٩\٥\٢٠١٩
لە یادی نۆهەمین
ساڵەی
''بزووتنەوەی
سەردەشت عوسمان بۆ بەرگریی لە ئازادیی''.

نادر
عەبدولحەمید
ئەوەی جێگە مەبەستی ئێمەیە لێرەدا باس کردن نیە لە خودی کەسایەتی
سەردەشت عوسمان، بەرهەمەکانی و ترۆرەکەی وەک ترۆری سیاسی نوسەر و
ڕۆژنامەنوسێک لە کوردستان، بەڵکو باسکردنە لە بزوتنەوەیەکی دیاریکراو
کە بەکەسایەتی و ناوی ئەوەوە ناسراوە و چەند مانگێک درێژەی کێشاوە لە
کوردستانی عێڕاقدا. ئەویش شەپۆلی ئەو خۆپێشاندانانە بوو کە بەدوای
ترۆری ئەو لە سەرەتای مانگی ئایاری (٢٠١٠)دا سەری هەڵدا و تا کۆتایی
ئەو ساڵە و بەدیاریکراوی تا سەرهەڵدانی بزوتنەوەکەی (١٧ی شوباتی ٢٠١١)
درێژەی کێشا. ئاسۆ و ئامانج و تواناکانی خستە ناو بزوتنەوەی (١٧ شوبات)
و لەگەڵیا یەکی گرت وەیا بە دەربڕینێکی تر لە فۆڕم و شکڵی ئەو بزوتنەوە
تازەیەدا درێژەی بەخۆیدا کە ئەویش دوو مانگی خایاند و سەرکوت کراو و
پاشان کرایە دەستمایەی سات و سەودای ئۆپۆزیسیۆنی قەومی ئیسلامی ئەو
کاتەی پێکهاتوو لە هەرسێ حزبی (گۆڕان.کۆمەڵ.یەکگرتوو) بۆ وەرگرتنی چەند
ئیمتیازێک لە حکومەتی بنکەفراوانی هاوبەش لەگەڵ (پارتی) و (یەکیەتی).
گەرچی ناکرێ ئەم دوو لایەنەی کەسایەتی و بزوتنەوەکە لێکداببڕدرێن بەڵام
ناشکرێ جیاوازی ئەو دوو بەش و پێکهاتە لە کێسی سەردەشت عوسمان پەردەپۆش
بکرێن. خودی سەردەشت تا ئەوکاتەی لە ژیاندا بوو، دەستی نەبوو لە
وەڕێخستن و شکڵپێدانی بزوتنەوەیەک کە بەناوی خۆیەوە ناسرا، بەڵکو خۆی
وەک نوسین و بەرهەمە فکریەکانی ڕەخنەیەکی ڕادیکاڵی بەرجەستە دەکردەوە
لە دەسەڵات، بەو مانایە خودی خۆی سەر بە بزوتنەوەیەکی ڕەخنەگرانە بوو
لە دەسەڵات.
"پارتی" بەهاوکاری "یەکیەتی" لە حکومەتی هاوبەش و پەیمانی ستراتیژی
نێوانیاندا، وە بەپشتیوانی ئیسلامی سیاسی و مەلای مزگەوتەکان لە
بەرەیەکی کۆنەپەرستی ڕانەگەێندراودا کۆببونەوە و درێغیان نەدەکرد لە
تەنگپێهەڵچنینی ڕۆژنامەکان، ڕاوەدوونانی نوسەران و دەنگی ئازادیخواز،
گرتن و دادگایی کردن، وەستاندنی چەند زنجیرە درامایەکی تەلەفزیۆنی،
فتوادان دژی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و ڕاگرتنی هەندێکیان بەناوی لادان
لەخەتی سوری "پیرۆزیە ئاینی و نەتەوەییەکان"، گرتن و شکەنجەدانی
هەڵسوڕاوانی خۆپێشاندانەکانی ساڵی ٢٠٠٦، تیرۆری نوسەران و
ڕۆژنامەنوسانی وەک (عەبدولسەتار تاهیر شەریف)، (سۆرانی مامە حەمە) و
(سەردەشت عوسمان) و دواتریش (کاوە گەرمیانی). سەرباری گەندەڵی و
نەبوونی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی وەک ئاو، کارەبا خەستەخانە و
داودەرمان، ترس و تۆقاندن و هەڕەشە ئامادە بوو لەهەر ڕۆژنامە و
ڕۆژنامەنوسێک کە بابەتێک لە دژی "پیرۆزیە نەتەوەییەکان" بڵاوبکاتەوە،
هەروەک ڕۆژنامەی "خەبات" ئۆرگانی "پارتی" لە ژماره (٣٥٤٢)
هەڕەشەنامەیەکی بەناوی (گهنجانی داکۆکیکار له سهروهریی و
پیرۆزییهکانی کوردستان) بڵاوکردەوە کە بەئاشکرا نوسیبوی دەست دەدەینە
کوشتوبڕی لەبەرامبەر ڕەخنە لە "پیرۆزیە نەتەوەییەکان". بەمپێیە بەرەی
دەسەڵاتدار و کۆنەپەرستی پێکهاتوو لە هێز و حزبە بورژوا قەومی و
ئیسلامیەکان، توانیبویان فەزای ئاوەڵای سیاسی لە کوردستان لە مەنگەنەی
بدەن و بەرتەسکی بکەنەوە، تا ئەو ڕادەیە کە پەیامی خۆیان ڕاشکاوانە و
بوێرانە ڕاگەێنن و بەهەر کەسێکی ناڕازی بڵێن دەمتان دادەخەین، تیرۆرتان
دەکەین و بە تیرۆریستیشتان لەقەڵەم دەدەین.
ئەمە ئەو هەلومەرجە بابەتیە بوو کە بەرەیەکی ڕانەگەێندراوی خۆبەخۆیی لە
بەرامبەریا وەک بزوتنەوەیەکی هەموو بەهەمووی چین و توێژی جۆراوجۆر و
ڕەوت و مەیلی فکری و سیاسی و حزبی جۆراوجۆر شکڵی گرت هەر لە چەپ و
ڕادیکاڵەوە بیگرە تا نوسەر و ڕۆشنبیری لیبڕاڵ و ناسیونالیستی ناڕازی،
تا حزب و هێزی قەومی و ئیسلامی دەرەوەی دەسەڵات کە بەدوای دۆزینەوەی
جێگەپێیەوە بوون لە ناو دەسەڵاتدا. بەڵێ هەموو ئەمانە تەنها لە ڕەخنە
لە دەسەڵات و بەرپەرچدانەوەی تەنگپێهەڵچنینەکانی و دانانی لەمپەرێک
لەبەردەم دەست درێژی زیاتریدا بۆ سەر ئازادیەکان، خاڵی هاوبەشیان
هەبوو، لەوە بترازایە هەر لایە و ئاسۆ و ئامانج و شێوازی خەباتی جیابوو
لەوانی دی. ترۆری سەردەشت عوسمان بوو بە هەوێنی شکڵگیری ئەو
ناڕەزایەتیە گشتیە هەمەلایەنە جەماوەریە لە بزوتنەوەیەکدا، خودی ترۆری
سەردەشت عوسمان و بەدوای ئەو ترۆرەشدا شکڵگیری بزوتنەوەیەک بۆ بەرگری
لە ئازادی بەناوی سەردەشت عوسمانەوە بەرهەمی بارودۆخێکی مێژوویی بوو لە
خەباتی فکری و سیاسی لە کوردستان بۆیە هەم ترۆرەکە و هەم بزوتنەوەکەی
دیاردەیەک بوون کە بەچڕوپڕی دەربڕی ئەو چرکە ساتە مێژووییەی کوردستان
بوون. ئەم بزوتنەوەیە لە هەناوی خۆیدا هەڵگری چەندین ئاسۆی فکری و
سیاسی و سوننەتی خەباتکارانەی جیا و دژ بەیەک بوو، لەناوەڕۆکدا
ناڕەزایەتیەکی دیموکراتیک و ئازادیخواز، پێکهاتەکەشی لێکهەڵپێکراوی
دیموکراسی شۆڕشگێر و دیموکراسی لیبراڵ بوو لەناو یەکەیەکدا کە
بزوتنەوەکە بوو.
کۆتایی نیسانی ٢٠١٩
ماڵپهڕی
نادر عەبدولحەمید
|