١\۴\٢٠١٠
له یادی دوعا و
له‌پێناو تێکڕای دوعایه‌کانیدی، په‌یامێک.

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
سه‌ره‌تا
ده‌مه‌وێ پڕ به دڵ ده‌ستخۆشییه‌کی گه‌وره له هه‌موو ئه‌و که‌سانه
بکه‌م که له نووسینی وشه‌یه‌ک تا رۆمانێک یاخود له هه‌ر سه‌کۆ و کۆڕ
و کۆبوونه‌وه‌یه‌ک به‌هه‌ر چالاکییه‌ک له هه‌ر سوچێکی ئه‌م جیهانه هه‌یه
رۆحی پاکی پڕ ئه‌ڤینی - دوعا - یان به‌سه‌ر کرده‌وه .
دوعا ناونیشانی شانۆگه‌ریه‌کی تراژیدیی نه‌بوو، به‌ڵکو رووداوێکی جه‌رگبڕ
و پڕ له کاره‌ساتی واقیعی ئه‌مڕۆی کوردستان بوو،که
له ڕۆژی رۆناک و له پێش چاوی خه‌لکانێکی
زۆر سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر کۆمه‌ڵێک له پیاوسالار و که‌سه مێشک ژه‌نگگرتووه‌کان
به به‌رد و بلۆک که‌وتنه گیانی دوعا و به شێوه‌یه‌کی زۆر دڕندانه و
بێ شه‌رمانه کردیانه قوربانی ئابڕووپه‌رستیی له کوردستانی باشوور.
زۆر ئاشکرایه ئه‌وه یه‌که‌م جار نییه که له‌نێو کۆمه‌ڵی ئێمه له‌ژێر
په‌رده‌ی ره‌وشت و ئابڕووپه‌رستیی ئافره‌تان به ده‌ستی که‌سوکاره‌کانیان
ده‌کوژرێن و تیرۆر ده‌کرێن، وه‌ک ده‌یبینین دواجاریش نییه و به‌رده‌وام
هه‌ڵسوکه‌وتی وا ناحه‌ز دژ به ئافره‌تان له‌نێو کۆمه‌ڵی تا سه‌رئێسک
کۆنه‌په‌رست و داغان به دابونه‌ریتی دواکه‌تووانه و فه‌رهه‌نگی به‌به‌ردبووی
دینیی رووده‌دا، ده‌سه‌ڵاتدارانیش وه‌ک ئه‌وه‌ی که ئه‌و کاره دزێوانه
له دوورگه‌ی واقاواق روویاندابێ نه‌ک هه‌ر خۆیان به خاوه‌ن نازانن و
به‌رانگژیان نابنه‌وه به‌ڵکه زۆرجار خودی خۆیان تێیاندا به‌شدار
بوونه و له ماوه‌ی ئه‌و نۆزده ساڵه‌ی حوکمه‌که‌شیاندا
بوونه‌ته هۆی کوشتنی به ئاشکرا و تیرۆری نهێنیی به ده‌یان هه‌زار ژن
و به‌وپه‌ڕی دڕنده‌یی جۆره‌ها توندوتیژییان ده‌رهه‌قیان ئه‌نجام داون.
بۆیه هاتنه‌ده‌نگ و وه‌ڵامدانه‌وه دژ به‌و
کاره قێزه‌ونه دژه‌مرۆییانه به‌رامبه‌ر
دوعایه‌کان کارێکی مرۆیی مه‌زنه بۆ هه‌موو
ئازادیخوازان و نووسه‌ران و رۆشنبیران و
هونه‌رمه‌ندان و سیاسه‌تمه‌داران، بۆ هه‌ر که‌سێک که باوه‌ڕی به خۆشه‌ویستیی
نێوان مرۆڤه‌کان هه‌یه و ده‌یه‌وێ ئارامیی و ئاسووده‌یی باڵ به‌سه‌ر
ژیاندا بکێشێ.
ده‌با له یادی دوعا و له‌پێناو تێکڕای دوعایه‌کانیدی:
١- په‌یکه‌رێکی هونه‌ریی
شایسته و پڕ به
باڵای گیانی به‌رزه‌فڕی دوعا له هه‌ر شار و
شارۆچکه‌یه‌ک بۆ گوزارشتکردن له دژی
ژنکوژان و مێشکه به‌به‌ردبووه‌کان و کاره‌ساتی به‌ربارانکردنه‌که قیت
بکرێته‌وه.
٢- ئه‌و رۆژه ره‌شه هه‌روا سه‌رپێی نه‌کرێته
رۆژێک و ته‌نیا له کاتی روودانی کاره‌ساته‌که
یادێکی بکرێته‌وه و به‌س، به‌ڵکه تێکڕای رۆژه‌کانمان بکرێته رۆژی به‌رانگژبوونه‌وه
به نایه‌کسانیی نێوان ژنان و پیاوان تا به‌ته‌واویی ره‌گی
دوعاکوژه‌کانی نێو کۆمه‌ڵ که رۆژانه به‌رده‌وامن له‌و کاره دژه
مرۆییانه‌یان له‌بنوبۆتکه‌وه ده‌رکێشین.
٣- دین و پیاوسالاریی
و دابونه‌ریته کۆنه‌په‌رستییه‌کان.. که هۆکاری هه‌ره سه‌ره‌کیی بوون
بۆ له‌نێوبردنی گیان و جه‌سته‌ی دوعا و ئێستاش هه‌ر هه‌مان رۆڵ ده‌گێڕن
به‌رامبه‌ر دوعایه‌کانی کوردستان.. له ده‌سه‌ڵات و یاسا و رێساکانی به‌رێوبردنی
کۆمه‌ڵ داببڕدرێن.
٤- هه‌ر پیاوێکی کورد زۆر به‌شه‌رمه‌زارییه‌وه
داوای لێبووردنێکی گه‌وره له خوشکی خۆی و
هه‌ر ژنێک بکا و جارێکتر ببرای ببڕ و به هیچ شێوه‌یه‌ک ده‌ست نه‌خاته
نێو ماف و کاروباری که‌سیی خۆشه‌ویستیی و هاوسه‌رگیریی و په‌یوه‌ندییه‌کانی
خوشک و که‌سه نزیکه‌کانی و به کرده‌وه‌ش دان به‌و مافانه‌ی ژناندا
بنێ که مافی زۆر سه‌رتایین بۆ هه‌ر مرۆڤێک.
٥- تاوانبارانی کاره‌ساته‌که و ئه‌و که‌س و
لایه‌نانه‌ی که ده‌سه‌لاتداری ناوچه‌که بوون بدرێنه دادگا به‌ڵام که‌س
له‌سه‌ر ئه‌و کێشه‌یه له‌سێداره نه‌درێ - چونکه سێداره شێوازی ده‌سه‌ڵاتدارانه
بۆ درێژه‌دان به کوشت‌وبڕ و دوعاش خۆی به به‌رد له‌سێداره‌درا - به‌ڵکه
به شێوه‌یه‌ک سزای خۆیان وه‌ربگرن که
بکرێنه په‌ند و وانه‌یه‌ک بۆ نه‌وه‌کانی
داهاتوو تا هیچ که‌سێک جارێکی‌دی نه‌توانی ده‌ست بۆ کارێکی ئاوه‌ها قێزه‌ون
ببا.
٦- زانکۆیه‌ک له پایته‌ختی کوردستان بکرێته‌وه
به‌ناوی (دوعا) و له هه‌موو به‌شه‌کانی وانه‌یه‌ک به گشتی له‌سه‌ر
مێژووی ئه‌و جۆره کاره‌ساتانه و به‌تایبه‌تییش
له‌سه‌ر کاره‌ساته‌که‌ی
(دوعا) و میژووی خۆشه‌ویستیی بخوێندرێ و
ساڵانه چه‌ند بڕوانامه‌یه‌کی ماسته‌ر و دکتۆرای
له‌سه‌ر وه‌ربگیردرێ.
٧- ده‌زگای (خه‌ڵاتی دوعا)
دابمه‌زرێ و ساڵانه خه‌ڵات بدا به‌و که‌سانه‌ی که زۆرتیرین خزمه‌تی
به خۆشه‌ویستیی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژ به ژنان
ئه‌نجام داوه.
٨- ده‌زگایه‌کی ئابووریی به توانا به‌ناوی ( ده‌زگای
فاونده‌یشنی دوعا) دابمه‌زرێ بۆ دانانی چه‌ند پرۆژه‌یه‌کی به‌سوود بۆ
په‌روه‌رده‌کردن و پاراستنی ژنان و تێکۆشان بۆ هێنانه‌دی یه‌کسانییه‌کی
به کرده‌وه‌ی نێوان ژنان پیاوان.
٣١\٣\٢٠١٠
alanakader@yahoo.co.uk
|