لیستی ڕەش بۆ
ڕۆشنبیران و ئازادیخوازان !!
یان بۆ ئەو
دەسەڵات و دام و دەزگایانەی سەرکوتی ئازادی دەکەن .

رێبین
فاروق
دووابەدوای ڕێکەوتنی ستراتیژی یەکێتی و پارتی لێرەو لەوێ باس باسی
لیستی ڕەشە بۆ ڕۆشنیران و ئازادیخوازان ، کەگوایە ئەم لیستە ڕەشەی
دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی کوردی ئەوکەسانە دەگرێتەوە کە بەزمانی زبر
دەنوسن و دەدوێن و ڕەخنەی توند لە دەسەڵات و لەم حکومەتە گەندەڵ و
بێسەرەو بەرەیە دەگرێ و ئەم لیستە ڕەشە بۆ ئەو کەسانەیە کەپەردە لەسەر
ڕووی ڕاستەقینەی دەسەڵاتی یەکێتی وپارتی و حکومەتەکەیان لادەدات .
ئەم لیستە ڕەشەی دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی کوردی ، شتێکی زۆر شازنییە کە
تەوەقوعی شتێکی لەم جۆرەیان لێ نەکرابێ ،دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی
بەردەوام ڕۆشنبیران و ئازادیخوازان و میدیاکان و بزوتنەوە
جەماوەرییەکان و ئەو حیزب ولایەنانەی کە گوێڕایەڵی سیاسەتەکانیان
نەبوبێ بە پاساوی بێ بنەما ناوزەند و تاوانباریان کردووە ، وەک ئەم
بزوتنەوە جەماوەرییەو ئەم خۆپیشاندانەو ئەم ڕۆژنامەیە دەستێکی ڕەشی لە
پشتەوەیە ، یاخود ئەم نوسینەو ئەم ووتەیە خەتەر بۆ ئەمنی قەومی دروست
دەکات ، جارێک بە گێرە شێوێن تاوانبار دەکرێن و جارێک هێڵە سووری
یەکێتی و پارتی بەزێنراوە و لە موقەدەسات و لە دین دراوە و جارێک دەڵێن
نابێت دڵی دۆستانی وەک جمهوری ئیسلامی و مەلاو شێخ و تەکـیەو پیاوانی
نەزانـی ئیسلامیمان لێ بڕەنجێنن و جارێک ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان
بەوە تاوان بار دەکرێ کەگوایە مۆلەتیان نییە و خزمەت بە تیرۆر و
تیرۆریستان دەگەییەنن و جارێک بەتوندڕە و بیری هەرزەکارانە تاوان بار
دەکرێن .
پاساوی ئەم جارەیی یەکێتی و پارتی کە سەرکوتی ئازادی ومخالفینی خۆیانی
پێ بکات زمانی زبر ئاخاوتنە ، بەڵام مندەپرسم خۆ میدیاکان و نوسەران و
ڕۆشنبیران تانک و زرێپۆش و قومبەلەو تۆپیان پێ نییە تا لیستی ڕەشەشیان
بۆ بکەنەوە ،خۆ ئێوەش بە حسابی خۆتان قەڵم بەدەستان هەیە بۆ جوابی
ڕوشنبیران و نوسەران و میدیاکان داواکارییەکانی خەڵکی کوردستانتان
پێنادرێتەوە ، ئێوە ئەو کەسانەی پێویستە لیستی ڕەشیان بۆ بکەنەوە ،
لەپێشی پێشەوە پێویستە لیستی ڕەش بۆ خۆتان و بۆ نوسەرە جنێو فرۆشەکانی
کاتی شەڕی ناوخۆتان بکەنەوە و پێویستە لیستی ڕەش بۆ حکومەتە
گەندەڵاوییەکەتان بکەنەوە ،پێویستە لیستی ڕەش بۆ دۆستە ئیسلامییەکانتان
بکەنەوە کە ئینسان بە سەر ئینساندا دەتەقێننەوە ، بەڵام ئێوە
لابەرامبەر ئیسلامییەکان و پیاوانی نەزان و تیرۆریستی ئیسلامیدا ملتان
لەموو باریکترە ، ئێوە پێویستە لیستی ڕەش بۆ ئەو کەسانە بکەنەوە کە لە
میمبەری مزگەوتەکانەوە و لە شاشەی TV کانەوە فتوای کوشتن و تیرۆری بۆ
ژنان و ئازادیخوازان دەردەکەن، پێویستە لیستی ڕەش بۆ ئەو کەسانە
بکەنەوە کە دەیانەوێت خەڵکی کوردستانیش بەدەردی خەڵکی ئێران خومار و بێ
ئاگابکەن و دەیانەوێت خەڵکی کوردستان لە ڕێگەی تلیاکی ئیسلامییەوە
خەوڵێبخەن .
ئەوەتا هەر دووا بەدوای ڕێکەوتنی ستراتیژی یەکێتی و پارتی ئەگەر چى تا
ئێستا بەڕەسمی لیستی ڕەشیان ڕانەگەیاندووە بەڵام بە عەمەلی دەستیان بە
سەرکوتی ئازادی کردووە ، دەسەڵاتی کوردی ئەمەیەکەم جاری نییەو حەتمەن
دواجاریشی نابێت لیستی ڕەش و زیندان و ئیهانە کردن و چاو سورکردنەوەو
لێدان ، بەرامبەر بە ڕۆشنبیران و ئازادیخوازان و کۆمۆنیستەکان بەکار
بهێنێت ، حکومەتی کوردی هەزارو یەک ڕێگەی گرتۆتەبەر بۆ سەرکوت و
دەمکوتکردنی ڕوناکبیران و ئازادیخوازان !! بەیاسای کۆنەپەرەستی ئیسلامی
و بە پۆلیس و بە زیندان و بە تەقەکردن لە خۆپیشاندانەکان و
داخوازییەکانی خەڵکی ، بەرامبەر بە نوسەران و بەرامبەر بەو کەسانەی کە
بە دڵی دەسەڵاتی کوردی کارناکەن ، ئەوەتا هەر لەم ڕۆژانەی
ڕابردودا(نەبەز گۆران) ی پەیامنێری ڕادیۆی نەوا لە شارۆچکەی دوکان
دەفڕێنن و لە زیندان توندی دەکەن تۆمەتی ئەوەی دەدەنەپاڵ کە گوایە
دەواو دەرمانی ئیکسپایەرو خراپبوی ئاشکرا کردووە ، دەواو دەرمانێکی
ئێکسپایەر دابەشکردن بەسەر خەڵکیدا!! ژەهر دابەشکردنە بەسەر خەڵکیدا،
یان وەک هەمووان دەزانین حەملەیەکی بەهێزیان کردە سەر ڕۆژنامەی هاوڵاتی
و هەتا بەزیندانی کردن و بە تۆمەتدانە پاڵیان کە گوایە بانگەشە بۆ
تیرۆر و تیرۆریستان دەکەن و هەتا لەڕێگەی چەند کەسێکەوە هێرش دەکرێتە
سەر تاریق فاتیحى خاوەن ئیمتییازی ڕۆژنامەی هاوڵاتی و لێیدەدەن و
برینداریی دەکەن وە مەعلومە لێدان و هەڕەشەو فڕاندن زیندانی کردن دەست
ڕەنگینی کێن ، هەوڵی سەرەکی دەسەڵاتی کوردی لە ئێستادا بە پلەی یەک
دەیەوێت کارێک بکات تا سنورێک بۆ internet دابنێت و خەڵکی هەروا بە
ئاسانی نەتوان internetبەکاربێنن ، فەترەیەک بەر لە ئیستا هەوڵک درا کە
خەتی internet بە ماڵان نەدرێت ، بەڵام ئەو هەوڵە هەر زوو فەشەلی هێنا
، بەڵام لە هەوڵێکی تریاندا paltalk یان کردە نیشانەو ئێستا هیچ کەسێک
لە شاری سلێمانی ناتوانێت بێتە ژوورە کوردییەکانی paltalk وە ، هەموو
کەسێک دەتوانێت paltalk بکاتەوە و بچێتە تەواوی ژورەکان جگە لە ژوورە
