په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١٢\٢٠١٣

لە یادی تیرۆری کاوە گەرمیانی و کاوەکانی دیکەدا.


زاھیر باھیر      


خەڵکان و لایەنێکی زۆر لەسەر تیرۆری "کاوە گەرمیانی" نوسیوییانە و ھاوڕێیانی سەکۆی ئەنارکیستەکانی کوردستان بە وتارێکی چڕوپڕ لە ژێر ناوی "نا بۆ تیرۆر، ھەنگاو بەرەو ئازادی" بەشداری ناڕەزایەتی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری کرد، بێجگە لەمەش ھەندێک لە ھاوڕێیان لە تۆڕی فەیسبووکدا وەکو بۆچوونی کەسیی خۆیان، دیسانەوە لە بەرامبەر ئەو کارەساتە جەرگبڕەدا، ھەڵوێستیان وەرگرتووە.


ئەوەی کە ماوەتەوە لێرەدا من بیڵێم دەرککردنە بەو ڕاستییە مێژووییە، کە کار و کرداری تیرۆریستیانە بە ھەموو چەشنەکانییەوە لەو کاتەوە دروستبووە، کە کۆمەڵگەی چینایەتی ھاتۆتە کایەوە ‌و دەسەڵاتی یەکێک لە چینەکان یاخود توێژە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگەی پارتێکی ڕامیارییەوە، جەنڕاڵێکی سەربازییەوە، سەرۆکخێڵ و ناودارێکی ناوچەییەوە، یا کابرایەکی ئایینییەوە ، دەسەڵاتدار بووە یا دەسەڵاتی دەوڵەتی گرتۆتە دەست، کە ھەموو ئەمانەش لە پێناوی دەسەڵاتدا: دەسەڵاتی ڕامیاریی، ئابووری، ئایینیی، کە پلانی ئەوان و کێشمەکێشی نێوانیان لە سەر بەرژەوەندییە جیاوازەکان، بە ڕق و بە تەماحی دەسەڵات، تیرۆری چ لەسەر ئاستی تاک ، بە کۆمەڵکوژی ،چ بە ھەڵگیرسانی جەنگ ، ئافراندووە.


چاوگێڕانەوەیەک بە مێژووی مرۆڤایەتیدا ، نەک ھەر لە وڵاتی ئێمەدا ، بەڵکو لە سەرانسەری جیھاندا ، ئەم ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت و قوربانییەکانیشیان ، بۆ بەدبەختی ، ئەوەندە گەورە و زۆر بوون ، لە ئەژمارە نایەن. ھەر لە کوردستاندا بە تەنھا ئاوڕدانەوەیەکی سەرپێی لە چەرخی ڕابوردوو، ئەوە دەبینرێت کە لە دوای جەنگی جیھانی یەکەمەوە چۆن دەوڵەتی بریتانی تیرۆری دژی خەڵکە ھەژارەکەی کوردستانی ئەو دەمە ، کردووە ، دواتر لە ساڵەکانی ٣٠یەکاندا لە خۆپیشاندانی بەردەرکی سەرای سلێمانیی چەند کەسێکی دیکەی تیادا تیرۆرکراوە ، کە ‌ ناودارەکانیان ، عەولە سیس و خاتوو ئەختەر بوون.


لە دروستبوونی بزووتنەوەی کوردیشەوە، لە ململانێی نێوانی پارتەکاندا، دەردەکەوێت کە چۆن پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە ھەر دوو بەشەکەیەوە لەو بوارەدا داھێنانیان کردووە و ھەنگاوی زیاتریان ناوە ،‌ دەستێکی ڕەش و چەپەڵیان لە کوشتن و پاکتاوکردنی ئەندامە چالاکەکانی حیزبی شیوعی عێراقی ھەبوو و ھەروەھا لە نێوانی خۆشیاندا و دروستکردنی بەندیخانەی ترسناکی وەکو ڕایات و خەلان و ماوەت و سیخناخکردنیان لە خەڵکانی کۆمۆنیست و ناڕەزاییکاران، لەوەش زیاتر تیرۆرکردنی برادەرانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانیش.


ھەر لە دروستکردنەوەی بزووتنەوەی چەکداریی نوێشدا لە شاخ و دواتریش کە دەسەڵاتیشیان گرتە دەست لە شارەکاندا ، برەویان بە چالاکی تیرۆرکردن لە نێو ژنان دا و بەرپاکردنی شەڕی کۆنەقین ‌سەدەھای تریشیان لە خەڵکانێک کە گوێی بۆ شلنەکردبێتن و نەیاریان بووبێت و چۆکی بۆ دانەدابێتن ھەر لە تیرۆری وریا و نوری حەمەعەلی، ێەد‌یقە فەنی، خاڵە حەمە (ھەڤاڵ جووجەڵە) ڕەوئوف کامیل، نەزیر عومەر، حەمەحەلاق و سەلاح ھۆرامی، فەرھاد فەرەج، شاپوور عەبدولقادر، قابیل، ئەبوبەکر عەلی و چەند ھاوڕێیەکی حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری و عەبدولستار تاھیر، سۆران مامەحەمە و سەردەشت عوسمان تاکو کاوە گەرمیانی، تیرۆریان کردوون. ئەم لیستە دەتوانرێت ‌ بۆ سەدەھا کەسی بێتاوان درێژبکرێتەوە ، کە تەنھا خەتایان دەربڕینی ناڕەزاییان بووە لە سیساسەتەکانیان، یاخود نەیاریان بوون. ‌


ئەمانەی کە باسمکردن تەنھا مشتێکن لە خەروارێک و نامەوێت لەوە زیاتر خوێنەر بە زەمەن و لیستی تیرۆرکروان توشی خەمۆکی بکەم. ئەوەی کە گرنگە بیری خۆێنەری کورد و کۆمەڵگەی کوردی بھێنمەوە، چەند خاڵێکن،‌ کە یەکەمیان: تیرۆر ‌بە تەنھا تایبەتمەند یا پەیوەست بە پارتی و یەکێتی یا ئیسلامی و گۆڕان یا ھەر پارتێکی دیکەی چەپ و کۆمۆنیستەوە، نییە، ھەر لەبەرئەوەش دەڵێم تیرۆر مەیلی پارتایەتی یا پارتییانە نییە،‌ بەڵکو سروشتی پارت و ڕێکخراوی سیساسییە. دووھەم: ئەوەی کە ئەو سروشتی تیرۆر و تۆڵەسەندنەوە ‌و توندوتیژییەی لە سەرجەمی ئەم پارتیانەدا دروستکردووە، دەسەڵاتخواستنیانە ، خوازیارییانە بۆ ھەیمەنکردن و پاوانکردن . لە کاتێکدا کە ئێمە سەرجەمی ھەموو ئەم پارتانەمان نەک ھەر لە کوردستاندا، بەڵکو لە سەرانسەری ناوچەکە ‌و جیھانیشدا بینیوون و دەبینین، کە کێشەی ئەوان و ھەوڵی سەرەکی و جددیان، بۆ پاوانخوازی و بە دەسەڵاتگەییشتنە، ئیدی ھیچکام لەمانە دەربەستی گیانی دۆستەکانی ئەوانی دیکەیان یا ھاوڵاتیانی ناڕەزا، نەبوون و نایەن، ‌ پێشینان وتەنی کاتێک " دەگاتە تیینیان" لێرەوە پرۆسەی پاکتاوکردن ڕۆڵی خۆی دەبینێت و ڕەواییشیی ، نەک ھەر لە لایەن حیزبی بکەری تیرۆرەوە،‌ بەڵکو بەشێێکی کۆمەڵگەشەوە، پێدەدرێت. سێھەم: ئەو دوو خاڵەی سەرەوەش دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی کە بڵێین دەسەڵات ، خوازیاری ‌ ھەموو چەشنەکانی دەسەڵات، لە شانەیەکی بچوکی کۆمەڵگەوە کە لە خێزانەوە دەستپێدەکات ‌ تاکو کۆتایی کە دەگاتە دەوڵەت، ھەوێنی دروستبوونی تیرۆر ، تووندوتیژی ھەتا کێشمەکێش و جەنگیشە. چوارھەم : نابێت بڕوا بە ھێچ پارت و ڕێکخراوێکی سیساسی دەسەڵاتخواز، یا ڕۆشنبیرە لیبراڵەکان بکەین، کە بەسەر پارتە سیاسییەکاندا دابەشبوون، کە لەم کاتە ناسک و ‌ خەمناکەدا فرمێسکی تیمساحیانە بۆ تیرۆری کاوە گەرمیانی و خێزانی کاوە دەڕێژن ، نابێت بڕوابکەین، ھەر ئەمانەن لە ڕابوردوو و لە ئێستادا کە لە دەرەوەی دەسەڵاتن تیرۆی فکری و ڕەوشتی و کەسایەتی نەیارەکانیان کردووە و دەکەن و کە چووشنە دەسەڵاتیشەوە ، تیرۆری جەستەییان، دەکەن.


ئەوەی کە لە ڕاستیدا دژایەتی تیرۆردەکات و تیرۆری بۆ ھیچ کەسێک ناوێت، ئازادیخوازەکانن، سۆشیالیستە دژەدەسەڵاتەکانن، چونکە ئەمان ھیچ چاوچنۆکیی دەسەڵات و بەرژەوندی شەخسی و حیزبیییان نییە و بەو ئاراستەیەش خەباتناکەن. ‌ ‌ ‌
 

١٨\١٢\٢٠١٣  - لەندەن

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

________________________________________________

بۆ دیتنی سەرجەمی بابەتەکانی دۆسیەی شەهیدی پێنووس (کاوە گەرمیانی) لێرە کرتە بکە:

http://www.emrro.com/dosyeykawe.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک