوڵـەتی ئیمـپریالـیزمی عـوسمانی و داگـیرکـەری کوردسـتان کـە کـوردان دەتـوانن بـە شـێواز و رێبـازێکی نـوێ درێـژە بـە خەبـاتی خۆیان بدەن و لە بەرانبەر ستەم و تاوانەکـانی رەگەزپەرستان لە رەشەکـوژیی و کـۆمەڵکـوژیی دەنگهەڵبڕن و بە گـەلان و دەوڵەتـانی جـیهـانی بگەیەنن.
هەرچەند رۆژنامەی کوردستانیش وەک رێوشوێنی باوی دەرچوونی هەر رۆژنامەیەک لەو سەردەم رۆژنامەیەکی ئازاد نەبووە بەڵکە سەر بە لایەنێکی رامیاریی و حیزبیی و بنەماڵەیەک بووە، بەڵام بە هۆی هۆشیاریی و چاوکراوەیی میقداد مەدحەت بەدرخان بۆ ئەو سەردەم بە شێوەیەکی گشتیی زمان و دەنگی میللەتێک بووە لە بەرانبەر داگیرکەران و زۆرێک لە ستەمگەرییەکانی ئەو سەردەم. هەروا لە رووی نێوەرۆک و تەکنیکی کاری رۆژنامەگەرییش هەر لەو ئاستە لاوازەی رۆژنامەگەری ئەوسادا بووە و پانتایی سنووری بڵاوبوونەوەشی بەرتەسک بووە، بەڵام لەو رووانەشەوە لە ریزی رۆژنامەگەریی گەلان و بە تایبەتییش هی ناوچەکە جیپەنجەی خۆی نەخشاندوە.


ئەو خاڵانە و چەندینی دیکە چ وەک پێکهاتەی رۆژنامەکە چ وەک ئەنجام و کاردانەوەکانی وەرچەخانێکی مێژوویی گرنگی لە ژیانی رامیاریی و رۆشنبیریی و وێژەیی کـوردیـدا هێنایە ئارا، سەرەنجام هەر ئەوەش وایکرد رۆژی دەرچوونی رۆژنامەی کوردستان بکرێتە رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و لە سەرتاسەری کوردستان وەک یاد و رۆژێکی گرنگ لە مێژوو و تێکۆشانی فەرهەنگیی میللەتەکەمان بەرز بنرخێندرێ.


هەڵبەتە رۆژنامە بە شێوەیەکی گشتیی جا کاغەزیی بێ یان ئەلیکترۆنیی وەک سەرەکییترین و کاریگەرترین لایەنی میدیا بێجگە لەوەی لە رووە پەروەردەییەکەی لە گواستنەوە و گەیاندنی زانیاریی و ئەزموونە هەنووکەییەکانی ئەمڕۆ و مێژووی دوور و نزیک گرنگییەکی زۆری هەیە کاریگەرییەکی راستەوخۆشی هەیە لەسەر گەیاندنی بیڕوڕا و خستنەڕووی ئامانجەکان و هەموارکردن و گۆڕینی شـێوازی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی لایەنە رامیاریی و ئابوورییەکان و رەنگدانەوەیان لەسەر کایە کۆمەڵایەتییەکان.. بە کورتییەکەی سەرجەم بوارەکانی ژیان و گوزەران و خۆدەربڕینی تاک و کۆمەڵ لە نێو هەر گەلێک بە شێوەیەکی زۆر راشکاوانە پەیوەستە بە باردۆخی ئەرێنیی یان نەرێنیی رەوتی رۆژنامەگەرییەوە.


