لیستی سەوز لە هەڵبژاردنەکانی ژوورى پارێزەرانی هەولێر پاشەکشە دەکات .
کاتژمێر 9ی سەر لە بەیانی رۆژی 27/8/2007 هەڵبژاردنی ژوورى پارێزەرانی هەولێر دەستی پێ کرد، لە پرۆسەکە تەنیا 6 کاندید هەبوو کە دوو کاندید لە لیستی سەوز و سێ کاندید لە لیست زەرد و یەک کاندید لە بێلایەن، هەڵبژاردنەکە تا کاتژمێر 4ى ئێوارە بەردەوام بوو، دواى داخستنی پرۆسەى دەنگدان و کردنەوەى سندوقەکان لەئەنجام دەرکەوت کە 63 دەنگ زیاترە بە بەراوورد لەگەل لیستی ناوى دەنگدەران، ئەمەش بووە هۆى ئەوەى کە لیستی سەوز ئەم هەڵبژاردنە رەت بکاتەوە، ئەم دەنگە زیادانەش بە تەزویر هەژماربکات و پاشەکشەش لە پرۆسەکە بکات. لە لێدوانێکیدا کاندیدى لیستی سەوز بەرێز پارێزەر (جەمال عوسمان مامە سێنی) ووتی: ئێمە بڕواى تەواومان بە هەڵبژاردن هەیە وەک پرۆسەیەکی دیموکراسی کە تیایدا لایەنێک براوە دەبێت و لایەنەکەی تر دۆراو کە ئەمەش شتێکی سروشتیە، پرۆسەکەى ئەمرۆ تا کاتژمێر چوارى سەر لە ئێوارە بێ هیچ کێشەیەک کۆتایی هات، بەڵام لە کاتی ئەژمار کردنی پسوولەکانی هەڵبژاردن دەرکەوت کە (752) پسوولەى دەنگدان لە نێو سندوقەکان بوو لە کاتێکدا ژمارەى دەنگدەران لە لیستی ناوى دەنگدەران کە ئەژمار کرابوون بۆ دەنگدان تەنیا (689) کەس دەنگیان دابوو، واتە (63) دەنگ زیادە هەبوو،بە ئاگادارى هەموو سەرپەرشتکارانی دەنگدان، وە (11) دەنگیش کە بە بەتاڵى کە نەخرابوونە نێو سندوق لەلایەن دادوەر مابوونەوە لەبەر کەم و کورى یاسایی، ئەمەش خروقاتێکی یاساییە بۆیە داوامان لە دادوەر کرد کەوا بڕیار نەدات بە لێک جیا کردنەوەى دەنگەکان چونکە دەبێت ژمارەى پسولەى دەنگدان لە نێو سندوق لەگەل لیستی ناوەکان کە دەنگیان داوە یەکسان بێت یاخود ژمارەیەکی زۆر کەم جیاوازى هەبێت کە 1% و 2% زیاتر نەبێت. بەڵام دادوەر هەر سوور بوو لەسەر لێک جیا کردنەوەى دەنگەکان، بۆیە ئێمە ئیعترازمان کرد و هەڵبژاردنەکەمان رەت کردەوە، نارەزایی خۆمانیش دەربڕی لەبەرامبەر ئەم پرۆسەیە، بەر لە لێک جیاکردنەوەى دەنگەکانیش ئێمە هۆڵی دەنگدانمان جێهێشت، وە ئێمە ئەم هەڵبژاردنە بە ناشەرعی لەقەڵەم ئەدەین. لەلایەکی تریش پارێزەر (سامی بەزاز) کە کاندیدێکی تر لیستی سەوز بوو ، پشتگیریەکی تەواوى لە قسەکانی پارێزەر جهمال کردوو ووتی: ئەگەر دادوەر بڕیار بدات بە رەت کردنەوەى ناڕەزاییەکەمان کە پێشکەشی دادوەرمان کردووە، ئەوا ناچارین ئێمە رێگاى ترى یاسایی بگرینە بەر و داواکەمان بۆ دادگاى تەممیزى هەرێمی کوردستان بەرز دەکەینەوە. شایەنی باسە تا ئامادە کردنی ئەم هەواڵە لەلایەن دادوەران هیچ لێدوانێکی فەرمی نەدراوەو نازانرێت چارەنووسی ئەم هەڵبژاردنە بە کوێ دەگات.
|