٩\١٠\٢٠١٠
لێیان گەڕێن
هەناویان پڕی ئاگرە و قسەیان پێ مەکەن.

شێرزاد عومەر مەحمود
دەگێڕنەوە لە گوندێکی کوێستانەکانی کوردستان ئاغایەکی زۆر دز و چاوچنۆک
دەبێت، ئاغا رۆژێک لەرێگای خزمەتکارەکانیەوە چێڵی پیاوێکی زۆر هەژاری
گوند دەدزێت و سەری دەبڕێ و دەیکات بە چێشت، پیاوە هەژارەکەش زۆر
دەگەڕێت بەدوای چێڵەکەی چونکە ئەو چێڵەی سەرچاوەی بژێوی ژیانی رۆژانەی
منداڵەکانی و خانەوادەکەی دەبێت، پیاوە هەژارەکە دوواین جار لە پیاوێکی
ئاقڵ دەپرسێت کە چێڵەکەی ئەوی نەبینیووە، کابرای ئاقڵیش پێی دەڵێت کە
ئاغای گوند دزیویەتی، پیاوە هەژارەکە باوەڕی پێ ناکات، کابرای ئاقڵ پێی
دەڵێت نیوەڕۆ کاتی نانخواردن بڕۆ خۆت بکە بە دیوەخانی ئاغا بزانە چ
خواردنێکیان هەیە..؟ ئەگەر گۆشتیان هەبوو ئەوسا دەزانی گۆشتەکە تازەیە
یان کۆنە هی مانگایە یان هی مەڕ و بزنە...هتد.
پیاوە هەژارەکەش وا دەکات و لەکاتی نانخواردنی نیوەڕۆدا دەچێتە
دیوەخانی ئاغای گوند، دەبینێ گۆشتیان هەیە، ئاغاش داوا لە
خزمەتکارەکان دەکات کە خواردن بۆ ئەویش بێنن، قاپێک گۆشتی کوڵای بۆ
پیاوە هەژارەکەش دەهێنن، پێش ئەوەی دەست بە نانخواردن بکەن پیاوە
هەژارەکە دەڵێت: ئاغام لە بەیانی زووەوە چێڵەکەم ون بووە هاتوومە
پرسیار بکەم بەڵکو خزمەتکارەکانت بینیبێتیان..! ئاغاش گووتی: کەسی
ئاغای ئەگەر قسەیەکی نێوان خۆمان بکەین توڕە نابیت و لای کەس باسی
ناکەیت..؟! پیاوە هەژارەکە: نە بەخوا.. ئاغا: سوێند و تەڵاقم بۆ بخۆ کە
ئەو قسەیەی پێتی دەڵێم لای کەس نایدرکێنی و باسی ناکەیت تەنانەت لە
ماڵەوەش..! پیاوە هەژارەکە سوێند و تەڵاقی بۆی خوارد.. ئاغا گووتی: ئەو
گۆشتە کوڵاوەی کە لە پێشتە هی چێڵەکەی تۆیە و من بردم و سەرمان بڕی و
تا بەشت ماوە لێی بخۆ.. پیاوە هەژارەکەش لە داخان هیچی بۆ نەخورا و
هاتە دەرەوە لە دیوەخانی ئاغا، لە پێش دەرگا تووشی بە کابرا ئاقڵەکە
بۆوە و لێی پرسی: چی بوو قسەکەم راست دەرچوو ئاغا دزیبووی..؟ پیاوە
هەژارەکەش پێی گووت: نازانم.. کابرای ئاقڵ: دەی پێم بڵێ چی بوو..؟
پیاوە هەژارەکەش گووتی: توخوا لێم گەڕێ قسەم پێ مەکە هەناوم پڕی ئاگرە
و ناتوانم چی بڵێم..؟!!
ئەم بەسەرهاتە دەقاو دەق لە بارودۆخی حکومەتی عێراقی و شاری کەرکوک
دەچێت، کەسمان نازانین کە حزب و لایەنە سیاسیەکان و سەرکردایەتی سیاسی
کوردی لەگەڵ عەرەبەکان چ مەرجێکیان کردووە لەسەر کەرکوک..؟ عەرەبەکان
بەوانەی نێو مەجلیسی حوکمیشەوە دان بە هیچ مافێکی کورد نانێن لە کەرکوک،
هەر لەسەرەتاوە ماددەی 140یان کوشت، ئێستاش وا لەسەرەتاوە دەیانەوێ
سەرژمێری کەرکوک بکوژن و ئەنجامەکەی بکوژن، دژی بوونی ئاسایش و پۆلیس و
حزب و لایەن و گروپ و رێکخراوی سیاسی و رۆشنبیری و سوپای کوردین لەو
شارە، کەچی کە باس دێتە سەر گەڕاندنەوەی کەرکوک بۆ سەر هەرێمی کوردستان،
یان کوردستانی بوونی کەرکوک، یان مردنی ماددەی 140 یانیش هەر پرسێک
پەیوەندی بە کەرکوکەوە هەبێت ئەوا بێدەنگی لێ دەکرێت، تەنانەت لە
تەواوی ئەو کۆنفرانس و کۆنگرانەی کە بۆ کەرکوک ئەنجامدراوە لە
دووماهیدا لایەنی بەشداربووی کورد بە بێدەنگی ماوەتەوە و بە بێدەنگیش
کۆتایی بە کۆنگرەکە هێناوە و بە بێدەنگیش هاتۆتە دەرەوە لە کۆنگرەکە،
پارتی و یەکێتی و گۆڕان و ئیسلامیەکان بۆ گیانی یەکتری چەندە ئازا و
قارەمانن لەو سێ پارێزگایە، بەڵام لە کەرکوک بەرامبەر بە عەرەب و
تورکمانەکان دەڵێی سوێند و تەڵاقدراون کە ئەوەندە نەرمی دەنوێنن،
رۆژنامەنووس و نووسەرانی ئەم حزبانە بۆ یەکتری هەمیشە لەسەنگەردان کەچی
تورکمانەکانی سەر بە بەرەی تورکمانی و لایەنگری عەرەبە شۆڤێنیزمەکان
فوول تایم کار دەکەن بۆ پیس کردن و زڕاندنی ناوی کورد و داخوازیە
رەواکانی، لەلایەکی تریشەوە عەرەبە شۆڤێنیەکان بە پاڵپشتی ماددی و
مەعنەوی وڵاتانی عەرەبی و دراوسێ هەموو هەوڵەکانی خۆیان خستۆتە گەڕ بۆ
دژایەتی کردنی کورد، کەچی نووسەران و رۆشنبیران و رۆژنامەوانانی پارتی
و یەکێتی و گۆڕان و ئیسلامیەکان سوێند و تەڵاقدراون کە بێدەنگ بن..!!
ماڵپهڕی شێرزاد عومهر مهحمود
|