رەوتی نەرێنیی رۆژنامەگەریی هەمیشە لە لایەن چەوسێنەران و ستەمگەرانی نێو دەسەڵاتەوە سەرچاوە دەگرێ و لە رێگەی سیخوڕیی و گەندەڵکاریی و کڕینی رۆژنامەنووسان و دەزگە میدیاییەکان و بڕەودان بە کۆنەپەرستیی دینیی و نێرسالاریی و دابونەریت و فەرهەنگە دواکەوتووە زاڵ و باوەکان میدیا بە گشتیی و رۆژنامە بە تایبەتیی دەخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان و بە پێی بەرژەوەندییە دژە مرۆییەکانی خۆیان بەکاریاندەهێنن، وەک ئەوەی کە ئێستاکە سیستەمی (جیهانی سەرمایەداریی تازە رێکخراو) لە سەرتاسەری جیهان میدیای کردۆتە چەکێکی کوشندە بۆ دژایەتییکردن و بەرتەسککردنەوەی ماف و ئازادییەکانی چین و توێژە رەنجدەر و بەشمەینەتەکان.. لە کوردستانیش هەر بە هەمان شێوە سەرەڕای پشتگیرییکردن لە دەسەڵاتە داگیرکەرەکان و گاڵتەکردن بە مافی سەربەخۆیی.. دەسەڵاتێکی سەرکوتگەر و گەندەڵکاریشیان لە باشوور بەرداوەتە گیانی خەڵکی کوردستان و ئەوانیش بە پێی خۆیان تا دێ ژیان و مان و گوزەران و ئاسایش و سەرجەم ماف و ئازادییەکانی ئەو هەرێمە بەرەو خراپ و خراپتر دەبەن.


رەوتی ئەرێنیی رۆژنامەگەرییش ئەوەیە کە رۆژنامەنووسە ئازادییخوازەکان و سەرجەم پێشکەوتنخوازان و دژبەرانی سیستەمی نایەکسانیی و دژە ئازادییەکان بتوانن لە رێگەی میدیا و رۆژنامەگەلێکی ئازاد و سەربەخۆ و دوور لە هەر جۆرە وابەستەییەک بە شێوەیەکی زۆر رۆشن و راشکاوانە و بەوپەڕی ئازادییەوە خۆیان دەرببڕن و هاوکاتیش پـەردە لەسـەر کـەموکوڕیی و پێشێلکارییەکان و دزیی و گەنـدەڵکارییەکان و بەفیڕودانی سامانی گەل لابدەن و بەدواداچـوونیان بۆ بکەن و بێ ترس و سڵەمینەوە راستییەکـان بخەنەڕوو. ئیدی رۆژنامەی ئازاد پەیامێکی مرۆڤپەروەرانەیە و لە هەموو رووێکەوە چـاودێرێکی ئازا و بوێرە بەسەر رووداوەکان و هەمیشە دەسەڵاتدارانی خۆسەپێن لێیدەترسن چونکە بەوە رووبەڕوویان دەبێتەوە کە گەل چیان دەوێ نەک ئەوەی کە گەل هانبدا دەستوپەنجەیان لەگەڵ نەرم بکەن و خۆ لەگەڵ چەوساندنەوەکان رابهێنن.


هەرچەندە لە رۆژگاری ئەمڕۆدا رۆژنامەی ئازاد وەک گرنگترین و کاریگەرترین میدیای سەردەم بە شادەماری پيشکەوتنی هەر کۆمەڵێک دەزاندرێ و خۆبەخۆ رەنگدانەوەی لەسەر بەرجەستەکردنی چیەتی و چۆنیەتیی تاک و کۆمەڵ هەیە، بەڵام بە داخەوە رۆژنامەگەریی ئازادی کوردی هێشتا کارێکی فرە قورس و پڕ مەترسییدارە و راستەخۆ لەگەڵ مەرگدا رووبەڕووە، نە دەسەڵاتە رەگەزپەرست و ئیسلامییە داگیرکەرەکانی کوردستان رێ بە ئازادیی رۆژنامەگەریی دەدەن.. نە دەسەڵاتدارانی کوردستانیش دەرفەتی دەرچوونی هیچ رۆژنامەیەکی ئازاد و دوور لە حیزب و پابەستییە دینیی و فەرهەنگییە کۆمەڵایەتییە زاڵ و نەرێنییەکان دەدەن تا رۆژنامەنووسە ئازادەکان بە سەربەستیی گوزارشت لە ئامانجەکانی گەل بکەن و بـە راشکاویی لە دزیی و قاچـاغـچیەتی و گەنـدەڵییەکانی دەسەڵاتی مافـیای بنەماڵەیی بدوێن و ئاشکرایان بکەن.. بەڵکە هـەردەم لە ژێر چاودێـریی و هەڕەشەی بەنـدکـردن و بێسەروشـوێنکـردن و لەنێوبردن دان، هەر ئەمڕۆ سیستەمە دەسەڵاتدارییەکانی تورکیا و ئێران و عێراق و کوردستان لە ریزبەندیی یەکەم دان لە لیستی پێشێلکەرانی پـرەنسیپەکـانی رۆژنـامە و ئـازادیی رۆژنـامەگـەریـی، واتە سەرتاپای میدیای ئازاد بە شێوەیەکی گشتیی لە لایەن داگیرکەرانی کوردستان یان لە لایەن دەسەڵاتی سەرکوتکەر و دەمکوتکەری کوردییەوە لە قەیران دایە.. لە بەرانبەریشدا کۆمەڵێک میـدیـای حـیزبی و سێبەر و میدیای سەر بە دامودەزگە سیخوڕییەکانی وڵاتان - کە بە ناوی رێکخراوگەلێک لە کوردستان دامەزراون و گوایە بەشداریی لە بوژانەوەی کوردستان و چەسپاندنی شارستانیەت و دیموکراسیی و مافەکانی مرۆڤ دەکەن - سوپایەک لە رۆژنامەنووسی بەکرێگیراو و دەرباری دەسەڵاتیان لەخۆگرتوە و هەمیشە زۆر بێشەرمانە لە پێناو پارە و هەندێک دەستکەوت و بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان راستییەکان چەواشە دەکەن و بوونەتە شەیپوورژەنی دەسەڵاتی خۆماڵیی و دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان و کۆمپانیا و بانکە جیهانییەکان و بازرگانە چاوچنۆکەکانی دیموکراسییەتە پەڕپووتەکە و شارستانیەت و مافی مرۆڤە لە ماف داچۆڕاوەکەی لیبرالیزمی سەرمایەداریی جیهانیی.


ئێمە وەک ''ناوەندی کاری ئازادیی دەربڕین'' پێمانوایە ئێستا لە کوردستان بێجگە لە دەنگێکی لاوازی میدیایی تێکڕای رۆژنامەکان و میدیای کوردی بە شێوەیەکی گشتیی و سەندیکای بە ناو رۆژنامەنووسان و یاسایە رۆژنامەگەرییەکان و ئەو رۆژنامەنووس و پێنووس بەدەستانەی نەخشی سەرەکییان هەیە لە هەڵسووڕانی دامودەزگە میدیاییەکان سەرجەمیان ئاو بە ئاشی حیزبەکان و دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکەی کوردستان دادەکەن و هەرچی بەها و رەوشت و پرەنسیپی کاری رۆژنامەگەریی هەیە لەدەستیانداوە هەر بۆیە بێ ویژدانیی نییە ئەگەر بێژین ئەوانە زۆر ناپاکتر و ترسناکترن لە خۆفرۆش و بەکرێگیراوە چەک بەدەستەکان.


ئێستا کوردان و سەرجەم گەلانی کوردستان لە هەمـوو سەردەمەکانی رابـردوو پتر پێویستییان بە رۆژنامەی ئازاد و رۆژنامەنووسی بوێر و دلێر هەیە چونکە بێجگە لەوەی ئەو سیستەمە ملهوڕەی ئێستای سەرمایەداریی لە سەرجەم وڵاتاندا میدیا و میدیاکاران لەسەر پەنجەی خۆیان دەسووڕێنن چارەنووسی کوردان و گەلانی دیکەی کوردستانیش لە ژێر هەژموونی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتیمانیی دان و زمانی کـوردی و سەرجەم زمانە جۆراوجۆرەکانی گەلانی دیکەی کوردستان بێجگە لە زمانانی عەرەبی و تورکی و فارسی هەڕەشەی شێواندن و کاڵبوونەوە و توانەوەیان لێدەکرێ، واتە لە گەلێک لاوە پیلانی رەگەزپەرستیی دژ بە خواست و مافەکانی گەلانی کوردستان لە ئارادان ئەوە سەرەڕای دەستی هاوکارییکردن و چاوساغییکردنی دوژمنان لە لایەن خۆفرۆشان و کەواسوورانی بەر لەشکری داگیرکەران و کۆمپانیایە زەبەلاحەکانی سەرمایەدارنی جیهانیی.


هەموو ئەوانە ئەرکی رۆژنامەنووسان و هونەرمەندان و نووسەرانی بوارە جۆراوجۆرەکانی زۆر قورستر کردوە، ئێستا پێویست دەکا ئازادیی رۆژنامەگەریی وەک بەرفراوانترین پانتایی ئازادییەکانی دەربڕن بگەیەندرێتە ئاستێک کە دەسەڵاتدارانی کوردستان نەتوانن چیدی رێ لە دەرکردنی رۆژنامەی ئازاد و دامەزاراندنی دامودەزگەگەلێکی سەربەخۆی میدیایی بگرن.. واتە میدیای ئازاد بتوانێ سەربەستانە کاری خۆی بکا و سەندیکایە حیزبییەکەی رۆژنامەنووسان و یاسایەکانی رۆژنامەگەریی دەسەڵاتداران تەنیا بۆ رۆژنامەنووس و پێنووس بەدەستە حیزبییەکان و دامودەزگە میدیاییەکانی دەسەڵاتداران بن و بەسەر رۆژنامەنووسان و میدیای ئازاد دانەسەپێندرێن.. هەروا یاساگەلێکی رۆژنامەگەریی و میدیایی لەسەر بنچینەی ئازادییە جۆراوجۆرەکانی دەربڕین تەنیا بۆ پاراستنی رەوشتی پیشەییانەی رۆژنامەگەریی و مافەکان و ئاسایشی ژیانی رۆژنامەنووسان و میدیاکاران دابڕێژرێن نەک بۆ سەرکوتکردن و بەرزەفتکردنی رۆژنامەنووسانی ئازاد و قۆڕخکردنی دامودەزگە میدیاییەکان لە لایەن دەسەڵاتداران و حیزبەکانەوە.


لە یـادی ١٢٣ ساڵەی دەرچـوونی رۆژنامەی ''کوردسـتان'' و ''رۆژی رۆژنـامەگەریی کوردیی''دا بێجگە لەوەی جـوانتـرین پیـرۆزبـایی لە سەرجـەم رۆژنامەنـووسە ئازادەکانی نێوخۆ و ئەوانەی هەندەران دەکەین کە بە هۆی نەبوونی ئازادیی رۆژنامەگەریی و سەرجەم ئازادییەکانی دیکەی دەربرین بە ناچاریی ژیانی ئاوارەییان هەڵبژاردوە، داوا لە هەموو رۆژنامەنووسان و نووسەران و هونەرمەندانیش دەکەین کە بە کـردار هەڵـوێستی ئەرێنیی خۆیان بنوێنن و دوورەپـەرێـز نەوەسـتن و بێـدەنگ نەبـن. گەر دەترسن مەنووسن، گەر دەشنووسن مەترسن. بێدەنگیی ئاستی ئازادییەکان دادەبەزێنێ و هیچ رۆشنبیرێکی داهێنەر و دڵسۆزیش ناخوازێ لەجیاتی بوێریی بێهەڵوێستیی لەسەر لاپەڕەی مێژووی ژیان و تێکۆشانەکانی تۆمار بکرێ.
هەر بەو بۆنەشەوە سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی ئەو رۆژنامەنووسانە دادەنوێنین کە بـە دەسـتی داگیرکەرانی کوردستان و مـافیایەکانی دەسەڵاتدارانی کوردستان تیرۆر کران.. هەروا دروود و پێزانینی خۆمان بۆ تێکۆشان و ماندووبوونی سەرجەم ئەو رۆژنامەنووسانە دەنێرین کە هەریەکە و بە پێی ئاستی خۆی لاپەڕەیەکی گەشی لە مێژووی ئازادی رۆژنامەگەریی کوردی تۆمار کردوە.


دروود و رێزی تایبەتمان بـۆ سەرجەم ئەو رۆژنـامەنـووسە خـۆڕاگـرە بەنـدکراوانەی کوردستان هەیە کـە بە شێوەیەکی ناڕەواییانە لە زیندانەکانی تورکیای زیندانستان و ئێرانی کۆماری سـێدارە و دەسەڵاتی سەرکوتکەر و دەمکـوتکەری باشـووری کوردسـتان گـیراون و بە بیانووگەلێکی بێ بنـەمـا و هەڵـبەستراو تاوانبار کراون و سـزای بەنـدکـردنیـان داون یان هەر پێش گرتن و دادگەییکردنیان تاوانباریان کردبوون و سزایان بۆ بڕیبوونەوە.. باجی ئەو هەڵوێستە پڕ لە بوێرییەشیان هەمووی لەسەر ئەوە بووە کە ستەم و دزییەکان و گەنـدەڵیی و تاوانەکـان و نۆکـەرایـەتیی دەسەڵاتدارانیان ئاشکـرا کـردوون.

 


ناوەندی کاری ئازادیی دەربڕین
٢١\٤\٢٠٢١

rojnamen@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک