٢٢\٢\٢٠٢٥
لە یادی ٣٧ ساڵەی
ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی یەكدا.
لە
شەوی سێشەممە كاتژمێری ٢:٢٥ بەرەبەیانی رێكەوتی ٢٣-٢-١٩٨٨ ئۆپەراسیۆنی
ئەنفالی یەك دەستی پێكرد، تاكو شەممە رێكەوتی ١٩-٣-١٩٨٨ بەردەوام بوو،
٢٦ رۆژی خایاند.
ئۆپەراسیۆنەكە بە سەركردایەتی لیوا روكن سۆلتان هاشم فەرماندەی رەدیفی
لەشكری یەك، لیوا روكن كەماڵ ساجد فەرماندەی لەشكری یەك، لیوا روكن
نیعمە فارس حوسین محیاوی فەرماندەی لەشكری پێنج، وە بەسەرپەرشتی
راستەوخۆی فەریقی یەكەمی روكن عەدنان خەیروڵلا وەزیری بەرگری عێراق،
عەلی حەسەن مەجید بەرپرسی بیرۆی باكوری حیزبی بەعس، سەرۆكی ئەركانی
سوپا فەریقی روكن نزارعەبدولكریم خەزرجی ئەنجامدرا.
٢٠ لیوای سوپای عێراق و ٣٠ فەوجی سەر بە گاردی كۆماری و ١١٠ فەوجی جاش
و ژمارەیەك مەفرەزەی تایبەتی جاش بەشدارییان تێدا كرد، كۆی هێزەكە
مەزەندە دەكران بە زیاتر لە ١٠٠ هەزار كەس، واتا هەر دە مەتر چوارگۆشەی
ناوچەی ئۆپەراسیۆنەكە سەربازێكی بەردەكەوت.
لە نۆ قۆڵەوە هێرشكرایە سەر گوندەكانی دۆڵی جافایەتی تا مەرگە بە
درێژایی ٧٠ كیلۆمەتر(دوكان، بنگرد، چوارتا، قەڵاچوالان، ماوەت، كارێزە،
سەرچنار و سورداش).
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە رێكەوتی ٢٣-٢-١٩٨٨، هێزە پەلاماردەرەكەی سوپای
عێراقی بە چەكی كیمیاوی لە گوندەكانی چۆخماخ، یاخسەمەر، هەڵەدن، چاڵاو،
سەرگەڵو و بەرگەڵویان دا، رۆژانی ٢٥ و ٢٦ی شوبات گوندەكانی سەرگەڵو،
هەڵەدن، یاخسەمەر و گوێزەڵە كیمیاباران كرانەوە. لە كیمیابارانەكەی ٢٦
مانگ ٨ شەهید و ٢٠١ بریندار هەبوون، دوای كۆتایی قۆناغی ئەنفالی یەك بە
چوار رۆژ لە رێكەوتی ٢٣-٣-١٩٨٨ جارێكی دیكە بە چەكی كیمیاوی لە گوندی
شاناخسێی ناوچەی ماوەتی دا، ٢٢ كەس شەهید بوون و زیاتر لە ٧٢٠ هاولاتی
سڤیل و پێشمەرگە بریندار بوون، هەمان گوند هەردوو رۆژانی پێشتریش
كیمیاباران كرابوون، لە پرۆسەی ئەنفالی ١ بە گشتی ٧ جار دەڤەرەكە
كیمیاباران كرا.
نزیكەی ١٥٠ گوند لەم قۆناغەدا بەر شاڵاوەكە كەوتن و یەك تاقە دیواریان
بە پێوە نەما، هەموو خانوو و مزگەوت و قوتابخانەو نەخۆشخانەكانی
رۆخێنران و بەشێك لە خەڵكەكەشی ئەنفالكران.
لە ئەنفالی یەكدا دەیان كەس دوای بەجێهێشتنی ماڵەكانیان لە رێگا لە ناو
بەفر رەقبونەوە، زیاتر لە ١٦٠ هاووڵاتی سڤیلی تریش لەو شەڕو گەمارۆیەدا
كوژران و نزیك ٥٠٠ كەسیش ئەنفالكران.
ئەنفالی یەك بە بەیانی فەرمی ژمارە ٣٠٨٧ی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكان
لە رۆژی شەممە رێكەوتی ١٩-٣-١٩٨٨ كۆتایی هات، تیایدا وێڕای رۆڵی سوپا،
ستایشی رۆڵی جاشە كوردەكانیش كراوە لە بەشداریكردنی كاریگەریان لە
ئۆپەراسیۆنەكە.
- رێكخراوی كوردستان بێ
جینۆساید
- تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان له پێناو دادگای
تاوانی نێودەوڵەتی
- تۆڕی ئایكان كوردستان
- رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان
- رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری
- رێكخراوی جیهانی بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی
- هەڵمەتی ژیان دژ بە سێدارە لە كوردستان
- گۆڤاری تۆبزاوە
- رۆژنامەی نگرە سەلمان
- رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
|