کوردییەکان ، بەڵام دووای بەدواداچــونێک زانرا کە بە تەوجـیهاتی حیزبی
حاکم لە سلێمانی کە بە کۆمپانیاکانی internet ی داوە ڕێگە گیراوە لەو
کەسانەی کە دەیانەوی بچنە room) ) ە کوردییەکانی paltalk وە ، ئەمەش
یەکێکی ترە لە سەرکوتی ئازادی ، ئەتوانم بڵێم ئەم هەوڵانەی دەسەڵات کە
بەرامبەر بە نوسەران و میدیاکانی بینین یاخود بیستن دەیدات سەرەتای
دەست پێکردنی ئەولیستە ڕەشەیە ، هەرچەندە یەکێتی و پارتی لەسەرەتای
دەسەڵاتیانەوە بەردەوام سەرکوتی ئازادییان کردووە و ڕۆشنبیران و
ئازادیخوازان و کۆمۆنیستەکان و ئەو کەسانەی کە بەدڵی دەسەڵات بیریان
نەکردۆتەوە و نەیانخوێندۆتەوە و نەیان نوسیوە ، ئازار دراون و تیرۆر
کراون و زیندانی کراون و بەر بە چالاکی سیاسی و تەواوی چالاکییەکانیان
گیراوە ، بەڵام دەسەڵاتی کوردی ئێستا دەیەوێت لە ڕێگەی قانونێکەوە
شەرعییەت بەو سەرکوتگەرییە بدات و بەر بەو ڕەخنەو گلەی و گازندە و
فشارانە بگرێت کەمیدیاکانی جیاواز لە دەسەڵات و ئازادیخوازان و یەکسانی
خوازان هێناویانە بۆ دەسەڵات .
دەسەڵات هەتا خەڵکی بێ ئاگا بکات و بەربگرێت لەو میدیا و نوســەرانە و
لەو حیزبانەی کە ڕەنگیان لە ڕەنگی زەردی ئەوان ناچـێت ، هێندەی تر
زەمینە لەبار دەکات بۆ سەروەت و سامان هەڵـوشینی خەڵکی ڕەش و ڕوتی
کوردستان ، بەڵام بەهەوڵی چەندین ساڵەی یەکسانی خوازان و ڕۆشنبیران و
کۆمۆنیستەکان تووانراوە تا ڕادەیەک خەڵکی کوردستان هۆشیار بکرێتەوە و
ئەم نابەرابەری و نا عەدالەتییە قبوڵ نەکەن . بۆیە ئێستا دەسەڵاتی
کوردی کەوتۆتە خۆی و ئەیەوێ مشورێ لە وەزعی خۆی بخوات ، دەسەڵات ئێستا
دەیەوێت خـەڵکی کوردستان جگە لە خۆیان گۆێ بۆ کەسی دیکە نەگرن و بینەری
هیچ میدیا و TV یەک نەبن جگە لەمیدیاکانی خـــۆیان و نوسینی هیچ کەس
ولایەنێک نەخوێننەوە جگە لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ و ڕۆژ نامەی خەبات
.
جا بۆ ئەگەری ڕودانی هەر قانونێک یاخود هەر بڕیارێکی لەم شێوەیە
پێویستی بەوەڵامدانەوەی بەهێزی یەکگرتوی ڕووناکبیران و یەکسانی خوازان
و کۆمۆنیستەکان هەیە .
reben_faruq@yahoo.com
|