١\١٠\٢٠٢٥
''لیبرالیزمی نوێ''
سەرچاوەی تێکڕای
کێشە و نەهامەتییەکانە.

دارا خونچە
هەر کەسەک ئازادییخواز بێ و هێشتا تێنگەیشتوە.. پێویستە تێبگا؛ سەرجەم
کارەسات و نەهامەتییەکانی ژیان و گوزەرانی ئێستای مرۆڤ پەیوەستە وە
باڵادەستیی لیبرالیزمی نوێ.
لیبرالیزمی نوێ رێبازی هزریی و رامیاریی ئێستای بەڕێوەبردنی سیستەمی
سەرمایەدارییە، وە پێچەوانەی رێبازی هزریی رامیاریی لیبرالیزمی
کلاسیکیی کار لەسەر قووڵکردنەوەی بازاڕی ئازاد و بەتایبەتییکردنی کەرتە
ئابوورییەکان دەکا، واتە کەرتی گشتیی لەنێودەبا هەروا هەژموونی دەوڵەت
لە دەستتێوەردانی ئابووریی و راژەکارییە
کۆمەڵاتییەکان کۆتایی پێدەهێنێ.. وەک (هاوسەنگکردنی خستنەڕوو و خواست،
دابینکردنی هەلی کار، دیارکردنی کرێی کار و نرخ و باج و گوومرگ،
رێکخستنی سیستەمی بانکیی، راژەکارییە گشتییە سەرەکییەکانی ژیان بە
خۆڕایی، قەرد و یارمەتیی و پشتگیرییە داراییەکان و... تد).
ئەوەش خۆبەخۆ دەبتە هۆی کەمکردنەوەی مافەکانی چین و توێژە هەژار و
کرێکارییەکان و پەرەپێدانی نایەکسانیی، شێواندنی دادپەروەریی
کۆمەڵایەتی و سەندنەوەی مافەکانی مرۆڤ و پێشێلکردنی ئازادییەکان و
سەرکوتکردن، بەکاڵاکردنی هەر شتێک و لەنێوبردنی ئاسوودەیی و هەست و
سۆزی مرۆڤپەروەریی، برەودان وە دەسەڵاتی خۆسەپێن و بڵاوکردنەوەی
تاکگەریی و شێواندنی پەیوەندییە مرۆیی و دیموکراتییەکانی خەڵک و
لەنێوبردنی گیانی هەرەوەزیی و خۆبەخشیی، دەستگرتن بەسەر میدیا و
سنووردارکردنی ئازادییەکانی دەربڕین، داڕشتنی دەستوور و یاسەیەکان
بەپێی بەرژەوەندییەکانی دەستەبژێری دەسەڵاتداران و پووچکردنەوەی
دەسەڵاتی دادوەریی، تێکدانی ژینگە و قڕکردنی ئاژەڵان، هەڵگیرساندنی شەڕ
و تێکدانی ئاسایش و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و قووڵکرنەوەی هەموو
توندوتیژییەکان، گەڕانەوە بۆ فەرهەنگی دواکەوتووانە و دابونەریتی
داڕزاو و دین و نێرسالاریی و رەگەزپەرستیی و نێوچەگەریی، بێبەشکردنی
زۆرینە لە دەستکەوتە گرنگ و باڵایەکانی تەکنەلۆژیای پشکەوتوو و
بەکارهێنانی وە شێوەی نەرێنیی و... هتد.
هەڵبەتە ئەوەی کە ئێستا لە کوردستان لە ژێر سایەی دەسەڵاتداران (یەکێتی
و پارتی) و لایەنە وە ناو بەرهەڵستکارەکان دەگوزەرێ و بارودۆخەکی تا
سەر ئێسک نامرۆییانەی چێکردیە و هەر رۆژەو لە شارەک و شوێنەک کارەساتەک
بەسەر ئەو گەلە دەهێنن.. سەرەتایەکی زۆر خراپی ئەو لیبرالیزمە نوێیەیە.
بەڵام بێگومان ئەو بارودۆخە نە لە کوردستان نە لە جیهانیش ناتوانێ تا
سەر درێژەبکێشی.. چونکە هەم هۆکارە بابەتییەکانی گەشەکردن و پەرەسەندنی
ژیان هەمیشە گۆڕانکاریی چێدەکەن هەم مرۆڤیش ناتوانی لە تێکۆشانی خودیی
خۆی بوەستێ و دەستبەرداری ئەو ماف و ئازادییانەی بی کە بەپێی سەردەم
پێویستن.
٢٥\٩\٢٠٢٥
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|