له‌یلا زانا، ده ساڵی تر زیندانیش باڵه‌کانت له فڕین ناکه‌ن.
کانی هه‌ڵه‌بجه‌یی
ئێمه‌ی کورد له مێژه‌وه له ژێر زه‌وت و نه‌هامه‌تیداین به‌ده‌ست دوژمانه‌کانمانه‌وه. گه‌ر بێین و چاوێک به خه‌باتی گه‌له‌که‌ماندا بخشێنین ئه‌وا ده‌بینین به چ جۆرێ شۆڕشه‌کانمان پوچه‌ڵ کراونه‌ته‌وه و زانایان و ڕۆشنبیرانمان له سێداره دراون. ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه کوردین و ویستومانه و ده‌مانه‌وێ کورد بین، ئه‌بێت زیندان لانکی ڕۆحمان بێت و فرمێسک و خه‌م په‌روه‌رده‌ی ته‌مه‌نمان بکه‌ن.
هه‌ر له نێو لاپه‌ڕه‌کانی مێژووی وڵاته‌که‌ماندا زۆر ئافره‌تی به توانا‌و شۆڕشگێر جێی خۆیان هه‌یه و بونه‌ته شانازی و سه‌ربه‌رزی له مێژووه خوێناوییه‌که‌ماندا هه‌ر وه‌ک خاتو میدیا، خانزاد عادیله خان و حه‌پسه خانی نه‌قیب و هتتد.
ئه‌م که‌ڵه ژنانه چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هه‌موو ئه‌و خاباته‌یان کردووه و بونه‌ته نمونه‌ی ئافره‌تی به‌توانای کورد.
چه‌ندین ساڵ دوای ئه‌وان و هه‌ر له‌سه‌ر خاکه خۆشه‌ویسته‌که‌ی کوردستانه‌که‌مان، گوڵێکی تر له دایک بوو.
له کاتێکدا که ڕژێمی تورکیا له هه‌وڵی ون کردنی ناسنامه‌ی کوردی‌دا بوو له باکووری ولات و به هه‌موو ڕێگایه‌ک کوردبونی قه‌ده‌غه ده‌کرد، فریشته‌یه‌کی کورد هه‌ڵکه‌وت و ویستی به دوژمن بڵێ: نا.
کچه کوردی خه‌باتگێڕ و ئاشتی خواز له‌یلا زانا داخوازیه‌کانی فره نه‌بوون، ته‌نها ئه‌وه‌ی ده‌ویست گه‌له‌که‌مان دان به بونیدا بنرێت و به ئاشتی بژین و به زمانی خۆمان بدوێین. به‌ڵام تورکیا ئه‌و وڵاته‌ی له هه‌ڵلای ئه‌وه‌دایه خۆی بلکێنێ به یه‌کیه‌تی ئه‌ورۆپاوه زۆر به دڕنده‌یی یه‌ک به یه‌کی ئه‌و خه‌ونه سادانه زیندان ده‌کا و ڕێ له هاتنه دییان ده‌گرێ.
ڕژێمی تورکیا زۆر له مێژه هه‌وڵی تواندنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی کورد ده‌دات له باکوری کوردستان، ئه‌مه هه‌ر به دێ کوردییه‌کانه‌وه دیاراه که باری ئابووری تیایاندا له بارێکی خراپدایه.
ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی به زمانی دایک له په‌رله‌مانی تورکیادا له‌یلا زانا سوێندی خوارد، بڕیاری 10 ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا چه‌سپێنرا و 10 ساڵ له گه‌نجێتی و جوانی ئه‌و په‌پوله‌یه له ئامێزی زیندانه پۆخڵه‌کانی تورکیادا به فیڕۆ چوو.
به‌ڵام 10 ساڵ زیندانی و نه‌هامه‌تی هیج له بیر و باوه‌ڕه‌کانی ژنه کوردی شۆڕشگێڕ له‌یلا زانایان نه‌گۆڕی، بگره زیاتر پته‌ویان کردن. ئه‌وه بوو دوای ئازاد بوونی دیسان ده‌ستی کرده‌وه به خه‌بات و له ئاستی جیهانیدا ئاشتیخوازی خۆی چه‌سپاند.
دیاره من ناتوانم به وشه وه‌سفی گه‌وره‌یی خه‌باته‌که‌ی له‌یلا زانا بکه‌م، ئه‌وا دڵسۆزی و ڕاستگۆیی دیسان به‌ره‌و زیندان راپێچیان کرد و سه‌رله‌نوێ بڕیاری 10 ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا ده‌چه‌سپێندرێت. ئاخر بۆ؟ بۆ خودایه؟ ئاخر ته‌مه‌ن چه‌ن 10 ساڵی تری تیایه؟!.
ئه‌وه‌ی منی سه‌رسام کردووه و مه‌ستی کردووم بێده‌نگی کورده له ئاست ئه‌م هه‌موو تاوانانه‌ی ڕژێمی تورکیا به‌رامبه‌ر ئێمه‌ی ده‌کات. په‌رله‌مانی کوردستان له باشووری وڵات هه‌ڵا بۆ مافی ئافره‌ت ئه‌کات و که‌چی بێده‌نگه له‌و زه‌وته گه‌وره‌یه‌ی بۆ دووه‌م جار به‌رامبه‌ر ئافره‌تێکی شۆڕشگێری کورد ده‌کرێت. ڕۆژانه تورکیا دێ و دێهاته‌کانمان بۆمباران ده‌کا و ئێمه هه‌ر بێ ده‌نگین. ئایا ڕێچاره دیپلۆماسییه‌کانی سه‌رکرده‌کانمان پێیی پێ ده‌به‌ن ئه‌م ڕۆژه ڕه‌شانه‌ی له دوایه؟
من تێ ناگه‌م، ئێمه تاکه‌ی ده‌سته‌وسان داده‌نیشین و سه‌یر ده‌که‌ین چۆن فیشه‌که‌کانی دوژمن به‌ره و گه‌رووی یه‌ک به یه‌کمان ڕێ ده‌گرن؟ نامه‌وێ زۆر له‌سه‌ر بابه‌ته‌که خۆم لاده‌م و سوچێکی تری کێشه‌کان بگرم، بۆیه دێمه‌وه سه‌ر مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی خۆم له نوسینی ئه‌م بابه‌ته که ئه‌ویش بڕیاری چه‌سپاندنی 10 ساڵ زیندانییه به‌سه‌ر که‌ڵه ژنی کورد خاتو له‌یلا زانادا له‌لایه‌ن دادگای تورکیاوه.
خۆ تورکیا باس له دیموکراسیه‌ت و بۆچونی ئازاد ده‌کات، به‌ڵام حه‌رامه له‌یلا زانا ڕای خۆی به ڕاستگۆیی ده‌رباره‌ی پارتی کریکارانی کوردستان ده‌ربڕێت یاخود ناوی به‌رێت، جا من ده‌پرسم ئه‌مه و دیموکراسیه‌ت کوجا مه‌رحه‌با؟
درێژه پێدانی نوسینه‌که‌ی من به‌داخه‌وه هیج له بڕیاره‌که ناگۆڕێت، به‌ڵام هیواخوازم گه‌ر به‌رچاوی هه‌ر ده‌سته‌ڵاتدارێکی کورد بکه‌وێت به‌تایبه‌تی له باشووری کوردستان، یه‌ک جار له خۆی بپرسێ: من بۆجی به کوردی ئه‌دوێم و چۆنی کوردم؟
له کۆتاییدا هیوام وایه گه‌لی کورد له ئاست ئه‌م تاوانه بێده‌نگ نه‌بێ و نیگه‌رانی و ناڕه‌زایی خۆی به‌رامبه‌ر وڵاتی تورکیا ده‌ربڕێت و ئه‌م کرده‌وانه ڕسوا بکات. ئه‌رکی سه‌ر شانمانه وه‌فا و دڵسۆزی و سوپاسی خۆمان بۆ ئه‌و ئافره‌ته شۆڕشگێره ده‌ربڕین گه‌رچی به خۆپیشاندانێکیش بێت.
خۆزگه و هه‌زار خۆزگه تاڵێک له پرچی سه‌ری ئه‌و که‌ڵه ژنه ده‌بووم، تا هه‌ر هیچ نه‌بێ به‌شداری که‌مێ له‌و خه‌باته پیرۆزه‌ی بومایه.
هۆڵه‌ندا
|