په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٣\٢٠١١

لە یادی بیست ساڵەی راپەڕینی ئازاری ١٩٩١.

 


ئەم ڕۆژانە، یادی بیست ساڵەی ڕاپەڕینی ئازاری 1991 ە. ڕاپەڕینێک کە لە زوربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا، دامودەزگا سەرکوتگەرەکانی ڕژێمی بەعسی هەڵپێچا. لە جەرگەی ئەو ڕاپەڕینەدا هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە هەوڵی ڕێکخستن و بەرپاکردنی شوراکان بوون وەک ئۆرگانی ئیرادە و دەسەڵاتی جەماوەر بۆ ڕێکخراوکردن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە. "بەرەی کوردستانی" ئەو کاتە، پێکهاتوو لەم حزبە ناسیونالیست و دەسەڵاتدارانەی ئەمڕۆ، کەوتە سەرکوتی ئەو شۆرایانە، کەوتە تەنگ پێهەڵچنین، سەرکوت و ترۆری ئازادیخوازان.


ئەمرۆ حزبە ناسیونالیستەکانی کوردستان خۆیان هەڵدەکێشن بەوەی کە دەسەڵات و ئەزموونی ئەوان بەرهەمی ئەو ڕاپەڕینە و دەسکەوتەکانیەتی، دروست بەپێچەوانەوە، دەسەڵاتی ئەوان بەرهەمی لەباردن و خنکاندنی ئەو ڕاپەڕینە و دەسکەوتەکانی بوو، لەلایەن ئەوانەوە، هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانیدا. بەو ئەندازەی کە ئەم حزبە ناسیونالیستە کوردیانە، سەرکوتی شۆراکانیان کرد، بزوتنەوەی بێکاری ئەو کاتەیان تێکشکاند، خۆیان پڕچەک و خاوەن میلیشیا کرد، توانیان جەماوەر بێ ئیرادە بکەن، دەسەڵاتیان بەسەر کۆمەڵگەدا بسه‌پێنن، سەروەتوسامانی گشتی لوش بدەن و وەک مۆتەکە بنیشنەوە بەسەر سینگی خەڵکی کوردستانەوە.


هاتنەمەیدانی جەماوەری ناڕازی بەدژی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵ و سەرکوتگەرە لە 17 ی شوباتی ئەم ساڵدا و گوللە باران کردنی خۆپێشاندەران، کوشتن و بریندارکردنیان، باشترین دەرخەری ئەو ڕاستیانەی سەرەوەن.


ئەم خۆپێشاندانانە پێبەپێی پەرەسەندنیان، پاشەکشەیان بە دەسەڵاتدارانی کوردستان کردوە و ناچار کەوتونەتە زمان لوسی و بەڵێندان بە چاکسازی، ئەویش لەپێناو هێورکردنەوەی جەماوەری داخ لەدڵ و فریودانی خەڵک، دواترینان پەیامەکەی سەرۆکی هەرێم بوو بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت.


لە یادی بیست ساڵەی ڕاپەڕینی ئازاری 1991دا، کۆمەڵگەی کوردستان لە ژانگرتنی ڕاپەڕینێکی تردایە، بەڵام ئەم ڕاپەڕینە نەک دژی دەسەڵاتێکی چەوسێنەری نەتەوەیی کە لەدەرەوەی کوردستانەوە هاتبێت، بەڵکو دژی دەسەڵاتێکی نەتەوەیی خۆماڵییە.


ئەمرۆ لە کاتێکدا جەماوەری کوردستان هاتۆتەمەیدان کە شەپۆلێک لە ڕاپەڕین و شۆڕش وڵاتانی باکوری ئەفریقیا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە و چەند دکتاتۆریان ڕوخاندوە و هی تریش به‌ڕێوه‌یه‌. هەر بۆیە، بۆ ڕزگار بوون لەم دەسەڵاتە گەندەڵ و سەرکوتگەرە خۆماڵییە، خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان پێویستە سود وەرگرن لەو ئەزموونە شۆڕشگێرانەیەی وڵاتانی باکوری ئەفریقیا.


ڕێگەی بەدەستهێنانی خواسەتەکانی خەلکی کوردستان بۆ ژیانێکی کامەران و ئازاد، پەرەسەندن و باڵا پێکردنی ئەم خۆپێشاندانانەیە، تا ئاستی ڕاپەڕین و لە گۆڕنانی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵ و سەرکوتگەرە و بەرپا کردنی دەسەڵاتێکی شۆرایی.


هێنانەدی بلۆکێکی ڕادیکاڵی ئازادیخواز لەدەرونی ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیە و ئەم خۆپێشاندانانەدا، یەکێک لە ئەرکە دەمودەستەکانی هەڵسوڕاوانی ڕادیکاڵ و ئازادیخواز، هەڵسوڕاوانی چەپ و کۆمۆنیستە، بۆ ڕیسواکردنی زمان لوسی و فریوکاریەکانی دەسەڵات، بۆ بەرگرتن بە ئاسۆی ڕیفۆڕمیستی لیبراڵانە کە بە چاکسازیەکی نیوە ناچڵ، ئەم بزوتنەوە ناڕازیە و ئەم خۆپێشاندانانە هێور دەکەنەوە و لەدایک بوونی کۆرپەیەکی تری ڕاپەڕین لە کوردستاندا لەبار دەبەن.


نەمری و سەربەرزی بۆ گیان بەخت کردوانی ڕاپەڕینی ئازاری 1991، و خۆپێشاندانەکانی ئەمساڵ.
مەرگ و نەمان بۆ دەسەڵاتی گەندەڵ و سەرکوتگەر. بژی ڕاپەڕین، بژی دەسەڵاتدارەتی شۆرایی.

 

6\3\2011
رەوەندی سۆشیالیستی کرێکاریی

www.rewend.info

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک