٢٨\٨\٢٠١٠
له یادی سی ساڵه‌ی
تاوانی (قاڕنێ و قه‌ڵاتان و ئیندرقاش و...)دا.
دووی سێپتا‌مبه‌ر ڕۆژی کۆمه‌ڵکوژیی کورد له
رۆژهه‌ڵاتی کوردستان.
جه‌ماوه‌ری گه‌له‌که‌مان،
هێزه سیاسییه‌کان،
ڕێکخراوه کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری و جه‌ماوه‌رییه‌کان،
کۆماری ئیسلامیی ئێران له ته‌مه‌نی نه‌گریسی سی و یه‌ک ساڵه‌ی خۆیدا ،
هه‌زاران تاوانی به‌رامبه‌ر گه‌له‌که‌مان ئه‌نجام داوه. هه‌ر له
ده‌ستپێکی هاتنه سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی‌دا، هه‌ندێک وه‌عد و به‌ڵێن
به هێزه سیاسی و مه‌زهه‌بیه‌کانی کوردوستان درا، به‌ڵام ته‌نیا بۆ
خاپاندن بوو، پاش ماوه‌یه‌کی کورت سه‌رگه‌رم کردنی هه‌موو سه‌رکرده‌کانی
کورد و پاش پته‌وکردن و سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی ره‌شیان، له رۆژی
28/5/1358 خومه‌ینی دیکتاتۆر فه‌رمانی جیهادی به‌په‌له‌ی بۆ هه‌موو
هێزه زه‌مینی، ئاسمانی و ده‌ریاییه‌کانی ده‌رکرد که هێرش بکه‌نه سه‌ر
کوردستان و کۆتایی به‌و هه‌ل و مه‌رج و کێشه‌ی بێنن. واته فه‌رمانی
جیهاد بۆ سه‌ر گه‌لی کورد، ئیتر پاش ئه‌و بڕیاره ده‌ستیان به له‌شکرکێشی
بۆ کوردوستان کرد، که له زۆربه‌ی شاره‌کانی کوردوستان ره‌شبگیری و
گولله‌باران کردنی به‌کۆمه‌ڵ ئه‌نجام درا.
شایانی باسه که سه‌ره‌ڕای ئه‌و تاوانانه‌ی که به ئاشکرا کردونی،
یاخود ئه‌و ئیعدامه به کۆمه‌ڵانه‌ی له گرتووخانه‌کاندا ئه‌نجامیداوه،
بۆمباران و تۆپ باران کردنی شار و گوند شاخ و ده‌شتی نیشتمانه‌که‌مان
به سه‌پاندنی شه‌ڕ له بست به بستی ئه‌م به‌شه‌ی کوردستان و سه‌ره‌نجام
کۆمه‌ڵکوژی قاڕنێ، قه‌ڵاتان، ئیندرقاش، سه‌رووکانی و وسوکه‌ند و....،
به‌شێوه‌ی دڵڕه‌قانه تر له هه‌موو تاوانه‌کانی دیکه ئه‌نجام دران،
قوربانیانی ئه‌م تاوانانه و زۆر تاوانی دیکه، ژن و منداڵ و پیر و په‌ککه‌وته
و که‌سانی مه‌ده‌نی بوون . بۆیه به هه‌موو پێوه‌رێک ئه‌و تاوانانه
به تاوانی جه‌نگ و به جه‌نایه‌تی دژی مرۆڤایه‌تی ده‌ژمێردرێن.
ئێمه بانگه‌وازتان لێده‌که‌ین، که هه‌موومان پێکه‌وه ڕۆژی تاوانی
قارنێ ، واته ڕێکه‌وتی 2 سێپتا‌مبر، بکه‌ین به ڕۆژی داواکردنی به
دادگایی گه‌یاندنیی به‌رپرسانی باڵا و تاوانبارانى کۆماری ئیسلامی
ئێران، ڕۆژی دژایه‌تیکردنی کۆمه‌ڵکوژی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ڕۆژی
ناساندنی کۆماری ئیسلامی ئێران وه‌ک ده‌وڵه‌تی سه‌رکوت و ماکه‌ی تیرۆر
و ئه‌نجامده‌ری کۆمه‌ڵکوژی به‌رامبه‌ر به گه‌لی کورد و گه‌لانی دیکه‌ی
ئێران.
با له‌م ڕۆژه‌دا یادی ته‌واوی تاوان و کۆمه‌ڵکوژیه‌کان که کۆماری ڕه‌شی
ئیسلامی ئێران به‌رامبه‌ر گه‌لی کورد کردوونی، بکه‌ینه‌وه. تا له‌م
ڕێگه‌یه‌وه سیمای دزێوی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ڕه‌شه زۆرتر به کۆمه‌ڵگه‌ی
نێوده‌وڵه‌تی بناسرێت . ئه‌رکی سه‌ر شانی هه‌موومانه ، به تاک و به
کۆڕ و کۆمه‌ڵه سیاسی و مه‌ده‌نییه‌کانه‌وه، کارێک بکه‌ین تاوانباران
نه‌توانن چیتر به ئاره‌زووی خۆیان گه‌له‌که‌مان جینۆساید بکه‌ن.
ده‌با بۆ یادکردنه‌وه‌ی ئه‌م ساڵی ڕۆژی 2ی سیپته‌مبه‌ره، یه‌کگرتوانه
بۆ کردنه‌وه‌ی په‌روه‌نده‌ی تاوانه‌کانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران به‌رامبه‌ر
به گه‌لی کورد و ناساندنی به بیروڕای جیهانی تواناکانمان یه‌ک بخه‌ین
و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر به کۆمه‌ڵ کوژییه‌کانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته.
ئه‌مساڵ له کاتێکدا یادی تاوانی کۆمه‌ڵکوژی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان
ده‌که‌ینه‌وه که هه‌ڵمه‌تی له سیداره‌دان کوردستانی گرتۆته وه و
خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه تی وڵاتی داگرتووه.
له یادکردنه‌وه‌ی تاوانه‌کانی کۆماری ئیسلامی دژی نه‌ته‌وه‌ی کورد،
بێگومان ناکرێ یادی تێرور کردنی سه‌رکرده سیاسییه‌کان و سه‌دان تێکۆشه‌ری
دیکه نه‌که‌ینه‌وه که ئیمرۆ قاتڵه‌کانیان جه‌نجه‌ری ئاشی حکوومه‌تیان
به‌ده‌سته‌وه‌یه و بریار ده‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته جه‌نایه‌تکاره‌ن.که
نموونه‌ی هه‌ره دیاریان ئه‌حمه‌دی نێژاده. "سه‌رۆک کۆماری ساخته‌کار"
که تاوانی به‌شداریی له ده‌سته‌ی تێرۆری دوکتور قاسملوو و لێدانی
گولله‌ی ئاخرله مێشکی سه‌دان و هه‌زاران زیندانیی له‌سه‌ره.
که‌وابوو ئه‌رکی سه‌ر شانی هه‌موومانه یه‌کگرتووانه له یادی تاوانی
قاڕنێ‌دا ،هه‌موو توانا و ئیمکاناته‌کانمان یه‌ک بخه‌ین بۆ به‌دادگایی
گه‌یاندنی بڕیار ده‌ران و به‌رێوه‌به‌رانی ئه‌م تاوانانه و فشار
دروستکردن بۆ راگرتنی بریاری له سیداره‌دانی ئازادیخوازان که ئێستا له
رۆژه‌ڤدایه.
تاوانی قاڕنێ و گونده‌کانی ده‌وروبه‌ری به هه‌موو پێوه‌رێک ده‌چێته
چوار چێوه‌ی تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی و تاوانی جه‌نگ، ئه‌م تاوانانه‌ش
تاوانی نێو نه‌ته‌وه‌یین و زه‌مه‌ن کۆنیان ناکات و تاوانبارانی ناتوانن
له دادگایی رزگاریان بێت. هه‌موو دۆکۆمێنته‌کانی ئه‌و کاتی خودی
کۆماری ئیسلامیش به‌ڵگه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانه.
چاودێری کوردۆساید - چاک
25\8\2010
www.kurdocide.com
kurdocide@hotmail.com
|