٢٧\۴\٢٠١٠
لە یادى
رۆژنامهگهریی کوردیدا چـۆن ڕاگـەیاندنـێـکـمان دەوێ؟

نیا کامیل
من نەمزانى کاغەز
بەوە نیگەران و بەوە وەڕس ئەبێ و یاخى ئەبێ ..
تۆ لەسەرى بنووسیت و بەڵام ئاکام خەیاڵى تۆ شتێکى تازەى پێ نەبێ ..
شێرکۆ بێکەس

ڕاگەیاندن، ئاوا پێناسە کراوە، کە پاش
دەسەڵاتەکانى یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەرى، بە ستونى چوارەمى
ڕاگیرکردنى بنمیچى دەسەڵاتى کۆمەڵگا دێت . بۆ ڕاگیربوون و مانەوەى ئەم
سەقفەش لە بڵندیدا خاڵێک کراوەتە زەمان ، ئەویش جودایى ئەم سێ
دەسەڵاتەیە بەشێوەیەکى سەربەخۆ لەیەکتر .
بەڵام کاتێک باس لە دەسەڵات و پایەیى چوارەم دەکەین دەبێت خاڵ و بنەماو
زەمانەتى تر زیادبکەین . ئەگەرنا ئیتر ئەو سەقفە لەنگە و بەرەو قڵپ
بونەوەى زیاتر مل دەنێت ، ئەو زەمانەتەش بریتیە لە ئازادى . بەبێ بوونى
ئەم خاڵە ڕاگەیاندن بوونى نییه، بەڵام لەدەرەوەى ئەم زۆنەشدا
دەسەڵاتەکانى تر هەر بونیان هەیە، ئەگەرچى ناتەواون و ڕوو بە نغرۆبوون
مل دەنێن .
کەواته ڕاگەیاندن و ئازادى تەواو پێکەوە گرێخواردوون، کە دەووترێت
ڕاگەیاندنى ئازاد . بەڵام ئێمە مەبەستمان چیە لە ڕاگەیاندنى ئازاد
بەشێوەیەکى دیاریکراو ؟ . دەتوانین خودى ڕاگەیاندن بەسەر چەند
ڕەهەندێکدا دابەش بکەین . ڕاگەیاندن ، یان ڕاگەیاندنى دەسەڵاتە ، کە
سنورى کار و ئازادى دیاریکراوە وە پارێزراویشە ، کارەکەشى تەشویق کردن
و ماکیاج کردنى ڕوخسارى ئەوە و بەتەواویش لە خزمەتى ئەودایە ، یان هى
حیزب و ئۆرگانەکانیەتى و پابەندە بە ئایدۆلۆژیا و بیرکردنەوەى حیزبەوە
و وەکو زمانى ئەو کاردەکات ، وە بەتەنها بە چاویلکەى ئەو دەبینێت و
بەبێ بونى ئەو چاویلکە ئایدۆلۆژیە تواناى خوێندنەوەى دێڕێکى نیە ، یان
لە سێهەم باردا سەرمایەدارێک سەرمایەگوزارى تێدادەکات و دەیخاتە ژێر
ڕکێفى خۆیەوە ، ئەوکات پەیوەستى دەکاتەوە بە یاساکانى بازاڕەوە وە
لەسەر بنەماى قازانجى خۆى کاردەکات، وێڵە لەدوى کەڵەکەکردنى سەرمایە .
لەهەریەک لەم بوارانەدا ڕاگەیاندن کارتێکراوە نەک کاریگەر وەلەسەر یەک
یاساى بازاڕى کاردەکات کە پشت ئەستورە بە بوونى خواست لەسەرى .
جۆرى چوارەم ، لە ڕاگەیاندن خۆى لەهەموو ئەو کۆسپانە ڕاتەکاندوە ،
بەکلیک کردن لەسەر هیچ یەکێک لەو ئایکۆنانە پەنجەرەیەکت بۆ واڵاناکات .
ئەو کارەشى کەلە ئەستۆى گرتوە ، بریتیە لە ، بەژداریکردن و دروست کردنى
ڕاى گشتى ، وە پاراستن و خزمەتکردنى بەرژەوەندى گشتى ، وە پانتاییەکە
بۆ ڕا و ڕای بەرامبەر . ئەم ڕاگەیاندنە نابێتە جێگاى بڕیاردان لەسەر
حەڵالڕ و حەرام ، نابێتە تەرازوى کێشانى خێر و شەڕ ، هەروەک ناشبێتە
فڵچەى ڕەگکردنى مرۆڤەکان بە ڕەنگى ڕش و سپى . بەڵکە چاوێکى مەوزوعیە
لەسەر واقعى کۆمەڵگا ، عەجول و بزێوە ، فزولە ، سەردەکات بەهەموو
کونێکدا ، دەنوک لەهەموو شتێک ئەدات ، تیشک دەخاتە سەر هەموو گۆشەیەکى
تاریک .
هەروەک لە ڕیزبەندى یەکەمدا ڕاگەیاندن پلەى چوارەم بوو والێرەشدا دیسان
ڕاگەیاندنى پەسەن و ئازاد هەر چوارەمە ، بۆیە ئەو چوارگۆشەیەیە کە
پانتایى بوونى ئازادى لە کۆمەڵگادا دیارى دەکات . لاى ئێمە جۆرى سێهەم
لە ڕاگەیاندن بوونى نییه، وە هەردوو جۆرى یەکەم و دووەم بەتەواوى
ئاوێزانن ، تەنها بە عینوانى بوونى حیزبى جودا جیاوازیان هەیە ، بۆیە
بەگشتى دوو جۆر ڕاگەیاندنمان هەیە، ڕاگەیاندنى ئازاد و ڕاگەیاندنى
پابەند ، ئەم جۆرەیان (پابەند) هێزێکى مەعریفى و حەقیقەتى تیانیە ،
بەڵام هێزێکى ماڵى و پاراستنى بەهێزى لەپشتە. دووەم جۆر یان ئازاد
هێزێکى ماڵى و ئاسایشى لاوازى لەپشتە، بەڵام بەژداریەکى بەهێزى هەیە لە
دروست کردنى ڕاى گشتیدا و چاودێرە لەسەر کۆمەڵگا .
ڕاگەیاندنى پابەند کە بەشێوەى پۆستە بەسەر ناوەند و بیرۆ و خوێنەرانیدا
دابەش دەکرێت تواناى ئەوەى نیە بێتە بازاڕ و چاو لە چاوى خوێنەر ببڕێت
، هێزى ململانە و ڕکابەرى پێنیە ، چونکە دەسەڵات و حیزب لە تاریکى
خۆیاندا نوقمیان کردوە . بۆیە ئێمە ڕاگەیاندنێکمان دەوێت کە دەسەڵات و
حیزب و ئایدۆلۆژیا و زاڵمى بازاڕ لێى دەسڵەمنەوە و لێى هەڵدێن ، بەڵام
ئەم وەک تارمایی بەشوێنیانەوەیە و لێناگەڕێت خەونى خۆش ببینن ، هەر
سزاى ئەم خەو زڕاندنەشە کە بەشێک لە ڕاگەیاندن دەیچێژت .
ئەوەمان زانى کە ئازادى ڕۆحى ڕاگەیاندنە ، بەڵام پاراستنیشى واتاى
زیندو هێشتنەوە و نەمردنیەتى ، یانى پاراستنى ئەو ئازادیە . ئەم کارەش
تەنها بە بوونى یاسایەک دەستەبەر دەبێت کە تیایدا زەمانەتى پاراستنى
ئەو ئازادیەى پێ سپێردرابێت . تا ڕۆژنامەنووس بتوانێت کارەکەى ئەنجام
بدات بەبێ سڵەمینەوە، کەبەتەواى مەبەست لە راگەیاندنى ئازاد بوونى
ڕۆژنامەنووسى ئازادە . لەبەرئەوەى ئەم خوازیارى ڕاگەیاندنى ئازادە و
هەرئەمیش دروستى دەکات .
ماوەتەوە ئەوەى لەم ڕۆژەدا (ڕۆژى ڕۆژنامەگەریی کوردى) داخوازیمان چی
بێت ؟ مادام دەرگایەک هەیە ئێمە لەبەردەمیدا بوەستین و لێى بدەن بەناوى
ڕاگەیاندنى ئازادەوە، ئیتر سەلماندنى یاسایەکى کارى ڕاگەیاندن کە
دەستەبەرى ئەو پانتاییە لە ئازادى پێویست بکات بۆ ڕاگەیاندن واقعە، ئەم
کارەش بە خودى ڕاگەیاندن سپێردراوە، لە جیاتى ئەو یاساى کارى
ڕۆژنامەنووسییهى کە وەک قوفڵێکى ژەنگاویی دراوە لە دەرگاى داخراو
لەسەر ئازادى ڕاگەیاندن .
nyakamil@hotmail.com
|