په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٣\٢٠١٢

لە یادی ھەشتی مارسدا.



ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی ھەشتی مارس دەکرێتەوە، کە ساڵی ڕابردوودا شەپۆلێک لە خۆپێشاندان، ناڕەزایەتی دەربڕین و شۆڕش بەشێک لە وڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە، و چەند سەرۆکێکی دکتاتۆری سەرمایەیان وەلانا.


بەڵام لەو نێوەدا دژە شۆڕش بۆ سەرکوت و لەباربردنی شۆڕش، بۆ ھێشتنەوەی ڕژێمەکان پاش وەلانانی سەرانی دەوڵەتی، توانی خۆی کۆبکاتەوە لە شکڵی ھاوپەیمانیەتی دامەزراوەی سەربازی ئەو وڵاتانە لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی بەھاوکاری لیبراڵەکان و دەستخۆشانەی وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا.


ھەوڵدان بۆ کردنی شەریعەتی ئیسلام بە دەستور و یاساو ڕێسا، ھەروەھا داسەپاندنی یاسای دژە ژنی ئیسلامی و زیندووکردنەوەی فەرھەنگ و دابونەریتی دواکەوتوانەی ئایینی، ھەر لەو وڵاتانەدا کە ساڵی پار بە بارودۆخی شۆرشگێڕانەدا تێپەڕیون، ئەمانە پێشەنگی ھەڵمەت و دەستوەشاندنی دژەشۆڕشی بورژوازیە بۆسەر ماف و ئازادیەکانی تەواوی ھاوڵاتیان. ئەوەی کە چاوەڕوانی زوربەی کۆمەڵە لە کرێکاران و زەحەمەتکێشان و ئازادیخوازان، بەتایبەت لە وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، ھەر لە ئێستادا لە بێ ماف کردن و پلەدوو کردنی پایەی کۆمەڵایەتی نیوەی کۆمەڵدا کە ژنانن دەبیندرێت.


ئاسۆیەک کە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بەھاوکاری گۆپاڵی "ناتۆ" و ھەر سێ ڕەوتی ئیسلامی سیاسی، دامەزراوەی سەربازی و لیبراڵەکانی ئەو وڵاتانە خەریکی داسەپاندنین بەسەر جەماوەری ناڕازایدا، ھەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێت کە ئێستا پێشەکیەکەی بە فشار بۆ سەر ژنان و بێ مافکردنیان دەستی پێکردوە.


دیاری کردنی ھەشتی مارس وەک ڕۆژی خەبات لە پێناو یەکسانیدا، بەرھەمی ئینتەرناسیونالی دووەم و پێشڕەوی کۆمۆنیزمی مارکس بوو لەدەرونی بزوتنەوەی کرێکاریدا لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمدا. ئەمڕۆژە لەسەر پێشنیاری ھەڵسوڕاوی کۆمۆنیستی ئەڵمانی و ئەندامی ئینتەناسیوناڵی دووەم کلارا زتکین دیاری کراوە. بە درێژایی مێژووی سەدەی ڕابردووش ئەوە کۆمۆنیستەکان، بزوتنەوە کرێکاری و سۆشیالیستیەکانی جیھان بوون کە پەرچەمداری ئازادی و یەکسانی ئینسانەکان بوون.


پێشڕەوی بزوتنەوەی ئازادیخوازانە و ڕزگاریبەخشی ژنان، ھەروەھا بەدەستھێنانی ماف و ئازادیەکانی ژنان و یەکسانی ژنان و پیاوان، لە بنەڕەتدا بەستراوەتەوە بە پەرەداربوونی ئاسۆی ڕزگاریبەخشی سۆشیالیستی بەسەر ئەو بزوتنەوە و لێکھەڵپێکانی بە بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی لەھەر وڵاتێکدا.
یادی ھەشتی مارس وەبیر ھێناوەی ئەو ڕاستیە مێژوویانەیە تا ببێتە پاڵنەرێک بۆ ھەرچی چالاکبون و پەرەدارکردنی ئاسۆی ڕزگاریبەخشی سۆشیالیستی لە بزوتنەوەی ئازادیخواز و ڕزگاری ژناندا.

 

 

رەوەندی سۆشیالیستی کرێکاریی
rewend.info@googlemail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک