په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٤\٢٠٢٥

لە یادی ٣٧ ساڵەی تاوانی ئەنفال.



٣٧ ساڵ لەمەوپێش، رژێمی بەعس یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی سەدەی بیستەمی لە ئاستی جیهان بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجامدا بە ناوی ئەنفال، بەعس لە ماوەی ٨ ساڵدا ٤ تاوانی جینۆسایدی بەرامبەر بە گەلەکەمان پیادە کرد" کۆمەڵکوژی فەیلی، جینۆسایدی بارزانی، کیمیابارانی هەڵەبجە و جینۆسایدی ئەنفال"، ئەنفال گەورەترین و بەرفراوانترین پرۆسەیان بوو.، لە دوای کۆمەڵکوژی رواندا گەورەترین بوو لە جیهان لە دوای جەنگی جیهانی دووەم.


بە داخەوە ساڵ لە دوای ساڵ داواکارییەکانمان دووبارە دەبنەوە، وەعدو بەڵێنەکان دەسەلات ئەنجامیان نابێت، حکومەتی کوردستان کە بەرهەمی قوربانی و خەباتی ئێمە بوو، کەچی بووە حکومەتی لایەنگری تاوانبارانی جینۆساید، بۆ ئەمساڵ لیستی داواکارییەکانمان کەم دەکەینەوە بۆ:


١- دادگاییکردنی تۆمەتبارانی ئەنفال، کە لە رێکەوتی ٢٠-٥-٢٠٠٧ ەوە بڕیاری دەستگیرکردن و دادگاییکردنی بەشێکیان دەرچووە لە لایەن دادگای باڵای تاوانەکانەوە، داواکارین ناوەکانیان بدرێتە پۆلیستی ئەنتەرپول و دامودەزگاکانی کوردستان وەک تاوانبار بیان ناسن و حیزبەکان بە تایبەت دەسەڵاتداران لە ریزەکانیان دەریان بکەن و ئەستۆ پاکی خۆیان دەرببڕن لە بوونی تاوانبارانی جینۆساید لە ریزەکانیان.
٢- هێنانەوەی روفاتی قوربانیان و ئەنجامدانی پرۆسەکانی شیکاری لە زووترین کاتدا بۆ ناسینەوەیان.
٣- حکومەتی عێراق داوای لێبوردن لە قوربانیانی جینۆساید بکات، ئەمەش ئەرکی سەرۆک کۆماری عێراقە، بە داخەوە پۆستەکە بە دەست کوردەوەیە.
٤- هەموو لیستەکانی موچەی "شەهیدان، جینۆساید، بریندارانی چەکی کیمیاوی، زیندانیانی سیاسی، پێشمەرگەی دێرین" بڵاو بکرێنەوەو لە بوونی گەندەڵی و ناوی تاوانباران پاک بکرێنەوە.
٥- سەربازگەی تۆپزاوا لە فەوتان و لە ناوچوون رزگاربکرێت و بەپەلە بکرێت بە مۆنۆمێنتێکی شایستە بە قوربانیانی ئەنفال، چونکە سەربازگەی تۆپزاوە بە هاوشێوەی سەربازگەی ئۆشفیتزی هۆڵۆکۆست، هەڵگری دەیان پەیام و چیرۆکی قوربانیانی ئەنفالە.
٦- وەڵام بە داواکاری کەسوکاری قوربانیان بدرێتەوە، جیاوازی لە نێوانیان نەکرێت، ئەوانەی خانوو و زەویان بۆ دابین نەکراوە بۆیان دابین بکرێت، ژیانی شایستە بۆ تاقانەکانی جینۆساید، رزگاربووانی گۆڕی بە کۆمەڵ، رزگاربووانی ئەنفال، بریندارەکان و ..... دابین بکرێت.
٧- داواکارین لە بەرپرسان، بۆ رێزگرتن لە قوربانیانی ئەنفال هەموو دانیشتن و وێنە گرتن و سەردانیکردن و بەشداریکردنێکی پرسەی ٤٢٣ تۆمەتباری ئەنفال و ئەوانەی ناویان لە لیستەکەدا نییە رابگرن بە تایبەتیش ٢٥٨ کەسەی هاووڵاتی هەرێمی کوردستانن، جوڵەی سیاسییان رابگرن، رێز لە ١٨٢٠٠٠ قوربانی ئەنفالمان بگرن .
٨- هەر بەشدارییەکی سیاسی لە سەرۆک فەوجە جاشەکان، سەرۆک مەفرەزە خاسەکان، ئامر سرییەکان، رەفیق حیزبییەکان، ئەمن و ئیستخبارات و تەواری رژێمی پێشوو قەدەغە بکرێت.
٩- لێکۆڵینەوە بکرێت لە هۆکاری وێرانکردنی سەربازگەی دووبز دوا مەنزڵگای هەزاران ژن و منداڵی ئەنفالکراو و نەپاراستنی.
 


رێکخراوەکان:
- رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید
- تۆڕی رێکخراوە کوردستانیییەکان لهـ پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی
- تۆڕی ئایکان کوردستان
- رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کۆکوژ لە کوردستان
- رێکخراوی هەڵمەتی دادپەروەری
- رێکخراوی جیهانی بێ چەکی کیمیاوی و بایەلۆجی
- هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە کوردستان
- گۆڤاری تۆبزاوە
- رۆژنامەی نگرە سەلمان
- رێکخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالکراوان
- کوردۆساید ۆچ-چاک کوردستان

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک