په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\٧\٢٠١٠

لە یادی بیست و حه‌فت ساڵەى کارەساتى بارزانیەکاندا
کێ بەرپرسی بەردەوامیی نەهامەتیەکانى کوردە ؟


شوان هەورامی  


لە گەرمەى جەنگى عێراق - ئێراندا و لە دواى شکستى هێزەکانى عێراق لە ناوچەى حاجی هۆمەران ، لە کۆتایی مانگى تەموز تا ناوەراستى ئابی 1983 هێزەکانى گاردى کۆماری و ئەمن و سوپاو نۆکەرانیان زیاتر لە هەشت هەزار مندالڕ و پیرو لاوى نێرینەى بارزانییان قۆڵبەست کرد و لە کردەوەیەکى دڕندانەدا هەموویان لە بیابانەکانى باشوورى عێراقدا لە گۆڕی بەکۆمەڵدا زیندەبەچالڕ و گوللەباران کرد ، هەتا ئێستاش تەنها چارەنووسی ژمارەیەکى زۆر کەم لە روفاتى ئەو هاوڵاتیانە دیارەو بۆ باوەشی دایکى نیشتمان گەراونەتەوە .


ئێمە لێرەدا مەوداى باسکردنى هەلومەرجی سیاسیی و یاسایی ئەو کاتەى هەڵمەتە دڕندانەکەمان نیەو ئەوە ئێستا لە بەردەستى دادگاى تاوانەکاندایەو چاوەڕێی بڕیاری ئەوانین ، بەڵام ئەوەى جێی تێڕامانە کارنامەى خودى دادگاى تاوانەکانەو تا چ ئەندازەیەک سیاسەتمەدارانى کورد و عێراق لە هەڵەى دروستکردنى ئەو دادگایەو ئاکامەکانیدا بەشدارن ؟ لێرەدا بە کورتیی چەند خاڵێک ئاماژە پێدەدەم :


1 - ئەو دادگایە لە لایەن ( پۆل بریمەر ) ى حاکمى ئەمەریکایی عێراقەوە دروستکرا ، مەبەست لە دروستکردنیشی لە ناوخۆی عێراقدا ئەوە بوو کە رەهەندى نێودەوڵەتیی تاوانەکانى بەعس کپ بکرێتەوە ، بە تایبەتیی ئەو بەشەى کە پەیوەندیی بە یارمەتیە لۆجێستی و سیاسییەکانى ئەمەریکاوە هەبوو لە چەکدارکردن و چاوپۆشیی لە تاوانەکانى سەدام و بە ئاشکرا چاوپێکەوتنى ئەو تاوانبارە لە لایەن بەرپرسانى پابەرزى ئەمەریکاوە ، لەوانە دۆناڵد رامسفێڵدى وەزیری پێشووى بەرگریی ئەمەریکا ، کە دەبوو لە بەردەمى دادگادا بوەستن و دادگایی بکرێن ، بەڵام هەر پێش ئەوە بریمەر بڕیارێکى دەرکردبوو کە بۆ هیچ دادگایەکى عێراقیی نەبوو دادگایی هاوڵاتیانى ئەمەریکایی ئەو بکات ، هەروەها ئەم دادگایە بۆ رزگارکردنى هەموو ئەو کۆمپانیاو سیاسەتمەدارو دەوڵەتانەى خۆرئاواش بوو کە لە پڕۆژەى چەکى کۆمەڵکوژیی سەدامدا هاوکارییان پێشکەش کردبوو ، کە دیارە لە دادگایەکى ژێردەستەى داگیرکەرو بێدەسەڵاتى عێراقیدا هەموو ئەو رەهەندانە ونکران !!


2 - ئەگەر دادگاکە نێودەوڵەتیی بوایە وەکو ئەوەى رواندا و یۆگۆسلاڤیا ئەم دەسکەوتانەى دەبوو :
ا - گشت تۆمەتبارە نێودەوڵەتیەکان رادەکێشرانە بەردەمى دادگاو رەهەندى تاوانەکان لە تاوانێکى ناوخۆییەوە دەبوویە تاوانێکى نێودەوڵەتیی .
ب - ستەم لێکراویی گەلەکەمان دەبوویە بەڵگەنامەیەکى نێودەوڵەتى و یارمەتیدر دەبوو بۆ ئەوەى کە داواى ئازادى و سەرەخۆیی بکەین ، چونکە دەچەسپا گەلەکەمان چ مامەڵەیەکى دڕندانەى لەگەڵدا کراوە .
ج - ئێستا باوەکو ئەو تاوانانەش لەسەر ئاستى عێراقدا بە قڕکردن ( جینۆساید) بناسرێن ، بەڵام بەڵگەنامەى ئەو دادگایەى کە داگیرکەر دروستى کرد هەرگیز وەکو بەڵگەنامەیەکى نێودەوڵەتیی لە قەڵەم نادرآ و لەسەر ئاستى جیهانیی تانەى لێدەدرێت ، بەڵام بە پێچەوانەوە دادگاى نێودەوڵەتیی بەڵگەنامەکانى جیهانیی دەبوون و جێگەى تانەلێدان نەبوون .
د - دەبوو گشت ئەو وڵات و کۆمپانیایانەى کە یارمەتیان بەو رژێمە دابوو زیانى زیان لێکەوتوان ببژێرن و قەرەبووەکان رەهەندێکى نێودەوڵەتیی وەرگرێت .
ه -دادگاى تاوانەکان تەنها لەسەر ئاستى عێراقدا لە تاوانەکانى کۆڵیەوەو نەیدەتوانى بۆ ڕەهەندە نێودەوڵەتیەکانى تاوانەکان بەدواداچوون بکات ، چونکە لە دەسەڵاتى دادگایەکى عێراقیدا نەبوو ، وەکو تیرۆری کەسایەتیەکان لە دەرەوەى وڵات و تاوانە گەورەکانى جەنگى عێراق - ئێران و جەنگى داگیرکردنى کوەیت . کە ئەوە بۆ دادگاى نێودەوڵەتیی زۆر ئاسان بوو داواى کەسایەتیە جیهانیەکان بکات و دادگاییان بکات .
و - تا رادەیەکى زۆر گونجاو دادوەرانى دادگاى نێودەوڵەتیی دوورن لە تۆمەتبارکردنیان وپەیوەست بوونیان بە ئەجێندای وڵاتانەوە ، بەڵام دادگاى تاوانەکانى عێراق بەهۆی دەستێوەردان لە کارەکانیاندا دوو دادوەر یا دەستیان لە کار کێشایەوە یا دەرکران ، چونکە بە دڵی سیاسەتمەداران کاریان نەدەکرد و دەیانەویست یاساییانەو دادگەرانە کار بکەن !!
ز - جگە لەوانەش بە پێچەوانەى دادگاى نێودەوڵەتیەوە دەستێک لە ناوخۆی عێراقدا نەیهێشت هەموو تاوانەکانى سەدام بە هەبوونى خۆی لە دادگادا بخرێنە بەر باس و لێکۆڵینەوە ، ئەوەش لە لایەک بچووککردنەوەى تاوانەکانى بەعس بوو لە لایەکى تریش گرنگى نەدان بوو بە دۆسیەکانى کورد ، کە بێگومان لە دادگا نێودەوڵەتیەکاندا بەو شێوەیە رەفتار ناکرێت .


3 - بەڵام ئاشکرابوو کە ئەو دادگایە بۆ رزگارکردنى تاوانبارانى پارێزکارە نوێیەکانى ئەمەریکابوو لە ریسواییەکانیان بە هۆی بەشداریی راستەوخۆیان لە چەکدارکردن و بێدەنگییان لە تاوانەکانى سەدامدا ، چونکە لە جیاتى ئەوان جەنگێکى وێرانکەری هەشت ساڵەى لە دژی ئێران سازکردو ملیۆنەها هاوڵاتی و ملیارەها دۆلار زیانى بە ئابووریی هەردوو وڵات گەیاند ، ئەگەر لە دەرەوەى سنوورەکانى عێراق دادگا دروستکرایە ، هەموو ئەو تاوانانە رەهەندى نێودەوڵەتیی وەردەگرت .


4 - ئەوەى جێی سەرنج و تێڕامانە ئەو پرسیارەیە : کە داخوا بۆچی سیاسەتمەدارانى عێراقی و بە تایبەتیی کورد چوونە ژێرباری ئەو بڕیارەى پۆل بریمەرو بەشدارییان کرد لە بچوککردنەوەى تاوانەکانى بەعسدا ؟ ئایا بەو راستیانەى سەرەوەیان نەدەزانیی ؟ کە ئەوە دوورە لە راستیەوە . بەڵام مەخابن ئەوان وەکو زۆر بابەتى تر ئەوەشیان هەر دۆڕاندو دەستیان کرد بە هەلهەلە لێدان بۆ ئەو دادگایەو مەخابن تا رادەیەکیش خەڵکیان بە هەڵەدا برد ، کە گوایە ئەو دادگایە لە بەرژەوەندیی کوردو عێراقیەکاندایە !!


دەبوو سیاسەتمەدارانى کورد بە ئاشکرا داواى دادگایەکى نێودەوڵەتیی بکەن بۆ دادگایی سەرانى بەعس و بە هیچ شێوەیەک رێگەیان نەدایە کێشە رەواکانمان وەکو هەمیشە لە لایەن جیهانخۆرانی خۆرئاواوەو لە پێناوى کۆمپانیاکانى نەوتدا دیزە بە دەرخۆنە بکرێت !!


لە کۆتاییدا دەبێ سەبارەت بەم کارەساتەو گشت نەهامەتیەکانى دواى ئەوەش بڵێم ئێمە هۆکارێکى ترى بەردەوامیی ئەم نەهامەتیانە هەتا ئێستا دەبینین و دەسەڵاتیش لێی بەرپرسیارە ، بڕیاری لێبوردنى گشتیی بۆ نۆکەرانى رژێم هەڵوێستێکى ژیرانەى بەرەى کوردستانیی بوو ، بەڵام مەخابن بە هۆی شەڕی ناوخۆوە ئەو نۆکەرو جاشانە جارێکى تر هاتنەوە ناو کایەکەو ئێستا تواناو دەسەڵاتیان زۆر لە سەردەمى بەعس زیاترەو کوژراوەکانیشیان لە شەڕی پێشمەرگەدا مووچەى خانەنشینییان لە زۆر حاڵەتدا لەو پێشمەرگانە زیاترە کە ئەوان شەهیدیان کردوون . دەبوو ئەوانە مۆڵەتى کارو ژیانیان بۆ بڕەخسێنرێ بەڵام ئەوەى کە بهێنرێنە ریزى میلیشیاى حیزبەکانى دەسەڵاتەوەو ناویشیان لێبنرێ پێشمەرگەى کوردستان ، ئەوە تاوانێکى گەورەیەو یەکێکى ترە لە نەهامەتیەکانى گەلەکەمان و بەردەوامبوونیان . دیارە لێرەدا مەوداى ئەوەمان نیە باسی رەهەندەکانى گەندەڵیە سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیەکانى دەسەڵات بکەین ، کە ناهێڵێ برینى ئەم تاوانانە سارێژ ببێ و هەمیشە قەتماغەى برینەکان هەڵدەدرێنەوە ، هەر ئەوەشە دیواری بێ متمانەیی لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا ئەستوورتر دەکات وبەردەوامیی بە تراژیدیاى تاوانەکان دەبەخشێت !!